‎لاپەڕەیەک لە بیرەوەرییەكانی سەعید ناكام

بەچاوپێكەوتنی شاری سلێمانی بە كۆڵان و بازاڕ و مزگەوتەكانییەوە هەستم بە ئاشنایەتی كرد و خۆمم بە نامۆ نەهاتە بەرچاو، جگە لە چەند دیاردەی بچووك. هەموو دیمەنەكان سابڵاخیان هێنایەوە بەرچاوم ، مەیدان و قەیسەری و چاخانە و گەرما و دوكانەكان، هەڵسوكەوتی خەڵك و یاری منداڵان لە كۆڵانەكاندا، لەوانە بوون كە پێیان ڕاهاتووم و دەیانناسم.

‎یەكەم جیاوازی كە سەرنجی ڕاكێشام سەرپێچی پیاوان بوو، لەولا پیاوان یا شەدە(مشكی) لەسەر دەبەستن یا قوماش و چیتی نەرم ڕیشووی بۆ دەنرێتەوە و دەیبەستن بە جۆرێك كە هەردوو گوێچكە و پشتی ملیان دابپۆشی، بەڵام لێرە بە زۆری جامانە(جەمەدانی) و هەندێكیش مشكی لەسەر دەنێن، بەڵام تەنیا تەوقە سەریان، ئیدی گوێچكە و ملیان داناپۆشن، وادیارە ئەم جیاوازییە بەهۆی ئاو و هەوا و پلەی گەرمای ئێرە و ئەوێییە.

‎سلێمانی شارێكی خنجیلە بوو كە دەتوانرا بە سەعاتێك پیاسە چوار بپێورێ.

‎ئەگەر لەلای ژوورەوە دەستی پێ بكرایە لە گەڕەكی مەڵكەندییەوە كە ناوكەی شارەكە بووە و دەكەوێتە ژوورووی شار، لە مزگەوت و ماڵی حاجی بارامەوە دەست پێدەكات و بەهێڵێكی ڕاست ڕووە و خۆراوا بەپشت گەڕەكی شێخاندا دەگاتە نزیك كارێزی كانیسكان كە سنووری نێوان شار و سەربازگەیە و ئێواران پۆل پۆل ژنان گۆزە لەسەر شان دادەنێن و ئاوی كانی ئاسكان دەهێننەوە، لێرەشەوە بە قەراخ دەشتی تەیارەخانەدا(ئەمڕۆ گەڕەكی عەقارییە)، بەرەوخوار دەگەیشتە دەباخخانە و گەڕەكی چوارباخ و لەگەڵ شیوێكدا شۆڕ دەبۆوە بۆ گەڕەكی جولەكان، بەشی خۆرهەڵاتی شاریش لە باخی شێخ لەتیفی دانسازەوە هەڵدەكشا بۆ باخ و مزگەوتی تەكیە و ئاوی سەركارێز، ئەمجا بە تەنیشت ئاشی گاوران و تەكیە ڕووتەدا دەگەیشتە چاخانەی حەمە گوێزە كە دوا سنووری جادەی سابوونكەران بوو، لەوێوە ڕاست بەرەوژوور تێكەڵ بە ماڵەكان و مزگەوتی مەڵكەندی دەبۆوە.

‎ئەمە هەموو ئاوایی شاری سلێمانی بوو، خەڵكەكە هەموویان یەكتریان دەناسی، تەنانەت لە چۆنێتی ژیان و ڕابواردن و گیروگرفتەكانی یەكتریش ئاگاداربوون، یەكەم كەس كە بیری لەوە كردەوە ئەم سنوورە بشكێنێ، حاجی مەلا سەعیدی كەركووكلی زادە بوو كە خانووێكی لە قەراخ دەشتی تەیارەخانەوە درووست كرد و چوو تێیدا دانیشت(ئەو خانووە بە تەنیشت باخچەی گشتییەوەیە)، ئەو كە زۆر برادەری خاڵە حاجی واتا پیرەمێردی نەمر بوو، دەهات لە چاپخانە پێكەوە دادەنیشتن، هەموو جارێ پیرەمێرد بە گاڵتەوە لێی دەپرسی:< مەلا، ئەوە هێشتا چەقەڵ نەیخواردووی؟> مەبەستی ئەوە بوو كە ماڵەكەی لە شوێنێكی ئەوەندە دوورە ئاواییە، لەوانەیە چەقەڵ تەماحی تێ بكات.

‎گەشتێكی سەعید ناكام بۆ سلێمانی لەگەڵ سەید حوسێن حوزنی موكریانی بۆ لای پیرەمێردی شاعیر ، بۆ ئەوەی هاوكاری بكەن لە دەركردن و چاپكردنی ڕۆژنامەی (ژیان) ...

‎ سەعید ناكام نووسیویەتی لە پایزی ساڵی ١٩٣٣ دا گەیشتینە شاری سلێمانی.


ئەم بابەتە 7 جار خوێندراوەتەوە
بابەتی لەیەکچوو