"دوو نامۆ"

Sep 17, 2018

 

وەرگێڕانی: ئازاد بەرزنجى

 

تەماشای سەرەوە ئەکا
ئەستێرەیەک بەدی ئەکا
کە چاوی بڕیوەتە ئەم!

تەماشای دۆڵەکە ئەکا
گۆڕەکەی خۆی بەدی ئەکا
کە چاوی بڕیوەتە ئەم!

تەماشای ژنێ ئەکا
ئازاری ئەدا و سەرسامە پێی
لێ ئەو چاوی نەبڕیوەتە ئەم

تەماشای ئاوێنەکەی ئەکا
کەسێکی نامۆ بەدی ئەکا، وەکو خۆی 
کە چاوی بڕیوەتە ئەم!

"گەر گوناه نەدەبوو"

وەک ئەوە نا کە ئادەم بیری لێ ئەکردەوە

گەر گوناه نەدەبوو
گەر هاتنەخوارەوە بۆ زەوی نەدەبوو
گەر دۆزینەوەی بەدبەختی نەدەبوو
گەر هەڵفریواندنی حەوا نەدەبوو
گەر شەوق و تاسە بۆ بەهەشتێکی دێرین نەدەبوو
نە شیعر دەبوو
نە یادەوەری
نە ئەبەدییەتیش مانای تەسەللای دەبوو!

"بێباک"

باکی بە هیچ شتێ نییە
گەر ئاوی ماڵەکەیان بڕی، ئەڵێ:
قەیچێکا! وا زستانە.
گەر سەعاتی کارەباکەیان وەستاند
باوێشکێ ئەدا: قەیچێکا! تیشکی خۆر بەسە.
گەر هەڕەشەی کەمکردنەوەی مووچەکەیان لێ کرد، ئەڵێ:
قەیچێکا! مانگێک مەی و جگەرە تەرک ئەکەم.
گەر بیخەنە زیندانیشەوە، ئەڵێ:
قەیچێکا! کەمێک لەگەڵ یادەوەرییەکانی خۆما ئەچمە خەڵوەتەوە.
گەر بیبەنەوە بۆ ماڵەوە، ئەڵێ:
قەیچێکا! ماڵ ماڵی خۆمە.
جارێکیان بە تووڕەییەوە پێم وت:
سبەی چۆن ئەژیت؟
وتی: من چیم لە سبەی داوە.
سبەی بیرۆکەیەکە نایەت بە خەیاڵما.
ئیتر من ئاوام، ئاوا
هیچ شتێ نامگۆڕێ
وەکچۆن منیش هیچ شتێکم نەگۆڕیوە
بەری خۆرم لێ مەگرە
منیش پێم وت: نە من ئەسکەندەری گەورەم
نە تۆش دیۆجین.
وتی: لێ بێباکی جۆرێک فەلسەفەی تێدایە،
بێباکی سیفەتێکە لە سیفەتەکانی ئومێد.

"ئەگەر من ڕاوچی بوومایە"

ئەگەر من ڕاوچی بوومایە
دەرفەتێ
دووان
سیان و
دەم ئەدا بە ئاسک
تا چاوی ئەچووە خەو...
منیش بە بەشی خۆم قایل ئەبووم:
ئارامیی ڕۆحم لەسای خەوەکەی ئەودا.
من ئەتوانم
لێ ئەبوورم
ڕوون ئەبمەوە
چون ئاوی کانیاوێکی نزیک لە حەشارگەکەی.
ئەگەر من ڕاوچی بوومایە
برایەتیی ئاسکم ئەکرد...
"ئەی خوشکە بەدبەختەکەم
لە تفەنگ مەترسە"
هەردووکمان بە سەلامەتی
گوێمان بۆ لوورەی گورگێکی دەشتێکی دوور
شل ئەکرد.

"داڵاشێک بە بەرزاییەکی کەمەوە"

موسافیری ناو قەسیدەکە
بە موسافیری ناو قەسیدەکەی وت:
- چەندێ ڕێت ماوە؟
- هەمووی
- کەواتە بڕۆ و بڕۆ
وەک ئەوەی گەیشتبیت و... نەگەیشتبیت
- گەر ئەم ئاڕاستانە نەدەبوون، دڵم پەپووسڵێمانە ئەبوو
- گەر دڵت پەپووسڵێمانە بووایە دوای ئەکەوتم
- تۆ کێیت؟ ناوت چییە؟
- من موسافیرێکی بێ ناوم
- ئەتبینمەوە؟
- بەڵێ. لەنێوان دوو دوندی چیادا
کە لە بەینیانا دەنگدانەوەیەکی بەرز و خەرەندێ هەیە.. ئەتبینم
- چۆن لە خەرەندەکە بپەڕینەوە
ئێمەیەک کە باڵمان نییە؟
- کەواتە گۆرانی ئەچڕین
ئەوەی ئەمانبینێ، نایبینین
ئەوەی ئەیشیبینین، نامانبینێ
- ئەی دوای ئەوە؟
- گۆرانی ناڵێین
- دوای ئەوە؟
- دوای ئەوە لێم ئەپرسی و لێت ئەپرسم:
چەندێ ڕێت ماوە؟
- هەمووی
- ئاخۆ هەمووی بەسە بۆ ئەوەی موسافیرەکە بگا؟
- نەخێر. لێ من داڵاشێکی خورافی ئەبینم
بەژوور سەرمانەوە باڵەفڕێ ئەکا

لە بەرزاییەکی کەمەوە.!