قەفەس

سادق چووبەک
و. لە فارسیەوە: ڤیدا قادری

لە لێواری جۆگەکە، لەنزیک قەفەسەکەوە چاڵێکی پڕ لە خوێنی مەیوی بەستوو هەبوو کە پەڕ و سەر و قاچی بڕوای مریشک و شێلمی گەنیو و تەرسی ئەسپی تێ کەوتبوو.

بنی قەفەسەکە تەڕ و بە ڕێقنەی مریشک فەڕش ببوو. خۆڵ و کا و توێکڵی هەرزن تێکەڵی ڕێقنە ببو. پێ و پەڕوباڵی کەڵەشێر و مریشکەکان بە هۆی ڕێقنەکەی ژێریانەوە تەڕ و تلیس ببوو. شوێنەکەیان تەسک بوو. هەموویان بە سەر یەکتردا کەوتبوون. وەکوو دەنکەکانی گەنمەشامی پێکەوە نووساو. شوێن نەبوو کڕووشمە بکەن. شوێن نەبوو ڕابوەستن. شوێن نەبوو بخەون. بەردەوام دەنووکیان لە سەری یەکتر دەدا و پۆپەی یەکتریان هەڵدەکەند. هەموویان دەچەوسێندرانەوە. هەموویان شوێنەکەیان تەسک بوو. هەموویان سەرمایان بوو. هەموویان برسیان بوو. هەموویان لە یەکتر بێگانە بوون. هەموو شوێنێک پیس بوو. گشتیان چاوەڕێ بوون و بارودۆخی کەس لەوی تر باشتر نەبوو.

ئەوانەی پاش چەپوکەسەرێ سەریان دادەخست و لە ژێر پەڕ و باڵ و قاچی ئەوانی تردا خۆیان دەشاردەوە، بتەوێ و نەتەوێ دەنووکیان ڕۆدەچووە ڕێقنەکەی بنی قەفەزەکەوە. ئەوسا بەناچاری توێکڵی دەنکە هەرزنێکیان هەڵدەگرتەوە. ئەوانەی تەنانەت شوێنیش نەبوو دەنووک لە ڕێقنەی بنی قەفەسەکە بدەن بە ناچاری دەنووکیان لە مێڵەی قەفەسەکە دەدا و زەق زەق لە دەرەوەی قەفەسەکە ڕادەمان. بەڵام، هیچ سوودێکی نەبوو، ڕێگای دەرچوونێک نەبوو. تەنانەت شوێنی ژیانیش نەبوو. نە دەندووکە کڕکڕاکەییەکەیان و نە چنگەکانیان و نە قێڕە و هەرای تووڕەییئامێزیان و نە زۆر و فشار و چەپۆکەسەرێ، هێچیان ڕێگای دەرچوونیان بۆ دەستەبەر نەدەکردن. بەڵام، سەرگەرمیانی دەکرد. دنیای دەرەوە بۆ ئەوان دڵڕەق و نامۆ بوو. نە ڕامانە بەئازارەکەیان و نە جوانیی پەڕ باڵیان، هیچیان یارمەتیدەریان نەبوون.

لەناو یەکدا هەڵدەورووژان، دەنووکیان لە ڕێقنەکەیان دەدا و لە قاپە شکاوەکەی سووچ قەفەسەکە ئاویان دەخواردەوە و سەریان بە هێمای شوکرانەبژێری بەرەو ئاسمان هەڵدەبڕی و سەیری سەقفە درۆزن و پیس و گاڵتەجارەکەی قەفەسەکەیان دەکرد و قوڕگە نەرم و ناسکەکەیان دەلەرییەوە.

لەو کاتانەش وا وەنەوزیان دەدا، هەموویان هەر چاوەڕێ بوون. سەرلێشواو بوون و نەیاندەزانی عاقیبتیان چی دەبێت. ڕزگاربوونێک لە ئارادا نەبوو. شوێنی ژیان و هەڵاتنیش نەبوو. دەرچوون لەو زەلکاوە مەحاڵ بوو. ئەوان هەموویان بە کۆمەڵ بەو ساردی و نامۆیی و تەنیایی و سەرلێشێواوی و چاوەڕوانییە مەحکووم بوون و هەروا بە دەوری خۆیاندا دەسووڕانەوە.

لەپڕ دەرگای قەفەسەکە کرایەوە و جموجووڵێک بەرپا بوو. دەستێکی ڕەشی دەمار دەرپەڕێوی پیس و پوخڵی شووم و زبر هاتە ناو قەفەسەکە و لەناو هاوقەفەزەکاندا کەوتە ملومۆکردن. دەستەکە بە دڵڕەقی و تووڕەیی و بێدەربەستییەوە لەو ناوە کەوتە دروێنەکردن و هەرای نایەوە. هاوقەفەسەکان هەستیان بە بۆنێکی ئاشنا و مەرگ‌ئامێز کرد. مووچڕکیان پێدا هات و دەستیان کرد بە هەڵبەزودابەز و لەژێر بەڕوباڵی یەکتردا خۆیان شاردەوە. دستەکە لەسەر سەریانەوە دەسووڕا و هاوشێوەی مێغناتیسێکی بەهێز ئەوانی وەکوو ئارداسن دەلەراندەوە. دەستەکە بە هەموو شوێنێکدا دەگەڕا و لە دەرەوەی قەفەسەکەش چاوێک وەکوو ڕادار ڕێنوێنی دەکرد تا دواجار نووسا بە بنباڵی جووجەڵەیەکی فێڕنەوە و هەڵێگرت.

بەڵام، هێشتا ئەو دەستە و ئەو جووجەڵەیەی تەقالای دەدا و جیکەجیکی دەکرد و پەڕوباڵی ڕادەوەشاند، لە سەر سەری مریشک و کەڵەشێرەکان دەسووڕانەوە و لە قەفەسەکە نەچووبوونە دەرەوە کە دیسانەوە ئەوان سەرقاڵی خواردن و چەپوکەسەری دانی یەکتر بوونەوە. ساردی و نامۆیی و چاوەڕوانی هەر لە شوێنی خۆیدا بوو. هەموویان بێگانە و بێدەربەست و نامیهرەبان، زەق‌زەق سەیری یەکتریان دەکرد و بە چنگیان خۆیان دەخوراند.

لە بەر قەفەسەکە، لەدەرەوە، چەقۆیەکی تیژ و کۆن سوا بە ملی جووجەڵەکەدا و خوێنەکەی فیشقەی کرد. مریشک و کەڵەشێرەکان لەناو قەفەسەکەوە چاویان لێ بوو. هەرا و هوریایان دەکرد و دەنووکیان لە دیواری قەفەسەکە دەدا. بەڵام دیواری قەفەزەکە ڕەق بوو. دەرەوەی پیشان دەدا بەڵام ڕێگای نەدەدا. ئەوان وردکۆڵ و ترساو و چاوەڕوان و بێ دەسەڵات سەیری فیشقەی خوێنی ئەو هاوبەندەیان دەکرد کە ئێستا ئازاد ببوو. بەڵام چارەیەک نەبوو. هەر ئەوە بوو کە بوو. هەمووان بێدەنگ بوون و قەفەزەکە بۆنی مەرگی لێ دەهات.

هەر لەو کاتەدا کەڵەشێرێکی ڕەنگاڵە و بەشکۆ دەنووکی لە ڕێقنەکەی بنی قەفەسەکە دا و پاشان بەرزی کردەوە و کێشای بە پۆپەی مریشکە کوڵەیەکدا. مریشکەکە دەسبەجێ خەوت و کەڵەشێرەکە خێرا سواری بوو. مریشکەکە چەوسێندراو و داماو لەناو ڕێقنەکاندا پان بووەوە و پاشان هەستایەوە. خۆی شەکاندەوە و پەڕەکانی گڤ کرد و پاشان دەستیکردەوە بە خواردن. ئینجا متی کرد، تۆزێک ڕاوەستا و سەرلەنوێ دەستی کردەوە بە لەوەڕیان.

هەرا و هوریای مریشکێک بەرز بووەوە. تۆزێک بە دەوری خۆیدا سووڕایەوە. پاشان بەپەلە لەناو قەفەزەکە هەڵنیشت و ترساو، هێلکەیەکی مەیوی بێ توێکڵ و خوێناوی لەناو زەلکاوی قەفەسەکە بەر دایەوە. دەستبەجێ دەستە رەشە دەمار دەرپەڕیوە پیس و شوومەکە دڕی بە هەوای قەفەزەکە دا و لەناو زەلکاوەکەدا هێلکەکەی ڕفاند و خێرا لە دەرەوەی قەفەزەکە دەمێک وەک گۆڕ کرایەوە و هێلکەکەی قووت دا. هاوقەفەسەکان چاوەڕوان، زەق‌زەق بۆ پێشەوەی خۆیان دەروانی.


ئەم بابەتە 10 جار خوێندراوەتەوە
بابەتی لەیەکچوو