لەم کتێبەدا چ باسە ؟

سۆران عەزیز
Mar 31, 2019

ئەم بەرهەمە باس لە كاریگەرییەكانی ئینتەرنێت و تۆڕی كۆمەڵایەتی بە گشتی و كاریگەرییان لەسەر (خود)ی مرۆڤ بە تایبەتی دەكات. یەكێك لەو كاریگەرییانە ئەوەیە كە چیتر كتێب سەرچاوەی ڕۆشنبیریی ئێمە نییە و ڕەنگدانەوەی نەبوونی ئەمەش لە دنیای فەیسبووكدا بە ڕوونی دەبینین. كتێبەكە ئەوە ڕووندەكاتەوە كە چۆن كولتووری كتێبخوێندنەوە لەلایەكەوە ببووە هۆكاری بەهێزكردنی تاكایەتیی و لەلایەكیترەوە پرۆسەیەكی شوناسبەخش بوو بۆ مرۆڤی كورد.. لە غیابی ئەم ڕۆشنبیرییەدا هەم تاكایەتی كەوتۆتە بەر هەڕەشە و هەم شوناسیش لەبەردەم شێوان و پشێویدایە. لە دۆخێكی ئاواشدا، مرۆڤ دەكەوێتە ناو قەیرانێكی گەورەی ویژدانیی و ئاكارییەوە و بەدەر لە هەر ڕێنمایی و بەها و پرانسیپێك، ئەوەی لەسەر فەیسبووكەكەی بە زمان و مێشكیدا هات دەینووسێت. بۆیە لە ئێستادا ئەوەندەی تۆڕی كۆمەڵایەتی و دنیای مەجازی، دەستنیشانی پەیوەندییەكانی ئێمە لەگەڵ مرۆڤەكانیتر و لە دنیای واقیعییدا دەكات، خودی پەیوەندییە ڕاستەوخۆكانی ئێمە لەگەڵ مرۆڤە ڕاستەقینەكاندا ئەو بایەخەیان نەماوە. ئێمە ئێستا لە كۆمەڵگەیەكدا دەژین، كە ژمارەیەكی زۆر لە كەسە ژیر و دڵسۆزەكانی لە جیهانی واقیعییدا هیچ پەیوەندییەكییان لەگەڵ یەكتر نەماوە و هۆكاری ئەمەش ئەوەیە كە ئەوان لە دنیای مەجازیی و شاشەییدا یەكتریان زویر و بیریندار كردووە..

بەشێكی زۆری كتێبەكە ڕوو لەو دایكوباوكانەش دەكات كە منداڵەكانیان ئاڵوودەی گەمە ئەلیكترۆنییەكان بوون و بە هۆی ئەمەشەوە لە واقیعی كۆمەڵایەتیی و هاوڕێكانیان و یارییە فیزیكیی و جەستەییەكان دابڕاون. بۆیە كتێبەكە بە ئەركی خۆی زانیوە گەلێك پێشنیاز پێشكەش بە دایكان و باوكان بكات تا بە هۆیانەوە بتوانن، نەك قەدەغە، بەڵكو كاتی بەكارهێنانی منداڵەكانیان بۆ گەمە و شاشەكان، سنووردار و ڕێكبخەن و نەهێڵن نەوەی داهاتوو شاشە وەك بەدیلی واقیع تەماشا بكات، چونكە ئەمە كارەساتی گەورەی لە ژیانی تایبەت و كۆمەڵایەتی ئەواندا، لێدەكەوێتەوە.

لە كتێبەكەدا گەلێك بەڵگەی ئەوتۆ باسیانكراوە، كە دەیسەلمێنن ڕۆژگارێك ئەم شەپۆلە لەبەكارهێنانی تۆڕی كۆمەڵایەتی ئەو باوەی نامێنێت، بەڵام ئەوسا بۆمان دەردەكەوێت كە نەك هەرتۆڕێكی "كۆمەڵایەتی" نەبوو، بەڵكو پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی ئێمەیشی بە زۆر شێوە هەڵوەشاندنەوە!. ئەو ڕۆژگارە تێدەگەین كە نەدەبوو زۆر كەس و هاوڕێ و دۆست لەدەست بدەین و یەكتری بریندار بكەین..

بەرهەمەكە جەخت لەسەر بەكارهێنانی دروستی ئەم میدیایە دەكاتەوە، كە دەتوانێت لەیەك كاتدا سەرچاوەی كێشە و بێڕێزیكردن بە كەرامەتی ئەوانیتر بێت و لە هەمان كاتیشدا میدیایەك بێت بۆ بەگەردوونیبوونی خودی مرۆڤێكی لۆكاڵی، كە ئێمە خۆمانین.

ئێستا لەماڵی وەفایی دەست دەکەوێ.