سەبارەت بە ڕۆمانی خانمانی مانگ

عەبدولغەنی کاکۆ

(خانمانی مانگ) ‎ئەو ڕۆمانەی خەڵاتی (مان بوكەری نێودەوڵەتی)ی پێ بەخشرا...
‎من هەرگیز پێم وانیە خەڵات ببێتە ناسنامە بۆ کارێکی ئەدەبیی سەرکەوتوو.. چونکە لەم دونیایەدا بە سەدان و هەزاران کاری ئەدەبیی سەرکەوتوو هەن کە هیچ خەڵاتێکیان بە نەسیب نەبووە لەگەڵ ئەوەشدا بە هەموو پێودانگێکی ڕەخنەیی نکۆڵی لە سەرکەوتوویی و ئاستی بەرزی ئەدەبییان ناکرێت. کە ئەم ڕۆمانەی خانمە نووسەری عومانی (جوخة الحارثي)م خوێندەوە، ئەوەم نەدەهێنایە بەرچاوی خۆم کە خەڵاتێکی گەورەی جیهانیی وەرگرتووە، بەڵکو بۆ من ئەوە جێگەی پرسیار بوو کە دەبێ ڕۆمانێک چۆن باس لە کۆمەڵگایەکی داخراوی موحافیزەکاری وەک کۆمەڵگەی عومانی بکات؟ یان نووسینی ئەدەبیی لەو گۆشەیەی وڵاتێکی سەرکەنداوی ناسراو بە پڕدەرامەتی و تژی لە خێروبێری نەوت لەچ ئاستێکدایە؟ 
‎ئەم ڕۆمانە هەتا ڕاددەیەکی باش وەڵامی ئەو دوو پرسیارەی دامەوە. نووسەر بە زمان و گێڕانەوەیەکی زۆر سادە خوێنەر بۆناو ڕووداوەکان دەبات، زمانی گێڕانەوە هێندە سادەیە لەزۆربەی شوێنەکاندا کارەکتەرەکان بە شێوەزاری ناوچەیی خۆیان دەدوێن. بەڵام لە هەندێ شوێنیش هەست دەکەیت سنووری نێوان زمانی ژیانی ڕۆژانەو زمانی نووسینی ئەدەبی هێندە کاڵ بووەتەوە کە بەبۆچوونی من خراپ کاری کردۆتە سەر دابەزاندنی ئاستی جوانی داڕشتنە ئەدەبییەکە. بەداخەوە دیارە ئەو وردەکارییانەی زمان لەسەر ئاستە خۆماڵییەکەی هەستی پێ دەکرێ بەڵام لەکاتی وەرگێڕانی بۆسەر زمانێکی دیکە ئەو شتانە ون دەبن، چونکە وەرگێڕانی هەرکارێکی ئەدەبی بۆسەر زمانێکی تر ئەو کەم وکووڕییانە پەردەپۆش دەکات، بۆیە کاتێک ئەم ڕۆمانەش وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی ئینگلیزی و هەر بەو زمانەش هەڵسەنگێنراوە نەتوانراوە ئەو وردەکارییانەی زمانە بنەڕەتییەکە لەبەرچاو بگیرێن و زیاتر تەکنیکی گێڕانەوەو ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکەو جیهانبینیی نووسەرەکەی لەبەرچاوگیراوە. بەڵام سەرەڕای ئەوەش نکوڵی لە جوانی شێوازی گێڕانەوەو دەربڕین و لێکچواندن و دەوڵەمەندی لە ئیدیۆم و دەستەواژەی تژی لە ماناو دەلالەتی ناخبزوێن ناکرێت، كە وای كردووە خوێنەر نەتوانێ هەر لە دەستپێكیەوە تا كۆتایی ڕۆمانەكە دەستبەرداری خوێندنەوەی بێت، ئەوەش سیمای زۆربەی ئەو کارە ئەدەبییە سەرکەوتوانەن کە ئەمڕۆ لەدونیای ڕۆماننووسیندا بەرچاو دەکەون. 
‎ڕۆمانی خانمانی مانگ لە میانی ژیانی سێ خوشکدا (مەیا و ئەسماو خەولە)دا، بە تەواوەتی تیشک دەخاتە سەر وردەکاریی و ململانێکانی ناو کۆمەڵگەی عومانی ، ئەم سێ خوشکە هەریەکەیان خاوەنی کارەکتەرێکی سەربەخۆی خۆیانن و هەریەکەیان بە جۆرێک لەنێو هەستی خۆشەویستی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی ناو ژینگەیەکی دواکەوتوودا دەژین، کە هەتا ئێستاش گیرۆدەی جۆرێکە لە دابڕان و دوورەپەرێزی لە دونیای مۆدێرن، لەژێر سایەی ئەو واقیعە نەخوازراوەدا هەتا ئەمڕۆ نەک هەر پێشێلکردنی مافی مێینە بەشێکە لە عورفی کۆمەڵایەتیی بەڵکو بە کۆیلەکردنی مرۆڤ و کڕین و فرۆشتنیان هێشتا لەناو زەینی پیاواندا بەشێوەیەکی ئاسایی تێیدەڕوانرێ، بە تایبەتی ئەو پیاوانەی هەڵگری ئەقڵیەتێکی تەواو دابڕاون لەگەڵ دونیای سەردەم. نووسەر لەم ڕۆمانەدا تیشک دەخاتە سەر ئەو درزەی کەوتۆتە نێوان دوو بەرەی جیاواز: بەرەی نەوەیەک چاوی لە دونیای ئەو سەردەمەیە و دەیەوێ چیتر لە ژێر بەستەڵەکی ئەو کۆت و عورفە داڕزاوانە نەژیت، لەولاشەوە بەرەیەکی خاوەن دەسەڵاتی عورفی کۆمەڵایەتیی دواکەوتوو کە هەرگیز نایانەوێ تەسلیمی دونیای مۆدێرن و کۆمەڵگایەکی کراوە ببن. نووسەر لەم ڕۆمانەیدا دەیەوێ پێمان بڵێ، ڕەوتی بەرەو پێشەوەچوونی ئەو سەردەمە بزاڤێکی هێندە پڕ لە تاوو تەوژمە زۆر ئەستەمە پانتاییەکی کۆمەڵایەتیی (لەهەر شوێنێکی ئەو دونیایەدا بێت) بتوانێت هەتا سەر بەرگری لە دابڕانی خۆی بكات و هەتا سەر بەگۆشەگیریی بمێنێتەوە و نەكەوێتە ژێر تەوژمی گۆڕانكارییەكانی سەردەم..


ئەم بابەتە 15 جار خوێندراوەتەوە
بابەتی لەیەکچوو