Warning: Division by zero in /home/galawej/public_html/tmp/templates_c/cgbd217^eaff6abc0894fc43cc026e79a1ff7ef9439afb78.module_db_tpl.CGBlog;detailndesign.php on line 71

ئاوابوونی بتەكان !

د. موحسین ئەحمەد عومەر
Jul 5, 2017

گرینگترین شت لە روانگەی من سەر لەنوێ‌ لە دایكبوونەوەی مرۆڤی كوردە، مرۆڤی كورد ئەو كاتە سەردەمە تاریكەكان جێدەهێڵێ‌ بە هیچ شێوەیەك موجامەلەی مێژوویی لەگەڵ خۆی نەكا، ئاخر ئێمەش نەتەوەیەكین، زمان و كولتوور و مێژوو و كەسایەتیمان هەیە، جوگرافیایەكمان هەیە شانازی پێوە دەكەین، ئەم جوگرافیا ژیارییە فەزاو ئاسمانێكە پڕە لە خەون و ئاوات و هەناسە، فەزایەكە هەموو بوونی ئێمەی لەسەر وەستاوە، بەڵام ئەوانی تر، ئەوانی تری نەیاری كورد، هەردەم لە تەسك كردنەوەی ئەم جوگرافیا و فەزایەدان، لێرەوە، هەموو فێستیڤالێك فۆرمێكی خەبات وەردەگرێ‌، بەڵام ئەوسا خەباتی ئێمە ژیانی دەبێ‌ كە هەردەم تازەگەر بین، هەردەم نوێخواز بین، هەردەم دیمۆكرات بین، دیمۆكرات بین لە ناو خۆمان، ئەمەیان هەڵبەت بە پلەی یەكەم لە هەموو شتێك لە پێشترە، ئەگەر وانەبین بێشك دەفەوتێین، هەر خۆمان بە دەستی خۆمان فەزاو جوگرافیای خۆمان تەسك دەكەینەوە و پێشكەشی نەیارە زۆر و زەبەندەكانی كوردی دەكەین.

 سەرەنجام، با فێستیڤالەكانمان شوێنی پیشاندانی كاری ناوێزە و رەسەن و تازە بێ‌، گرینگترین شت داهێنانە، داهێنان و نوێخوازی و دیمۆكراسی، ئەمانە هەموویان بچمەكانی ئەمڕۆن. سەرەنجام با فێستیڤالەكانمان بۆ ئاوابوون و ئاواكردنی بتەكان بێ‌، بۆ سەرلەنوێ‌ لە دایكبوونەوەی كورد بێ‌. بۆ دژایەتی كردنی كۆنخوازی و نەریتخوازی بێ‌، بۆ ئاسۆیەك بێ‌ كە هەردەم رووی لە ئایندەیە، چونكە داهێنان واتە ئایندە، نوێبوونەوە واتە ئایندە...

 

شتێك دەربارەی وشەی فێستیڤال :

وشەی فێستیڤال لە وشەی fest ەوە هاتووە كە لە ئینگلیزی و فرەنسی سەدەكانی ناوەڕاست بەكارهاتووە، ئەمەش نەژادەكەی لە وشەی festivus ی لاتینییەوە هاتووە. لە بنچینەدا هەردەم وەك جەژنێك بووە لە كلێسا بەرپاكراوە، چونكە تا رادەیەكی زۆر هەموو فێستیڤالە كۆنەكان سەرچاوەكانیان دەگەڕێتەوە بۆ چەژنە ئاینییەكان fete eglise. ئەم وشەی fete، زۆر نزیكە لە وشەی فێستیڤال كە هەر بە مانای جەژن دێ‌. دەشێ‌ لە زمانی كوردی وشەی "جەژن" پڕ بە پێستی فێستیڤال بێ‌. فێستیڤالی گوندی میهرەگان و میهرەجانی كۆنی میللەتانی ئێرانیش هەر هەمان مانای جەژن دەدەن، چونكە بە پلەی یەكەم مەبەستێكی ئایینی لە پاڵ بووە. (لە كۆندا لە ناو كورد زۆر جەژن هەبووە دەشێ‌ وەك فێستیڤال سەیری بكەین، نەورۆز كە هەتا ئەمڕۆش بەردەوامە جەژنێكی كۆنە بەڵام دەشێ‌ وەك فێستیڤالی نوێ‌ سەیری بكەین، بەو مانایەی جۆرێك لە نوێبوونەوە و زیندووبوونەوە لەگەڵ خۆی دەهێنێ‌، بێجگە لەمەش شێوەی رەمزێكی وەرگرتووە كە زۆر رەهەندی هەیە، وەك سیاسی و كۆمەڵایەتی و ...) بەڵام زۆر كەس باوەڕیان وایە كە وشەی فێستیڤال لە وشەی festa لاتینییەوە هاتووە (ئەمەش لەگەڵ وشەی fest تەنیا یەك پیتی جیاوازە.) لە كۆندا هەموو festa –كان فۆرمێكی ئایینیان هەبوو، پاشان لەگەڵ سەرهەڵدانی نوێخوازی و فۆرمی تازەی كۆمەڵایەتی و شارستانی نوێ‌، لە هەڵكەوتی ئایینی دووركەوتۆتەوە و فێستیڤال بە شێوە هاوچەرخەكەی گشت بوارێكی گرتووەتەوە.