لە مانگی نیساندا بیست و دووەمین فێستیڤاڵی روناكبیریی گەلاوێژ ساز دەكرێت

Dec 19, 2018

لە دوای راوێژكردن بە سەرپەرشتیاری گشتیی فێستیڤاڵ و لەئەنجامی كۆبوونەوەی بەردەوامی سەرۆك و ئەندامانی دەستەی باڵای بنكەی روناكبیریی گەلاوێژ، بریار درا بیست و دووەمین فێستیڤاڵی روناكبیریی گەلاوێژ لە 18/4/2019 هەتا 20/4/2019 ساز بكرێت.
بیست و دووەمین فێستیڤاڵیش بەهەمان نەفەس و بەهەمان گوڕو تینی فێستیڤاڵەكانی پێشوو ساز دەكرێت. حاڵی حازر دەستەی باڵا لەمیانی كۆبوونەوەكانیاندا سەرقاڵی داڕشتنی پلان و بەرنامەی فێستیڤاڵە لەتەك دیاریكردنی سەرجەم بڕگەو بەشەكانی فێستیڤاڵ كە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
1- بیست و دووەمین فێستیڤاڵی لە رۆژی پێنج شەممەی رێكەوتی 18/4/2019 دەست پێدەكات.
2- لە رێكەوتی 5/1/2019 هەتا 15/2/2019 بابەتەكانی پێشبڕكێی فێستیڤاڵ لە شیعرو چیرۆك و لێكۆڵینەوە وەردەگیرێن و لیژنەیەك بەبەتەكان وەردەگرێت بەپێی ئیمەیلێك دواتر رایدەگەیەنین.
3- لێرەوە داوا لە شاعیران و چیرۆكنووسان و توێژەرانی كورد دەكەین لەسەرەتای ساڵی نوێوە بابەتەكانیان بنێرن.
4- ئەمساڵیش تەوەری تایبەتیمان دەبێت بۆ لێكۆڵینەوەی عەرەبی و فارسی.
5- تەوەری تایبەتیشمان دەبێت بۆ لێكۆڵینەوەی كوردی لە بڕگەی پێشبڕكێی فێستیڤاڵدا.
6- هەروەها پیشانگەی كتێب و پیشانگەی شێوەكاریش دەكرێنەوە لەتەك پێشاندانی فیلمێكی دۆكیومێنتاری دەربارەی چالاكییەكانی فێستیڤاڵ.
7- ژمارەیەك توێژەری بیانی لە وڵاتانی عەرەبی و لە عێراق بانگهێشت دەكرێن بۆ پێشكەشكردنی لێكۆڵینەوەكانیان. لەتەك میوانانی كوردستان ئەوانەی بابەت و لێكۆڵینەوەیان هەیە، یان ئەوانەی لە پێشبڕكێی فێستیڤاڵدا لەلایەن لیژنەكانەوە دەستنیشان دەكرێن.