Warning: Division by zero in /home/galawej/public_html/tmp/templates_c/cgbd220^eaff6abc0894fc43cc026e79a1ff7ef9439afb78.module_db_tpl.CGBlog;detailndesign.php on line 71

فێستیڤاڵى گەلاوێژ خاڵێکى رۆشنە لەتونێلێکى تاریکدا

د. سەمیر خورانى
Jul 8, 2017

گومانى تیا نییە کە فێستیڤاڵە ئەدەبى‌و رۆشنبیرییەکان، لەسەردەمى کوشتن‌و دڕندەیى‌و دەریاى خوێندا، کە عیراقى تیادا نقوم بوە، تیرۆژێکمان لەرۆشنایى‌و هیوا لەنێو جەرگەى تاریکیى شەودا پێدەبەخشێت، وامان لێدەکات هەمیشە باوەڕمان بەوە هەبێت کە ئیرادەى ژیان لەئیرادەى مردن بەهێزترە. لەفەزاى ئەم مانایەدا پانزەهەمین فێستیڤاڵى روناکبیریى گەلاوێژ لەپایتەختى رۆشنبیریدا (سلێمانى) وەک روداوێکى دیارى رۆشنبیرى دێتە پێش کە رۆشنبیریى جیاجیاو زمانى هەمەجۆرى لەخۆیدا کۆکردۆتەوەو ئەم دیمانە هەمەڕەنگ‌و سەرنجڕاکێشە دەڕازێنێتەوە.
ئەمە دوەم جارە لەفێستیڤاڵى گەلاوێژدا بەشدارى دەکەم، لەڕاستیدا زۆر بەختەوەر بوم بەهەردو خولى فێستیڤاڵەکە، کە ئاسۆى بیرکردنەوەى فراوانتر کردم‌و رۆشنبیریى دەوڵەمەندتر کردم، هەروەها چەندین کەسایەتیى ئەدەبى‌و رۆشنبیریى لەدەرەوەو ناوەوەى عیراق پێ ناساندم.
لەڕاستیدا سودى فێستیڤاڵ تەنها لەوەدا نیە کە شیعرى تیادا دەخوێنرێتەوە، یان باس‌ولێکۆڵینەوەى تیادا پێشکەش دەکرێت، کە ئەمانەش بێگومان گرنگن، بەڵام بەبۆچونى من ئەم سنوروانە تێدەپەڕێنێت‌ودەگاتە ئاسۆیەکى بەرینترو روبەرێکى دورتر. ئێمەى رۆشنبیران‌وئەدیبان‌و روناکبیران چەندمان پێویستى بەوەیە کە کۆبینەوەو پەیوەندى ببەستین، بەتایبەتى لەپاش ساڵانێکى درێژى دابڕان‌و دورکەوتنەوە کە بەهۆیەوە دیدارێکى بڵند لەنێوان رۆشنبیریە جیاوازەکانى یەک وڵاتدا دروستکرا، کە ئەمەش ئاسۆى بیرکردنەوەو داهێنانى لەلادا بەرتەسک کردینەوە.
فێستیڤاڵى گەلاوێژ خاڵێکى رۆشنە لەتونیلێکى تاریکدا، دڵۆپە بارانێکە لەبیابانێکى وشکەرۆدا، لەکاتێکدا سیاسەت لێکدیمان دادەبڕێت، کەچى رۆشنبیرى دێت تا لەژێر چەترێکى رەنگاورەنگدا کۆمان بکاتەوە، چەترێک روانینى جیاوازو ئاراستەى جیاوازو دەوڵەمەند لەخۆیدا هەڵدەگرێت.
فێستیڤاڵى گەلاوێژ بەرجەستەبونێکى راستەقینەى ئەو بزوتنەوە رۆشنبیرییە کە کوردستان بەگشتى‌ سلێمانى بەتایبەتى، لەژێر سایەى ئازادى‌و ئارامى‌و سەقامگیریدا، بەخۆوە دەبینێت.
ئەگەرچى هەندێ تێبینى‌و رەخنە لەلایەنى تەکنیکى‌و هونەرى‌و ئیدارى دەربارەى فێستیڤاڵەکە هەیە، بەڵام ئەم فێستیڤاڵە کە پانزەهەمین فێستیڤاڵە بریتیە لەفەزایەکى گەورەترو فراوانتر بۆ یەکترناسین‌وتێکەڵبونى ئەدەبى‌و رۆشنبیرى.
سڵاو بۆ ئەو هاوڕێیانەى فێستیڤاڵەکەیان رێک خستوە، ئەوانەى لەکەشێکى پڕ لەئازادى‌و سەقامگیریدا نوسەران‌و رۆشبیرییان کردۆتەوە، تا تەعبیر لەناخى خۆیان بکەن‌و کەشێکى پڕ لەخۆشەویستى‌و جوانیمان بۆ بخوڵقێنن