باخی پرته‌قاڵ / چیرۆک

ھێمن بەرزنجی
Feb 6, 2019

ئەو شەوە وەك هەموو شەوەكانی تر نووستم، دوای تەواوبوونی كارەكانم، ماندوو و شەكەت، بێ نوتقە و بێ حەواس، لەناو جێگەكەدا و دەم وشك، هێزی ئەوەم نەبوو دەست بەرم پەرداخێك ئاو فڕ كەم. دەڵێن مرۆڤی تینوو خەو بە ئاوەوە دەبینێت، بە خۆم گوت: "لە خەودا دەڕۆمە سەر دەریایەك، گەرووم پڕ دەكەم." ئەو شەوە لەناو جێگەكەدا تا درەنگان تەپاوتلم دا، لە یەكەوە تا سەتم دەبژارد و دەستم پێ دەكردەوە، تەواوی خزم و دۆست و هاوڕێكانم دەهێنایەوە بیری خۆم، لەگەڵ هەر یەكەیان كەمێك قسەم دەكرد، پێدەكەنیم، دەگریام و دەردەدڵم لەگەڵیان دەكرد، بۆ نموونە بە كەسێكیانم گوت: "ئەوە كێ خاوەنی ئەم دونیایەیە؟"

دونیا خراپ بووە، پێویستە كەمێك چاكی بكات!

 مرۆڤی ئەفلامكارتۆن و گیانلەبەری ئەفلامكارتۆنی لە ئێمە خۆشبەختترن! لەناكاو گوێم لە كرتەكرتی مشكێك بوو، مشكەكان بۆ ئەوەی ئاگادارمان بكەنەوە لە برسێتی، كرتەكرت دەكەن، دەزریكێنن و بە بەرچاوماندا جرتوفرت دەكەن. مشكەكان كاغەزی گۆڤارەكەیان دەخوارد، كە لە كاغەزەكەدا وێنەی ژنێكی تێدا بوو سەبەتەیەك سێوی بەسەر سەرەوە بوو، ڕێك سێوەكانیان دەخوارد. گوتم: "خودایە، دەبێت تامی ئەو سێوە كاغەزانە چۆن بێت لە زاری ئەو مشكانەدا؟