لەوەرزی دووەمی ئاودا، کات ئەڕوات و ئازار خوڕڕەی دێت!

ژوان پێنجوێنی
Aug 2, 2017

ئەم بابەتە لە پێشبڕکێی شیعریی بیستەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ بەشدار بووە.

بە زایع چوو عومرم لە مالا یەعنیا، یەعنی

 ئەبێ وەقتێ لە بولوەقتێ بخوازم تا تیا بمرم.

 «مەحوی»

 

كات نەماوە بۆ چنینی رستێك قسە

كات نەماوە بۆ پەیڤینی بەر حەسرەتی سێبەرێك و

بۆ دڵدانەوەی ترپەی دڵێك،

كە هەمیشە ساتی داگیرسانی باوەشێك، سینە ئەكوتێ و

لە چرپەی ماچێكدا دەبێت بە شەرمێكی تەنك. . .

دەرفەت نییە لە سیلەی سڵاوێكدا

دەستگوشینێك، ئاوڕ لە حەسرەتی بینینێكی مزر بداتەوە

دەرفەت نییە لە سێبەری دانیشتندا

ئەڤین هەگبەی بەرهەیوانێك پڕ بكات لە خۆر

عەشق دەرگای ووتن لە باخی قسەدا

بەڕووی بارانێكی دەستەمۆدا بكاتەوە. . .

چەند مەستە میلی كاتژمێر و

چركەی بە پەلەی تەمەنی من!

كە باران دەبارێ و شەقامێك لەژێر چەتری باخێك دێتەدەرێ

ڕاناوەستێك رەسمێك لەگەڵ درەختێكی ڕەش وسپی بگرم

كە وەرزێكیش ڕەنگ دەڕێژێ و

میوە لە سەبەتەی گۆرانیدا دەبێت بە ئاوازی لەززەت

راناوەستێت ماڵم بەرمە كۆڵانی نۆبەرەی دەنكێك شاتوو

كڵۆیەك خوێ لە خەمی مشتێ چوالەدا هەڵبگرم و

گۆچانێك لە باڵای رێواس بدەمە دەست عومری وەرزێكی سەرەڕۆ

كە تەمەنیش سەرئەكات و تاڵی سپی لە سبەیدا سەردەرئەكات

دیسان چركەی پێخاوس و ساتی مەستی رۆژگاری من،

راناوەستێت، تا گۆزەی خەونی ساغ و پڕ لە عەترم

بە دەستی تەڕی ئاوناسێك لە كانی بێتەوە. . .

راناوەستێت تا درەختی ئومێدی ئەوسای من،

لە كۆتایی حیكایەتی وەریندا، نیانتر سەوز ببێتەوە. . .

ئەوە زەمەنە لە پشت میحنەتی منەوە

ئەوە میحنەتی تۆیە لە پێش زەمەنی منەوە. . .

من كە ئێستا رۆژگارم، رۆژگاری نەیژەنێكی لەخواترسە

كە عەیامم سەردەمی موریدێكە، چۆتە خەڵوەتی بەردەوە

كاتم نییە، لە قەراغ ئومێدی جۆگەیەكدا

پێمهەڵكەم و قاچم بخەمە تەنكایی داڵغەیەكی شیرینەوە

كاتم نییە، لەبەردەم ئاستانەی پەنجەرەدا

پەردە لەسەر هەتاوێكی شەرمن لابدەم و

ڕوانینێك بە باڵای ئاسۆیەكی شیندا بەربدەمەوە. . .

ئێستا هێند سەرقاڵم،

ئاگام لە ڕزینی سێوێك نییە لە سەبەتەی مەحیبەتێكی گەییوودا

لە چرچ بوونی پێستی كاڵەكێك لە بێستانی سەردانێكی پیردا بێخەبەرم

ئەو دەستە نابینم كە بە سەلیقەیەكی كۆنەوە

لە تەوقەی دیدەنێكی تازەدا، بە تەنیا دێتەوە. . .

گوێم لە دەنگی كەنارییەك نییە لە قەفەزی ئازادییەكی مەییودا

قەتاری بۆقێكی بێدار،

لاوانەوەی زیكزیكەیەك، مەقامی گۆڕهەڵكەنێكی ماندوو،

لەبەر مانگەشەوی نوستووی سەر مێرگێكدا ناگاتە گوێم. . .

پێڕاناگەم بۆنی دەسكێك شوویت، قتویەك هێل،

خۆڵی بەرپێی یەكەم باران،

شێی ئەو ژوورە نسرمانەی دڵم تێیدا پژان. . .

بۆنی تەختەی تەڕ و دڵی نەرم و نەسیمی ئەو یادگارانە بكەم

كە دوێنێ نەزمی ئازار و ئەمڕۆ ئاوازی سەبووری و

سبەی دەبنە توحفەی ئەمەلێكی شەرمن. . .

ئاخر بۆ موتاڵای عومری پەپولەیەك، وەرزێك دەبێت باخەوان بیت

دەبێت دەوار بەریتە ژێر سێبەری دەنكێك گەنم،

تا رۆژێكی تولانی مێروولەیەك، بە تاقەت بنوسیتەوە. . .

پێی دەچێت،

ژماردنی تاڵەكانی سەر پشتی گوێزهند و

پرچ كردنی بسكی ئاڵۆزی كنگرێكی وەڕەز. . .

من كە هێندەی كەوتنە خوارەوەی گەڵایەكی زویر

دەنكێك تەرزە، سێوێك. . كۆلارەیەكی بابردوو،

بۆ سەرزەمین و لۆژیكی تەنیایی، كاتم ماوە. . .

هەر ئەوەندە پێڕادەگەم

سەبری سەرە مانگ و پیاوی مونتەزیری موچە و

باوكی بەردەم عارەبانەی میوە و خورما و كەرەوز و

بیماری بەردەم كلینكی و

جار جارێكیش مەیزەدەی نەحسی تەنیایی بم. . .

هەر ئەوەندە پێڕادەگەم

داڵغەیەك بپێچم لە دڵی ناو سینەی جەستەیەكی شەكەت و

بە دوو چاوی ڕژاوەوە. . .

لەگەڵ خۆمدا، كۆڵانی خەونێكی بەجێماو و

شەقامی پرسیارێكی شەرمن و

درەختی تەمەننایەكی سەوزت بۆ بێنمەوە ماڵێ. . !!!

 

ئەی مەیلی قوڵ، لە تەنكایی ئارەزوومدا

ئەی چاوەڕوان لە چاڵی حەزیی شەرمندا. . .

ئازاری ئەم تەنیاییە، زەمەنە. . زەمەن

نەك منی دەستخەڕۆ لە گەمە گەرمەكانی ووتندا

تۆ مەپرسە قسەیەك بۆ ناكەم

مەپرسە گرێی ئەم گەرووە، بۆ بەسەر باسێكدا ناكرێتەوە

مەپرسە ئەم زمانە لە حەرفی یەكەمی چ حەیفێكدا لە گۆ كەوت

تۆ هیچ مەڵێ،

با دەستنووسی ئەم بێدەنگییە لە سەردابەكانی تەمەندا جێبكەمەوە

با هاواری ئەم بەیازە ئاووسانە بگەنە دوا سنووری سكونەت،

ئەوسا بۆت باس دەكەم

من چۆن لە دەرەوەی كاتتدا، شەیدای دەرفەتی تۆ و

چۆن لە نێو دەرفەتی تۆدا مەفتوونی مروەتی كاتم. . . !

یەك تۆز كاتم بەرێ. . .

هێندەی گڕگرتنی دەنكێك شقارتە لە بەر فووی مەراقێكدا

هێندەی هەڵكێشانی هەناسەیەكی سارد لە پێچی حەیفێكدا

هەر ئەوەندەی عومری خەندەیەكی خۆت،

وەختێك مەیلی پێكەنینت لە نیهادما دادەگیرسێت. . .

هەر ئەوەندەی پێگرتنی نیگایەكت،

كاتێك سۆمات لە چاومدا پڕ ئەبێت لە حەزی تەماشا. . .

هیچی پێ ناچێت،

هەر ئەوەندەی بڵێیت: یەك و دوو

ئیتر تۆ سەیركە من چۆن لەو هەڵدێری عومرەوە دێمەوە و

بۆ تۆ دەبم بە سێبەر و لە دواتەوە، ئەو ڕۆژانە هەڵدەگرمەوە

كە لە ڕۆژمێری تەنیاییدا وا دانرابوون،

تۆ لەوسەری حەقیقەتەوە، مۆم بویت. . . نوورت دەڕشت

من لەم سەری گومانەوە، چرایەك بووم. . پڕ لە زوڵمەت

من پرسیاری بەجێماوی ساتێكی مەست

تۆ وەڵامی بە ئاگای ساتی حازر بەدەست. . .

ئیتر تۆ تەماشا، من چۆن ئەو رۆژانە ئەرشیف ئەكەم

كە لە رۆژمێری پێكەوەییدا وا ڕیز بووبوون

كە تۆ لە دەرەوەی شوێن و من لە دەرەوەی كات بم!!!

كاتم بەرێ،

زۆرم نەماوە بە دڵدانەوەی كۆترێك فڕین فێربم

بە دانیشتن بەدیار خۆڵەمێشی یادگارەوە

بگەمەوە بەو ئینسانەی رۆژانێك لە جنسی ئاو بوو. . .

هێندێكم ماوە. .

بە تاماشاكردنی درەخت، چاوم گەڵای گریانی سەوزت بۆ بگرێت

بە مانەوە لە تەمی بەیاندا، پەنجەم شەونمی ووشەی لێبتكێت

سەبر بگرە، خەریكە ئەكەومە سەرپێی خۆم

خەریكە ئەتوانم

بێ ئینجانە و گەڵا و گۆرانی و درەخت و پەنجەرە و

بێ باران و پێك و پیاسە و پەرداخی پەمەیی پڕ لە مانگەشەو

پیاوی یەك لەتی نێو دیوەخانی متمانە و

مێردی دڵجێنەماوی نێو ماڵی گەرم و گوڕ و

باوكی تۆكمە و خۆ ڕاگرتووی نێو قرتاڵەی قریوەی مناڵ بم!

كات رابگرە. . .

بزانە چەندم پێ دەچێت بۆ ڕووان لە هەگبەی تەمەننادا

بزانە چەند زوو ئومێدم داڵانەكانی تەنیایی پڕ ئەكەن لە ئایندە!

كات ڕابگرە،

دەبێت كات هەر لە پێچێكی خۆیدا راوەستێت

ناكرێت ئەم هەموو پایزە

بەلای رەنگی زەردماندا تێپەڕێ و

ئەو هەموو گەڵای ئینتیزارەی ئێمە بوەرێ و

درەخت هەر لەوێ بێت. . .

ڕەوا نییە ئەم هەموو قەڵبەزەی ئۆقرەیە لێرە بێ و

ئاو منەتی بەرد هەڵنەگرێ و هەر بڕوات و ئاوڕ لە كەنارێك نەداتەوە

دەبێت كات هەر لە سوڕێكی خۆیدا بمرێت

دەنا من و تۆ دیدارمان ئەكەوێتە قیامەت

لە بەرزەخدا ئەتوانین شەو بە خۆمانەوە رامووسین

باشترە كاتم بدەیتێ. . .

باشترە كات رابگریت. . .

 

كات راوەستێت. . .

پێنجشەممەیەك لە سەحەری هەینییەكدا سەردەردێنێ

حوزەیرانێك ماڵ دەباتە ناو ماریفەتی گەرمی تەموزەوە

زستانێكی قەموور گەزۆی تیادا دەبارێ و

بەهارێكیش تەڕ و تەزیوو، دەبێت بە لەتێك سەهۆڵی سەوز

كات راوەستێت. . .

دوو ئەچێتە كۆڵی سێ،

ئەلفێك شان دائەداتە سەر قەفی یائێك

رابردوومان بە هەنكە هەنك، دەگاتەوە بە سێبەری سەوزی ئێستا و

ئێستامان دەبێت بە باخ. . !!!!

وەرە با لەم باخەدا كات بڕوێنین

با قسە موتوربە بكەین لە خەون،

سەیركە ئێمە لە ژێر سێبەری ئەم دارهەنارانەی عەشقدا

چۆن بە دەم پیاسەوە هەتاو ئەڕنین!؟

سەیركە چۆن بەدەم قسەوە. . .

بە لقی ئەم درەختە پیرانەی تەمانناوە سێبەر ئەچنین!؟

ئاخر بەم پیاسەیەوە،

ئەكاتە سێ ئەوەندەی گمەی دوو كۆتری

دۆست بە سێبەری خوساوی سنەوبەرەكانی ئەم باخە. . .

بەم باخەوە ئەكاتە دوو ئەوەندەی تەمەنی ئاوێكی ڕەوان،

ئاشنا بە دیدەی پڕ لە كلی رووبارێكی سەرخۆش،

كە هەمیشە دەڕوا و درەختەكانی موراز دەبژێرێ و

ئاوڕ لە حیكمەتی پشوودرێژیی بەرد ناداتەوە. . .

بەردێك كە وەك دڵی تۆ ڕەق و

كە وەك دڵی من نشینگەی ئاوازی بێدەنگ و

خەڵوەت نشینی ئەو گۆرانییانەی كە دیرۆكی سێبەر دەنووسنەوە

بەم تەنیاییەوە،

ئەكاتە سەد ئەوەندەی عومری منێك

كە هەمیشە لەبەر هەیوانی داڵغەدا

سەرم ناوە بە ئەسەفێكی قوڵەوە و

لە دووڕیانی هەیبەتی باخێكی ناموراد و سێبەری شپرزەی تەنیاییمدا،

بە حەوسەڵەی ئەیوبێكی بیمارەوە. . . شكستەكانی عومر ئەنوسمەوە

عومری و ئاو و

عومری گەڵا و

عومری كۆتر. . . !!!

ئێستا كە زەحمەتە باخم هەبێت

بە دوو ئینجانەی شەرمنی بەر پەنجەرەیەكی نەخۆش رازیم

كە زەحمەتە درەختی عازەبی ئومێد بم

زۆرم، نەمامێكی بەهیوای بەر هەتاوی بەیانیان بم

ئەوەی كە دەستم بە حیكایەتی گەڵا ڕاناگات

دڵم بە بەسەرهاتی كت وپڕ و راگوزەری دڕكێك خۆشە

كە لەژێر نینۆكی تۆدا خۆی لە خەنە و عەتر دەگرێت

ئێستا كە زەحمەتە تۆ لێرە بیت

بەسمە رۆژگارێك كاتی دڵئێشاوی عومری من بویت

ئەزانم لێرە بوون،

لە ئێوارەیەكی غەمگینی تری ئینتیزاردا

واتا تەریقبوونەوەی رەنگی شینی ئاسمان

لەبەردەم تاریك بوونی دڵی دەستەمۆی كۆترێكدا

یانی حاڵی بوون لە حیكمەتی هەدادانی ناو هێلانە و

سەردەركردن لە ئەفسوونی فڕینی

شەمشەمەكوێرەكانی ناو پێكەنینی شەو. . .

لێرە مەبە، ئاساییە

بەڵام شتێك بكە كات راوەستێت

ناكرێت ئەو هەموو كاتە بڕوات و لێرە نەبیت

ئەو هەموو بارانە ببارێت و

تۆ چەتر بیت و ساماڵی سۆزی تۆ دەرنەكەوێت

ئەو هەموو موسافیرە بێن و نیشتمان لێرە داگرن

كەچی جانتای پڕ غوربەتی تۆ بزر بێت. . .

ناكرێت من بشكێم و من وورد بم و پارچەی ورد و خاشی دڵم

وەك ئەستێرەی وەریو بڕژێ و تۆ گسكێك لەم ماڵە نەدەیت

من تای ڕوانینێك بمگرێ و

هەتاو نەخۆش بكەوێت و

تۆ پەڕۆیەكی تەڕ بە پەنجەرەیەكی چاو خۆڵاویی*

ئەم ماڵە چۆڵەدا نەهێنیت. . . !!!

تۆ نازانیت ئەوەندەی لێرە نیت. . .

بەو ماوە كەمەی ئەكەوێتە نێوان سەرەتای

داگیرسانی رقێكی پێخاوس و زوڵمەتی توڕبوونێكی شەرمن

فاسیلەیەكی چەند دوور و تار و مار

كەوتە نێوان دڵی من و ترپەی بڕوای رەنجاوی تۆ

دەستی من و برستی متمانەی بابردووی تۆ. . .

حەیف. . !لەو فاسیلەیەدا

«سێو پێگەیی. . لیمۆ زەرد بوو» تۆ نەهاتی

نەهاتیت زیخی ئەم مەراقە لەژێر پێڵومدادەربێنی

پشكۆی سووری ئەم گریانە لە چاوم دوور بخەیتەوە

ئاخر من،

بێزاربووم لە حاشییە رەشەكانی ئینتیزار

لە هەڵواسینی نیگام بە بنمیچی ژووری سارد و

بە ژماردنی تەپەدۆر و ئەبڵەقبوونم بەدیار تارماییەكانتەوە

ئەو تارماییانەی شەوان لەم ماڵەدا،

دووری نێوان خەونی من و درەختی تەمەننای تۆ دەپێون

دێن و بە بێدەنگی لەژێر گڵۆپێَكی شیندا، شین ئەگێڕن

شین بۆ ئەو هەموو نەزیفی كاتە. . .

بۆ بێسەبری ئەو هەموو خولی خولەك و

بۆ قوڵی و تاریكی نێو ئەو هەموو چاڵی چركەیە!

ئازیز من دەزانم،

رەچەڵەكم ئەچێتەوە سەر كام نوتفەی مەراق

ئاشنام بە عەیامی دڵشكان و

زەمەنی بەسەرچونی خۆم نادیدە نەگرتووە. . .

چون ئەوە زەمەن نییە لە ناو مندا بە بێدەنگی دەمرێت

ئەوە منم لەناو زیندەگیدا، بۆ زەمەن دەبم بە بیانوو

سەد جار حەیف!

كات هەر ئەڕوا و بە دەم نەزیفی عومرەوە ئازار هەر خوڕەی دێت

كات هەر ئەڕوا و بەدەم برینی خەونەوە تەمەن هەر ناڵەی دێت

گلەیی بێت. . . كاتمان نەبوو

بۆ دادانی قەڵەم بۆیەكانی یەكتری

بۆ ژماردنی ژێیەكانی چەنگەكەی «تارا جاف»

بۆ دۆستایەتی (مەیمونی چەكدار) لە كەناڵی بێهیوایی «سۆزان»*دا

بۆ پێوانی دووری مەراق، لە ئەمان ئەمانی حەیرانێكدا

بۆ كێشانی سەنگی دودڵی لە خەونی (فڕینی كیسەڵ)*دا

بۆ بینینی سوورە ماسی. . . لە گۆمی پرسیاردا

بۆ تێفكرین لە تیۆرەی (زەمەن). . . بۆ ئاشنابوون بە «هایدیگەر»*

بۆ چوونە سەر رێی ئەبەدییەت، بۆ داگیرسانی هەمیشەیی جوانیی،

بۆ لەبیركردنی دونیا و وەك هەمیشە گەڕانەوە بۆ لای خۆت. . . !

ئێستاش كە كات،

وەك فارگۆنێكی بەتاڵ بە دوای خۆیدا ئەمبات

وەك باوكێكی نابەڵەد دەستی لە مەچەكم نابێتەوە

نە تۆ لێرەیت، نە من چیتر لێرە ئەمێنمەوە. . .

ئیتر كەسمان،

فریای خۆحافیزیەكی ساردیش ناكەوین

ئیتر ئەبین بە گەردی بزربووی نێو

ئاهێكی ڕەوان،

تۆ لە زەمەنێكی تردا لەودیو منەوە، لەدایك ئەبیت

من بۆ شوێنێكی تر لەولا تۆوە، بە بێدەنگی دەمرم.

 

 2014 سلیمانی

ژێدەرەكان:

* (سۆزان): ناوی كارەكتەرێكی نێو رۆمانی «كەناڵی مەیموونە چەكدارەكان»ی (كاروان كاكەسوور)ە.

* (فڕینی كیسەڵ): ئاماژەدانە بە فیلمی «كیسەڵەكان دەفڕن»ی هونەرمەند (بەهمەنی قوبادی).

* بڕگەی (پەنجەرەی چاو خۆڵاوی) نزیكە لە بڕگەی (دارتوویەكی پەرچەم خۆڵاوی) شاعیر (سدیق عەلی)ەوە.