ڕۆماننووس "ماریۆ ڤارگاس یۆسا"ی پیرۆیی لە یادەوەرییەكانیدا لەبارەی كوردەوە چی دەڵێت؟

Sep 27, 2018

پێشەکی و وەرگێڕانی: ئەژین باجەڵان

 

"یادەوەریەکانم لە عیڕاق" لەژێر ئەم ناونیشانە، ڕۆماننوسی بەناوبانگ ماریۆ ڤارگاس یۆسا ئەو یادەوەریانەی تۆمار کرد کە لە گەشتەکەی بۆ عیڕاق لە ساڵی ٢٠٠٣ نووسیبووی، ئەو گەشتەش تەنها دە ڕۆژی خایاند لە ٢٥/٦ تاکو ٦/٧، بەگوێرەی ئەوەی یۆسا لەسەرەتای کتێبەکە ئاماژەی پێ دەکات، ئەم یادەوەریانەی بە پەلە نووسیوەتەوە، بەڵام کاتێک گەڕاوەتەوە بۆ ئیسپانیا بەدواداچوونی بۆ کردوە، دواتریش بەشێوەی زنجیرە لە ڕۆژنامەی (باییس)ی ئیسپانی بڵاوی کردوەتەوە، دوای ئەوەی کە چەندین ڕۆژنامەی تریش بڵاویان کردوەتەوە، بەڵام هەر ڕۆژنامەیەک بڕێکی لێ دەسڕێەوە، بۆیە یۆسا بڕیاریدا لە کتێبێک کۆیانبکاتەوە، بۆ ئەوەی ڕاو بۆچوونەکانی ڕوونبن، هەروەها چەند شتێکیشی بۆ یادەوەریاکان زیاد کرد، کتێبەکەش لە هەشت بەش پێکهاتبوو، چوار بەشیان باسی شەڕی ئەمریکای دەکرد لەسەر عیڕاق.

 

یۆسا یادەوەرییەکانی کرد بە دوو بەشی سەرەکییەوە، یەکەمیان باسی یادەوەرییەکانی دەکات لە عیڕاق، ئەویش لە هەشت بەش پێکهاتبوو ناونیشانەکانیشی بەم شێوەیە بوو; "ئازادی بەربەری"، "خەڵک لە بەغدا"، "خواناسەکان"، "دز و کتێبەکان"، فاسۆڵیای سپی"، "ئۆسیلۆ.. لە ڕاستەوە بۆ چەپ"، "کوردان"، "پیاوی دووەم". بەشی دووەمیش لە چوار توێژینەوە پێکهاتبوو کە باسی ئەو جەنگەی سەر عیڕاقی دەکرد. هەروەها کتێبەکە ژمارەیەک وێنەی لەخۆ گرتوەتەوە، کە (مورجانا)ی کچی یۆسا چرکاندویەتی، وا دیارە کچەکەشی هۆکارێک بووە بۆ ئەو سەردانەی یۆسا، چونکە دوو مانگ پێش سەردانەکەی یۆسا کچەکەی لە بەغدا بوو، لەبەر ئەوەی وەکو فۆتۆگرافێک ئیشی هەبوو لەوێ.

لێرەش بەشی حەوتم لە کتێبی یادەوەریەکانی یۆسا لە عیڕاق، کە باس لە کورد دەکات و بە ناونیشانی "کوردان"ـە، بە بێ دەستکاری بڵاودەکەینەوە.

 

 "کوردان"

ماریۆ ڤارگاس یۆسا لەسەر کوردانی عیڕاق دەنووسێت و دەڵێت: ئەوان سوورن لەسەر ئەوەی ڕابردووی خۆیان لەبیربکەن و بەرەو پێشەوە هەنگاوبنێنن.

کاتێک لە بەغداوە بەرو باکوور بۆ کوردستانی عیڕاق گەشت دەکەیت، چواردەورت دەگۆڕێت، وەک گۆڕانی زمان و کلتوور، هەروەها دیمەنی ئەو گوند و شارۆچکانەی لەسەر ڕێگەن تاوتاو بەرچاوت دەکەون، لەدوای گەشتێکی چوار کاتژمێری لە بیابانێکی وشکی بەرین، لێرە و لەوێ بیاباننشینە کۆچبەرەکان دەبینیت، یان پاشماوەی تانک، یان ئۆتۆمبیلەکانی سوپا، لە ئاسۆی بەرامبەردا شاخەکانی کوردستان دەبینیت، ئێمە ئێستا لە ناوچەیەکی پیتڕۆڵین لە نزیکی کەرکوک. کاتێک شارەکە لە دوای خۆت بەجێدەهێڵێت و بەرەو سلێمانی پێشدەکەویت، سەرنج دەدەیت کە ڕێگەکە تاکو دێت بەرزدەبێتەوە، بە درێژایی ڕێگەش سەوزایی زیاد دەکات، بە دارستانی پڕ لە سنەوبەر و کانی تێدەپەڕێت، لە کەناری دارستانەکانیش جوتیارەکان دەبینیت چۆن لە زەوی و زاری خۆیان خەریکی کارکردنن، دەموچاوێکی سوتاوی پڕ لە لۆچیان هەیە، نیگای چاوەکانیان بێ سنوورە، هەرگیز هەست ناکەی کە لەم وڵاتەیە جەنگێک هەیە! ئەم بۆچوونە زیاتر و زیاتر دەبێت تاکو دەگەیت بە سلێمانی، شارێکی خاوەن دیمەنێکی جوان، شەقامی پاک و پان و بە دار ڕازێنراوی هەیە، ترافیک پۆلیس لە هەموو شوێنێکان هەن، کچانیان وەکو ئوروپیەکان جل لەبەردەکەن، جێگای ئەنتەرنێت، کافێ، ماکدونالد، دارستانێکی ڕاستەقینە لە سەحنی سەتەلایت سەربانی خانووەکانی داپۆشیوە، دەمزانی کە جەنگ هێشتا نەگەیشتوەتە سلێمانی، بەڵام بڕوام نەدەکرد بەم شێوەیە بێت، هەروەها بڕواشم نەدەکرد پۆستەری سوپاس بۆ (جۆرج بۆش)ی سەرۆکی ئەمریکا ببینم، یان ئەو پۆستەرانەی بەخێرهاتنی (بۆل بلێمەر) دەکەن، ئەو بەرپرسەی ئەمریکەیەیی سەردانی وڵاتی کرد لە ماوەیەکی کورتدا چاوی بە هەردوو حیزبە گەورە کوردەکە کەوت کە خۆیان لە عیڕاق جیاکردەوە لەم جەنگەدا، ئەویش حیزبی (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) لە سلێمانی بە سەرۆکایەتی جەلال تالەبانی، هەروەها (پارتی دیموکراتی کوردستان) لە هەولێر بە سەرۆکایەتی مەسعود بەرزانی، ململانیەکی گەورەیان لە نێواندایە (لە ساڵی ١٩٩٤ لە شەڕی ناوخۆی نێوانیان زیاتر لە سێ هەزار کەس کوژران) ئەمیش جێگەی کوردی بێ هێزکرد کە ڕێژەیان دەگاتە کەمتر لە چوار ملیۆن کەس (٢٠%ی ڕێژەی دانیشتوانی عیڕاقن). سەدام حوسێن کە بەشێوەیەکی ڕێکخراو ستەمی لێیان دەکرد لە کاتی شۆڕشەکانیان لە (١٩٧٥ – ١٩٨٨ - ١٩٩١) بە دەستێکی ئاسنین لێیانیدا. کوردەکان بە هەموو هێزێک بەرەنگاری تەریعیبکردنیان لە گوندەکانی خۆیان دەکرد، بەڵام ئەو ناچاریانی دەکرد شوێنی خۆیان بەجێبهێڵن یان دەیانیکوشت، عەرەبی سونەشی دەخستە جێگەیان، لە مارسی ١٩٨٨ سەدام حوسێن کیمیابارانی هەڵبجەی کرد و زیاتر لە چوار هەزار کەس تێیدا بوون بە قوربانی. 

بەڵام کاتێک بە شەقامەکانی سلێمانیدا دەڕۆیت، دەبینیت کە هەموو ئەوەی باسمان کرد لە ڕابردوودابوو، لێرە سێبەری هیچ سەربازێکی ئەمریکی نابینیت، پێیان گوتراوە جلی مەدەنی لەبەر بکەن و لە چایخانە و ڕێستۆرانتەکان دانیشین و هەوڵبدەن خۆیان لەگەڵ خەڵکی ئاسایی تێکەڵ بکەن، شاڵاو عەسکری ئەمەی بۆ باسکردم. ئەو سەربازانەی کە بەدی دەکرێن تەنها هێزی پێشمەرگەی ناوخۆن، کە لەپێناوی ئازادی کورد دەجەنگن، هەروەها یونیفۆرمیان لەبەرە، شەواڵی کوردی لەگەڵ جەمادەی سووڕدراو بەدەوری سەریان وەکو کڵاو، وەکو وابێت ئەم پۆشاکەی خۆیان لە پۆرتریتەکانی رامبرانت* بردبێت کە بۆ خۆی دروستی کردبوو، بۆ قایشیش پارچەی پان بە دەوری کەمەریان دەدەن.

 

لەدوای جەنگی کەنداوی یەکەم، باکووری عیڕاق بەتەواوی گۆڕا، بوو بە ناوچەیەکی کوردی فیدراڵی، سەدام حۆسێنیش هیچ شتێکی بەدەستەوە نەبوو لەم ناوچەیە، کوردانیش فیدراڵیەتیان بۆ ماوەی دوانزە ساڵ بەشێوەیەکی باش و کارا بەکارهێنا، تەنها نەیاندەتوانی حکومەتێکی تایبەت بە خۆیان دروست بەکەن، بەڵام توانیان لە ڕووی ئابووریەوە پەرەبسێنن، ئەمیش لە سلێمانی زۆر بە جوانی جێ دەستیان دیارە، لە باڵەخانە و خانووی نوێ و دووکانی پڕ لە کاڵای نوێ و هێندراو لە هەموو شوێنەکانی جیهانەوە، هەروەها کافێ و ڕێستۆرانتەکان کە شاریان پڕکردوەتەوە، لەکاتێکدا کاتێک یەکێک بێگانە دێتە شارەوە، هەرگیز گوێی لەوە نابێت کە کوردان دەیانەوێت لە عیڕاق جیاببنەوە، ئەوان دووپاتی دەکەنەوە کە دیانەوێت لە عیڕاقدا بمێنەوە لە ژێر ڕکێفی حوکمێکی یەکێتی دیموکراتی، کوردانیش بە فیدڕاڵیەتی خۆیان بمێننەوە، ئەوان باش هەست بەو ترسەی تورکیا دەکەن بەرامبەر بە دەوڵەت بوونی کوردستان، چونکە لەوێش نزیکەی دوانزە ملیۆن کورد هەن کە لە دەسەڵاتی تورکیا ڕازی نین.

هەموو ئەوەی پێشتر باسمکرد، شاڵاو عەسکەری بۆمی گێڕایەوە، بەزمانێکی ئینگلیزی زۆر جوان، چونکە لە ئەمریکا و ئینگلترا خوێندویەتی، شاڵاو لە سەردەمی حوکمی جەلال تاڵەبانی وەزیرێکی گەنج و چالاک بوو لە پەیوەندیەکانی دەرەوە. لەجیاتی سەرۆک بە گەرم و گوڕیەکەوە بەخێرهاتنی کردم، لەڕاستیدا دەبوو دیدارەکە لەگەڵ تاڵەبانی بووایە، بەڵام لەناکاو ناچاربوو سەفەر بەرەو مۆسکۆ بکات، (لە مێژە حیزبەکەی مارکسی بوو، پاڵپشتیەکی گەورەشی لە سۆڤێیتەکانەوە بەدەست هێنا، بەڵام کاتێک حیزبەکەی لەناکاو ئاڕاستەی خۆی گۆڕی بەرەو کاپیتاڵیزم، ئێستاش بووە بە دۆستێکی تێکۆشەر بۆ ئەو وڵاتانەی ئەمریکا پێشڕەویان دەکات، لە جەنگی ڕابردوو ئەمریکیەکان لەگەڵ پێشمەرگە یەک دەست بوون، بۆیە ئەم ناوچەیە بە بێ زیان لەو جەنگە دەربازیبوو).

عەسکەری دەڵێت: (ئێمە ئەمریکا بە وڵاتێکی دۆست دادەنێین، چونکە ئەوان عیڕاقیان ڕزگارکرد، ئێمەش سوپاسیان دەکەین لەسەر لابردنی ئەو دیکتاتۆرە)، ئێستا دەتوانم زۆر کراوانە لەگەڵی بدوێم، لەکاتێکدا کاتێک هاتم، تووشی شۆک بووم، عەسکەری لەگەڵ ژمارەیەک لە ڕاوێژکار و بیزنسمان و گرێبەست چاوەڕێی من بوون، یەکسەر درکم بەوە کرد کە هەڵەتێگەیشتنێک هەیە، چونکە عەسکەری و ئەوانەی لەگەڵی بوون، وایان دەزانی کە یەکێک دەبینن لە بواری کار و بیزنس و سەرمایەدارەکان، هەروەها پارەیەکی زۆریان پێدەدات بۆ بنیادنان و گەشپێدانی ئەم ناوچە کوردییە.

هەوڵیاندا قەناعەتم پێبهێنن بەوەی کە هەیانە: "نەخۆشخانەی ٤٠٠ قەرەوێلەیی کە دەبێت حکومەت زەوی و دیزاینەکانی ئامادەبکات (کە گەر بمەوێت دەتوانم سەیریان بکەم)، کە لە ٤٠ ملیۆن دۆلار زیاتری پێ ناچێت، قەسابخانەیەکی گیانەوەران لە سلێمانی کە تەنها ١٤ ملیۆن دۆلاری پێ دەچێت". ئەوەی دڵتەنگی کردم ئەوە بوو کە ناچارم پێیان بڵێم: من تەنها نوێنەری خۆمم، نووسەرێک لە ئەمریکای باشوورەوە هاتووم بۆ ئەوەی لەسەر بارودۆخی ئێرە بنووسم لەدوای حوکمی سەدام حوسێن". شاڵاو عەسکەری ڕەنگی تێکچوو هەوڵی دەدا تفەکەی زاری قووتبدات و زەردەخەندەیەک بکات، گوتی: "ئێمە کورد فێری وانەکە بووین". بۆی باسکردم: " بۆیە نامانەوێت لەژێر دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری بەردەوام بین لە ڕاکێشانی خەمەکانمان بەسەر میلەتەکەمان، یان ئەو جیاوازیانەی ئێمەی کورد لەیەک جیادەکاتەوە، وا لە جیهان دەکات بەهەڵە لێمان تێبگات، ئێمە بەڕاستی دەمانەوێت بەشداربین لە بنیاتنانی عیڕاقێکی دیموکراتی و سەربەست، بۆ ئەوەی بە ئاشتی لەگەڵ میلەتەکانی تر بژین، ئێمە لە کوردستان ئەمە دوانزە ساڵە ئەمە پەیڕەوی دەکەین، هەرچەندە تورکمانمان لەگەڵدایە کە ئەمانیس کەمینەیەکن لە باکووری عیڕاق دەژین، بەڵام ڕێزیان دەگرین. ئەوان ئێستا ئازادی ئەوەیان هەیە هەموو شتێک بنووسن و بڵاوبکەنەوە، حیزبەکانیان خاوەنی ئازادی تەواون، بۆیە ئێمەش دەبێت هەمان ئازادی و ماف بدەین بە بزوتنەوەکانی تر، شیعە و سوننە و مەسیحی و ئاینەکەنی تریش، لێرە شوێنی هەمووان دەبێتەوە، ئێمە تەنها نەخشەسازیەکی سەرەتایین بۆ ئەوەی کە دەبێت بە داهاتووی عیڕاق".

 

کاتێک پرسیاری شاڵاو عەسکەری دەکەم; ئەگەر حیزبەکەی جەلال تاڵەبانی بەشێک دەبێت لەو حکومەتە نوێی کە بە سەرپەرشتیاریی (بۆل برێمەر)ـە، دووپاتی دەکاتەوە کە ئەوان لەکاتی سەردانەکەی بۆل برێمەر بۆ کوردستان لەسەر هەموو شتێک ڕێککەوتوون، ئەمیشم زیاتر بۆ دڵنیابووە کاتێک دوای چەند ڕۆژێکی تر ناوی جەلال تاڵەبانی و مەسعود بەرزانی لە پێشەوەی ئەو ناوانە بوو کە بۆ وەرگرتنی پۆستی باڵا لە حکومەت ناویان دەهێنرا و هەر زوو لەنێو سیاسیەکاندا بڵاوبووە.

شاڵاوی بەژن و باڵا بەرزی ڕێک و پێک و چالاک دەڵێت: "ئیش; بۆ ئاشتی وشەیەکی سەرەکییە"، کاتێک قسەی دەکرد وەکو ئیتاڵیەکان دەستەکانی دەجووڵانەوە بۆ دووپاتکردنەوە ئەوەی دەیڵێت: " کاتێک بێ کاران سەرقاڵی ئیشێک دەبن، توندڕەوی ئیسلامی وەکو تۆپێکی بەفرین دەتوێتەوە و نامێنێت، چونکە تۆ ئەگەر بە درێژایی ڕۆژ هیچ نەبێت خۆتی پێ سەرقاڵ بکەیت، ئیدی ئاسان دەبێت ڕۆژی پێنج جار بڕۆیت بۆ مزگەوت، لەوێش گیرۆدەی ئەو شتانە دەبیت کە دەیانبیستیت، بەڵام کاتێک ڕۆژی هەشت کاتژمێر کاردەکەیت، لەگەڵ کاتی چوون و هاتنەوەت بۆ سەر کار، ئەو کاتەیش کە لەگەڵ خێزانەکەت بەسەری دەبەیت، ئیتر ئاین نابێت بەو شتەی خۆتی پێوە خەریک بکەیت چونکە کاتت نییە، دەتوانیت بڵێیت بەم شێوە کاتت نامێنێت بۆ ئەوەی ببیت بە تیرۆرست، ئەو بیرۆکە پووچانە لە مێشکت نامێنن، بیرۆکەی نوێ و ئازاد شوێنیان دەگرنەوە".

بە بۆچوونی عەسکەری، ئەو توندوتیژیەیی لە ماوەی ڕابردوودا دژ بە هێزانی هاوپەیمانی کرا (لێرە مەبەستی ئەو هێڕشە تیرۆرستانەیە کە سەربازە ئەمریکیەکانی تێدا دەبوون بە قوربانی) کە تەنها لە لایەن سوپای کۆماری نەبوون، بەڵکو هێزانی (کۆماندۆز)ی سەر بە قاعیدەش لێرە تۆمەتبار دەکرێن، هەروەها تیرۆرستە ئێرانیەکان کە لەلایەن پارێزگارەکانەوە کە لەوێ پشتیوانی دەکرێن; چونکە پارێزگارەکانی ئێران لە هەموو کەس زیاتر لە دروست بوونی عیڕاقێکی ئازاد دەترسن، بڕواشیان وایە ئەمڕۆ نەبێت سبەی ئەمریکا هەر وەڵاتیان داگیرەکات، بۆیە بڕیاریاندا جەنگەکە سەرەتا لە عیڕاق هەڵگیرسێت. بەڵام عەسکەری بڕوای وایە کە ئەگەر حکومەتی کوردستان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عیڕاق ڕێکبکەوێت، پێکەوە دەتوانن ڕووبەڕووی هەموو هێزێکی تیرۆرستی ببنەوە.

ئەم وەزیرە گەنجە وێنەی خەونەکە خۆی دەکێشێت: " لە عیڕاقدا پیشەگەر و تەکنیکیکاری وا هەیە کە ئاگەداری بەرەوپێشچوونی جیهانن، هەورەها بە هیچ بیر و باوەڕێکی ئاینی و سیاسی خۆیان نەبەستووەتەوە، وڵاتێک کە خاوەن سەرماییەکان بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت بۆ خستنەکاری سەرمایەکەیان، نیشتمانێک ئازادی و دادپەروەری و لێبوردەیی تێدا هەبێت بۆ هەموو چینە جیاوازەکان، کە عێڕاق بزوێنەرە سەرەکیەکەی بێت". عەسکەری لەگەڵ گوتنی دوا ڕستەی ئاماژە بۆ ئەو گریبەستانەی دەوروبەری دەکات، ئەوانەی کە وا دیاربوون ئامادەی هەموو کارێکن، هەرچەندە کێشەی زۆر ڕووبەڕووی بیزنسمانەکان دەبێتەوە، چونکە هێشتا هیچ باش دیار نییە، بانقەکان بەشێوەیەکی باش کار ناکەن، تەنانەت یەک دراوی یەکگرتووش لە عیڕاقدا نییە، چونکە لێرە لە کوردستان ئەو دینارانە نابینیت کە وێنەی سەدامیان لەسەرە وەکو چۆن لە هەموو عیڕاقدا هەیە، بەڵکو دەبینی بە دراوی جۆراوجۆر مامەڵە دەکەن (بەشێوەیەکی گشتی ئابووری ئێرە زۆر گۆڕا و بەرەو بەکارهێنانی دۆلار ڕۆیشتوون).

 

کاتێک پرسیاری عەسکەریم کرد: " ئایا ڕاستە جەلال تاڵەبانی و مەسعود بەرزانی بەڵێنیان بە بۆل بڕێمەر داوە کە هەردوو حکومەتەکەیان (لە سلێمانی و هەولێر) یەک بەخەن؟ بۆ ئەوەی کوردان بە یەک دەنگ لە حکومەتی داهاتووی عیڕاق بدوێن"، دەمزانی کە بۆل برێمەر بۆ ئەم مەبەستە بەتایبەتی هاتووەتە ئێرە، عەسکەری بە وریاییەکی زۆرەوە وەڵامی دایەوە:" ئێمە سەرەڕای جیاوازی ڕا و بۆچوونمان، بەڵام هەر پێکەوە کار دەکەین، ئەو کێشە کۆنانە وردە وردە کۆتاییان پێ دێت، ئێمە خوازیاری ئەوەین یەکبگرین، هەمووی مەسەلەی کاتە". سەرنجی وشەکانم دەدا بە لاوازی و شکانەوەوە لە زاری دەردەچوون، ئەمە یەکەم جار بوو لەو ساتەوەی لەگەڵیم، ببینم بەم شێوە ڕەسمیانە لەگەڵم بدوێت.

بەڵام من دڵنیام لەوەی عەسکەری ڕاستگۆبوو لەگەڵم کاتێک کە گوتی تاڵەبانی و بارزانی کوردستانێکی سەربەخۆیان ناوێت لە عیڕاق، چونکە ئەمەیان حکومەتی تورکی بە هەموو هێزێکەوە دژایەتی دەکات; هەموو کوردان کۆکن لەسەر ئەم خاڵە; ئێمە خەبات ناکەین لەپێناوی جیابوونەوە، بەڵکو دەمانەوێت لە عیڕاقێک بمێنن ڕێز لە مافەکانمان بگرێت. عەسکەری دەڵێت:" ئایا تورکیا هەڵەیەکی گەورەی نەکرد؟ دەیتوانی چل ملیار دۆلار وەدەست بهێنێت تەنها ئەگەر ڕێگەی بدایە هێزانی هاوپەیمانی لەڕێگەی ئەوانەوە تێپەڕبوونایتە نێو عیڕاقەوە، ئەمە گەمژایەتیەکی گەورە نییە؟ ئەوان جگەلە لە پارە دەیانتوانی وەڵاتێکی بەهێز وەکو ئەمریکا بکەن بە هاوپەیمانی خۆیان، بەڵام لەدەستیاندا".

پرسیار لە عەسکەری دەکەم:" چۆن لە نێو ئەم ئاژاوەیە دەتوانیت کاری بازرگانی بکەیت؟" بەڵام ناجی جاف، کە یەکێکی لەو گرێبەستانەیە کە لەگەڵمان وەستاوە بە قاقاوە دەڵێت:" سبەی لێرە چاوەڕێی نوێنەری بانقەکانی سویسرا دەکەین، کە پێش ماوەیەک توانیمان ڕازیان بکەین بە کردنەوەی بانقێک لە سلێمانی". عەسکەری بۆی زیاد دەکات و دەڵێت:" سەردمایەداری وەکو ڕووبار بەرەو ئەو شوێنانە دەڕوات کە قازانجی تێدایە". بە دڵنیایەوە دەڵێت:"ئێمەش ئەو دوو مەرجەمان تیایە".

لەدوای تەواوکردنی ئەم گفتوگۆیە، ناجی جاف منی لەگەڵ خۆی برد بە شوێنێک، کە بە (بەهەشتی بچووک) ناویاندەبرد، هیچی تریشی لەسەر باس نەکرد، شاری سلێمانی بە تەپەیەکی سەوز دەورە دراوە، لەسەرەتاوە ڕێگەیەکی نوێمان گرتەبەر کە بەرەو باخێکی درەختی سنەوبەری بردمانی، دواتر بەرەو سەرەوەی تەپەکە ڕۆشتین، لەوێوە دیمەنێکی جوانی شاری پیشاندەدا، لەم بەرزاییە خانووەکان بچووک بوون، لە هەموو لایەک درەخت دەوریاندابوو، لەم بەرزاییە ئەو پلە گەرمییە نزم دەبێتەوە کە لە خوارەوە مرۆڤ دەخنکێنێت، لێرە شنەبا فێنکە، خێزان و گەنج زۆرن لێرە، لەژێر درەختەکان بۆ خۆیان دانیشتوون، ئاگریان کردوەتەوە و چێشت لێدەنێن، قسەدەکەن، گۆرانی دەڵێن، سەمادەکەن، لێرە سەیری هەر شوێنێک دەکەی دەبینیت ئاسایش و ئارامە، هەوڵمدەدا بەبیری خۆمی بهێنمەوە کە هەموو ئەمە ساختەیە و ڕاستی نییە، چونکە من لێرە لە وڵاتێکم پێش کەمێک چەندین تاوانی دڕندەی تیاکراوە، پاش کەمێکی تریش ئەوانەی وا سەیری ئەستێرەکانی شەو دەکەن و پێی سەرسام دەبن، ئەو کەسانەیان بیر دەکەوێتەوە کە لەدەستیان داون یان سزادراون یان کەم ئەندامبوون لە قوربانیانی سیستەمی دیکتاتۆریەتی سەدام حوسێن، یان ئەوانەی برا کوژی لەنێو کوردان خۆیان. بەڕاست! لە هەموو ژیانم هەرگیز بەم شێوەیە لە هیچ شوێنێک ژمارەیەکی ئەوەندە زۆر ئەستێرەی پرشەنگدارم نەبینیوە.

سەر لەبەیانی ڕۆژی داهاتوو، سەردانی بازاڕی سلێمانی و شەقامەکانی دەوروبەریم کرد، لەگەڵ هەر کەسێکش قسەم دەکرد هەستی پۆزەتیڤمی زیاددەکرد، لێرە شتەکان بەباشی دەڕۆن، سەرەڕایی ئەو قورسیانەی دوێنێ باسمانکرد، بەڵام لێرە هیوا لەنێو خەڵک دەژێت، ئەوان سوورن لەسەر ئەوەی ڕابردووی خۆیان لەبیربکەن و بەرەو پێشەوە هەنگاوبنێنن.

بەڵام پێش ئەوەی کوردستان بەجێبهێڵم، ڕێکەوت وام لێدەکات لە ئوتێل یەکێک لە گرێبەستەکانی هەولێر ببینم، کوبێک قاوەش پێکەوە بخۆین. پێکانمی دووبارە بەرەو خاکی واقیع هێنایەوە، دەیگوت:"نابێت بە خۆشی ئەوەی کە بینیوەتە بڕۆیتەوە"، دوای ئەوەی بۆم باسکرد کە چەند خۆشحاڵم بەوەی کە بینیم لە سلێمانی، بە دەنگی نزمی چرپاندی:"نابێت گەمژە بیت، ڕاستە بە بەراورد لەگەڵ ڕابردووی خوێناوی گەشەسەندنێکی گەورە هەیە لێرە، بەڵام چەندین کێشەی گەورەتر هەن، هێشتا کوردستانی عیڕاق لەنێو دوو حیزبەوە پەرتبووە کە ڕقیان لە یەکە، دوو حیزب کە هەریەکەیان حکومەتی خۆی هەیە، هەریەکەیان دەستی بەسەر شوێنێکەوە گرتووە، ئایا بڕوات بەوە هەیە یەکبگرن و دیموکراتی بن؟ وڵاتە کوردیەکان درزیانبردوە، کاتێک دەتەوێت ئیشێک لێرە بکەیت یان لە هەولێر، دەبێت بەرتیلێکی گەورە بدەیت بەو حیزبە یان بەو کەسانەی بەرپرسن لەو شوێنە، چونکە بەڕاستی هیچ شتێک لە دەسەڵاتی تاڵەبانی و بەرزانی نییە لە حکومەتەکەیان".

 

ئەم گرێبەستە بە ڕاستێتی یان بابەتەکە گەورەدەکاتەوە؟! ڕەخنەگرتنەکەی لەجێی خۆیەتی یان بابەتێکی تایبەتییە؟ نازانم چۆن درک بەوە بکەم، بەڵام کاتێک بەرەو تەکسیەکە سەرکەوتم بۆ بەغدا، هەستم دەکرد تامێکی تاڵ لە زارمەوەیە ناوی; تووڕەییە.

 

*رامبرانت هرمنسزۆن ڤان ڕاین وێنەکێشێکی هۆڵەندییە ١٦٠٦ - ١٦٦٩