atf.jpg

شاعیری میسری عاتیف عەبدولعەزیز

پێشەكی وەرگێڕانی : عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی

عاتیف عەبدولعەزیز یەكێكە لە شاعیرە ناودارەكانی ئێستای میسر. لە قاهیرە لەدایكبووە. لە كۆلێجی هونەرەجوانەكان دەرچووە. ئێستا وەك ئەندازیاری بیناسازی كاردەكات .

هەشت كۆمەڵە شیعری هەیە. ئەندامی دەستەی نووسینی (المقدمە). ئەندامی یەكێتی نووسەران و چەند دەزگایەكی ترە. ئەندامی لیژنەی شیعرە لە ئەنجومەنی باڵای رۆشنبیری لە قاهیرە. ئەندامی لیژنەی كتێبی یەكەمە لە قاهیرە. ئەندامی لیژنەی دامەزرێنەری دیداری شیعری پەخشانە لە قاهیرە .

ئەم ساڵ میوانی فێستیڤاڵی گەلاوێژە .

 

شتەكانی بەیانییە جوانەكە

 

لە كۆتایی راڕەوەكەدا سەكۆیەك

و دوو درەخت

ئەو كوڕەی كە باوەپیاڕەكەی ستەمی لێدەكرد وتی:

ساڵی داهاتوو كۆچ بەرەو باكوور دەكەین

لەوێ‌ زیادەوەختم نابێت

دەخوێنم

كاردەكەم

خۆشەویستیت لەگەڵ دەكەم

كچەكە كە دایكی كاشیی نەخۆشخانەكەی پاكدەكردەوە، وتی:

كە كۆچ بەرەو باكوور دەكەین، زیادە وەختم نابێت،

كچێ دەخەمەوە دوو چاوی قاوەیی هەبێت،

بازلیا لێدەنێم

شێتانە شەیدات دەبم .

 

كوڕەكە درۆ ئەكات،

ئەیزانی رەنگە خزمەتی سەربازیی بەرەو سنووری ببات،

رێگایەك ببڕێت بەسەر پارچە مینێكی شێتدا

و هەموو شتێك كۆتایی بێت .

 

كچەكە درۆ ئەكات،

ئەیزانی باروودۆخ رێی نادات

رەش بۆ پیاوێك بپۆشێت كە خۆشیدەویست،

لە باشترین حاڵەتدا دەبێتە فەرمانبەرێكی قەڵەو لە تۆمارگەی باری شارستانی،

رەنگە دوای ئەوەیش

شوو بە بەڕێوبەرە كەچەڵەكەی بكات .

 

بەڵام ئەو پەپولەیەیش كە نیوانیانی بڕی

درۆی دەكرد

ئەم بەیانییە بە ئارەزوو ویستی زیاد لەجارانی ئاسایی

بە دوو باڵی رەنگینەوە هەڵفڕێت،

وەك ئەوەی

مێژووی خێزانیی خۆی بشێوێنێت،

ئەو مێژووەی كە تەنها پێش چەند رۆژێك

لێرەدا لەسەر ئەم قوڕە تەپاوتلی دەكرد .

 

 

 

سان ستیفانۆ

 

ئەم بەیانییە سڵاوم لەوانە كرد كە دەریاكەیان پڕدەكردەوە

لەدڵی خۆمدا وتم :

پیاوێلێكی چاكن

تەمەنیان لەخزمەتی شیعردا بردە سەر،

رابردوویان زیندەبەچاڵ دەكرد

تاكو ئاخافتن داببارێت .

پیش هاتنیان

هەر كە لێرەوە برَۆیشتینایە

نەمانئەویراسەیریئاوبكەین،

ئەترساین دڵمان لە بەردە رەشە خزەكە بدات

هاوڕێی قەوزەو باڵندە

ئەوبەردەی بەینی ئێمەو جەستەمانی لەهەڕەتی گەنجیدا تێكدا .

ئەو كاتەی فێری كردین چۆن بەیانیان

بە مەلە بەرەورووی دەچین

تا بەدزییەوە چاو ببڕێتە ئافرەتە موسافیرەكانی هۆتێلەكە

پێش ئەوەی شۆڤڵ بەرەو ئاسمان هەڵیدات

چۆن چاومان لە جەستەیان تێر بكەین

كە بەسەر لمەوە دەبریسكایەوە،

چۆن كۆكەینەوە ئەوەی لە تەنیایی خۆماندا بە پەنجە دەمانهێنا

یەكەم نشوستیم لەسەر ئەمبەر دەبوو

وەختێك كچێكی چاو خۆڵەمێشی پێیوتم

دایكی جل بۆ بەناوبانگەكان دەكات،

منیش لەمەر پوورم بۆی دووام

كە لەشارۆچكەكە دەژی و لە حەوشەی ماڵدا مراوی بەخێو دەكات.

 

ئەم بەیانییە تەماوییە

بۆم لوا بەپێ ‌بگەمە بەردە رەشەكەی ستیفانۆ

بۆم كرا لە بزربوونیدا بیبینم

بێ‌ ئەوەی كەس لەگەڵما بیبینێت.

 

....

بەیانیتان باش ئەی دەریا پڕكەرەوەكان .


ئەم بابەتە 45 جار خوێندراوەتەوە