Warning: Division by zero in /home/galawej/public_html/tmp/templates_c/cgbd486^eaff6abc0894fc43cc026e79a1ff7ef9439afb78.module_db_tpl.CGBlog;detailndesign.php on line 71

چەند نامەیەکی ‌‌‌‌‌(لودڤیگ ڤان بێتهۆڤن) بۆ خۆشەویستەکەی

May 13, 2019

لە ئینگلیزییەوە: چـاوان حســێـن
پێـداچـوونەوە: چــیا کــاوە


لە پاش مردنی و لە ساڵی (۱۸۲۷) ئەم نامە پڕ لە سۆزانەی خوارەوە لەنێو پەڕاوە تایبەتییەکانی (لودڤیگ ڤان بێتهۆڤن) دۆزراونەتەوە. کە ئەم ئاوازدانەرە لە ماوەی کۆرسێکی دووڕۆژی لە مانگی جولای (۱۸۱۲) لە تبلیس نووسیویەتی. نامەکان ناوی کەسی وەرگریان تێدا نەهاتووە. خۆشەویستە هەمیشەییەکەی بێتهۆڤن هێشتا بە نادیاری ماوەتەوە و بەردەوام مشتومڕی لەبارەوە دەکرێت.


نامەی یەکەم
سپێدەی (٦)ی جوڵای


فریشتەکەم، هەموو شتی من، ئەی خودی خۆم، ئەمڕۆ تەنیا چەند وشەیەکی کەمت بۆ دەنووسم، ئەوانیش بە قەڵەمدار (بە قەڵەمدارەکەی تۆ)، هەتا سبەی بەتەواوی لە ژوورەکەم جێگیر دەبم. ئەم کات بەفیڕۆدانە بەدە چییە بە شت گەلێکی لەم چەشنە؟
ئەم پەژارە قوڵە چ کاتێك پێویستی بە  قسە دەبێت؟
دەکرێ خۆشەویستییەکەمان بەردەوام بێت بەڵام بە قوربانیدان، بەداوانەکردنی هەموو شتێك لێی.
تۆ دەتوانی ئەوە بگۆڕی کە بەتەواوی هی من نەبی یان من تەواو هی تۆ نەبم؟
ئاای خوایە، تۆ سەیری سروشتی جوان بکە و ئارام بگرە لەسەر  شتێك کە ڕوودانی حەتمییە. 
خۆشەویستی داوای هەموو شتێك دەکات و بۆ ئەمەش بە تەواوی هۆکارێکی باش هەیە، ئەو هۆکارەش بۆ من لەگەڵ تۆ بوونە، بۆ تۆش لەگەڵ من بوون.
تەنیا تۆ ئەوە بەئاسانی لەبیردەکەی کە پێویستە من بۆ خۆم و بۆ تۆش بژیم.
ئەوکاتەی بە تەواویش پێك گەیشتین، کەمتر لە من دەرك بەم هەستە پڕ ئازارە دەکەیت.
گەشتەکەم زۆر ترسناك بوو، دوێنێ کاتژمێر چواری بەیانی گەیشتم.
بەهۆی کەمی ژمارەی ئەسپەکانەوە خزمەتگوزاری پۆستە و گەیاندن ڕێگەیەکی تری هەڵبژارد، بەڵام چ ڕێگایەکی تۆقێنەر!
لە یەکەم وێستگەوە تا دوایین وێستگە هۆشدارییان پێدەدام لەسەر گەشتکردن لەکاتی شەودا، وایانکرد لە دارستان بترسم، بەڵام ئەوە زیاتر هانیدەدام و لەوەشدا هەڵە بووم. چونکە گالیسکەکە لە ڕێگەیەکی ترسناك پەکیکەوت؛ کوێرە ڕێیەکی نەدیدە.
ئەگەر ئەو جۆرە گالیسکە-پۆستەییەی کە لەلام بوو؛ نەبووبا لەناوەڕاستی ڕێگەکە گیرم دەخوارد.
خانەدانەکانیش لەسەر ڕێگە گشتییەکەی تر بە هەشت ئەسپیشەوە تووشی هەمان چارەنووس بوون کە من بە چوار ئەسپەوە تووشی بووم.
لەگەڵ ئەوەش هەندێ چێژم لە گەشتەکەم بینی و خۆشبەختانە وەك هەموو کات لە شتێك ڕزگارم بوو، ئێستاش با لەمەوە بەپەلە بێمە سەر باسی خۆمان.
ڕەنگە بەم نزیکانە یەکتر ببینین.
ئەمڕۆ تەنانەت ناتوانم تێبینییەکانیشمت پێبگەیەنم، کە بە درێژایی ئەم چەند ڕۆژە دەربارەی ژیانی خۆم ئامادەم کردوون. کە هەمیشە دڵەکانمان بەیەکەوە بەستراون، بێگومان پێویست ناکات تێبینی لەم چەشنەم هەبێت.
دڵم پڕە لە شتی زیاتر تاکو بە تۆی بڵێم، ئااهــ! زۆر سات هەیە کە هەست دەکەم قسە هیچ نیە و شتێك ناگەیەنێ.
دڵخۆشبە،  وەکو تاکە گەنجینەی ڕاستەقینەی من بمێنەوە، وەك هەموو شتێکی من، کە منیش بۆ تۆ وام.
ئەوەی ماوە دەبێ خوداکان بۆمانی بنێرن، کە دەبێ چیمان لێ بێت و دەشێ چی ببێت.

دڵسۆزت
لودڤیگ
٭٭٭

 



نامەی دووەم
ئێوارەی دووشەممە، (٦)ی جوڵای


تۆ ئازار دەچێژیت، ئەی ئازیزترین مەخلوقی من.
ئێستا ئەوەم زانی کە نامەکان دەبێ لە بەرەبەیاندا ڕەوانە بکرێن. دووشەممان و پێنجشەممان تەنیا ڕۆژانێکن کە پۆستەکان لێرەوە ڕەوانەی K* دەکرێن.
ئازار دەچێژیت تۆ، ئاااهــ! من لەکوێ بم تۆ لەگەڵمدای، بەڵێن بە خۆم و بە تۆش دەدەم، ئامادەکاریی بۆ ئەوە بکەم کە بتوانم لەگەڵ تۆ بژیم.
چ ژیانێك! وەك ئەوەی کە هەیە!
بەبێ تۆ، لێرە و لەوێ بە بەزەیی خەڵكی دەچەوسێندرێمەوە. پێم وایە دەمەوێ شایەنی کەمترین شایستەیی خۆم بم، بێفیزی مرۆڤ لەسەر مرۆڤێکی تر ئازارم دەدات. کاتێک لە خۆم دەڕوانم لە چوارچێوەی جیهاندا کە من چیم و ئەو چییە، ئەوەی پێی دەڵێن مەزنترین. ئێرە دووبارە خاڵی خودائاسا بوونی مرۆڤە. گریانم دێت کاتێك بیر لەوە دەکەمەوە کە لەوانەیە هەتا ڕۆژی شەممە یەکەم هەواڵی منت پێ نەگات، زیاتر لەوەی کە تۆ خۆشتدەوێم، خۆشمدەوێی، تەنانەت قوڵتریش بەڵام... بەڵام هەرگیز نەکەی خۆتم لێ بشاریتەوە.
شەو شاد.
دوای ئەوەی گەرماوێك دەکەم پێویستە بنووم. ئای خوایە، زۆر نزیك! زۆر دوور!  ئایا خۆشەویستیمان تەلارێکی ڕاستەقینەی بەهەشت نییە؟ بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پتەو، وەکو بناغەی بەهەشت.
٭٭٭٭


٭ نامەی سێییەم
بەیانی (۷)ی جوڵایت باش


تەنانەت لەناو پێخەفەکەشم هەر بیرم لای تۆیە. خۆشەویستی هەمیشەییم، ئێستا و دواتر بە دڵێکی خۆش و پاشانیش بە خەمباری چاوەڕێی چارەنووسم، ئاخۆ گوێی لە ئێمە دەبێ؟ 
من یان تەنیا لەگەڵ تۆ دەژیم یان هەر ناژیم. بەڵێ، سوورم لەسەر بڕینی مەودایەکی زۆر دوور، تاکو دەفڕمە ناو ئامێزی تۆ و بەخۆم دەڵێم بە تەواوی ئارامم لەگەڵ تۆ، بە ڕۆحی تۆدا.

ا ڕۆحی پێچراوم دەنێرم بۆ ناو شانشینی ڕۆحەکان. بەڵێ، بەداخەوەم، هەر دەبێ ئەوە ڕووبدات. کە دەركت بە دڵسۆزیم کرد زیاتر لە هەموو ئەوانە تێدەگەی. هەرگیز کەسێکی تر ناتوانێت ببێتە خاوەنی دڵی من، هەرگیز... هەرگیز! ئاای خوایە! بۆچی دەبێت کەسێك لە کەسێکی تر دوور بخرێتەوە کە زۆری خۆشدەوێت؟ لەگەڵ ئەوەشدا ژیانم لە V* لە ئێستادا ژیانێکی بەدبەختانەیە. خۆشەویستیت لە یەك کاتدا منی کردووە بە دڵخۆشترین و بە خەمبارترین پیاو. لەم تەمەنەمدا  پێویستم بە ژیانێکی سادە و ئارام هەیە، ئایا دەکرێت ئەمانە لە پەیوەندییەکەماندا بەرجەستە بێت؟ فریشتەکەم، هەر ئێستا گوێم لەوە بوو کە پۆستەکان هەموو ڕۆژێك ڕەوانە دەکرێن، لەبەر ئەوە پێویستە هەر ئێستا ئەو نامەیە بپێچمەوە، تاکو یەکسەر بگاتە لات. هێمن بە، تەنیا لە ڕێگەی تێڕامانی قوڵ لە بوونمان بە ئامانجەکەمان دەگەین کە بەیەکەوە ژیانە.
ئارام بە، خۆشتبوێم، ئەمڕۆ... دوێنێ،
چ پەرۆشییەکی پڕ فرمێسکم هەیە بۆت.
تۆ... ژیانی من، هەموو شتی من، ماڵئاوا .
ئااهــ، بەردەوام بە لە خۆشویستنم، هەرگیز گومان لە وەفادارترین دڵی خۆشەویستەکەت نەکەیت.

L*
هەمیشە هی تۆم
هەمیشە هی منی
هەمیشە هی یەکترین
٭٭٭٭٭

پەراوێز:-

K*: ئاماژەیە بۆ ئەو شوێنەی کە خۆشەویستەکەی بێتهۆڤن لێی دەژی.
V*: ئاماژەیە بۆ ووڵای ڤییەنا.
L*: ئاماژەیە بۆ ناوی یەکەمی خۆی (لودڤیگ (.
٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭

 

 


سەرچاوە:-

سایتی چاودێر 


۱)http://www.lvbeethoven.com/Amours/ImmortalLettres.html

۲)Pan Macmillan; Image of Beethoven via Wikipedia.