دوای شێرکۆ بێکەس کۆستی ئەنفالیش کۆستی کەوت

فەرھاد چۆمانی
Apr 14, 2019

هیچ کەس وەک شێرکۆ نیشتمانی بە داروبەرد، ئەشکەوت و زنار، چەم و زێ و زنەکانییەوە نەلاواندەوە، داروبەردی نەهێنایە گۆ. کەس وەک ئەو گوزارشتی لە زام نەکرد. شێرکۆ بێکەس کەس نەیتوانی لەم جوگرافیا بێدەنگەدا ڕەنگدانێک بێنێ و بینەخشێنێ. کە وەک ئەو خاچ و مار و ڕۆژژمێری شەڕی خۆکوژی نەنووسیوە. کەس وەک ئەو تەقەڵی لە نیشتمانی چوار پارچە نەدا و نەیکردە مافوورێکی پڕ چەم و چامەیەکی پڕ لە چریسک. کەسیش وەک ئەو جوان لە نیشتیمان تووڕە. کەس وەک ئەو عومەری خاوەری نەبردە بەغدا. کەس وەک ئەو جوان و بەدەو عەشق و ئەڤینی کچێکی نیشان نەدا و نەیکردە نیشتمان. کەس پەنجەرەی گەڕۆکی نەخستە بەر دیوار و خەفەخانی زیندانیەوە، کەس بەقومێک ماچ نەیخستینەوە هەڵقوڵین، کەس نەبوو بڵێ لەو بیابان و قاقڕەدا گۆڕستانێک چرا وەژێر خاک نراون. کەس نەبوو بێت و خەبەر لەدرەنگکەوتن و هاتنی مەرگ بدات. کەس کورسی و ئێسک وپرووسکی قوربانیانی وەدەنگ نەهێنا...

 

لەو ساڵەدا

سەگی بیابانی خواروو

گورگی بیابانی خواروو

بە تازەیی

ئەوەندە کوردیان خواردبوو

خۆیان لە کۆنە بەرماوەی

قەل و داڵ و

لە لاکی تۆپیو لائەدا

لەو ساڵەدا!

 

شێرکۆ بێکەس