(سەمای گەڵاکان) لەنێوان ڕێکەوتێکی سەیر و پەشیمانییەكدا..

عەبدولغەنی کاکۆ/ بەرلین
Feb 25, 2019

لەمێژ بوو دەمویست بەرهەمەکانی (ڕۆزاموندە پیلشە) بخوێنمەوە، بەڵام هەمیشە شتی دیکە بۆ خوێندنەوە دەهاتنە پێشەوە، هەتا چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا کتێبی ( Blättertanz سەمای گەڵاکان) یم خوێندەوە..بەبێ ئەوەی بزانم کە  دوو ڕۆژ دواتر ڕۆژی  ٦-٢-٢٠١٩  ئەو خانمە نووسەرە کۆچی دوایی دەکات!!

بە هەرحاڵ

لەدوای خوێندنەوەی ئەم کتێبەیدا لە دڵی خۆمدا گوتم باش نەبوو کاتی خۆمم بۆ خوێندنەوەی کارەکانی دیکەی بە فیڕۆ نەدا، كاتی خۆیشی كە دەمویست ئەو ڕۆمانەی بخوێنمەوە بەناوی (بەدوای گوێچكە ماسی گەڕ-Die Muschelsucher) كە تەنیا ئەڵمانییەكەی ملیۆنێك و حەوسەد هەزار دانەی لێ فرۆشراوە، هەر لە سەرەتاوە لێی بێتاقەت بووم و نەمتوانی لەسەری بەردەوام بم..بێمەوە سەر (سەمای گەڵاكان) لەم چیڕۆکەدا كە چەندین ساڵ لەدوای ئەو ڕۆمانەیدا بڵاوی كرۆتەوە  و بە حسێبی خۆم دەبوو كارێكی باشتر بووایە  لەوەی پێشووتری چونكە لەدوای ئەزموونی زۆرترەوە نووسیویەتی ، بەڵام. بەداخەوە لەمەشیاندا هەستم بە ئاستێکی ئەدەبی ئەوتۆ نەدەکرد کە شایانی لەسەر وەستان بێ، چیڕۆکێکی سادە لە ناوەرۆک، خاڵی لە فەنتازیا و خەیاڵ.

سەرتاپای چیڕۆکەکە ئەوەیە:

 ( ژنی پیاوێکی دەوڵەمەند كە بەردەوام لەنێوان لەندەن و نیۆیۆرك دێت و دەچێت پاش ئەوەی لە مێردەکەی جیا دەبێتەوە، دەچێت شوو بە پیاوێکی دەوڵەمەندی دیکە دەکات. تەواو)

من نازانم کاتێک نووسین هەمان قسەی ژیانی ڕۆژانە دووبارە بکاتەوە بۆچی دەبێ پێی بگوترێ ئەدەب؟ ئەدی جوانی کاری ئەدەبی ئەوە نیە ژیان لە ئاستێکی دیکەدا نیشان بدات کە تۆ لە پشتەوەی هەر ڕستەیەکدا (کە باس لە ڕووداوێک و دیمەنێک بکات) ڕەهەندی دیکە ببینیت؟ ئەرێ ئەگەر نووسینێک خەیاڵ و وێناکردنێک لە هزری خوێنەردا نەبزوێنێ و بەقووڵایی ناخیدا شۆڕ نەبێتەوە بۆچی دەبێ پێی بگوترێ ئەدەب؟ باشە خۆ ئەگەر تێکستێک قووڵاییشی تێدا نەبێت بەڵام با بەلای کەمەوە لەڕووی داڕشتن و هێنانەبەرچاو و و زمانی وەسف کردندا بەشی ئەوەی تێدا بێت کە خۆی لە قسەی سادەی ڕۆژانە جیا بکاتەوە.. ئەگەر لە هەموو ئەو لایەنانەیەوە هەژار و بێبەش بێت بۆچی ناهەقمە لە خوێندنەوەی پەشیمان ببمەوە؟..ئەوە مرۆڤ دەخاتە سەر ئەو ڕاستییەی کەبۆچی لە بوونی دەیان هەزار ڕۆمانی جۆراو جۆر لە کتێبخانەکاندا تەنیا چەند ناوێک شوێنی خۆیان لەمێژووی ئەدەبدا دەگرن و ئەوانی دیکە وەک کاڵایەکی بەکاربەری کاتی هەر ئەوەندە بڕ دەکەن کە وەک پەشمەک لەناو دەمدا بتوێنەوە ئیتر کۆتایی بەخۆیان دەهێنن.