رێنیسانسی فەرەنسی و میرنشینی بابان لە سیمینارێكدا

رۆژی پێنجشەممەی رێكەوتی ١/١١/٢٠١٨ کاتژمێر ٣ی پاشنیوەڕۆ لە ناوەندی غەزەلنووس، بنکەی روناکبیریی گەلاوێژ بە هاوبەشی لەگەڵ ناوەندی غەزەلنووس بۆ چاپ و بڵاوكردنەوە، سیمینارێکی بۆ نووسەرو شاعیر د.ئەحمەدی مەلا ساز كرد. ناونیشانی سیمینارەكە بریتی بوو لە : لە رێنێسانسی فەڕەنسییەوە بۆ شکستی رێنێسانسی کوردی لە مەعریفەی تاکڕەهەندەوە بۆ کراوە.

بابەتی سیمینارەكە بابەتێکی بەراوردکاریی بوو لە نێوان سەرهەڵدانی رێنێسانسی فەڕەنسیی، کاریگەریی و هۆکارەکانی لە لایەک، لەلایەکی دیکەشەوە، سەرهەڵدانی رێنێسانسی کوردی و درزبردنی مەعریفەی تاکڕەهەند و کرانەوەی بەرەو ئەگەری نوێی دیکە. ئێستکردن لەسەر هۆکارەکانی ئەم کرانەوەیە و چۆنیەتی گواستنەوەی مەعریفە لە سنووری حوجرەوە بەرەو دیدگایەکی تر کە هەڵگری رەگەزەکانی مۆدێرنێتی بێ لە جیهانێکی ناسەقامگیردا.

هەروەها لەسەر رێنیسانسی فەرەنسی سەدەی شانزەیەم وەستا كە ئەگەرچی درەنگ دەستی پێكرد بەڵام بەروبومێكی دەوڵەمەندی هەبوو كە كاریگەرییەكانی تا سەدەی حەڤدەیەمی ئەقڵانی و سەدەی هەزدەی رۆشنگەری و سەدەی نۆزدەی شۆڕشی پیشەسازی و سەدەی بیستەمی مۆدێرنەو شۆڕشی تێكنۆلۆی درێز بۆتەوە. بەڵام رێنیسانسی كوردی لە نموونەی میرنشینی بابان لە سلێمانی و دەوروبەریدا بەروبومێكی ئەوتۆی نەبوو كە درێز بێتەوە بۆ هەلومەرجی ئەمرۆمان.

شایانی باسە ئەم سیمینارە گەلێ‌ بابەتی گرنگی ورووزاند كە بووە مایەی گفتوگۆیەكی گەرم لەنێوان دكتۆر ئەحمەدی مەلا و ئامادەبوواندا. ئەم سیمینارە سەعات و نیوێكی خایاند. دوای سیمینارەكەش د.ئەحمەدی مەلا دەستی كرد بە وازۆكردنی ئەو دوو كتێبەی لە ناوەندی غەزەلنووس چاپكرابوون، ئەوانیش: گوڵی خراپەی بۆدلێرو درەوشانەوەكانی رامبۆ بوون.


ئەم بابەتە 7 جار خوێندراوەتەوە
بابەتی لەیەکچوو