ئامادەکاری بۆ ٢٢هەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ دەکرێت

Dec 31, 2018

د. نەوزاد ئەسوەد

تەوەری سەرەکیی فێستیڤاڵ نووسینەوەی بیرەوەرییە

سەرۆک و ئەندامانی دەستەی باڵای بنکەی رووناکبیریی گەلاوێژ، دوای راوێژکردن لەگەڵ سەرپەرشتیاری گشتی فێستیڤاڵ، بڕیاریان دا بیستودووەمین فێستیڤاڵی روناکبیریی گەلاوێژ سازبکەن.

د. نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد، سەرۆکی بنکەی رووناکبیریی گەلاوێژ بە (ئەدەب و کولتووری رووداو)ی راگەیاند، فێستیڤاڵی ئەمجارەی گەلاوێژ لە ١٨/٤/٢٠١٩ تاوەکو ٢٠/٤/٢٠١٩ لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت.

گوتیشی، بیستودووەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ بە هەمان نەفەس و گوڕوتینی فێستیڤاڵەکانی پێشوو سازدەکرێت و ئێستا دەستەی باڵا سەرقاڵی داڕشتنی پلان و بەرنامەی فێستیڤاڵەکان.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە لە  رۆژی ٠/١/٢٠١٩ تاوەکو ١٠/٢/١٠١٩ بابەتەکانی پێشبڕکێی فێستیڤاڵ لە (شیعر) و (چیرۆک) و (لێکۆڵینەوە) وەردەگیرێن لە رێگەی ئەم ئیمەیلەوە: galawej22@gmail.com  تەوەری سەرەکی ئەمساڵی فێستیڤاڵیش بریتییە لە (نووسینەوەی بیرەوەری ''ئۆتۆبایۆگرافی'' لە نێوان ئەدەب و مێژوودا) لەگەڵ کردنەوەی پێشانگەی کتێب و شێوەکاری.