چوارەمین ئەلبومی تەنهایی

سیامەند هادی
Feb 9, 2019

چیرۆک

وەك پیشەی هەموو شەوێكی ئەم چەند مانگەی دوایی، ئەلبومەكانی بە دەوری خۆیدا بڵاوكردبووەوە و لە وێنەكانی مناڵییەوە تا ئەو وێنەیەی ئێوارە هێنابوویەوە بۆ ماڵەوە، یەك یەك بە وردی لێی دەڕوانین. لەگەڵ تەماشاكردنیشیاندا، ئەو چەند دێڕەی پشتی هەندێك لەو وێنانەی دەخوێندەوە، كە ناوی كەسەكان لە ڕاستەوە بۆ چەپ و ڕۆژی وێنەگرتنەكەی تێدا نووسرابوو. بە بەرگی ئەلبومەكاندا، كە لەسەری نووسیبوون (ئەلبومی یەكەم، ئەلبومی دووەم، ئەلبومی سێیەم، ئەلبومی چوارەم)، بە تەواوی دەیزانی هەر چوار ئەلبومەكە چ وێنەیەكیان تێدایە، هەر بۆیە هەموو جارێك وەك بەرنامەیەكی ڕێكخراو تەماشای وێنەكانی دەكرد.

دوای چەند ساڵێك تەمەن، هەرگیز هێندەی ئەم ڕۆژانەی دوایی هەستی بە ئاڵۆزی و پشێوی و تەنهایی خۆی نەكردووە. پاش نانخواردنی ئێوارە و دوای كەمێك بیركردنەوە لە ڕۆژانی ڕابردووی، ئەم شەویش وەك شەوانی دیكە ئەلبومەكانی هێنا و لای ڕاستی خۆیەوە داینان و دوای ئەوەی تەماشای دەكردن، دەیخستنە لای چەپی خۆیەوە. ئەگەرچی بە بەرگەكەیدا دەیزانی ئەوە چ ئەلبومێكە، بەڵام وەك دڵنیابوون تەماشای نووسینەكەی كرد (ئەلبومی یەكەم). دەستی دایە و زۆر بە خێرایی بەرگەكەی هەڵدایەوە. وێنەكانی ئەوەندە كەم بوون، تەنانەت نیوەی ئەلبومەكەیان پڕ نەكردبووەوە، هەر بۆیە بۆ تەماشاكردنیشی زۆری پێنەدەچوو. وێنەكان هیی ئەم چەند ساڵەی دوایی بوون و لەگەڵ تەماشاكردنیاندا، هەندێ جار ڕۆژی وێنەگرتنەكەشی بیردەكەوتەوە. هەموو وێنەكانیش بە ڕێكەوت گیرابوون و هیچ خۆئامادەكردنێكیان پێوە دیارنەبوو. لەگەڵ تەماشاكردنی هەر وێنەیەكیشدا، دەبوایە ئەلبومەكە لە چاوی نزیك بكاتەوە، بۆ ئەوەی دیمەنە وەستاوەكان بە باشی جووڵەی كاتی وێنەگرتنەكانی بیربخەنەوە.

ئەو كاتەی ئەلبومەكەی هەڵدایەوە، بە وردی تەماشای یەكەم وێنەی كرد. بە وێنەكەدا ئەوەی زانی كە پێنج ساڵ لەمەوپێش ئەو وێنەیەی گرتووە و شوێنەكەش دوكانەكەی (حەسەن)ی هاوڕێی بوو، كە پێكەوە خانەنشین بوون و ئەو دوای ئەوە خۆی بەو دوكانەوە سەرقاڵ كردبوو. لە وێنەكەدا سێ كەس لەناو دوكانەكەدا لەسەر كورسی دانیشتبوون، ئێستا نازانێت ئەو كەسەی تر كێ بوو، هەر ئەوەندە دەزانێت كە ناسیاوی ئەو هاوڕێیەی بوو. بە دیقەتێكی زیاترەوە لە وێنەكەی ڕوانی، لە تەنیشتی لای ڕاستیانەوە لەسەر چەند مێزێكی قاتقات كە لە نزمەوە بەرەو بەرز دەچوو، كۆمەڵێك جۆری پسكیت و بنێشت و مەساسە و تەمەرهیند و چبس و شتی لەو بابەتانە دانرابوون و دیواری لای چەپ و پشتەوەش بە بەرزییەوە چەند ڕەفەیەك هەڵواسرابوون و لە وێنەكەدا تا نیوەیان دیاربوو. ئەوەی دەبینرا تایت و شامپۆ و فاست و دایبـی و فڵچەی ددان و چەند شتێكی لەو بابەتە بوون. ئەمان لەسەر كورسی پاڵیان دابووەوە و زۆپایەك لەبەردەمیاندا بوو، ئەم پاڵتۆیەكی ڕەشی لەبەردایە و هەردوو دەستی لەسەر ڕانی داناوە. دەستی چەپی نیمچەكراوەیە و تەسبیحێكی قەزوانی بەدەستەوەیە و بەشێكی بە لای ڕانی چەپیدا هاتووەتە خوارەوە. دوای تەماشاكردنێكی ورد ئاواتخواستن بۆ ئەو كاتە ئازاری دەدا، چونكە ئەو هاوڕێیەی دوای دوو ساڵ دوكانەكەی داخست. بە تەنها لەسەر ئەو وێنەیە وەستا و پاشان بە خێرایی پەڕەكانی ئەلبومەكەی هەڵدەدایەوە، كە لە هەموو وێنەكاندا یان بە تەنها بوو، یان یەك كەس یان دوانی لەگەڵدا بوو.

دوای تەماشاكردنی ئەلبومی یەكەم، ئەلبومێكی تری هەڵگرت و بەرگەكەی خوێندەوە (ئەلبومی دووەم). بەهۆی زۆریی وێنەكان و زۆریی ژمارەی ئەو كەسانەی لە وێنەكاندا بوون، كاتێكی زۆری ویست تا بە تەواوی وێنەكانی تەماشاكرد. لەگەڵ هەڵدانەوەی ئەلبومەكەدا، یەكەمین ڕۆژی دامەزراندنی خۆی بیركەوتەوە. ئەگەرچی ئەم هیچ شارەزاییەكی لە كارەبادا نەبوو، بەڵام بە هۆی هاوڕێیەكییەوە لە فەرمانگەی كارەبا دامەزرا. زۆر لە كارەبا دەترسا، هەر ئەوەش بوو وایكرد بە درێژایی ئیشكردنی لەو فەرمانگەیەدا، بە هیچ شێوەیەك سەر پەیژە نەبینێت. یان لە خوارەوە پەیژەی دەگرت، یان تەل و فنجان و پێداویستییەكانی تری ئامادە دەكرد. سەرەتا لەبەر بێئیشی بەو كارە ڕازی بوو، هەر بۆیە بە شێوەیەكی كاتی تەماشای ئیشەكەی دەكرد، بەڵام كە خانەنشین كرا، سی و یەك ساڵ و دوو مانگ و چواردە ڕۆژ خزمەتی هەبوو. تا چەند ساڵێكیش هەر دەیویست ئیشەكەی بگۆڕێت، بەڵام دواتر بەبێ ئەوەی بە خۆی بزانێت، كارەكەی ڕەوتێكی ئاسایی وەرگرت و ئەمیش بەناچاری بەردەوام بوو.

كە ئەو ئەلبومەی بە دەستەوە دەگرت، ڕوانینەكانی پەرش دەبوون و لە یەككاتدا كۆمەڵێك بیرەوەریی خۆش و ناخۆش و كارەسات و ڕووداوی زۆری دەكەوتەوە یاد. چۆن دەتوانێت ئەو تەمەنی كاركردنە بە هەموو وردەكارییەكانیەوە بهێنێتەوە بەرچاوی خۆی، هەر بۆیە لە گەڕانەوەیدا بۆ ئەو بیرەوەرییە دوورانە، هەندێك لە ڕووداوەكانی یان بیردەچووەوە، یان تێكەڵی دەكردن. شەقام و كۆڵانێكی ئەو شارە نەمابوو ئەم ئیشی تێدا نەكردبێت، هەر ئەوەش بوو وای دەكرد ئەو كاتەی بەسەرهاتێكی دەگێڕایەوە، یان شوێنەكەی نەدەزانی، یان ناوی ئەو كەسانەی بیردەچووەوە كە لەو دەرچوونەدا لەگەڵیدا بوون. لە زۆربەی وێنەكاندا بەدلەی شینی لەبەردابوو، یان لەنێو فەرمانگە، یان لەكاتی دەرچوونەكاندا ئەو وێنانەیان گرتبوو.

لە وێنەیەكدا (ڕێبواری ئەندازیار) لە ناوەڕاستی كۆمەڵێك كرێكاردایە و لەنێوان ئەم و (عەزیزی سایەق)دا وەستاوە، ئەم وێنەیە لە حەوشەی فەرمانگە گیراوە. لە وێنەیەكی تردا كە بە باشی بیری نەماوە لە چ كۆڵانێكدایە، چوار كەس پاڵیانداوە بە تەنیشتی توێتایەكەوە و بەشی سەرەوەی پەیژەیەك لە دوایانەوە دیارە كە بەدوای توێتاكەدا هاتووەتە خوارەوە. وێنەیەكی تر كە تۆزێك تاریكە، حەوت كەسن و هەر یەكەی بە شێوەیەك وەستاوە و لە ژووری فەرمانگەدا گیراوە. لە پشتەوە بەشی خوارەوەی تابلۆیەك دیارە و وێنەی ئەو كرێكارانەی تێدایە كە لە كاتی كاركردندا گیانیان لەدەستداوە. ئەو تابلۆیە ترسەكانی ڕۆژانی كاركردنی هێنایەوە بیری، كاتێك لە وێنەی ئەو كەسانەی دەڕوانی، ئەوەندەی تر ترسی لە كارەبا زیادی دەكرد. ئەم مردنی دووان لەو كرێكارانەی بە چاوی خۆی بینیبوو، هەر بۆیە ئەو تابلۆیە لە هەموو جارێكی تەماشاكردندا، ئەو دوو ڕووداوەی دەهێنایەوە یادی. (فەرەجەپیر) ئەگەر بە قسەی ئەمانی بكردایە و بەبێ دەستكێش ئیشی نەكردایە، بۆ لاشەی ساردوسڕی بە عەمودەكەدا شۆڕدەبوەوە! کاتێک دایانگرت، دەتگوت چەند ڕۆژێكە ئەو جەستەیە ڕۆحی تێدا نەماوە. (فەرەج) تەمەنیشی زۆر نەبوو، بەڵام كاتێک باسی ڕابردووی شار دەكرا، ئەو شتی وای دەگێڕایەوە كە لەگەڵ تەمەنی خۆیدا نەدەهاتەوە. لە باسی فراوانبوونی شاردا، ئەو خێرا دەیگوت (جاران شار كەی ئەوەندە گەورە بوو، چەند ساڵە من لەم شارەدام، ئێستا چوار سەعات بەناو بازاڕدا بگەڕێی دوو كەس ناناسیت! بیرم دێت لە خوار بەنزینخانەكەوە هەمووی دەشت بوو، زۆر جار بەدەم ڕاونانی سەگەوە تا خوارەوە دەڕۆیشتین). وێنەكانی ناو ئەم ئەلبومە، زیاتر بە ڕووی حیكایەت و كارەسات و ڕووداوەكانی ئەو سەردەمەدا دەیبرد و وای دەكرد بە تەواوی لە ساتی تەماشاكردنە وەستاوەكان داببڕێت.

ئەگەرچی ماوەیەكی زۆری بۆ تەماشاكردنی وێنەكانی ناو ئەم ئەلبومە تەرخان كرد، بەڵام زۆربەی كاتەكەی بە سەیركردنی وێنەیەكەوە بەسەر برد. تەماشای هەموو بەشەكانی وێنەكەی دەكرد و ڕووخسار و دیمەنەكان چەند حیكایەت و ڕووداوێكی پێش و پاش گرتنی وێنەكەی بیردەخستەوە. وێنەكە لە سەیران گیرابوو، كۆمەڵێك كرێكار و ئەندازیاری فەرمانگەی تێدا دەبینرا. ئەو كەسانەی لە وێنەكەدا بوون بە دوو كۆمەڵ دەبینران، بەشێكیان لە پێشەوە بوون و بەشەكەی تریان لە دواوە دیاربوون و شوێنی ئەوان تۆزێك بەرزتر بوو لە بەشی پێشەوە. درەختێكی گەورە لە لای ڕاستی بەرزییەكەی سەرەوە دیار بوو، كە بەشێكی لە وێنەكەدا دەبینرا. لقێكی بە خواری بەرەو نزماییەكەی خوارەوە شۆڕ بووبووەوە. هەندێك لەوانەی لە وێنەكەدا دەركەوتبوون، ئاگایان لە ساتی وێنەگرتنەكە نەبوو، چونكە (ڕێبواری ئەندازیار) ئەو وێنەیەی لەكاتێكدا گرتبوو، كە ئەوان ئاگایان لە خۆیان نەبوو. لەو سەیرانەدا چەند وێنەیەكی لەو شێوەیەی گرتبوو. ئەو دەیگوت (هەر وێنەیەك ڕێك بوەستیت و بە تەواوی خۆتی بۆ ئامادە بكەیت، ئەو وێنەیە بە هیچ شێوەیەك گوزارشت لەو ساتە ناكات كە وێنەكەی تێدا گیراوە، بەڵكو ئەوە گوزارشت لە ساتێكی وەستاوی بەردەوام دەكات). ئەم و چەند هاوڕێیەكی ئەو كاتە لەو قسەیەی ڕێبوار نەدەگەیشتن، وەك زۆر قسەی تری هەر بەڵێیان بۆی دەكرد و بە تەواوی نەیاندەزانی مەبەستی چییە. بەڵام لەو كاتەوەی كە خووی بە تەماشاكردنی ئەلبومەكانیەوە گرتووە، بە تەواوی لە مەبەستی ئەو قسەیە گەیشت. ئەم پێش ناسینی ڕێبواری ئەندازیار، چەند وێنەیەكی هەبوو بە پەرشوبڵاوی و هەر یەكە و لە شوێنێكدا داینابوون، بەڵام ئەو وای لێ كرد گرنگیی بە وێنەگرتن بدات و بە شێوەیەكی ڕێكوپێك بیانپارێزێت.

لە وێنەكەدا و بە بەرزاییەكەوە هاوڕێی ئەندازیار و حەمەسەعید و تەهای وەرشە لەسەر حەسیرێكی مۆر دانیشتبوون، هاوڕێ لەسەر ئەنیشكی چەپی پاڵیدابووەوە و قاچی ڕاستی بە نیمچەكراوەیی بۆ سەرەوە ڕاگرتبوو، قاچی چەپیشی لەسەر حەسیرەكە هێنابووەوە یەك و پێی چەپی لە پشتی پێی ڕاستیەوە دانابوو. دەستی ڕاستیشی بە جگەرەیەكەوە خستبووە سەر ئەژنۆی ڕاستی، بە زەردەخەنەیەكەوە تەماشای كامێراكەی دەكرد. تەها بە چوارمشقی نزیك ئەو دانیشتبوو، لە وێنەكەدا تەنها پشتی دیاربوو.

حەمەسەعید لە دوای ئەوانەوە كە بەشی سەرەوەی دەبینرا، دەستی ڕاستی لە دەمی نزیك كردبووەوە و عەلاگەیەك گوڵەبەڕۆژە بە كراوەیی لەبەردەمیاندا بوو. لە خوارەوەش شۆڕش و بەختیار پاڵیان دابوو بە ڕووكاری بەرزاییەكەوە و تەماشای كامێرایان دەكرد، شۆڕش شەرواڵ و چۆغەیەكی شینی كاڵی لەبەردا بوو، چۆغەكەی لە شەرواڵەكەیەوە هێنابووە دەرەوە و پشتوێنەكەی بە تۆپەڵكراوی لەژێر دەستی چەپیدا دانابوو. قاچی چەپی بۆ سەرەوە نوشتاندبووەوە و قاچی ڕاستیشی بە تەواوی درێژكربوو، دەستی ڕاستی بە كراوەیی لەسەر ڕانی دانابوو. بەختیار كراسێكی سپی و شەرواڵێكی قاوەیی لەبەردا بوو، هەردوو ئەژنۆی بە جووتكراوی نوشتاندبووەوە و پەنجەكانی هەردوو دەستی كردبوو بەنێویەكدا و لە ئەژنۆكانی توندكردبوون. لە لای ڕاستی بەختیارەوە شەماڵی سایەق كە تەنیشتی لە كامێراكە بوو، قاپێكی گەورەی لەبەردەمدایە و سەری داخستووە و خەیار پاك دەكات. ئەو كوڕەی لە دواشەوە دانیشتووە، بە تەنها سەری دیارە و تەماشای دەستی شەماڵ دەكات، ئەوە هاوڕێی ڕێبوارە و ئەو هێنابووی بۆ ئەو سەیرانە (ئێستا ئەم ناوەكەی لەبیر نەماوە). لە بەشی خوارەوەی لای ڕاستی وێنەكەوە لەتیف پارچە مقەبایەك ڕادەوەشێنێت و سەرقاڵی گۆشت برژاندنە، یەكێك لای چەپی لەتیفەوە دانیشتووە، ئەم نازانێت كێیە، چونكە لە وێنەكەدا تەنها شانی ڕاستی دەركەوتووە.

لە ناوەڕاستی بەشی خوارەوەی وێنەكەدا، نزار و فەرەجەپیر بەرامبەر یەك دانیشتوون. فەرەج سەری دانەواندووە و گۆشت دەكات بە شیشەوە و نزاریش دەستی چەپی لەسەر تەختەیەكی بچوك داناوە، بە دەستی ڕاستیشی چەقۆیەكی پێیە و دەمی تۆزێك كردووەتەوە و قسە دەكات. ئەم و حەسەنیش لای ڕاستی وێنەكەوە دیارن و هەردووكیان دانیشتوون، ئەم پیاز پاك دەكات و حەسەن قاپێك سەوزەی لەبەردەستدایە. ئەم شەرواڵ و چۆغەیەكی نیللی و كراسێكی شینی كاڵی لەبەردایە. هەموو جارێك لە تەماشاكردنی ئەو وێنەیەدا كاتێك چاوی دەچووە سەر خۆی، ئەلبومەكەی زیاتر لە چاوی نزیك دەكردەوە و بە وردی سەیری خۆی دەكرد. لەوێدا جگە لەوەی سەری ئەوەندە نەڕووتابووەوە، وەك ئێستاش هەموو سەری سپی نەبووبوو.

لەگەڵ بەرزكردنەوەی ئەلبومی سێیەمدا ئاهێكی هەڵكێشا و لەسەرخۆ كەوتە تەماشاكردنی وێنەكان و ماوەیەكی زۆر لەسەر یەك بە یەكی وێنەكان دەوەستا. لە وێنەیەكدا ئەم و پێنج هاوڕێی لەسەر سوچی كۆڵانەكەی ئەوسای ماڵی خۆیاندا بە پێوە وەستابوون. كۆڵانەكە هێشتا قیرتاو نەكرابوو، لە پشتەوەش تاكوتەرا خانوو دەبینرا. هەموویان پێدەكەنین، تەنها ڕەفیق نەبێت كە چاوی نوقاندبوو. بەپێی ئەو مێژوویەی لە پشتی وێنەكە نووسیبووی، ئەم تەمەنی شانزە ساڵ بوو. لە وێنەیەكی تردا لەگەڵ كۆمەڵێك كەسدا هەڵدەپەڕی و دوای تەماشاكردنێكی زۆریش، هێشتا نەیدەتوانی هەندێك لەو كەسانە بناسێتەوە. شوێنەكە لە حەوشەی ماڵێك دەچوو، لە لای ڕاستی وێنەكەوە چەند ژن و پیاوێك دەبینران كە لەسەر كورسی دانیشتبوون.

لەنێو هەموو ئەو وێنانەدا زیاتر لەسەر وێنەیەك وەستا و یەكە یەكە تەماشای ڕووخساری ئەو كەسانەی دەكرد كە لە وێنەكەدا دیاربوون. ئەویش وێنەی تیپێكی تۆپی پێ بوو، كە شەش كەس بە پێوە وەستابوون و پێنج كەسی تریش وەك نیمچە دانیشتنێك ئەژنۆیان نوشتاندبووەوە و دەستیان كردبووە ملی یەك. ئەگەرچی وێنەكە ڕەش و سپییە، بەڵام ئەوەی بیرماوە كە تیپەكەیان بەردەوام فانیلەی شینی كاڵ و شۆرت و گۆرەوی سپییان دەكردەبەر. لەبەرخۆیەوە وتی (تیپی وەرزشی بروسكە)، ئەوەشی بە باشی بیرماوە كە خۆی تیپەكەی ناونا. هەموویان خەڵكی یەك گەڕەك بوون و سەرەتا لە گۆڕەپانێكی بچوكی گەڕەكدا یارییان دەكرد و دواتر بیریان لەوە كردەوە تیپێك دروست بكەن.

لە وێنەكەدا ئەوانەی بە پێوە وەستابوون لە ڕاستەوە یەكەمین كەس ئەم بوو، بە قژێكی زۆر و جەستەیەکی باریك و لاوازەوە هەردوو دەستی كردبوو بەنێو یەكدا و لەسەر سنگی بە توندی ڕایگرتبوون. پارچە پەڕۆیەكی سپیشی بەستبوو بە قۆڵی چەپییەوە. بە تەنیشتییەوە سابیری گۆڵچی وەستابوو، لەمەوە تا ئەوسەر هەموویان شانی ڕاست و چەپیان لەگەڵ یەك جووت كردبوو. ڕەحیم لە لای ڕاستی سابیرەوە لە سەرەتای تەماشاكردنی وێنەكەدا پێش هەموویان سەرنجی ڕادەكێشای، بەوەی لە هەموویان باڵای بەرزتر بوو. فانیلەكەی بەسەر شۆرتەكەیدا شۆڕكردبووەوە، بەڵام هەردوو چاوی نوقاندبوو. بە تەنیشتییەوە ئەرسەلان بە ڕوویەكی گرژەوە وەستابوو كە لەوە دەچوو بگری، ئەوەی بیركەوتەوە كە هەموو جارێك لەنێو خۆیاندا ئەویان توڕە دەكرد و پێیان دەگوت بەردەوام لەوە دەچێت بگری. لەولاشەوە فازیل و عەدنان بە هەمان شێوەی ئەوانی تر وەستابوون.

ڕیزی پێشەوە ئەژنۆیان نووشتاندبووەوە و هەموویان دەستی ڕاستیان خستبووە سەر شانی یەكدی و دەستی چەپیشیان لەسەر ئەژنۆی چەپیان دانابوو. لە بەردەمی ئەمدا كەریمەڕەش دانیشتبوو، لە وێنەكەدا تەماشای بەردەمی خۆی كردووە. لای ڕاستی ئەویشەوە كوڕێك بوو كە ئەم ئێستا ناوی لەبیرچۆتەوە و هەر ئەوەندە دەزانێت كە ئەو كاتە بەردەوام بە سوورە بانگیان دەكرد. بە تەنیشت ئەویشەوە ڕەفیق بوو كە تۆپێكی لەبەردەمدا بوو. ناوی ئەو كەسەی لای ڕاستی ڕەفیقی لەبیرنەماوە، هەر بۆیە بە خێرایی چاوی بۆ سەر كەسێكی تر گوێزایەوە. بەهادینەكوێر بوو كە ئەوسەری چەپی ڕیزەكەی گرتبوو، بە بەردەوامی لەبەر هەتاودا چاوی چەپی دەنوقاند.

دوای تەماشاكردنی ئەو وێنەیە، بە هەمان شێوە و زۆر بە وردی لەسەر چەند وێنەیەكی دیكەی ئەو ئەلبومە وەستا. لە كۆتایی ئەلبومەكەدا وێنەیەكی لە چاوی نزیك كردەوە. پێشتر ئەوەندە سەیری ئەو وێنەیەی كردووە، بە باشی نازانێت كە كاتی وێنەگرتنەكەی تەواو لە بیرە، یان خۆی وەك حیكایەتێك دروستی كردووە. باش لە بیرێتی كە كاك فەتاحی دراوسێیان وێنەكەی گرت. نیوەڕۆیەكی گەرم بوو، ئەم و دوو هاوڕێی تری لە كۆڵانی خۆیان هەڵماتێنیان دەكرد. كاك فەتاح لەو كاتەدا دەگەڕایەوە بۆ ماڵەوە، كاتێك گەیشتە لای ئەمان، كامێرایەكی بەدەستەوە گرتبوو، هەر ئەوەندەیان گوێ لێبوو كە وتی (ئادەی كوڕینە جوان بوەستن با ڕەسمێكتان بگرم). دوای ئەوە هەرسێكیان بە تەنیشت یەكەوە وەستان و ئەو وێنەیە دەرچوو كە ئێستا ئەم بە وردی تەماشای دەكات. ئەم لە ناوەڕاستی هەردووكیاندایە، فاروق لای چەپەوەیە كە ئێستا نازانێت ئەو هاوڕێیەی كەوتووەتە كوێوە و چی بەسەرهاتووە، لای ڕاستیشەوە مەریوانی كوڕی كاك فەتاح وەستاوە، كە لەو ساڵانەی دواییدا سەیارە لێیدا و مرد. وێنەكە لەگەڵ ئەوەی ڕەش و سپی بوو، تۆزێك لە وێنەی ئێستاش بچوكتر بوو. لە دوایانەوە لقی دارتووەكەی بەردەرگای خۆیان لەگەڵ بەشێكی دیوارەكەیان دەرچووبوو. بە هۆی كۆنیی وێنەكەوە بە تەواوی نەیدەتوانی ڕووخسار و وردەكاریی ئەو شتانە ببینێت، هەر ئەوەندە دەردەكەوێت كە مەریوان ملی بە لای ئەمدا تۆزێك خواركردووەتەوە و ئەمیش دەستی چەپی خستۆتە سەر شانی ڕاستی فاروق. هەرسێكیان بە هۆی تیشكی خۆرەكەوە چاویان بە تەواوی نەكراوەتەوە و بە گرژییەوە تەماشای كامێراكەیان کردووە.

هەموو جارێك دوای تەماشاكردنی ئەو سێ ئەلبومە، حەزی دەكرد پشوویەكی كورت بدات و دواتر ئەلبومی چوارەم بگرێت بە دەستیەوە. ئەلبومی چی، جگە لە خۆی هەر كەسێك تەماشای بكردایە پێكەنینی دەهات، چونكە تەنها یەك وێنەی تێدابوو! دوای پشوویەك وەك ئەوەی بگاتە كۆتایی دیمەنێكی سەرنجڕاكێش، دەستی دایە ئەلبومی چوارەم و زۆر بە وردی و بۆ ماوەیەكی درێژخایەن لەو تەنها وێنەیە ڕاما. وێنەكە بچوكە و وەك ڕێشاڵی سەر گەڵایەكیش لە چەند شوێنێكەوە شكاوەتەوە. ئێستا نازانێت چۆن ئەو وێنەیە گیراوە، بەڵام ئەوە دەزانێت كە ئەم لەو وێنەیەدا تەمەنی لەنێوان پێنج بۆ شەش مانگدایە. لە وێنەكەدا ئەم بە پێوە وەستاوە و لە تەنیشتی لای ڕاستەوە دەستێك دیارە كە لە پشتەوە ئەمی ڕاگرتووە و لای چەپیشەوە گوڵدانێكی گەورە دانراوە. لە وێنەكەدا ئەم قژێكی كەمی هەیە و بلوزێكی خەتخەتی لەبەردایە و هەردوو دەستی توند نوقاندووە و بە ڕووخسارێكی پێكەنیناوییەوە تەماشای كامێراكە دەكات.

لەو كاتەدا بە خێرایی بیری ئەو وێنەیەی كەوتەوە كە ئەم ئێوارەیە هێنابوویەوە، هەر بۆیە وێنەكەی لەولای خۆیەوە هەڵگرت و تەماشای كرد. لە وێنەكەدا پاڵیداوە بە درەختێكەوە و قژێكی كەمی بەسەرەوەیە و کراسێكی خەتخەتی لەبەردایە و هەردوو دەستی توند نوقاندووە و بە ڕوویەكی گرژەوە تەماشای كامێراكە دەكات.

وەك تێكدانی سەرلەبەری ئەو ڕێسایانەی بۆ پۆلێنكردنی ئەلبومەكانی داینابوون، دوای تەماشاكردنێكی ورد و بێ بیركردنەوە، بڕیاریدا ئەو وێنەیەی ئەم ئێوارە هێنابوویەوە، بخاتە ئەلبومی چوارەمەوە.