شەوانە

شیعری: ئەحمەدی شاملو
وەرگێڕانی: ناسری حیسامی

شەو درەنگان

ئەو کاتانەی جۆگەی زیوینی مانگەشەو

دەشتی بەرین دەکاتەوە بە دەریاچە

من ئەو کاتە، بایەوانی گەمیی بیرم لە بەریانی با هەڵدەکەم

شەودرەنگان

ئەو کاتانەی قامیشەڵانی گۆمی قووڵ

کپ و بێدەنگ و خامۆشە

من ئومێدی داگیرساوم دەکەم بە سروود.

شەو درەنگان

ئەو کاتانەی کەسێك دەنگی بێ ئومێدی هەڵدەبڕێ

لە رێگەی دوور چاوم لێیە

کە "خۆرەتاو" لێوی گەرمی دەنێتە سەر بانی ماڵی

درواسێکەم

ماچی دەکا!

شەودرەنگان

ئەو کاتانەی خەم دەخزێتە نێو پێستی باغ

من گوێم لییە

کۆخە کۆخی مەرگ دەبیەم لە ناڵینی زنجیرەکانی دەستمدا

کە دادەڕزێن!


ئەم بابەتە 6 جار خوێندراوەتەوە
بابەتی لەیەکچوو