: بۆچى دەوڵەتى کوردستانى باشوور نەهاتە دى؟

Dec 4, 2018

سەر لەبەیانیى رۆژى شەممە رێکەوتى 1/12/2018، مەڵبەندى کوردۆلۆجى- زانکۆى سلێمانى، سیمینارێکى بۆ نووسەرو شرۆڤەکارى سیاسیى بەرێز (د. ئاوات ئەسعەدى) لە هۆڵى مەڵبەندى کوردۆلۆجى رێکخست. ناونیشانى سیمینارەکە بریتى بوو لە (لەبیرەوەریى سەدەمین ساڵرۆژى رێککەوتننامەى نێوان شێخ مەحمودى حەفیدو ئارنۆڵد ویڵسن حاکمى مەدەنى بەریتانى لە عێراق: وردبوونەوەیەک لە ئەرشیڤەکانى بەریتانیا).

دکتۆر ئاوات باسى لەوە کرد کە تەنیا سێ هەفتە پاش ئاگربەستى یەکەمین جەنگى جیهانى، رێککەوتننامەیەک لە شارى سلێمانى ئیمزا کرا بۆ دروستکردنى دەوڵەتى باشوورى کوردستان. هەروەها وتى ئەمرۆ سەد ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ئەو رێککەوتننامەیەدا، کەچى دەوڵەتى باشوورى کوردستان هەرگیز دانەمەزرا. هەروەها قسەو گفتوگۆى لەبارەى وردەکارییەکانى ئەو رێککەوتننامەیە کردو هۆکارەکانى پشت دروست نەبوونى ئەو دەوڵەتەى خستە ڕوو.

شایانى باسە ژمارەیەکى بەرچاو لە مامۆستایانى زانکۆ و نووسەران و رۆشنبیران ئامادەى سیمینارەکە بوون و لە کۆتاییشدا گفتوگۆیەکى گەرم و درێژخایەن لەنێوان د.ئاوات و ئامادەبوواندا دروست بوو، سیمینارەکە نزیکەى دوو سەعات و نیوى خایاند.