دەسەڵاتی خوێنەر

حەمە مەنتك

لە دوای پەیدابوونی ئاراستە نوێیەکانی ڕەخنەی ئەدەبی، خوێنەر وەکو ڕەگەز و بوونێکی سەرەکی لە دەق و بەرهەمهێنانی واتادا چاوی لێکراوە. خوێنەر وەکوو بەدیلێک بەرانبەر دەسەڵات و باڵادەستیی نووسەر و دەق دێتە پێشەوە. خوێنەر دەبێتە پنتی دەلالی بۆ تێگەیشتن لە دەق. دەمەوێ بڵێم بەبێ خوێنەر پرۆسێسی تێگەیشتن لە دەق ڕوونادات. بەبڕوای (شلایەر ماخر)ی ئەڵمانی دەق چەندە کاتی بەسەردا تێپەڕێت، ئەوا ئاڵۆزتر و ناڕوونتر دەبێت، بۆیەش پێویستی بە ڕاڤەکردن هەیە. کەواتە هەموو دەقێک تاکوو خوێنەر دەستی بۆ نەبات و پرۆسێسی خوێندنەوە نەخاتە جووڵە، ئەو دەقە بە دەقێکی مردوو دادەنرێت. خوێنەر وەکوو بەدیلێک بەرانبەر دەسەڵاتی نووسەر لە ڕەخنەی کۆن و بەرانبەر دەسەڵاتی دەق لە مێتۆدەکانی بونیادگەری و سیمیۆلۆجیدا پەیدا دەبێت. بە گوێرەی ئەو دەسەڵاتەی هەیەتی، خوێنەر باشترین کەسێکە کە بەوپەڕی ئازادیییەوە توانای هەڵوەشاندنەوەی دەقی هەبێت، چونکە کرانەوەیەکە بەرانبەر دەق.

خوێنەر کەسێکی بەرهەمهێنە، چونکە بە گوێرەی ئەو پشتخانە ڕۆشنبیرییەی هەیەتی، ژمارەیەکی بێ کۆتایی ڕاڤە بەرهەم دەهێنێت. ئەو، ستراتیجی خوێندنەوە بەگەڕ دەخات. ئاسۆی فراوان بۆ خوێندنەوە و دەق دەکاتەوە، کەرەسەکانی ڕاڤەکردن چالاک دەکات. تەنانەت خوێنەر ڕۆڵی لە چالاککردنی ڕەوتی ڕەخنەی ئەدەبیدا هەیە. لێرەوەیە خوێنەر بەپێی دەسەڵاتی خۆی تاکواتایی ڕەت دەکاتەوە. هەوڵ دەدا بۆ یەک دەق چەندین شیکردنەوە و ڕاڤە بکات. کەواتە پێوەندیی خوێنەر لەگەڵ دەق لەسەر ئەو ئاگایی و هوشیاریەی خوێنەر وەستاوە کە بە هۆیەوە درک بە گەوهەری دەقەکە دەکات. پرۆسێسی خوێندنەوە بەبێ هوشیاری ئەنجامێکی نەزۆکی دەبێت، خوێنەر بەبێ کەرەسەی ڕاڤەکردن و لێکدانەوە ناتوانێت ئەودیوی دەق ببینێت. کەواتە ڕاڤەکردن پشت بە هۆشیاریی خوێنەر دەبەستێ.

بەبڕوای (شلایەر ماخر) دەقی ئەدەبی زمان وەکوو داهێنان و خوازە بەکاردەهێنێت، زمان لە بەکارهێنانە ئاخاوتنی و سادەکەیدا دەردەهێنێت. بۆیەش لەسەر ڕاڤەکار پێویستە پاتە سیاقەکانی دەق بەرهەم بهێنێتەوە، لەوەش پتر بە شێوەیەک لە خاوەنی دەق باشتر لە دەقەکە بگات. کەواتە نووسەری ڕاڤەکار باشتر لە خودی نووسەری دەقەکە لە دەقەکە دەگات. بۆیە پرۆسێسی تێگەیشتن بە تێپەڕینی کات بەسەر دەقدا، لەڕێی ڕاڤەکردنەوە پێویستتر دەبێت. واتە بۆ تێگەیشتن پێویستمان بە ڕاڤەکردنی دەق هەیە. ئەم نووسەرە ڕاڤەکردن پێش تێگەیشتن دەخات. چەندی دەقەکە کاتی زیاتری بەسەردا تێپەڕێ هێندە خوێنەر تووشی بەدحاڵیبوون دەبێت، لێرەدا ڕاڤەکردن وەکوو پێویستییەک دێتە پێشەوە. تێزی ڕاڤەکردن لە کن ئەم نووسەرە هونەری بە خاوەنبوونی هەموو ئەو مەرجە پێویستانەن بۆ تێگەیشتن. کەواتە چەمکی تێگەیشتن لە کن ئەم نووسەرە پرۆسێسێکی گواستنەوەییە لەسەر جیاوازی بەندە، لە کۆمەڵێ بازنەی هێرمینۆتیکی پێکهاتووە، واتە تێگەیشتنی گشت لە چوارچێوەی تێگەیشتنی بەشەوە دێت، تێگەیشتنی بەشیش لە چوارچێوەی تێگەیشتنی گشتەوە دێت. کەواتە تێگەیشتن وشەیەکە لەناو ڕستەدا، لەگەڵ وشەیەکی دیکە لەناو هەمان ڕستە هاوتەریبە، یان جیاوازە.

ئەم ئاراستەیە بەرەو فرەیی ڕاڤەکردنمان بۆ یەک دەق دەبات، بێگومان کاتێ خوێنەر ئامادەیی دەبێت، چونکە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەق ئەو لێکدانەوە و ڕاڤەکردنە جوایەز و فراوانە قبوڵ دەکات. لێرەدا پنتی جووڵان و چالاکبوون خوێنەرە، ئەو ملکەچە بۆ جووڵەی درککردن. کەواتە خوێنەر دەبێتە کەسێکی بەرهەمهێن، ئەنجام لە دەقدا دەردەهێنێت. بەمەیش پرۆسێسی چێژ دێتە پێشەوە. هەروەک "یاوس" دەڵێت: چێژوەرگرتن لە دوو ساتدا دێتەبوون، لە ساتی یەکەم خود بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەر بابەت دەکەوێت، لە ساتی دووەمدا چێژ لەناو دەقەکە خۆی دەردەخات. کەواتە تاکوو پرۆسێسی خوێندنەوە ئەنجام نەدرێت، بە واتایەکی دیکە تاکوو خوێنەرێکمان نەبێت دەق بجووڵێنێ، چێژی ئەدەبی پەیدا نابێت. کەواتە لەنێوان خوێنەر و دەقدا نابێت هیچ ناوبەندێک هەبێت، ئەوان دەبێت ڕاستەوخۆ بەر یەک بکەون. خوێنەر دەتوانێت زۆربەی ئەو بیر و گۆشەنیگا و جیهانبینیانەی لەناو دەقدا هەن کەشفیان بکات. خوێنەر کەسێکە، کودەتا بەسەر دەسەڵاتی نووسەر و دەقدا دەکات، خۆی دەبێتە ناوەندی بەرهەمهێنان و بیرکردنەوە. دەق لە چوارچێوە و قاڵب ڕزگار دەکات. کرداری بەرهەمهێنان لەسەر پێوەندیی نێوان تێگەیشتن و کارلێککردن دەوەستێت، ئەوەی هوشیاریی خوێنەر لەناو دەقدا ئاشکرای دەکات، بەرەو ئەو چەمکەمان دەبات کە "لوی ئاڵتۆسێر" بە (خوێندنەوەی کەشفکردن) ناوی دەبات. لەبارەی ئەم چەمکەوە دەڵێت: دەق هەموو ئەو شتەی لە هەناویدا هەڵیگرتووە ئاشکرای ناکات، لەسەر خوێنەر پێویستە کەشفی بکات، وەک چۆن دکتۆر نەخۆشیی نەخۆشێک دەدۆزێتەوە. ئاشکرایە هەموو خوێنەرێک پەنا بۆ مێتۆدێکی زانستی بۆ خوێندنەوەی دەق نابات، بەڵام بە هەر دیوێکدا بێت، جۆرێک لە مێتۆد بەکاردەهێنێ، ئەویش بە تێڕامان لە شێوازی بنیاتی دەقەکە.

خوێنەر بوونێکە بەردەوام بە دوای دەرخستن و کەشفکردنی واتا و دەلالەتە جوایەزەکانی ناو دەقەوەیە. ئەو واتا و دەلالەتە ئێستێتیکیانە لەڕێی تۆڕێک لە توخم و ڕەگەزەوە دروست دەبن. ئەو توخم و ڕەگەزانە هەر یەکە و وەزیفەی خۆی هەیە، بە لێکدانی وەزیفەی هەموویان ئەرکی ئێستێتیکی دەق تەواو دەکەن. لەوێوە خوێنەر سەرەتا بەر ئەو ڕەگەز و توخمانە دەکەوێت. ئەو توخم و ڕەگەزانە وەستاییان دەوێت، ئەگەرنا ناوەوەی دەقەکە بە بۆشی دەمێنێتەوە. بەبێ دروستکردنی تۆڕێکی پتەو لە نێوان ئەو توخم و ڕەگەزانە، ئایدیۆلۆجیا و جیهانبینی نووسەر دەسەڵات بەسەر دەقدا دەگرێت، بەمەیش دەق دەبێتە ئامرازێك لەپێناو ئایدیۆلۆجیای نووسەر. دەق بەتاڵ دەبێتەوە لە شیعرییەت و دەقبوون. کاتێک شیعرییەت و ئێستێتیکا دەبنە پێوەر، ئەوا دەق لە سەردەم و ساڵ و ئەو شتانە دادەبڕێنرێت، ئەوەی دەبێتە پێوەر داهێنان و جیهانبینییە. کەواتە وەکوو (عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا) دەڵێت: دەقی داهێنەرانە مەرج نییە لەگەڵ پێوەرەکانی خوێنەر و ڕۆشنبیریی باو یەکبگرێتەوە، بەڵکوو بایەخی خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە ئاسۆی چاوەڕوانیی خوێنەر و پانتایی ڕۆشنبیریی باو دووچاری شۆک و ئاوەژووبوونەوە دەکات. ئەو پێوەرانەی لەلایەن خوێنەری میللی و ڕەخنەگری میللییەوە بۆ خوێندنەوەی دەق دادەنرێن، لەلایەن دەقی داهێنەرانەوە تێدەپەڕێنرێن. ئەوەی جێی ئەو پێوەرانە دەگرێتەوە، چۆنیەتی پێوەندیی نێوان ڕەگەز و توخمەکانی دەقە، ئەمە دەبێتە تەجاوزکەری خوێنەری میللی. خوێنەری میللی کەسێکە کار لەسەر کوشتنی بەهای ئێستێتیکی دەقی ئەدەبی دەکات، چونکە هێندە ڕووکەشانە لە دەق دەڕوانێت، وەکوو دادوەرێک بڕیار دەدات. بڕیاردانیش هەوڵێکە بۆ بەستنەوەی دەق بە یەک بیرکردنەوەوە. بەڵام خوێنەری خۆکرد، خوێنەرێکە لە خۆڕا بڕیار نادات، بەڵکوو هەر باوەڕی بە بڕیاردان نییە، خوێنەرێکە دەقی داهێنەرانە کەشف دەکات. خوێنەرێکە دنیابینی بەرانبەر دەق هەیە.


ئەم بابەتە 13 جار خوێندراوەتەوە
بابەتی لەیەکچوو