بەرەو بیست و دووەمین فێستیڤاڵى روناکبیریى گەلاوێژ

Dec 26, 2018

لە دواى کۆبوونەوەى بەردەوامى سەرۆک و ئەندامانى دەستەى باڵاى بنکەى روناکبیریى گەلاوێژ و راوێژکردن لەگەڵ سەرپەرشتیارى گشتى، بریار درا بیست و دووەمین فێستیڤاڵى روناکبیریى گەلاوێژ لە ١٨/٤/٢٠١٩هەتا ٢٠/٤/٢٠١٩ ساز بکرێت.

بیست و دووەمین فێستیڤاڵیش بەهەمان نەفەس و بەهەمان گوڕو تینى فێستیڤاڵەکانى پێشوو ساز دەکرێت. حاڵى حازر دەستەى باڵا لەمیانى کۆبوونەوەکانیاندا سەرقاڵى داڕشتنى پلان و بەرنامەى فێستیڤاڵەکەن لەتەک دیاریکردنى سەرجەم بڕگەو بەشەکانى فێستیڤاڵ کە بەم شێوەیەى خوارەوەیە:

١- بیست و دووەمین فێستیڤاڵى گەلاوێژ لە رۆژى پێنج شەممەى رێکەوتى ١٨/٤/٢٠١٩ دەست پێدەکات و سێ رۆژ دەخایەنێت.

٢- لە رێکەوتى ٥/١/٢٠١٩ هەتا ١٥/٢/٢٠١٩ بابەتەکانى پێشبڕکێى فێستیڤاڵ لە (شیعر) و (چیرۆک) و (لێکۆڵینەوە) وەردەگیرێن لە رێگەى ئەم ئیمەیلەوە : galawej22@gmail.com

٣-  تەوەرى سەرەکیى ئەمساڵى فێستیڤاڵ بریتییە لە (نووسینەوەى بیرەوەرى "ئۆتۆبایۆگرافى" لەنێوان ئەدەب و مێژوودا).

٤- هەروەها پیشانگەى کتێب و پیشانگەى شێوەکاریش دەکرێنەوە لەتەک پێشاندانى فیلمێکى دۆکیومێنتارى دەربارەى چالاکییەکانى فێستیڤاڵ.

٥- ژمارەیەک توێژەرى بیانى لە وڵاتانى عەرەبى و لە عێراق بانگهێشت دەکرێن بۆ پێشکەشکردنى لێکۆڵینەوەکانیان. لەتەک میوانانى کوردستان ئەوانەى بابەت و لێکۆڵینەوەیان هەیە، یان ئەوانەى لە پێشبڕکێى فێستیڤاڵدا لەلایەن لیژنەکانەوە دەستنیشان دەکرێن.

٦- بۆ بەدواداچوون و وردەکاریى زیاتر، دەتوانن سەردانیى سایتى گەلاوێژ بکەن : www.galawej.com

 

مەرجەکانى بەشداربوون لە پێشبڕکێى بیست و دووەمین فێستیڤاڵى گەلاوێژ:

١- بابەتەکان بە تایپکراوى و بە فۆنتى (unikurd) و بە سایزى (14) بنێرن.

٢- شیعر لە پێنج (٥) لاپەڕە زیاتر نەبێت.

٣- چیرۆک لە دوو هەزار (٢٠٠٠) وشە زیاتر نەبێت.

٤- لێکۆڵینەوە لە شەش هەزار (٦٠٠٠) وشە زیاتر نەبێت.

٥- نابێت بابەتەکان لەهیچ شوێنێک بڵاوکرابێتنەوە، نابێت پێشتر پێشکەشى هیچ ناوەندێکى ئەکادیمى کرابێت.

٦- ژمارە مۆبایل و ئەدرێسى نووسەرەکە لەتەک ناوەکەیدا دابنرێت.