سەرنج و تێبێنی

عەبدولغەنی کاکۆ - بەرلین

یەکێ لەو کتێبە زۆر بەهادارانەی لەو ماوەیەدا خوێندمەوە (داستانی گیلگامێش) بوو. من کاتی خۆی گیلگامێشەکەی (د.طە باقر) و کتێبە بایەخدارەکەی (د.نائل حسون) و پاشانیش وەرگێڕدراوێکی کوردی ئەو داستانەم خوێندۆتەوە. دواتریش کتێبە یەکجار نایابەکەی تۆماس میلکە (Gilgamecsh König von Uruk)م بە زمانی ئەڵمانی خوێندۆتەوە. هەڵبەتە هەریەکەیان تایبەتمەندی خۆیان هەبووە، بەڵام هیچیان وەکو ئەم کتێبە چێژیان پێ نەبەخشیوم. ئەم کتێبە لە سویدییەوە کراوەتە کوردی، ئەوانەی کتێبەکەیان بە سویدی بڵاکردۆتەوە پەڕاوێز و ڕاڤەکردنێکی زۆر جوانیان بۆ وردەکارییەکانی داستانەکە نووسیوە کە بەڕاستی جێگەی سەرسوڕمانە، چونکە ڕاوەستان لەبەردەم شیکردنەوەی ئەو هەموو هێما و ئاماژە مێژوییانەو بەراوردکردنیان لەگەڵ لێکدانەوەکانی پێشووتر وپاشان هەڵسەنگاندنیان و خستنە ڕووی دەرئەنجامی تایبەتی خۆیان کۆششێکی ئەکادیمییانەی لەڕاددەبەدەر زەحمەتی گەرەکە. وەرگێڕە کوردییەکەش سەرەڕای ئەوەی بە زمانێکی کوردی زۆر پاراوو جوان کتێبەکەی وەرگێڕاوە، بە سەرنج و تێبینییەکانی خۆی زیاتر کتێبەکەی دەوڵەمەند کردووە. بەڕاستی ئەو تێبینییە وردانەی کاک شاسوار هێندە بەنرخن کە دڵنیام ئەگەر بێت و جارێکی دیکە کتێبەکە بەم تێبینییانە لە کوردییەکەوە بکرێتەوە سوێدی دەبێتە جێگەی سەرنج و تاووتوێکردنی تازەی ئەکادیمی و سەرئەنجام وەک هاوبەشیکردنێکی دیکەی هزری کوردی لە بەرامبەر داستانێکی ناوازەی کەلتووری مرۆڤایەتی دێتە هەژمارکردن. ئەوەی جێگەی سەرنجە لە جوانی ئەم وەرگێڕانەدا بەکارهێنان و دۆزینەوەی ئەو هەموو وشەو دەستەواژانانەن کە تەنیا کەسی وەرگێڕ لەکاتی وەرگێڕانی دەقەکاندا هەست بە سەختی و تەنانەت ئاستەمی دۆزینەوەیان دەکات، کاک شاسوار زۆر سەرکەوتووانە ئەو وشانەی لەبەریەکدا ڕاگرتوون. من پێم وایە خوێنەری کورد گەر بیەوێ شارەزایی لە داستانی گێلگامیش پەیدا بکات خوێندنەوەی ئەو کتێبەی بەسە تا لە مەزنی و بایەخی ئەم داستانە تێبگات. ئەوەش مایەی دەستخۆشییەکی گەورەیە بۆ وەرگێڕەکەی. بەڵام من دوو سەرنجم دەربارەی کتێبە وەرگێڕدراوەکە هەیە کە هیوادارم وەرگێڕی بەڕێز یان وەشانخانەی بەڕێز لە چاپەکانی داهاتوودا لەبەرچاوی بگرن. یەکەم: خۆزگە لەپاڵ ناوی وەرگێڕە کوردییەکەی ناوی وەرگێڕ و ڕاڤەکار و پەراوێزنووسە سویدییەکانیش بە ڕوونی لەسەر بەرگی کتێبەکە دەنووسران، پاشان لە لاپەڕەی ناوەوەدا (ساڵی بڵاوکردنەوە)ی دەقە سویدییەکە لەپآڵ ناوی ئەسڵی کتێبەکەشدا دەنووسرا، چونکە ڕەنگە لەچاپدانەوەی هەر جارێکی کتێبێکی وەها کەم و زۆر پێشەکی و پاشەکی و تێبینی و پەڕاوێز و سەرنجی بۆ زیاد بکرێت، لەبەرچاوگرتنی ئەم شتە وردانە بۆ کتێبێک کە وەک سەرچاوەیەکی ئەکادیمی بەکاردەهێنرێت بایەخی تایبەتی خۆیان هەیە. دووەم: خۆزگە وەرگێڕی بەڕێز جگە لە هەڵەکانی چاپ ئاگاداری هەڵەکانی ڕێنووسیش دەبوو (هەرچەندە لەوانەیە ئەوانەیش هەر هەڵەی چاپ و نووسین بووبن) وەک لێک جیا کردنەوەی ئەو وشانەی بە یەك واو دەنووسرێن لەگەڵ ئەوانەی بەجووتە جووتە واو دەنووسرێن. بۆ نموونە وشەی (قووڵایی) لەسەر بەرگی کتێبەکە بە یەک واو نووسراوە. ئایا ئەم وشەیە بە یەک یان بە دوو واو دەنووسرێت؟ ئەمەو دەیان نموونەی تر کە هێندە زۆرن هەمووی لێرە نانووسرێنەوە (تێگەیشتو، چارەنوس، شورە، کەوتبو، تێگەیشتو، لوتکە، سورە چنار، تروسکایی، نمونە، وروژان، جوڵە، ستون، هتد..) هەمووی بە یەک واو نووسراون هەروەها لە دەیان شوێندا تاکە (یێ) و جووتە (یێ)ی دوایی وشەکان وای کردووە کە (ی)ی نەسەب و (ی) پەیوەندی وەک ئامرازی بەیەکەوە لكاندن لە یێکدی جیا نەکرێنەوە هەر بۆ نموونە (راوچیەکە، کێویەکان، دیاریەک، ڕاستیەکان، ریشسپیەکان، ئێزدیەکان، کەشتیەکە..دەیان نموونەی تر) هەمووی بە یەک یێ نووسراون..ڕەنگە بڵێن ئەو جۆرە هەڵانە دەیان و سەدان جار لە زۆربەی کتێبە کوردییەکانی ئەم ڕۆژانە بەرچاو دەکەون، من ئەوە دەزانم بەڵام بۆ کتێبێکی سەنگینی ئاوا جێگەی چاوپۆشین نین، هیوادارم ئەو سەرنجانەم لەلای کاک شواسوار جێگەی خۆیان بگرن چونکە هەموو لایەک دەزانن کە ئەو کەسێکی چەندە ورد و بە سەلیقەیە لە بەدواداچوون و ڕاستنووسینی وشەی کوردیدا و بۆیە من کەوەک مامۆستایەکی خەمخۆری زمانی کوردی تەماشای دەکەم حەز ناکەم ئەو هەموو هەڵەیە لە کتێبێکی بەهاداری ئەودا ڕووبدات.


ئەم بابەتە 7 جار خوێندراوەتەوە
بابەتی لەیەکچوو