Warning: Division by zero in /home/galawej/public_html/tmp/templates_c/cgbd1^eaff6abc0894fc43cc026e79a1ff7ef9439afb78.module_db_tpl.CGBlog;detailndesign.php on line 71

کەی بڕیارى سازدانى "فێستیڤاڵ درا؟

رەووف بێگەرد
Apr 11, 2017

دوای ڕووداوە شوم و نەگریسەکانی شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی و یەکیەتی ساڵانی کۆتایی نەوەدەکان. بەتایبەتییش دوای کارەساتی ٣١ ئابی ١٩٩٦. نووسەر و هونەرمەندانی کورد یەک ڕیزیان لە دەست دا و بەسەر ناوچەی دەسەڵاتی هەردوو حیزبەکەدا دابەش بوون. یەکیەتی نووسەرانی کورد کە تا ئەو کاتە بێ گوێدانە بیروباوەڕی جیاواز چەتری پێک گەیشتنی هەموومان بوو، یان بابڵێم خۆشەویستیی قەڵەممان لەپێش دۆستایەتی ئایدیۆلۆژیاوە بوو، تەواو بوو بە دوو بەشەوە. بەشێکیان لە قەڵەمڕەوی یەکیەتیدا و ئەوی تر لە بەشەکەی پارتیدا بوو. لەڕاستیدا ئەمە تەنیا دابەش بوونێکی سەندیکایی ئاسایی نەبوو. بەڵکوو هێدمه‌یه‌کی کەمەرشکێنیش بوو کە گەلێک لە نووسەر و ئەدیبی لەنێو گەردەلوولی نائومێدی و سەرهەڵگرتن و وێڵ بوون بە دوای ئەلتەرناتیڤێکدا سووڕدا. فشاری ڕووداوە سەختەکان بۆ ماوەیەک هەموومانی تاساند. ڕاستتر هێند حەپەسابووین نەماندەزانی ڕوو لە کوێ بکەین، لەکاتێکدا ئەوانەی هۆی سەرەکیی مەینەتیەکە بوون بێجگە لە دەنگی نەشازی خۆیان گوێیان لە هیچ دەنگێکی دۆست و ئاشنا نەدەگرت. پرسیار و پرسیار و پرسیار و وەڵامەکان تراویلکەی نێو بیابانێکی قاقڕ بەڵام زۆر ترسناکبوون.
ئێمەی کۆمەڵێک لە نووسەرانی سلێمانی، لەو دۆخە نالەبارەدا کە نە یەکیەتی نووسەران کارایی مابوو نە لەنگەری بەها ڕۆحیەکان بەرگەی بەردەوام بوونی ئەو ژیانە تووش و سەختەی دەگرت. بیرمان لە بەستنی کۆنگرەیەک کردەوە که‌ هەموو نووسەران بەشداریی تیابکەن. بۆ ئەوەی چەند بتوانین باس لە قەیرانەکە و ڕێگاچارە و ئەگەر خۆیشمان لە ڕێکخراوێکی ئەدەبیدا بدۆزینەوە و کار بۆ دروست بوونی بکەین چاکتر. بۆ ئەوەی لە ڕێگای چالاکی ئەدەبی و ڕوناکبیریەوە ئەو بۆشاییە پڕبکەینەوە کە کەوتۆتە ناو دەروون و ڕیزی ڕێکخراوەیی نووسەرانەوە. دوای ڕاوێژ و کۆبوونەوەیەکی زۆر لە ڕۆژی ٩/٦/١٩٩٧ یەکەم کۆنگرەی بنکەی ئەدەبی و ڕوناکبیری گەلاوێژمان سازدا کە گەلێک لە نووسەرانی لەخۆگرت. ڕۆژی ١٠/٦/١٩٩٧ بۆ دانانی دەستەیەکی بەڕێوەبردن هەڵبژاردن کرا، کە (٢٣) نووسەر خۆیان هەڵبژارد و لە ئەنجامدا ئەمانە دەرچوون: (قوباد جەلی زادە، رەووف بێگەرد، ئازاد بەرزنجی، ئەرخەوان، دلاوەر قەرەداخی، یاسین فەقێ سەعید). بۆ ڕۆژی دواتر دەستەی بەڕیوەبەر منیان بە سەرۆک و قوبادی جەلی زادەیان بە جێگر هەڵبژارد. یەکەم چالاکی ئەدەبیشمان یادی ٣٧ ساڵەی کۆچی دوایی مامۆستای ئەدیب و مێژوونووس ڕەفیق حیلمی بوو کە دوو ڕۆژی خایاند.
لە ٩/١١ هەمان ساڵدا دووەم فیستیڤاڵی بنکەمان بەست کە هەشت ڕۆژی خایاند و گەلێک کۆڕی ئەدەبی و ڕوناکبیری تیا پێشکەش کرا. لەم فیستیڤاڵەدا زۆربەی نووسەران لە هەموو شارەکانی کوردستان و پارچەکانی ترەوە بەشداربوون.
فیستیڤاڵی ساڵانەی بنکەی ئەدەبی گەلاوێژ تائێستایش یەکێکە لە تایبەتمەندیە گرنگەکانی ئه‌و بنکەیه‌ کە بێجگە لە نووسەری کورد هەندێک لە ڕوناکبیر و نووسەرانی تری بیانیش بەشداریی تیا دەکەن و بە هزر و ئەزموونی خۆیان کۆڕەکانی دەوڵەمەند و بەخشندەتر دەکەن. بە ڕای من بنکەی گەلاوێژ لە ئێستادا پێویستیی بە بزاوتێکی تازە و کۆمەکێکی هەمەلایەنە هەیە. بۆئەوەی بەڕاستیی ببێتە لایەنێکی ڕوناکبیریی کاریگەر لە هەموو شارەکانی کوردستاندا. چونکە ئەرکی ڕوناکبیرانەی بنکەیەکی وا تەنیا لە سنووری فیستیڤاڵێکی ساڵانە و دەرکردنی چەند ژمارەی گۆڤارێک کۆتایی نایەت. بە هیوای بەدی هاتنی پێشنیازەکەمم کە ئاواتی هەموولایەکمانە.