مانیفێستی قسە

داستان بەرزان
Aug 1, 2017

ئەم بابەتە لە پێشبڕکێی شیعریی بیستەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ بەشدار بووە.

لە ساتێكدا هەموو گۆرانییەكانم بیرچووەوە

كە پێویست بوو هەر لەوێدا گۆرانی بڵێم

 

لە ساتێكدا یادەورییم بزركرد

كە دەبێت بیرم بێتەوە لە كوێدا

ئەم شیعرە دەنووسم؟

 

درۆیانكرد، ڕۆیشتن ئەوانەی دەیانگوت:

لەگەڵ تۆ دەمرین.

 

من لە پاش وێرانبوونی جیهانەوە قسە دەكەم

پەیڤەكانم سەر بەم ڕۆژگارە نین

ڕۆژێك دێت برینم بخوێنرێتەوە

ئازارم ڕەنگ بگرێت.

 

هەموو كەسێك ڕۆژانێكی خۆشی هەیە

خۆشبوون ئەو ڕۆژانەی هاوین

لەبەر خاتری كەسێك دەژیام.

 

ئێوە وەكو من لە برین تێنەگەیشتوون

بەوەدا دەزانم كە ئاسان بەلای ئەم وشانەدا دەڕۆن:

دوعا دەكەم

هەمووتان بكەونە برینەوە.

 

كێشەی گەورەم ئەوەیە

جێگرەوەم نییە بۆ ژیان

دەنا ئەم قسانەم نەدەنوسی.

 

ئەمشەو دوای خواردنەوەی عارەق

بیرۆكەم هەبوو قەسابێك ڕاسپێرم

پێستم دابماڵێت، بیداتە سەگ

دەمارەكانم ببەخشێتە مێروولە

ماسولكەكانم بداتە داڵەكەرخۆرە

ئێسكم بكاتە گۆچان بۆ سەرخۆشە پیرەكانی شەو

دەزانم هیچ سودێكم نییە

تكایە بهێڵن مردنم مانایەكی هەبێت.

 

كە مناڵبووم زانیم ئەم ژیانەم تەواو نییە

هەر ئەوكات زانیم ئەم دۆخە ئاوانابێت

دەبوو ئەوكاتیش لە پیسترین كۆڵاندا

بە ترسناكترین چەقۆ بكوژرامایە و

تەرمەكەم - با- بیبردایە.

 

بەوچەشنە سەرسامی سروشت نیم

كە شاعیرەكان وێنای دەكەن

سروشت لەبەرامبەر مرۆڤدا دۆڕا

سەدەی سروشت كۆتایی هات

دەبێت بڕوا بەخۆمان بێنین

جەنگی ئەمڕۆ شتێكیترە.

 

كە زانیم خەریكە ژیانم لە ناو دەمەقاڵەدا دەبێتە هەڵم

لە دانیشتنەكانی ئێواران دوور كەوتمەوە

لە شاعیرەكان هەڵهاتم.

 

ئەوان هیچیان نییە

هیچیان تێدا نییە

هیچ ناخەنە سەر بیری كەس

ئەوان مەبەستم شاعیرەكانە.

 

كە سەرخۆش دەبووم

شاعیرەكان قسەكانیان دەدزیم و

سبەینێ‌ دەیانكردە شیعر

ئیتر بڕیارمدا لەگەڵ قەحبەكان دانیشم و

شاعیرەكان پەراوێز بخەم.

 

هەست بە ڕۆژ ناكەم

شەو هەواری ڕاستەقینەمە

خۆشە لە ژیانتدا خۆشیت زۆر بێت

من تەنیا هاوینێكی خۆشم هەیە، حەزیش بە گەڕانەوەی ناكەم.

 

پێوویستم بەوە نییە هەموو بەیانییەك خەبەرم بێتەوە

پێویستم بەوەیە بەیانییەكی ڕۆژی هەینی

كاتژمێر هەشت بمرم.

 

هەینی ڕۆژێكی گرنگە

وەك چۆن شەممە گرنگە

وەك یەكشەممە چەند گرنگە

وەك هەر ڕۆژێكیتر كە گرنگن.

 

كاتژمێر هەشتی بەیانیانی هاوینان خۆشە

هاوین ئەو وەرزەی كچەكەی هاوڕێمم بیردەخاتەوە

كە ئێوارەیەك بە فوویەك دڵمی هەلا هەلا كرد.

 

بڕیارمداوە لەمەزیاتر بە سۆز بارگاویی نەبم

مەبەستمە باسی مرۆڤێك بكەم

كە ژیانی بە دیار چاوییەوە بەسەردەچێت.

 

من لە پاش وێرانبوونی جیهانەوە قسە دەكەم

مردوویەك ئەم قسانە دەنووسێت و

لە هەموو شتێك دەپاڕێتەوە

گۆرانییەكانیی بیر بكەوێتەوە

چونكە پێویستە هەر ئێستا گۆرانی بڵێت.