بەرەو بیست و یەکەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ

Jul 15, 2017

رۆژی پێنج شەممە 13 ی تەمموزی 2017، مەلا بەختیار، سەرپەرشتیاری گشتی فێستیڤاڵی گەلاوێژ، بەمەبەستی ئامادەكارییەكان بۆ بیست‌و یەكەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ، لەگەڵ سەرۆك‌و دەستەی بەڕێوەبەرەی بنكەی روناكبیری گەلاوێژ كۆبووەوەو، پاشان جەخت لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە كرایەوە:

1-    فێستیڤاڵی ئەمساڵ لە رۆژی دوو شەممە رێككەوتی 2017/11/21، سازدەكرێت.

2-    دروشمی فێستیڤاڵەكە بریتیە لە (ڕووەو تێپەڕین لە چوارچێوە داخراوەكان).

3-    كردنەوەی سایتی ئەلكترۆنی گەلاوێژ بەشێوەیەكی رەسمی لە ژێر ناونیشانی، www.galawej.com.

4-    لە ئەمڕۆوه،  13 ی تەمموزی 2017، بابەتەكانی (شیعر، چیرۆك، لێكۆڵینەوە) وەردەگیرێت بۆ پێشبڕكێی گەلاوێژ كە تا 15 ی ئەیلولی 2017، بەردەوام بابەتەكان وەردەگیرێن بەم ئیمەیڵە: galawij21@gmail.com.

5-    جگە لە خەڵاتی (حسێن عارف) خەڵاتێكی دیكەمان دەبێت بۆ نووسەرێكی بیانی بە ناوی (خەڵاتی سەربەخۆیی).

6-    خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵی گەلاوێژ بەناوی یەكەمین نووسەر یان رۆژنامەنووس دەبێت كە بووەتە قوربانی دەستی تیرۆرستانی داعش.

7-    دیالۆگی رۆشنبیری ئەمساڵ، (دیالۆگی كلتوریی كوردی – روسی) دەبێت كە تەوەرە سەرەكییەكانی بریتین لە: كاریگەری ئەدەبی روسی لەسەر ئەدەب‌و كلتوری ناوچەكە بەگشتی‌و ئەدەب‌و رۆشنبیریی كوردی بەتایبەتی، رۆڵی خۆرهەڵاتناسی لەو بوارەدا، كوردناسی رووسی، كوردەكانی روسیا، ئەویش بە ئامادەبوونی نووسەران‌و رۆشنبیرانی كوردو رووس.