کورتەیەک دەربارەی بنکەی روناکبیریی گەلاوێژ

Apr 13, 2019

بنکەى روناکبیریى گەلاوێژ وەک رێکخراوێکى کولتورى، هەموو ساڵێک فێستیڤاڵێکى ساڵانەى نێودەوڵەتى ساز دەکات،ئەم بنکەیە لەسەرەتاى دامەزراندییەوە لەساڵى 1996 بەردەوام هەوڵ بۆ کولتورێکى رۆشنگەر و، ئەدەب و فیکرێکى پێشکەوتوو دەدات، ئامانجى سەرەکیى فێستیڤاڵیش بریتییە لە بنیاتنان و پتەوکردنى پردى پەیوەندیى کولتورى کوردى بە کولتورى گەلانى ترەوە لەپێناو خوڵقاندنى دیالۆگێکى کولتوریى کراوە. فێستیڤاڵى گەلاوێژ لەکوردستاندا تەنها فێستیڤاڵێکە ساڵانەو بەبێ پچڕان چالاکییەکانى درێژە پێداوە.

 لە فێستیڤاڵى گەلاوێژدا تێکستى ئەدەبى و هونەرى و فیکرى پاوان نەکراوە بۆ چەند نوسەرێک یان بۆ دەستەبژێرێکى دیاریکراو، بەڵکو کراوەیە بۆ هەموو ئەو قەڵەمە بوێرانەى چرۆى داهێنانیان لە گەشەکردندایە.

تەوەرى سەرەکیى بیست و دووەمین فێستیڤاڵى روناکبیریى گەلاوێژ بریتییە لە گفتوگۆکردن و توێژینەوە لەسەر بابەتێکى گرنگ کە ئەویش بایۆگرافى و ئۆتۆبایۆگرافى (بیرەوەرى)یە، ناونیشانى سەرەکیى تەوەرەکەش (بیرەوەرى لەنێوان ئەدەب و مێژوودا) کە ژمارەیەک نووسەرو رەخنەگرى کوردو فارس و عەرەب بابەتەکانیان پێشکەش دەکەن، بەو پێیەى نووسینەوەى بیرەوەرى لەسەرێک پەیوەندییەکى راستەوخۆى بە مێژووەوە هەیە و تیایدا رووداوەکانى قۆناغێکى مێژوویى تۆمار دەکرێت، لەسەرێکى تر پەیوەندیى بە ئەدەب و تێکستى ئەدەبییەوە هەیە، چونکە بە زمان و داڕشتنێکى ئەدەبى دەنووسرێتەوە، هەروەکو ژانرى رۆمان تەکنیکەکانى گێڕانەوە بەکار دەهێنێت. هەڵبژاردنى ئەم تەوەرەش دەگەڕێتەوە بۆ بایەخى زۆرى نووسینەوەى بیرەوەری کە لە ئەدەب و کولتوورى جیهانیدا گرنگى و برەوێکى زۆرى هەیە، ماوەیەکە لەنێوەندى رۆشنبیریى کوردیشدا گرنگى بە بیرەوەرى دەدرێت، لە چەند دەیەیەکى رابردوودا ژمارەیەکى زۆرى بیرەوەرى چاپ کراوە، چ ئەو بیرەوەرییانەى نووسەرانى کورد نووسیویانە، چ وەرگێڕانى بیرەوەریى نووسەرە جیهانییەکان. بۆیە وامان پێ باش بوو ئەمساڵ گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتە بکەین.