دابەزینی ئاستی خوێندنەوە لە کوردستاندا

عەبدولغەنی کاکۆ / بەرلین
Jan 29, 2019

کە دابەزینی ئاستی خوێندنەوە لە وڵاتی خۆماندا دەبینی، مانای وانیە کە ئیتر خوێندنەوە لە دونیادا ڕووی لە کزی کردووە و کتێب وەک کاڵایەک مۆدەی بەسەر چووە. زۆر کەس ئەم دیاردەیە دەگەڕێننەوە بۆ کاریگەریی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیای ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان.

هەڵبەتە ئەم پێشکەوتنە کاریگەریی خۆی هەیە بەڵام ئەوەی لە کوردستاندا دەگوزەرێ فاکتەری دیکەی لەپشتە. فاکتەری سیاسی، کە هەوڵ دەدا تاک لەڕێگەی کتێب و خوێندنەوەوە نەتوانێ ئاستی هۆشیاریی خۆی بەرز بکاتەوە و ببێتە خاوەن کەسایەتییەکی ڕۆشنبیر کە کاریگەریی لەسەر گۆڕینی ئاڕاستەی ڕووداوەکانەوە هەبێ. سیاسەتێک هەیە هەوڵ دەدا تاک نەبێتە خاوەنی ئەقڵێکی ڕەخنەگرانە کە گۆمی مەنگی هزر بشڵەقێنێ و کۆشش بۆ ئایندەیەکی باشتر و ڕووناکتر بکات.

ئەوانەی ئەو سیاسەتە پیادە دەکەن دەزانن کاراکردنی ئەقڵ چ مەترسییەک لەسەر پێگەی دەسەڵاتیان دروست دەکات بۆیە ڕێگرن لەبەردەم هەموو هۆکارێک کە پانتایی هۆشیاری تاکی کورد فراوانتر بکات..بۆیە دژایەتی کتێب و خوێندنەوە دەکەن..ئەگەر وانیە خۆ ئەم تەکنۆلۆژیایە هەموو دونیای گرتۆتەوە، بەڵام بۆچی نەیتوانیوە کتێب وەک مۆدێلێک لە ژیانی کۆمەڵایەتیی مرۆڤەکان داببڕێنێ؟ بۆچی نەیتوانیوە نەریتی خوێندنەوە لەژیانی کۆمەڵگا مۆدێرنەکان نەفی بکات؟ بۆچی بازاڕی کتێب لەو دونیایە هێندە گەرمە؟ بۆچی هێشتا کتێب لە کاڵا بەنرخەکانە؟ بۆچی سەر بە هەرکتێبخانەیەکی گشتی هەریەکە لەم وڵاتانە دەکەیت دەبینی جمەیان دێت لە خوێنەر؟ بۆچی ساڵانە دەیان و سەدان پیشانگای گەورە بۆ کتێب ساز دەکرێت؟ بۆچی هەتا ئێستاش بە دەیان و سەدان نووسەر لەم وڵاتانەدا بژێوی خۆیان لەسەر نووسینی کتێبان دابین دەکەن؟ بۆچی سەیری لاپەڕەکانی هەر گۆڤار و ڕۆژنامەیەکیان دەکەیت ئەگەر بە دوورو درێژی لەبارەی کتێبێکەوە نەدوابن ئەوا بەلای کەمەوە هەواڵی بڵاوبوونەوەی کتێبێکی تازەیان تیایە بۆ خوێنەران !