گەشتێک بە سروشتی كەبیری مەزندا

یاسین حوسێن/ سروشت

ئامادەکردنی گەشت: یاسین حوسێن/ سروشت.

خۆت بەشەهادەتی كتێبی پیرۆز فریونەدەیت؛عیشق، شتێكە بەشێک نییە لەوان. "كەبیری مەزن"

ژیان هێشتا پێویستی بە حەكیمەكانە، نەک بەقسەكان. "سروشت"

‎ڕەنگە دەستبردن بۆ هۆشمەندیی و ئاگاهیی حەكیمەكان، دەستبردنێكی سادەنەبێت و، بوونێكی سروشتی دەوێت، لەگەڵ سروشتی حیكمەكان جووڵەبكات،بوونێک كە بتوانێت ببێتە بەشێک لەو ئاگاهییەو،"من" ون بكات؛ تا بتوانێت هیچ نەبێت، غەدرو زیادەڕۆیی و شێواندن، لەو سروشتەدا نەكات. ئاشنابوون و دەستبردن بۆ ئەم حەكیمانە و حیكمەكانیان،تەنیا پڕۆسەیەكی خوێندنەوەی حیكمەو هۆشمەندییەكانیان نییە لەسەر ڕووی پەڕەی چەند كاغەزێک، بەڵكوو پێویستی بەبوون بە ژینگەو سروشتی ئەو حیكمانەو ئاگاهییەیە، یان باشتر بڵێم: پێویستی بە ڕوووناكبوونەوەیەكیکردەییی سروشتی هەیە، پێویستی بەجڵەوکردنی زمان و بەگەڕخستنی ئەو وزە ئەرێیەیە،كە بەرەو سروشتی ئاگاهییت دەبات؛ تابتوانی كەمێک لەبەر تیشكی ڕووناكیی و ئاگاهیی حیكمەكاندا، بەئاگاهی سروشت، دەست لە حیكمەو سروشتی حەكیمەكان بدەیت.

‎ئەوان، لەو سروشتەدا كۆكن، كەزانینێک نییە لەدەرەوە بێت و، فێرت بكات، جگە لە كۆیلەبوون؛ هاوڕان كە سەرچاوەی بنەڕەتی زانین لەناوەوەیەو،گەورەترین فێركاریی، سەرچاوەكەی ناوەوەیە. ‎بۆیە دەستنەرمكردن لەگەڵ حیكمەی حەكیمەكان، دەستنەرمكردنێكی سادە نییە، گەر وزەی ئەو ڕووناكیی زانینە لەناوەوە جووڵەی نەكردبێت.

‎كەبیر،وەکیەكێک لە حەكیم و شاعیرەدیارەكانی هیند،وەکحەكیمێک كە ڕامان و ئاگاهیی و هۆشمەندیی تایبەتی هەیە بۆژیان و دەوروبەری؛ خاوەن ڕێگەی ئاسانە بۆ ناسینی خود. هەربۆیە ناسین و ئاشنابوون و بەدووکەوتنی ڕێگەی كەبیر، زیاتر بەرەو ئەووزە شاراوە و ناوەكیی و زانینەمان دەبات، كە لێی دوركەوتووینەتەوە؛ دەمانبات بەرەو ئەوەی كەچاومان لەناوەوەی زانین بێت و، چاوی دەرەوەمان نەبێت، چوونكە لای كەبیر، سەرچاوەی بنەڕەتی زانین، ناوەوەیە و، فێربوون لەناوەوەی مرۆڤەكانەوە سەرچاوەدەگرێت.

کورتەیەک لە ژیان

‎كەبیری مەزن، یەكێكە لە شاعیر و عاریف و سۆفییەكانی هیند، کە لە سەدەی پانزەیەمدا ژیاوە. ساڵی لەدایکبوونی كەبیر، بەدەقیقی ڕۆشن نییە،هەندێک لەمێژوونووسان وای بۆدەچن، كە لەساڵی ١٣٩٨ بۆ ١٤٤٨ ژیابێت؛ بـەڵام بەشێكی دیكەی مێژوونووسان، ژیانی كەبیر،دەگەڕێننەوە بۆ نێوان ساڵی١٤٤٠ بۆ١٥١٨؛ بۆیە ڕای جیاواز لەسەر ساڵانی ژیانی كەبیر هەیە. هەروەها، کەبیرلەشاری "قۆنیە" لەتورکیاماڵاواییلەژیاندەکات.

‎كەبیر، لەشاری باناراس، یان ڤاناراسی"كاشی" لەسەر ڕووباری "گەنگا"لەدایک بووە؛ كە دەكەوێتە هەرێمی ئوتارپرادش لەباكووری هیند. شاری باناراس،خەڵکەکەی زۆربەی لەسەر دیینی "هیندۆیزم و جاینیزم"ن؛ هەروەها، ئەم شارە،ڕۆڵێكی گەورەی هەبوو، لە پێشخستنی دیینی بودیزم و،ڕاڤیداسیا، یاندیینی "دهارمیس."‎بۆیە كاریگەری كۆمەڵگەو،فرە دیینی و فەلسەفەی دیینی، كاریگەرییان لەسەر كەبیرداناوە.

‎كەبیر، لە ناوبنەماڵەیەكی موسڵماندا ژیاوەو، دواتر بووەتە شاگردی حەكیمی بەناوبانگی هیند "ڕاماناندا." بۆیە لێكۆڵەران گومانیان لەوە نییە، كە سەرەتای ژیانی بەموسڵمانی بووە؛ بـەڵام كەوتووەتە ژێر گاریگەری دیینی هندۆیزم، لە ڕێگەی مامۆستاكەی، ئەویش"ڕاماناندا."

‎كەبیر، هەم سۆفی بووەو هەم براهمین.‎كەبیر، لە ئەنجامی خوێندن و شارەزاییی زۆری،ڕەخنەی لە دیینی هیندۆس و ئیسلام گرتووەو، هیچیانی قەبووڵ نەبووە؛ كەدواتر یەک شێوازی هەڵبژارد، كە باشترین تێگەشتنە بۆی،دەستیكرد بەبڵاوكردنەوەی دیینەكەی یان فەلسەفەی ژیانەكەی، بەناوی"ساهاچا-یۆگا" كە بەمانای یەكێتیی سادە دێت. دواتر،وەک ئەم ڕێبازە مایەوە و، ناوی لێنرا:"كەبیربانتیە،" كە بەمانای"ڕێگەی كەبیر" دێت؛ كە لەدیینی سیخ جیابووەوە. کەبیر، لەدیینی هیندۆسیدا، بیرۆكەی تەناسخ و یاساكانی كارمای هەڵبژارد و، باوەڕی پێی بوو؛ دژی سیستمی كاستی و بتپەرستی كۆمەڵگای هیندبوو.هەروەها، دژی مەفهومی خودابوو،وەک ئەوەی لەئیسلامدا هەیە.

‎"كەبیر، لەنێوان موسڵمان و هیندۆسیدا"

‎هەرچەندە، كەبیرلەخانەوادەیەكی موسڵمان بووە، بـەڵام هەر زوو لەژێر كاریگەری سیخ و هیندۆسی خۆی بینیوەتەوە. موسڵمانان، كەبیر بەهی خۆیان دەزانن و، هیندۆسەكانیشبەهەمان جۆر، بە حەكیمێكی گەورەی هیندۆسی دەزانن؛ بۆیە، كەبیر لەلای هەردوو دیینەكە، شوێنێكی گرنگی هەیە، بـەڵام لەتێگەیشتنی كارەكانی كەبیر، ئەوەدەخوێندرێتەوە، كە كەبیر هیچ كاریگەرییەكی ئیسلامی كاری تێنەكردووە، بۆیە زیاتر ڕەنگدانەوەی حیكمەو دیینی هیندۆسییە، تا دواجار ڕێگای تایبەتی كەبیر دروست دەكات، لەدیینی هیندۆسی جودای دەكاتەوە.

‎لەیەكێک لە ئەرگومێنتەكاندا،یەكێک بەناوی "مولا" پرسیار لە كەبیر دەكات:

‎تۆ بەشێوازێكی گاڵتەكردنیاری دەكەیت؛ كەبیر، لێت دەپرسم، تۆ موسڵمانی یاخود نا؟‎

كەبیر: وەڵامـی من بدەرەوە.

‎مولا: بێگومان، من بە ڕوونی وەک شمشێر تاقیت دەكەمەوە،كێلانی خەنجەر گرنگ نییە.

‎كەبیر: ئۆو، دیسان، بۆچی تۆ ناتوانی خۆشەویستی خوداییم تاقیبكەیتەوە، پرسیار لەدینەكەم دەكەیت؟ پێویستە من موسوڵمان بم یاخود هیندۆس بۆ خۆشەویستی خودا؟ ئەگەر ئەو پرسیارە لەحەكیمێکی وەكوو من بكەیت، چیتوەڵام دەداتەوەو چی دەڵێت؟

‎مولا: تەنیا تەنیا بیر دەكەیتەوەكە تۆ كێیت.

‎كەبیر: من تەنیا هەوڵدەدەم وەڵامت بدەمەوە... ئەگەر دەتەوێت من سەردانی مزگەوت بكەم، منیش پرسیارێكم بۆت هەیە. خواكەی تۆ هەموو كات لەمزگەوتە؟ لەبەر دەستە؟ ئێستا ئەو ڕۆشتۆتە دەر، یان پاشان...

‎بۆیەكەبیر لەم گفتوگۆیەدا، بە ڕوونی ڕامانی خۆی لەسەر خوداو دیین دەخاتەڕوو، خۆی لە ئیسلامبوون لادەدات و، بوونی خودایەكیش نابەسێتەوە بەدیینەوە؛ كە خودا لای كەبیر، دەنگێكی جیاوازە، وەک لەوەی لە ئیسلام و دیینەكانی تردا هەیە.‎کەبیر، لەیەكێک لە شیعرەكانیدا، لەبارەی ئیسلام و هیندۆس دەڵێت:

هەردووكیان یەکڕێگەیان هەیە،

لەماڵی هەردووكیان یەک ئاگر دەسووتێت،

مەڵێن ڕام مەڵێن، ئەڵڵا بڵێن.

‎"كەبیر، لەگەڵ جیهان و ڕاستیی"

سەینتس "چاكەكاران" دەبینم، جیهان شێت بوونە،

ئەگەر ڕاستییان پێ بڵێم: هێرشم بۆدەكەن و لێم دەدەن؛

ئەگەردرۆیان پێبڵێم: باوەڕم پێدەكەن.

لەمپارچە شیعرەدا، كەبیر ڕامانی خۆی دەربارەی شێواوی جیهان و، تاكەكان دەخاتە ڕوو؛ كە چۆن لەخۆیان دووركەوتوونەتەوە.‎بەهۆی چاو لەسەر ئەوی تر، خۆیان فەرامۆش كردووە؛ كەبیر ڕاستیی و خودی لەیەک بۆتەدا داناوە. لێرەدا، واتە دووركەوتنەوە لە خود، دووركەوتنەوەیە لە ڕاستیی؛ بۆیە هاواردەكات، كە جیهان تووشی سەر لێشێواوی بووە، بەهۆی درۆوە دووركەوتنەوە لە سروشتی خۆیی و،ڕۆشتن و حەزكردن بە سروشتێكی درۆ.

‎كەبیرو ئیكۆنپەرستی

‎حیكمەو ژیری كەبیر، وانیشان نادات كە لەپڕ و لەڕێگەی لاساییكردنەوەو فێربوونی پەڕاوی پیرۆزەوە هاتبێت؛ بەڵكوو لەكاریگەریی و تێگەیشتنی خۆیەوەیەتی، وەک هزرێک بۆ مێشكی مرۆڤ. هەروەها، زۆربەی كات شیعرەكانی كەبیر بە ڕوونیی و بەتیژی بەرپەرچدانەوەی باوەڕی گشتیی و ترادیشناڵە؛ بەدەستێكی دیكەی، كەبیر ئەو ڕیالیستەی هەیەتی، نیشانی دەدات، ئەویش ئەو بیرتەسكییەیە، كەلەواقیعی باوەڕ و ترادیشناڵداهەیە، ئەو بیرتەسكییە باوەڕییەش،بەربەستێكی گەورەیە لەنێوان خەڵک و ڕاستیدا.

‎كەبیر، بەمەبەست بەرەنگاری ئەو باوەڕو ڕێباز و ئەفسانە پڕوپووچانەدەوەستایەوە.‎بۆنموونە: كەبیر، دیارە كە گاڵتە بەو دابەشكارییە نەزۆک و بێسوودە دیینییەدەكات، وەک لە ئیسلام و هیندۆسدا هەیە؛ گاڵتە بەو كەسانە دەكات، كە نەزۆكن و لەدەرەوەی خۆیان بۆ خودا دەگەڕێن. وەک لەم شیعرەدا، دەڵێت:

سەیری كوێ دەكەی بۆمن؟

من نزیكترم لەنزیكی خۆت،

من، لەهیچ كام لە مزگەوت و تەمپڵدا نیم!

لە كەعبە و كیلاش نیم،

نە لەناو نەریت، نە لە ڕێگەی یۆگا،

نە لەناو هیچ كام لەبزن ومەڕ،

نە لەناو تەورو نە چەقۆش؛

نەلەناو پێستی پشت و، نە لەناو گۆشت و ئێسقان.

ئەو، كەسێكە یەكجار پەیدادەبێت،

دوورە لە قەڵەباڵغی؛

من، لە پەناگایەكی ئارام دەژیم،

گوێ لەمن بگرە، لە خاڵیبوونەوە،

بەڵێ: كەبیر، لەنێوان هەموو هەناسەكاندا.

‎"كەبیر، ئیمپراسیزم/ ئەزموون"

‎كەبیر، بەتەنیا متمانەی بە حەكیمان یان فەیلەسووفان نەبوو، بەڵكوو باوەڕی بە سەرچاوەی بنچینەیی ئەزموونی بوو؛ هەرچەندە پیاوانی دیینی، ئامۆژگاری دەكەن، دەڵێن: بچن بۆ پەرستگاو مزگەوت بپاڕێنەوەو وێنای خودا بكەن، قورئان و كتێبە پیرۆزەكان بخوێننەوە، تابگەن بەخودا؛ بـەڵام كەبیر زۆر باوەڕی بەمانە نەبوو و، گرنگی پێ نەدەدا، لەوبارەیەوە كەبیری مەزن، دەڵێت:

شوێنە پیرۆزەكان، هەموویان... تەنیا ڕووبارن،

ئەوان هیچ شتێک ناشۆرن،

من خۆشۆردنم لەواندا كردووە؛

هەموو ئەو وێنەو خەیاڵانە... بێگیانن.

برائەوانە هەست بەهیچ ناكەن،

من گریانم بۆیان دێت،

قورئان و پیورانا، تەنیا وشەن؛

هیچ. شتێک دەرناخەن.

من دیوە داپۆشراوەكەم بینیوە؛

هەموو ئەوانە لێدانی هەستیاریی نین،

كەبیر، دەڵێت:

ئەوە بۆشاییەكی سادەو ناڕاستە!.

‎"پیورانا، تێکستێكی ئەدەبی پیرۆزی سانسكریتییە و، زمانی دیینی هیندە"

‎لەم هێڵەدا، كەبیر بەڕوونی ئاگاهیی خۆی و بەئەزموونكردنی لەگەڵ باوەڕەكانی دیكە دەخاتەڕوو، چوونكە كەبیر باوەڕی زۆری بە ئەزموونكردن وەک دەرخەرێكی ڕاستیی هەیە، باوەڕی بە گەڕانەوە بۆ بنچینەی سەرچاوە هەیە، كە لەوێدا ڕاستی شتەكان خۆیان نیشاندەدەن و،ڕووتكراو نین و، بە بیرو باوەڕی دیكە دانەپۆشراون؛ بۆیە لێرەدا كەبیر دەیەوێت نەبین بە وەرگری دووەم، لە دەستی ئەوانی دیكەوە، خۆمان بنچینەی سەرچاوەكە بین و، بۆیبگەڕێن و، ئەو بنچینەیە ئەزموون و تاقیبكەینەوە.

‎ئەم حەكیمە هیندییە، هەرگیز خەڵكی هاننەداوە كە بەكوێری شوێن حیكمەو وتەو قسەكانی بكەون، بەڵكوو كەبیری حەكیم، خەڵكی هانداوە ئەزموونی شتەكان بكەن؛ دووبارە تاقیكردنەوەبكەن. بۆ هەمووشت لەناو ڕووناكیی ئاگاهیدا، دەگەینە ئەو ڕامانەی، كە كەبیر وەک چرا دادەگیرسێت، لەنێوان بێباوەڕانی خەڵكدا.

‎"كەبیرو هۆشمەندیی"

بنچینەی ئاگاهی، وەکڕێگەیەكی ژیانی تایبەت بەحیكمەو هۆشمەندییڕێبازی كەبیر، وەک دامەزرێنەرێكی ڕێگەی تایبەت بەئاگاهیی و دونیابینی كەبیر بۆ شتەكان و دەوروبەری، كەپێی دەگوتریت كەبیریات.ڕوانینی دڵسۆزانەی كەبیر، پێمان دەڵێت: نابێت دڵسۆزییەكی كوێرانە لەناو ترپەی دڵەوە بێتەدەر بۆشتەكان، ئەمە بووەتە ڕێگەیەكی باوەڕی كەبیر لەژیربێژیی و بەڵگەیییە. ڕامان لە ڕێگەو حیكمەو شیعرەكانی كەبیر، بە ڕوونی ئەوە بەدەست دێنین، كە كەبیر لە ڕێوڕەسمێكی گەورەدا گۆڕینی ناوی خودای خستۆتەڕوو.

‎كەبیری حەكیم، هەرگیز باوەڕی بەهیچ فێربوونێک نییە كەلەدەرەوەوە بێت، ئەو باوەڕی بەوەیە كەفێربوونی ڕاستەقینە، لەناو خودی خۆتەوەیە. ئاگاهیی كەبیر، پێمان. دەڵێت: زانیاریی، گەورەترین هێزی گۆڕانە، مەبەست لەم حیكمەی كەبیر، زانیاریی وەک ئەزموونكردن و تاقیكردنەوەیە.‎ئەم مەنتقە، فۆڕمێک دەخاتەڕوو،ئەویش ئەوەیە کە: كەبیری حەكیم، پەیوەستە بەژیربێژییەكی گەورەو گرنگەوە، لەسەرووی ئەوەشەوە، ئەم هێڵە وامان لێدەكات، هەمیشە خۆمان بخەینە ژێر تاقیكردنەوەوە، كەئێمە چۆن سنوورداركراوین وەک تووتی، لە ڕێگەی ئایینەكانمانەوە.

‎دیارە بەم شێوەیە، كەبیری مەزن، هەوڵدەدات هانمان بدات، ڕزگارمان بێتلەهەموو جۆرەكانی سنوورداریی، كەدواجار گەیشتنە بە ڕاستیی خۆت.دیارە ژیریی و هۆشمەندییی كەبیر، ئەو چارەنووسە قەبووڵ ناكات، بەرپرسیارین لەوەی ئێمە چین؛ مەبەستی چارەنووسی دیاریكراوەوەک قەزاوقەدەر. لەبری ئەوە، بڕوای وایە ئێمە هەرچییەک بین، ئەوە ئەنجامی ئەوەیە، كە چیمان كردووەو، چی بووین لەماوەیەكی دووردا.

كەبیری مەزن، ئاوا دەڵێت لەم حیكمەیەدا:

كێ دەتوانێت بووەستێت،

گەرتۆ دیاریكراوی بۆ كەوتن،

دەبێت بیچێژی؛

بۆ چی دەیكەیت؟

گەر نەیكەیت،

هۆشیاریی، دەبێتەڕێنیشاندەر!.

تۆ ڕێگەی خۆتت ون كردووە،

لەناو دڕندەدا.

ئەم هێڵەی كەبیری مەزن، پاڵپشتییەكە بۆ كارما، وەکڕوونكردنەوەیەک بۆ "لۆرد كریشنا" لە "بهاگواد گیتا"دا.

‎ئەم وشانە، سەرزەنشتكردنی خەڵكە لە سنوورداركردنی خۆیان، كە كێ گەمژەیە و، باوەڕی بەچارەنووس و قەزاوقەدەر هەیە، كەبۆی دانراوەو پیشانی نادات؛ كەتوانای ئاگاهیی هۆشیارانەی هەیە.

‎"عیشق و كەبیر"

‎عیشق، بنچینەی جۆریەتی مرۆڤایەتییە و، ئەمەش لەكارو حیكمەكانی كەبیر، بەتەواوی خۆی نمایش دەكات. ئەمە ئەوەمان بۆ ڕوون دەكاتەوە،كەخودای كەبیر، شتێكی ئاسمانی نییە، بەڵكوو شتێكی ڕاستییەو، بەشێكە لەو؛ لەجیهان و لەناومان دەژی، وه هەناسە دەدات.

‎كەبیری مەزن دەڵێت:

براكەم، كێ ئەوی بینیوە؟

بروسكەی عیشقی ئەو،پارێزراوە.

‎كەبیر، لێرەدا پێمان دەڵێت: ئەو عیشقە، كە دەردەكەوێت،ڕزگاركردنی ئێمەیە لەكۆسپ و كوێرەوەرییەكانمان؛ بەبێ عیشق، ژیان بێسوودو خۆكوژییە لەهەر كوێیەک بیت.دیدگای كەبیر ئەوەمان پێدەبەخشێت، كە عیشق، چرایەو ڕۆشنمان دەكاتەوە؛ دەبێت چاوەكانمان، چراكانی مەراسیمی عیشق ئەنجامبدات.كەبیر، زیاتر بەعیشقدا ڕۆچووەو، لە حیكمەیەكی دیکەدا دەڵێت:

گوێم لێبگرە هاوڕێ، تێدەگات ئەوەی عیشق كێیە؛

گەر بەحەسرەتەوە هەست بە عشق نەكەیت بۆ عیشقەكەت، ئەوە بەتاڵی.

بۆ ڕازاندنەوەی جەستەت، بێهوودەیییە پێڵوی چاوت مەرهەم كەیت!.

لەدیدگای كەبیرەوە، هەموو کردە، مەراسیمە وای نیشان دەدات، گەر دڵ بڵێسە نەبوو لەگەڵ عیشقەكەی، ژیان و جیهان بێ بایەخ و هیچە، بۆ ئەوكەسانەی بەتاڵن لە عیشق؛ بـەڵام ئەو كەسانەی كەپڕن لەگەڵ عیشق، هەمووشتێكی سەرنجڕاكێش دەدۆزنەوە، كەبیریش یەكێكە لەوانە.

‎كەبیر لەم بارەیەوە زیاتر قووڵ بووەتەوە وڕۆچۆتە سروشتی بوونەوە، تا ئەندازەی غەرقبوون و ونبوونی خۆی. لەئاگاهیی عیشقی بوون، كەبیر پەلدەكێشێت بۆ تەواوی گەردوون و عیشق و، بوونمان نیشاندەدات؛بوون بەیەكێتییەكی بوون،ڕوون دەكاتەوەو، لەم حیكمەدا، كەبیر دەڵێت:

لێدانی ڕیتمی ژیان و مردن، لەوێدا كەوت؛

شەختە چاڵەكان لەناوبرا، تەواوی فەزا بەنوور ڕۆشن بوو.

لەوێ: دەنگی دێ،ئاوازێكی نادیار،

لەوێ:ئاوازی عیشقی سێ جیهانە،

لەوێ: ملیۆنان چراو خۆرو مانگ دەسووتێن،

لەوێ: دەهۆڵ لێدەدرێت، جۆلانەی عیشق یاری دەكات.

‎لەم هێڵەدا، كەبیر ئەوەمان بۆ دەخاتەڕوو، كە بەختەوەرە ئەوەی پڕە لەعیشق، ئەم نمایشەی كەبیر لە قسەكردن لەگەڵ عیشقەوە هەڵدەقووڵێت.

‎"كەبیر، وەکڕیفۆرمێكی كۆمەڵایەتی"

‎لەكارەكانیدا، كەبیر وەکڕیفۆرمێكی كۆمـەڵایەتی دەردەكەوێت، كە بیروباوەڕی ئایینی و ترادیشناڵی ئەو سەردەمەی خستۆتە بەر نەشتەری حیكمەكانی و، بەتوندی بەرانبەریان دەوەستێت و، لەهەوڵی ئاگاداركردنەوەی خەڵكە، لەونبوونیان لەناو ئەو بیرەباوەگشتییە بێسوودەدا؛ دەیەوێت گۆڕان لەئاستی كەسەكان و كۆمەڵگە دروست بكات و،ڕیفۆرمێک لەكۆمەڵگەدا بكات و، تاكێكی ڕووناک بەئاگاهیی دروست ببێت، كە خاوەنی گومان و شک بن لەهەموو شتەكانی دەوروبەر.ئەو، هەوڵی ئەوەی داوە،نەبنە كۆیلەی بیر و دیینێكی نەزۆک، كە نەزانن چییەو ئەزموونیان نەكردبێت؛ بەتایبەت لەو سەردەمەدا، كە هیند كەوتبووە بەر هێرشی دەسەڵاتی ئیسلامیی و دیینی ئیسلامی تێدا بـڵاو دەبووەوە. لەلایەكی دیكەوە، دیینی هیندۆسیی بەرانبەری هەبوو، بۆیە كەبیر ئەركێكی قورسی خستۆتە ئەستۆی خۆی، بۆ ئاگاداركردنەوەی خەڵک لەو پەتا كۆمـەڵایەتییەی گیرۆدەی ببوون؛ مرۆڤدۆستی كەبیر لەوەدایە، كە پەرۆشی مرۆڤدۆستیی و خۆشگوزەرانی مرۆڤ بووە. هەوڵی داوە بەهەرشێوەیەک بێت،كۆمەڵگە لەو بیرە نەگریس و بەدانە ئاگادار بكات و ڕیشەكێشیان بكات.

‎حیكمەكانی كەبیر، زۆر ڕوون ئەوە دەخاتەڕوو، كە كەبیر خۆی بۆشەڕی نەگریسی و ناپاكی بـڵاوی كۆمەڵگە ئامادەكردووەو، كارەكانی و چنینی وشەكانیشی، بەتەواوی دووڕوویی و جیاوازی چینایەتی و ڕەشبینی كۆمەڵگە و بتپەرستی ڕوون دەكاتەوە. بەمەش دیارە كەباوەڕێكی گشتیبوونی هەبووەو، شێوەی دیینی وەرگرتووەو، كە بێ ئەرزش بووەو، كۆمەڵگەو مرۆڤایەتیش هیچ گومانێكیان بەكار نەبردووە لەو بارەیەوە. پرسیارەكانی كەبیر، لە شێوەیکردەیییە،كە هەوڵی داوە خەڵک واببینێ كە نەزۆک و بێسوودێكی ئایینییە.

بۆیە كەبیر لەیەكێک لەشیعرەكانیدا: دەڵێت:

هیچ شتێک نییە لەوێ، تەنیا ئاو نەبێت لەشوێنە پیرۆزەكانی خۆشۆردن.

ئەوە دەزانم كە ئەوان بێسوودن.

من خۆم تیایاندا شۆردووە.

وێنەو خەیاڵەكان بێ ڕۆحن... ناتوانن قسە بكەن.

دەزانم، بۆیە بەكوڵ دەگریم بۆیان.

پیورانا و قورئان تەنیا وشەن؛

بەرزكردنەوەو داپۆشینە، من بینیومن.

كەبیر، لێرەدا بەتوندی باس لەو بیرەگشتییە دەكات، كە كۆمەڵگەی نەزۆک و بێ بەرهەم كردووە،ڕوونیدەكاتەوە كە خەڵک بەهۆی وەهمەوە دەژیو، بەخۆشۆردنێک لەهەموو تاوانێک پاک دەبنەوە؛ بـەڵام كەمتر ترسیان لە تاوانەكانیانەو، بەناوی موقەددەسەوە تاوانەكانیان بەرز دەكەنەوە و، پڕۆسەی خۆپاکكردنەوە لەگوناهـ، بووە بەنەریتێكی ڕێكخراوی گشتی كۆمەڵگە و، بەردەوامن لەئەنجامدانی وەک ئامێرێک. كەبیر، دەیەوێت خەڵک بەخەبەر بێتەوە لەم كێشە ڕاستەقینەیە و،ڕزگارو ئازادبن لە ئایین و مەزهەب؛ هەروەها، بە ڕاشكاوی ئەو نەریتانە ڕسوادەكات و، وەک گاڵتەجاڕییەک دەیخاتە ڕوو، ڕەخنە لەو نەریتە گشتیانە دەگرێت و، وەک تەزبێح دەیانشوبهێنێ كەبەدوای یەكدا ڕیزبوون. بۆیە كەبیر زیاتر لەو بارەیەوە، دەڵێت و، ‎لە یەكێک لە حیكمەكانیدا، بە ڕوونی تیشک دەخاتە سەریی و دەڵێت:

ڕۆژگار ڕۆشت و تەزبێحەكان دەسوڕێنەوە؛

بێئۆقرە مایەوە ژیریی،

دەنكی تەزبێح دەربهێنەو دەنكی ژیریی بسووڕێنە.

‎كەبیر، وەکڕیفۆرمێكی كۆمەڵگە هەنگاو و كارەكانی چڕتر دەكاتەوەو، زیاتر ڕەخنەی كۆمەڵگە دەكات، كە خەڵک ناوی خودا دەبات و، وەک تووتی دووبارەی دەكەنەوە، بەبێ هیچ درکكردن و زانینێک.‎لەم حیكمەدا، كەبیر ڕاستەوخۆ قسە لەگەڵ مرۆڤەكان و كۆمەڵگە دەكات و، بەخەبەریان دێنێت لەو خەوە درێژەی تێیدان؛ هانیان دەدات بگەڕێن بۆ دۆزینەوەی ڕاستیی عیشق و، دەڵێت:

ئەی مرۆڤ، گەر تۆ خودا ناناسیت،

چۆن دەتوانی شانازی بكەیت.

كارامەیی لەدەست نەدەیت: بەتەنیا وشەكان، هەرگیز نابێت بەیەكێتی تۆو ئەو.

خۆت بەشەهادەتی كتێبی پیرۆز فریونەدەیت،

عیشق شتێكە بەشێک نییە لەوان.

كەسێک بۆی بگەڕێت، بە ڕاستی پەیدای دەكات.

‎كەبیر،غەمخۆری بۆ بەگەڕخستنی وزەی خەوتووی مرۆڤەكان هێندە زیاد بووە، كە ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی، بەشی زۆری ڕامان و ئاگاهیی و حیكمەكانی، لەهەموو لایەنەكانەوە تەرخان بكات بۆ بەخەبەرهێنانەوەیان. لەو خەوە درێژخایەنە وێناكراوەی، كە تێیدا وەکكۆیلەیەک دەژین.

گرنگی حیكمەكانی كەبیر، لەكۆمەڵگەی هیندیدا، بەجۆرێک جێی بووەتەوە، كە تائێستاش دوای ئەو ماوە دوورەی بەسەر مردنیدا دەڕوا، حیكمەو كارەكانی گاریگەریی و هێزی خۆیان لەدەست نەداوەو گرنگی تایبەتی پێدەدرێت و، شوێنكەوتووانی كەبیریات، واتە:ڕێگەی كەبیر كە -ڕێگەڕامان-ەكەی كەبیرە، بۆ تێگەیشتن لەژیان و چوونەناو ژیان.

-----------

تێچنین: کارەكانی كەبیر، لەزۆر شێوازدا كۆكراونەتەوەو، لەشێوەی كتێب و کردەیی پەیڕەودەكرێن.‎هەندێک لە بەرهەمەکانی... وەك: ئۆقیانووسێک لە عیشق و گۆرانییەكانی كەبیر، كە بەشێوەیەكی دیار هەنو، بەشێوەی كۆكراوە لەژێر ناوی دیكەدا هەن. شیعرەكانی كەبیر، لەكتێبێكدا كۆكرانەوە بەناوی "ئادی گرانت" و، لەساڵی١٥٧٠. هەروەها، یەكێک لەخوێندكارەكانی، هەموو كارو قسەكانی كەبیری كۆكردەوە لە كتێبێكدا، بەناوی "بیجاک." هەروەها، گۆرانییەكانی كەبیر، كە سەد شیعری كەبیرە، لەلایەن تاگووری حەكیمی هیندییەوە وەرگێڕاوە بۆ ئینگلیزی.


ئەم بابەتە 8 جار خوێندراوەتەوە
بابەتی لەیەکچوو