بۆچی ئێمە تەنها ژن دەسووتێنین؟

ئەحمەدی مەلا

ئێمە رۆژانە، هەزاران خەون دەکوژین، هەزاران نیگا گۆڕبەگۆڕ دەکەین، بە دەیان هەزار چرۆی ئیرادە و هەستی مێردمنداڵان لە چاڵ دەنێن، لە تەلەڤزیۆنەکانەوە هەستی ئینتیما لە گۆڕدەنین، هەموو هەفتەیەک، لەسەر مینبەرەکاندا ملی چەندین خۆشەویستیی و لێبوردەیی دەقرتێنین. ئێمە هەموو رۆژێک، کچەکانمان بە بێدەنگی دەکوژین، ژنانمان بە بێ وەڵامدانەوە هەڵدەپرووکێنین، بزۆزی زارۆکانمان لە حەوشەی قوتابخانەکان لە چاڵ دەنێین. ئێمە، پێش ئەوەی بیانکوژین، سادییانە ئازاریان دەدەین، هەر بە هەوەس گەڵای سەر رێگاکانمان دەچەمێنیەوە، لە باخچە گشتییەکان گوڵەکان دەپلیشێنیەوە، لە ئوتۆمبێلەکانمان زبڵەکانمان فڕێ دەدەینە سەر نیشتیمان و دیسکەکانیشمان خستۆتە سەر سروودی "ئەی رەقیب"، تەنانەت لە خەونەکانیشماندا هەر لاسارین. ئەگەر شتێک هی ئێمە نەبێ قینمان لێی دەبێتەوە. ئێمە وەک موسڵمان رۆژ نییە ملی برا موسڵمانێک نەشکێنین، وەکو کوردێک هەموو لەحزەیەک کوردایەتی وەک قوتووی کۆلا دەپەستینە ناویەک، وەک مرۆڤێک هێشتا ئێمە لە دایکنەبووینە. لە هیچ کوڵانێکمان، لە سەر هیچ جادەیەک، لە بازار و کۆڵانی هیچ قەیسەرییەکدا چاومان بە مرۆڤایەتی ناکەوێ. ئەوەی ئێمە دەیبینین بەزەیی هاتنەوەیەکی درۆزنانەیە، یارمەتیدانێکە بۆ ئەوەی باڵادەستی خۆمان نیشان بدەین، هەرەوەزیی ئێمە بۆ مرۆڤەکان نییە، تەنها وەکو رەسیدێکە و دەمانەوێ بیخەینە سەر خێرەکانمان و سبەی پەروەردەگار فلس بە فلس، عانە بە عانە بمانداتەوە. چاکی ئێمە بۆ ئەوەی دیکە نییە، تەنها وەکو قەرزێکە دەیدەنە دەستی خودا بۆ ئەوەی سبەی گەردنمان ئازاد بکا. هەموو شتێک دەکەین لە پێناو خۆمان، هیچ هەنگاوێکمان نییە لە پێناوی ئەوی دیکە بێ، چونکە "ئەوی دی" لە وێژدانی مرۆڤی لای ئێمە لەدایکنەبووە. چاوچنۆکانە کڕۆنۆش بۆ خودا دەبەین و چاوەڕێین نەخۆشەکانمان چاک بکاتەوە، لە دەرد و بەڵا دوورمان خاتەوە، دەستی منداڵەکانمان لە قوتابخانە بگرێ، باوکی نەخۆشمان چاک کاتەوە...
ئێمە تا ماوەیەکی دیکەش بەشداریی لەم کاولکارییانە دەکەین و دەکوژین و دواتر دەچینە سەر قەبران، دەسووتێنین و خۆمان لەبەر گەرمایی تەرمەکە گەرم دەکەینەوە. ئێراسمی نۆتردام چەند هۆشیارانە لەسەدەی شانزە دەیگوت : "مرۆڤ وەکو مرۆڤ لەدایکنابێ، بەڵکو دەبێ ببێ بە مرۆڤ". ئێمە، لە نێو ئەم دیمەنە دزێوەدا، وەکو مرۆڤ لە دایکنابین و هیچ هەوڵێکیش لە گۆڕێدا نییە بۆ بوونمان بە مرۆڤ....


ئەم بابەتە 6 جار خوێندراوەتەوە
بابەتی لەیەکچوو