ڕۆمانی ماسییەکان هەرگیز چاو نانووقێنن

عەبدولغەنی کاکۆ / بەرلین

(ئەوکاتەی سفرێک دەکەوێتە پێش ژمارەی تەمەن ئیتر لەوێوە منداڵیی کۆتایی دێت) ئەوە قەناعەتی ئەو مێرد منداڵەیە کە وەک پاڵەوانی ڕۆمانەكە گیرۆدەی بچووکیی تەمەنی خۆیەتی، چونکە تازە تەمەنی بوەتە دە ساڵ! ئەمە ڕۆمانێکی ترە لە ڕۆمانە جوانەکانی (ئیری دی لوکا). نووسەرەكەی یەکێکە لە ڕۆماننووسە هەرە بەناوبانگەکانی ئیتاڵیا. ئیری دی لوکا هەمیشە هەوڵ دەدات لەڕێگەی هزری بیرکردنەوەی سەردەمی منداڵی و هەرزەکاری خۆیەوە بەو پرسیارو مژارانەدا بچێتەوە کە لەو سەردەمەدا لەناو خەیاڵیدا گەڵالەبوون. بۆیە دەبینین لە بەناوبانگترین ڕۆمانەکانیدا پاڵەوانێکی مێردمنداڵ هەیە کە پرسیار لە نهێنییەکانی ژیان و بوون دەکات.

ناوەرۆکی ڕۆمانەکە:

(ماسییەکان هەرگیز چاو نانووقێنن) باس لە منداڵێکی تەمەن دە ساڵان دەکات، باوکی بەدوای دۆزینەوەی کارێک ڕووی کردۆتە ئەمەریکا تا لە وێ شوێنپێی خۆی قایم بکات و بێتەوە خێزانەکەیشی لەگەڵ خۆی ببات. ئەو منداڵە لەگەڵ دایکی لە ئیتاڵیا ماونەتەوە. ئەو خولییایەکی سەیری بۆ خوێندنەوەی ئەو کتێبانە هەیە باوکی دەیانخوێنێتەوە، لە خوێندنەوەی ئەوکتێب و ڕۆمانانەوە بە دونیای گەوران ئاشنا دەبێت، چەند چەمكێکی گرنگ لە ژیانی پڕ لە سەرکێشییەکانی گەورانەوە فێر دەبێت، یەکێک لەو چەمکانە چەمکی خۆشەویستییە. بەڵام ئەو هێشتا بە وردەکارییەکانی ئەو چەمکانە ئاشنا نییە تا لە پشووی هاویندا دایکی سەفەرێکی پێدەکات بۆسەر کەنارەکانی نیاپل. لەوێ لە کەناری دەریایەکەوە کچۆڵەیەک دەناسێ و دەزانێ ئەو کچۆڵەیەش حەزی لە دونیای خوێندنەوەو نووسینە، کاتێك لەگەڵ کچەکە باسی دونیای کتێبان دەکەن، کچەکە باسی ئەو قەناعەتەی خۆی بۆ دەکات کە دادپەروەری بنەمای ئەو سروشتەیە، جارێک لەکاتی مەلەکردندا کوڕەکە خەریکە سەری لەئاوەکەدا نقووم ببێ کچەکە دەستی دەگرێت و دەری دەهێنێ، لەوکاتەدا منداڵەکە بەبێ ئەوەی جەستەی بەر جەستەی کچۆڵەکە بکەوێت هەست بە لووسترین شتێک دەکات کە لەژیانی خۆیدا بەر دەستی کەوتبێ بە کچەکە دەڵێ

(ناو لەپی تۆ وەکو ڕووی ناوەوەی گوێچکە ماسی وایە!)

کچەکەش پێی دەڵێت (دەزانی تۆ ڕستەیەکی عاشقانەت دەربڕێ؟)

ئیتر نووسەر لەوێوە باس لەشیرینترین هەستێک دەکات لە ژیانی مرۆڤ هەستی سەرەتای ئاشنابوون بە شتێک کە خۆشت نازانی ناوی چییە؟ هەستێک کە ناخی ئەو مێرد منداڵە داگیر دەکات بەبێ ئەوەی بزانی ئەو هەستە هەستی خۆشەویستیی و عاشقبوونە!.. بەڵام دواتر دەزانێ جەستەی هێشتا زۆر بچووکترە لەوەی گەورەیی ئەو هەستە لەناو خۆیدا هەڵگرێ...ئیتر ئەو هەستە وەک شیرینترین پەڵەی بیرەوەریی لەناو هزرو خەیاڵی ئایندەیدا ڕەگ دادەکوتێ، پەڵەیەکی شیرین کە هەموو شیرینییەکانی دواتری تەمەنی ناتوانن چێژی ئەو پەڵەیەی لەبیر ببەنەوە..


ئەم بابەتە 7 جار خوێندراوەتەوە
بابەتی لەیەکچوو