ئایدۆلۆژیا و گوتاری چیرۆکی کوردی، چیرۆکی ساڵانی 1950 - 1969 بە نموونە

محەمەد ئەحمەد حەسەن - هەولێر
Aug 4, 2017

ئەم بابەتە لە پێشبڕکێی لێکۆڵینەوەی بیستەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ بەشدار بووە

پێشەکی

 گوتار (الخطاب) دەبێتە مەیدانێکی زانستی سەربەخۆ بۆ ئەوەی توێژەر لەوێوە بتوانی توێژینەوەکانی ئەنجام بدات. هەموو دەقێك گوتارێکی لە خۆیدا هەڵگرتووە. چیرۆك وەکو ژانرێکی هونەری لە گوتار خاڵیی نییە. کارەکتەرەکان، بەردەنگەکان گوتاری تایبەت بە خۆیان هەیە. گوتاریش دەبێتە هۆکارێکی گواستنەوە، بە هۆی ئەوەی لە زیهن و هزر ماندا هەیە، لە پێوەندیدا دەبێت لەگەڵ زمان، چونکە زمان دەبێتە ئاوێنەی گوزارشتکردن لە هزر.

چیرۆك و هەموو دەقێکی دیکە، ئایدیۆلۆژیایان تێدایە. بەڵام ئەوەی ئێمە لەم توێژینەوەیەدا لارمان لەبارەوە کردووە، ئایا گوتاری ئایدیۆلۆژیای چیرۆکی کوردی (١٩٥٠- ١٩٦) چییە؟ ئایا ئایدیۆلۆژیا چۆن لەناوی چیرۆکی ئەو ماوەیە بەکارهاتووە؟ هاوکات ئایدیۆلۆژیا چ کاریگەرییەکی لەسەر توخمەکانی چیرۆك و لایەنی تەکنیك و هونەری گێڕانەوەی چیرۆك هەبووە؟ هەموو ئەم پرسیارانە بەشێوەی پراکتیک لەناو ئەم توێژینەوەیەدا کاریان لەبارەوە کراوە و وەرامیان دراوەتەوە.

ئەم توێژینەوەیە لە دوو بەشی سەرەکیی پێكهاتووە. بەشی یەکەم دوو پارە، پاری یەکەم کارکردنە لەبارەی پێوەندی نێوان ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا بەگشتی و ئایدیۆلۆژیا و دەقی چیرۆك بەتایبەتی. هەوڵمداوە بەشێوەیەکی تیۆریی ڕۆچوون و پێوەندی نێوانیان و سوود لەیەك وەرگرتنیان بەرباس بدەم. لە پاری دووەم باسی چیرۆکمان وەکو ئایدیۆلۆژیا کردووە، بۆ نموونە چۆن ئایدیۆلۆژیا چیرۆکێک بۆ خۆی دەکاتە هۆکارێک؟ ئایا ئەگەر چیرۆك بووە ئایدیۆلۆژیا وەکو دەقێکی هونەری و ئەدەبی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت یان نا؟ لە بەشی دووەم، کە بەشێکی پراکتیکییە، هەوڵمانداوە گوتاری ئایدیۆلۆژی چیرۆکی ئەو ماوەیەی دیاریمان کردووە بەرباس بدەین. ئەویش لە ڕێی زاڵبوونی هەندێ لایەن بەسەر دەقی چیرۆکەکان. بۆ نموونە گوتاری ناونیشانەکان چین، ئایا ناونیشانەکان ناونیشانی هونەرین؟ لە دووەم باسی دەسەڵاتی واقیعمان بەسەر دەقی چیرۆکەکان کردووە، کە ئەمەیش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر لایەنی تەکنیك و هونەری چیرۆکەکان هەبووە. لە سێیەمدا باسی دەسەڵاتی ئایدیۆلۆژیامان لەناو دەقەکاندا کردووە، ئەو ئایدیۆلۆژیایە چ گوتارێکی لەناو دەقەکە بەرهەم هێناوە. لە چوارەمدا باسی کاریگەری گوتاری ئایدیۆلۆژیمان لە کوشتنی بیرکردنەوەی کارەکتەر و تاکەکان کردووە. لە کۆتایییدا گەیشتووین بە چەند ئەنجامێك. هەوڵمانداوە پێڕەوی لە مێتۆدی ڕەخنەی نوێ بۆ ڕاڤەکردنی دەقەکان بکەین، ئەویش بە کارکردن لەناو دەقەکان. دواتر پێڕەویمان لە بەکارهێنانی پەراوێز و سەرچاوەکان بەپێی سێستەمی (هارڤارد)، کە تازەترین سێستەمی بەکارهێنانی سەرچاوەیە، کردووە. دواتریش لیستی سەرچاوەکان دێت.

بەشی یەکەم: پێوەندی ئایدیۆلۆژیا و دەق

پاری یەکەم: ئایدیۆلۆژیا و دەقی چیرۆك

سەرەتای سەدەی بیستەم، سەرەتای دەرکەوتنی گەلێ ئایدیۆلۆژیا بوو. ئەم ئایدۆلۆژیایانە کەوتنە ململانێ لەگەڵ یەکدی. دوای ئەوەی چینی ئوروستوکراتی شوێنی بۆ چینی کرێکار و ناوەندی کۆمەڵ جێهێشت، دەسەڵاتیش گۆڕانکاری بەسەرهات. ئەو ئایدیۆلۆژیایەی دەبێتە ڕێنموونی و لە ڕێی سیاسەتەوە دەچێتە سەر دەسەڵات، هەوڵی بڵاوەپێکردن و چەسپاندنی خۆی دەدات. ئەدەب بە گشتی و چیرۆك بەتایبەتی ئامرازێکی بەهێزی ئەو چەسپاندنەن. بەهۆیەوە ئایدیۆلۆژیاکە هەوڵی دەسەڵات پەیداکردن بەسەر کۆمەڵ و تاکەکانی دەدات. ئەدەبیش پێوەندییەکی توندوتۆڵی بە کۆمەڵەوە هەیە. لەسەرەتادا هەوڵدەدەین لە زاراوە و چەمکی ئایدیۆلۆژیا بکۆڵینەوە. یەکەم کەس زاراوەی ئایدیۆلۆژیای بە کار هێنابێت، بیرمەند «دێستووت دێتراسی Destut detracy» لە کتێبەکەی بەناوی (پڕۆژەی ڕەگەزەکانی ئایدیۆلۆژیا). ئەو دەڵێت: ((ئەم وشەیە ڕیشەکەی بۆ لاتینی دەگەڕێتەوە، لە دوو بەش پێکدێ. بەشی یەکەم Ideo بە واتای بیر و هزر دێ و بەشی دووەم logic بە واتای زانست دێ. بە لێکدانی هەردووکیان دەبێتە زانستی هزرەکان. )) [غورفیتش، ١٩٩٩، ص٤٠] زاراوەکە زۆر گشتی دێتەبەرچاو. کەواتە لێرە هەموو بیرکردنەوەیەکی مرۆڤ دەگرێتەوە. تەنانەت «گۆرفیتش» پتر دیدی «دێتراسی» ڕوون دەکاتەوە، بەوەی بونیاتی ئایدیۆلۆژی لە سەرەتادا وەکو خەیاڵ، یان ڕوونتر وەکو درۆیەك دێتە بەرچاو، مرۆڤەکان بۆ وێناکردنی خۆیان پەنای وەبەر دەبەن. کەواتە هەموو خەیاڵ و میتافیزیکایەك دەگرێتەوە. پاشان چەمکی ئایدیۆلۆژیا بەشێوەیەکی فراوان گەشە دەکات. ئەم چەمکە دەچێتە ناو فەلسەفە و ئەدەبەوە. پێوەندنی ئایدیۆلۆژیا بە ئەدەبەوە لەوکاتەوە لەگەڵ ئەدەب توندتر دەبێ، کاتێك دێتە ناو کۆمەڵناسییەوە. توێژەران لەو بڕوایەدا یەکەم کەسێك چەمکی ئایدیۆلۆژیا هێنابێتە ناو کۆمەڵناسییەوە، «کاڕل مارکس»ە. لێرەوە ئایدیۆلۆژیا ڕەهەندی کۆمەڵایەتی و فیکری و مەعریفی وەردەگرێ. «مارکس» وتارێك بە ناوی ((ئایدیۆلۆژیا و چینەکان)) [مارکس- انجلز، ص٣٢] دەنووسێ. لەوێدا بۆچوونی خۆی لەبارەی گەشەی ئایدیۆلۆژیا دەخاتەڕوو، کە لە چوارچێوەی جووڵە و گەشەی ژیانی ئابووریی و کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵدا دەڕوات. ئەمەیش دەبێتە بەرهەمهێنانی فیکر و هوشیاریی. هەموو هەوڵەکان لەپێناو ئەوەدا بوون، ئەدەب بە قوڵی بخەنە خزمەت ئایدیۆلۆژیا، چونکە ئەوان لە ڕێی ئەدەبەوە، هەوڵی گەیاندنی ئایدیۆلۆژیایەکەیان دەدا. زۆر لە توێژەران ئەم بۆچوونانەی «مارکس» بۆ ئایدیۆلۆژیا بە (هووشیاریی ساختە) ناو دەبەن، چونکە تایبەتە بە چینێکی دیاریکراو، بەبێ ئەوەی ئاگادار بن پێوەندیان بە چینەکانی دیکەوە هەیە. بە بڕوای «مارکس» پێوەندییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان هەمیشە لە جووڵەدان، ئەمەیش لە پێوەندی نێوان تاکەکانی کۆمەڵەوە دێت. بەڵام ئایدیۆلۆژیا بەهۆی جێگری و نەبزووتنی وەکو شتێکی ساختە دەردەکەوێ. هەرچەندە ئەگەر بۆ بۆچوونی «کاڕڵ یەسپێرس» بگەڕێینەوە، ئەم بۆچوونەی «مارکس» کێماسی تێدەکەوێ. بەوەی هەموو هوشیارییەك لە دەستەیەکی کۆمەڵ گەشە دەکات. لەم بارەیەوە دەڵێت: ((ئەو چینەی هێزی ماددی کۆمەڵ پێکدەهێنێ، هاوکات هێزی ڕووحی هەمان کۆمەڵ لەخۆ دەگرێ. )) [مارکس- انجلز، ص٣٢] کەواتە هەر گەشەکردنێک لە ئابووریی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵ ڕووبدات، هەمان گەشەکردن فیکر و ئایدیۆلۆژیای چینەکان دەگرێتەوە. «یەسپێرس» نموونەی چینی بۆرژوازییەت دەهێنێتەوە، کاتێک دەسەڵات دەگرنە دەست، ئەم دەسەڵاتەیان ئەنجامی پێکهاتەی هوشیاریی جوایەزە. لە هەموو ئەمانەدا دەردەکەوێ گەشەی ئایدیۆلۆژیا پێوەندی بە گەشە و چالاکی ئابوورییەوە هەیە. ئەو ئابووریەی چینەکانی ناو کۆمەڵ گەشەی پێدەدەن. ئەم ئایدیۆلۆژیایەیش وەکو نەسەقێکی کۆمەڵایەتی دەردەکەوێت.

ئایدیۆلۆژیا پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە کۆمەڵەوە هەیە. وەکو سێستەمێکی فیکری کۆمەڵ دەردەکەوێ. هەر ئایدیۆلۆژیایەك لەناو کۆمەڵ باڵادەست بێ ئەوا دەزگای سیاسی، یاسایی و ئەدەبی ئاراستە دەکا. کەواتە جیهانبینی ئەو کۆمەڵە بەرانبەر جیهان و مرۆڤەکانی دیکە دروست دەبێ. «لۆسیان گۆڵدمان» بۆچوونی خۆی لەبارەی ئایدیۆلۆژیا وەکو جیهانبینی دەخاتەڕوو. بەڵام زاراوەی جیهانبینی دوای ئەوە هێنایە ناو بواری ڕەخنەی ئەدەبییەوە، کاتێك ئایدیۆلۆژیا بەرە بەرە لە بنیاتی دەق وەدەرنرا. جیهانبینی لای ئەو بریتییە ((لە جۆرێکی دیاریکراوی بیرکردنەوە لە هەلومەرجی تایبەتدا خۆی بەسەر دەستەیەك لە خەڵکی دەسەپێنێت، کە لە بارودۆخێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی هاوبەشدا دەژین. )) [رەسول، ٢٠١٣، ل١٢] ئەگەر بە وردی سەیری ئەم تێڕوانینەی «گۆڵدمان» بکەین، هەمان واتای ئایدیۆلۆژیا دەدات. ئەویش بیرکردنەوەیەکی دیاریکراوە و تایبەتە بە چینێکی ناو کۆمەڵەوە. هاوکات پێوەستی بە بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی دەکاتەوە. بە واتایەکی دیکە ئایدیۆلۆژیای نووسەر هەمان جیهانبینیەتی لەناو دەقدا. کەواتە دەق وابەستەی واقیعی کۆمەڵایەتی دەکرێتەوە. ئەمەیش ئەو باوەڕە ڕەتدەکاتەوە، کە جیهانبینی و ئایدیۆلۆژیا لە یەکدی جیاواز بن. ((هەموو ئەو هەوڵانەی دەیانەوێ جوایەزی لەنێوان ئایدیۆلۆژیا و جیهانبینیدا بکەن، ناتوانن پروپاگەندەی ئەوە بکەن، کە جیهانبینی وێناکردنی تەواوی ئەو واقیعیە، کە لێیەوە هاتۆتەدەر. چونکە توانای وەرگرتنی هەموو ئەو بۆچوونانەی لەناو کۆمەڵدا دەژین نییە، ئەمەیش ڕەهەندێکی ڕێژەیی پێدەبەخشێ. )) [لحمیدانی، ١٩٩١، ص٢٣] کەواتە هەردووکیان ڕێژیەك لە وێناکردنی واقیعیان تێدایە. لێرەدا جیهانبینی وەکو داهێنانێکی تاکەکەسی دەرناکەوێ، بەڵکو وەکو بەرهەمی دەستەیەك خۆی دەردەخا. هاوکات ئایدۆلۆژیا ناتوانێ شتێکی تاکەکەسی بێت، چونکە تایبەت دەبێت بە چینێکی ناو کۆمەڵ.

لێرەدا دەمەوێ بپرسم، پێوەندی نێوان ئایدیۆلۆژیا و دەقی چیرۆك چییە؟ ئایا ئەدەب بە گشتی و چیرۆك بەتایبەتی بەبێ ئایدیۆلۆژیا دەبن؟ زۆر بە سادەیی دەڵێم هیچ دەقێکی چیرۆکی بێ ئایدیۆلۆژیا نییە، بەو واتایەی ئایدیۆلۆژیا بەشداری لە پێکهاتەی جوانیناسانەی دەقی چیرۆك بکا، نەك خۆسەپاندنی ڕاستەوخۆی بەسەر دەقدا. لە کۆنەوە ئایدیۆلۆژیا چ بە واتا کۆنەکەی و چ بە واتا نوێیەکەی ئامادەیی لەناو دەقدا هەبووە. بۆ نموونە دەقی (ئەلیادە و ئۆدێسە)ی «هۆمیرۆس» لەناو خۆیاندا ململانێی باوەڕ و فیکرەکانیان لەخۆ هەڵگرتووە. بۆچوونەکانی «جۆرج لۆکاش» لەمەڕ ڕۆمانی مێژوویی هەوڵێکی تیۆریی مەزنن، کە ئێمە لێرەدا دەتوانین بۆ پێوەندنی نێوان ئایدیۆلۆژیا و چیرۆك سوودی لێوەرگرین. ئەو ڕۆمان بە بەرهەمی بۆرژوازییەت دادەنێ. ئەم بەرهەمە لەسەر شێوەی داستان خۆی پێکهێناوە. جوایەزییەکانی نێوان ڕۆمان(دەقی گێڕانەوەیی) لەگەڵ داستان لەوەدا دەبینێتەوە، پێشتر بە شیعر دەنووسرا و ڕۆمان ئێستا بە پەخشان دەنووسرێ. لە داستاندا پاڵەوانەکان کاری لە توانا بەدەریان دەرکرد، بەڵام لە ڕۆماندا مرۆڤەکان توانیان سنووردار دەکرێ و مرۆڤی ئاسایی ڕۆڵی تێدا دەبینێ. بە بڕوای ئەو ((ڕۆمان ڕەگەزێکی ئەدەبیی دیالێکتیکیە، جەدەلیەتی بەڵێ و نەخێر جێبەجێ دەکا. )) [مجموعە من المولفین، ١٩٨٨، ص٦٨] واتە مرۆڤ لە ڕۆماندا ناتوانی بەسەر واقیعدا زاڵ بێت. ((ڕۆمان دنیای بێ خواوەندەکانە. )) [تادیە، ١٣٩٠، ص١٨٥] لەگەڵ پەیدابوونی بەها ئەخلاقی و ڕۆشنبیریی و کۆمەڵایەتییەکان لەسەردەمی سەرمایەداریدا، هوشیاریی کۆمەڵایەتی دروست دەبێت. جیهانبینی تاکەکان دروست دەبێت. چیدیکە تاك ناتوانێ ململانێی خواوەندەکان بکات، بەڵکو ململانێی چینایەتی دێتە ناوەوە. ئەم ململانێیانە هەنگاو بەرەو ململانێی فیکری و ئایدیۆلۆژی دەکێشن. بۆیەیش ڕۆمان ((شوێنی کۆبوونەوەی ئایدیۆلۆژیاکانە، یان توخمی ئایدیۆلۆژیا چینەکانی ناو کۆمەڵ، کە لە ململانێدان. )) [بلحسن، ١٩٨٤، ص١٠٤] ئەم بۆچوونانە بۆ چیرۆکیش هەر ڕاستن، هەرچەندە چیرۆك بەشێوەیەکی کەمتر لە ڕۆمان، بە هۆی تەسکی کات و ڕووداو و شوێنەکانەوە، ئایدیۆلۆژیاکانی تێدا دەردەکەوێ، لەلایەکی دیکە لە چیرۆکدا ژمارەی کارەکتەرەکان کەمن، بۆیەیش دەرکەوتنی ئایدیۆلۆژیاکان بە شێوەیەکی ڕێژەیی و کەمتر دەبیندرێت.

«ترۆتسکی» لە کتێبی ( ئەدەب و شۆڕش)دا، گرینگی زۆر بە بەهای ئایدیۆلۆژیا لە کاری ئەدەبیدا دەدات. بە بروای ئەو کاری گێڕانەوە بەتایبەتی ڕۆمان وەکو گوتارێکی سیاسی دەردەکەون. بێگومان ئەو تێڕوانینەی ئەو بەهۆی زاڵبوونی ئایدیۆلۆژیای چەپ بوو. بە بڕوای ئەم نووسەرە بۆ ڕاڤەکردنی دەق دەبێ پێوەستی بە واقیع و مێژووی بکەینەوە. دەبێ نووسەر دەق لە خزمەت ئەو ئایدیۆلۆژیایەدا بنووسێ، کە باوەڕی پێیەتی.

ئەوەی لە هەموو ئەمانەدا دەمەوێ بیڵێم، هیچ دەقێك بێ ئایدیۆلۆژیا نییە، بەڵام ئەوەی هەیە چۆن ئەم ئایدیۆلۆژیایە لەناو دەقی ئەدەبیدا دەمەزرێندرێ. ئایا دەق لە کاتی ئەم پرۆسێسەیەدا دەبێتە قوربانی، یان لایەنە هونەرییەکانی خۆی بەسەر ئایدیۆلۆژیاکەدا زاڵ دەکا؟ ئەوەی لێرەدا دەمەوێ کاری لەبارەوە بکەم، چۆن چیرۆکنووسانی ساڵانی پەنجا و شەستی سەتەی ڕابردوو دەقی چیرۆکیان کردوە بە قوربانی ئایدیۆلۆژیای خۆیان. چۆن لایەنی هونەری دەقیان فەرامۆش کردوە لە پێناو ئایدیۆلۆژیاکەیان.

پاری دووەم: چیرۆك وەك ئایدیۆلۆژیا

ململانێی ئایدیۆلۆژیاکان لەناو دەقی چیرۆکدا خزمەت بە تێمە و تەکنیکی دەقی چیرۆك دەکەن. ئەم ململانێیە هەوڵێکە بۆ ئەوەی جیهانبینی و تیڕامانی دەقەکە دەرکەوێت. چەمکی چیرۆك وەک ئایدیۆلۆژیا، چەمکێکە چیرۆکنووس وەکو ئایدیۆلۆژیا دێتە ناو دەق. ئەو دێت ململانێ لەگەڵ ئایدیۆلۆژیاکانی دیکە دەکات. ئایدیۆلۆژیای خۆی بەسەر کۆی فەزای دەقی چیرۆك زاڵ دەکات. ئەمەیش واتە زاڵبوونی جیهانبینی چیرۆکنووس بەسەر جیهانبینی دەقەکە. لە سەرەتای سەتەی بیستەمدا، دوای ئەوەی شۆڕشی چەپ و کرێکاری باڵی بەسەر زۆربەی جیهاندا کێشا، ئەدەبیش وەکو هۆکارێک بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە سوودی لێوەرگیرا. ڕاستە هەر گۆڕانکارییەک لە کۆمەڵگەدا ڕووبدات، کاریگەری لەسەر گۆڕانی ئەدەبیش دەبێت. بۆیەیش خاوەنانی ئەم بۆچوونە پێیانوایە ((کاری ئەدەبی یا هونەری لەڕووی ئایدیۆلۆژییەوە بەرهەمی مێشکی ئادەمیزادە کە ژیانی کۆمەڵێکی تایبەتی عەکس دەکاتەوە. هونەر و ئەدەبی شۆڕشگێڕیش بەرهەمی ئەو هونەرمەند و نووسەرە شۆڕشگێڕانەن کە ژیانی میللەت لە کارەکانیاندا عەکس دەبێتەوە. )) [مەمەند، ١٩٨١، ل٦٦] ڕاستە دەقی ئەدەبی کاریگەری سەردەکەمەی خۆی لەسەر دەبێت، بەڵام ئەو کاریگەرییە دەبێ خزمەت بە تەکنیك و بونیادی دەقەکە بکات، نەك دەقەکە بۆ خزمەتی خۆی بەکاربێنێت. دەقی چیرۆکیش پێوەندی بە کۆمەڵگە و سەردەمەکەی خۆیەوە هەیە، بەڵام ئیشکردن لە بنەمای گێڕانەوەی چیرۆك و تەکنیك و توخمەکانی وەکو دەق ئیشی تێدا دەکرێ، دەقی چیرۆك لە هێندێ قۆناغدا کراوە بە هۆکارێک، بە ئامرازێک بۆ ئەوەی ئایدیۆلۆژیای چینێك، کەسێکی پێ دەرببڕێت. ئەمەیش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بونیادی گێڕانەوە و لایەنی ئێستاتیکی دەقەکە دەبێت. کەواتە بوونی ئایدیۆلۆژیاکان لەناو دەقی چیرۆکدا کارێکی تەواو ئێستاتیکییە، چونکە ((هەموو کارەکتەرێک لەناو جیهانە ئایدیۆلۆژیاکەی دەژی و کار دەکات. )) [باختین، ١٩٨٨، ل١١٣] لێرەدا گۆشەنیگا و بیرکردنەوەی کارەکتەر دەردەکەوێت. کارەکتەر لێرەدا ئازادە لە چۆنیەتی گوزارشتکردنی لە بیرکردنەوە و ئایدیۆلۆژیای خۆی. چیرۆکنووس لەم چیرۆکانەدا ناتوانێ هەژموونی ئایدیۆلۆژیای خۆی بەسەر تەواوی دەقەکەدا بسەپێنێ.

ئاشکرایە لە ساڵانی پەنجا و شەستی سەدەی ڕابردوو، دەقی چیرۆكمان زۆر کەمە، تەنانەت زۆرێک لە ڕەخنەگران ئەم قۆناغە بە قۆناغی سستی و نەهاتی دادەنێنن. بەڵام ئەوە ناگەیەنێت، کە هیچ چیرۆکێکمان نەبێت. نابێ بەهانەیش بۆ چیرۆکنووسانی ئەوکات بهێنینەوە، کە بۆچی چیرۆکی کەمیان نووسیوە، یان بۆ چیرۆکی لاوازیان نووسیوە! بۆ نموونە «حسەین عارف» بەهانەی ئەوە دەهێنێتەوە، کە دوو هۆکار بوونەتە هۆی کەمی دەقی چیرۆك، یەکیان نووچدانی شۆڕشی چواردەی تەمووز و لادانی لە ڕەوتی ئاسایی خۆی و دووەم هەڵگیرسانی شەڕی براکوژی لە دوای ١٩٦١ لەناو کورددا. [عارف، ٢٠١١، ل٥٣] ئەمانە تەنێ بەهانەی نازاستین، ئەی بۆ لەو کاتدا چیرۆکی عەرەبی لەوپەڕی گەشانەوەدا بووە؟ ئەمە ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت چیرۆکنووسی باشمان نەبووە، ئەوەی هەشمان بووە، بەشێوەیەك چیرۆکیان نووسیوە، کە تەکنیك و بونیادی گێڕانەوەی چیرۆکیان بە قوربانی ئایدیۆلۆژیاکەی خۆیان کردووە. خۆ ئەگەر ئەو چیرۆکانەی لەو کات هەمانە لە ڕووی تەکنیك و هونەری چیرۆکەوە لە پلەیەکی ئێستاتیکی و بەرزی هونەریدابان، ئەوە بەسە بۆ ئەوەی بڵێین چیرۆکمان هەن، با ژمارەی چیرۆکەکانیش کەمبووبن. چیرۆکنووسانی ئەو ماوەیە هەموو فۆکسی چیرۆکەکانیان خستبووە سەر دیاردە کۆمەڵایەتییەکان. گوزارشتکردن لەو دیاردانە ببووە خاسیەتێکی دیاری چیرۆکنووسان. ئەمەیش کاریگەری تەواوی لەسەر دەقی چیرۆکەکان دروستکرد، چونکە دەقیان بە قوربانی ئێمە کرد. من باوەڕیشم بەو قسەیە نییە، کە چیرۆکنووسانی ئەو کات ئاگەداری ڕەوتی چیرۆکی دنیا نەبووبن، یان چیرۆکی نەتەوەکانی دیکەیان نەخوێندبێتەوە. بۆ نموونە برایم ئەحمەد، مستەفا ساڵح کەریم، محەمەد مەولوود مەم و ئەمینی میرزا کەریم و چەندانی دیکە لانیکەم عەرەبیان زانیوە. چیرۆکنووسانی وەکو: د. مارف خەزنەدار، د. کاوس قەفتان چەندین ساڵ لە ڕووسیا ژیاون و ڕووسیان زانیوە و ئاگەداری ئەدەبیاتی ڕووسی بوونە، بەڵام چیان کرد؟ دەقەکانیان درێژەپێدەری تەکنیك و فۆڕمی چیرۆکی قۆناغی گۆڤاری گەلاوێژ بوون.

بەشی دووەم: گوتاری ئایدیۆلۆژیای چیرۆکی کوردی(١٩٥٠- ١٩٦٩) 

یەکەم: دەلالەتی ناونیشان

ناونیشان بە دەروازەی یەکەمی چوونە ژوورەوەی خوێنەر بۆ ناو دەق دادەنرێ. خوێنەر دەتوانێ لە ناونیشاندا کۆمەڵێ زانیاریی سەرەتایی لەبارەی چیرۆکەوە دەستبخەیت. ئەو زانیاریانە کۆمەكی باشی خوێنەر بۆ زەمینەسازی بۆ چوونە ناو دەق دەکەن. کەواتە ناونیشان هەر ڕستەیەکی ئاسایی ڕێزمانی نییە، بەڵکو وەکو سیمیۆلۆژییەکان لێی دەنۆڕن بونیاتی دەلالی خۆی هەیە. واتە لە خۆوە ئەو ناونیشانە بۆ دەقەکە نانووسرێ، کۆمەڵێ رەهەندی لە خۆ هەڵگرتووە. ناونیشان ((یەکەم کلیلێکە داخراوەکانی دەقی پێ دەکەیەنەوە، چونکە نیشانەیەکی سیمیۆلۆژییە. دەتوانین هەڵیوەشێنینەوە و وابەستەی دەقی بکەینەوە. )) [فتاح، ١٩٩٠، ص٧٢] ئەم کلیلە دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی هێندێك لایەنی دەقی پێ کەشف بکەین. لەدوای بونیادگەرەکانەوه ناوونیشان پتر بووه جێی سرنجی توێژەران. تەنانەت وەکو زانستێک ناسێنرا (زانستی ناونیشانTitrologie) بەشداری له ڕاڤەکردنی گوتاری ئەدەبی بەتایبەت دەقی گێڕانەوەدا کرد. نووسەرێکی وەکو «لیۆ هۆك» لەبارەی ناونیشانەوه دەڵیت: ((کۆمەڵێ پێوەندی زمانییه (وشه، ڕسته، دەق) هەوڵی چەسپاندنی وێنەی دەق دەدات، ئاماژەیه بۆ پێکهاتەیەکی گشتی، هەروەها بۆ ڕاکێشانی خوێنەر. )) [اشبهون، ٢٠١١، ص١٧] لێرەوه دەزانین چەنده قورسه پێناسەیەکی تەواو بۆ ناونیشان بکەین، بەتایبەت دوای ئەوەی وەکو زانستێك ناسێنرا. لێرەدا من نامەوێ لەڕووی تیۆرییەوە ناونیشان بەرباس بدەم، بەڵکو ئەوەی دەمەوێ ئەنجامی بدەم تا چەند ناونیشانی ئەو چیرۆکانەی لەو ماوەیەی دەستنیشانم کردووە، ئایا ناونیشانی دەلالی و شیعریین؟ ئایا چۆن ئایدیۆلۆژیا کاریگەری لەسەر ناونیشانەکان هەبووە؟

ناونیشان وەكوو ڕەگەزێكی سەرەكیی چیرۆك دەبێ لایەنی هونەری و ئێستاتیكی تێدا هەبێ. تەنانەت ڕەخنەگران بە كورتكراوەی دەقەكەی دادەنێنن. هەوەڵین كاری چیرۆكنووس هەڵبژاردنی ناونیشانێكە، زۆر لە چیرۆكنووسان هەڵبژاردنی ناونیشان بە كارێكی هێندە زەحمەت دادەنێن، كە ماندووبوونێكی زۆری دەوێ. ((ناونیشان نیشانەیە بۆ ئەوەی كێ نووسیویەتی و بۆ كێ نووسراوە. )) [ابوبکر، ١٣٤١، ص١٤٣] یەكەم وشەیەك، ڕستەیەك خوێنەر لە دەقی چیرۆكدا بەری دەكەوێ ناونیشانە، بۆیەیش دەبێ هێندە هونەری بێ، خوێنەر بەرەو ناو چیرۆك ببا. ناونیشانی چیرۆكەكانی كۆمەڵە چیرۆكی (بەرەو ڕۆژ)ی «د. مارف خەزنەدار» هێندە سادەن، لە قسەیەكی ئاسایی دەچن. هیچ گەمەیەكی هونەری و ئێستاتیكی لەم ناونیشانانەدا نییە، تەنانەت لە هێندێك ناونیشاندا یەكڕاست دەزانین چیرۆكەكە لەبارەی چییەوەیە و چ ئایدیۆلۆژیایەك بەسەر تەواوی چیرۆكەكە دا زاڵە. بۆ نموونە چیرۆكەكانی وەكوو: لەپێناوی دڵپاكی دا، دڵداری قەدەغە نییە، پێشوازی خاوەنشكۆ، بە ئامانج گەیشت، ئێوە قارەمانن، خەنجەر و قەڵەم كامەیان؟، سوێندنی بەچكەشێران. . . تاد. چیرۆكەكان زۆربەیان لەبارەی دیاردەی كۆمەڵایەتین و چارەسەریان بۆ ئەم دیاردانە لەژێر كاریگەری ئایدیۆلۆژیایەكی دیاریكراودا كردووە. ئاشكرایە ئەو دیاردانەیش هێندە زەق و دیارن گێڕانەوەیان بە شێوەی چیرۆك هێندەی لایەنی واقیعی بەسەر فەزای چیرۆكەكەدا زاڵ دەبێ، بوار بۆ تەكنیك و لایەنی هونەری ناهێڵێتەوە.

ناونیشانی چیرۆكەكانی (مەم) هەمان شێوە، هێندە ئاشكرا و ئایدیۆلۆژی نووسراون، خوێنەر بەبێ ماندووبوون دەزانێ، چ بیركردنەوەیەك لە پشتی ئەم ناونیشانانەوە هەیە. بۆ نموونە: برسیەتی بەهێزترە، باركەین لە گوند، كارمان دەوێ. . . تاد. ئەم بەستنەوەی ناونیشانی دەق بە ئایدیۆلۆژیایەكی دیاریكراو، كاریگەری لەسەر لایەنی هونەریی ناونیشانەكە دەبێت. لێرەوە دەمەوێ بڵێم، ناونیشان بچووكردنەوەی دەقە لە دێڕێك، ڕستەیەك، وشەیەك، چیرۆكنووس كاتێك ئەم وشە و ڕستەیە بە ئایدیۆلۆژیایەك بارگاوی دەكات، خوێنەر جودا لە یەك زانیاری چیدیكەی دەست ناكەوێت. تاکە هۆکاری ئەمەیش چیرۆکنووسە، بەهۆی زاڵبوونی ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراوە بەسەر شێوازی بیرکردنەوە و نووسینیدا. بۆ نموونە ناونیشانی چیرۆکی (دڵداری قەدەغە نییە)ی «د. مارف» لە ڕستەیەك پێکهاتووە، ڕستەیەک واتای تەواومان دەداتێ. لەڕێی ئەم ناونیشانەوە دەزانین تێمەی چیرۆکەکە بریتییە لەوەی کچێک و کوڕێك دڵداری دەکەن، بەڵام دابونەریت و یاسا کۆمەڵایەتییەکان ڕێ بەم شێوازە نادەن، بۆیەیش چیرۆکنووس دەیەوێ بیسەلمێنێ ئەگەر تاکەکانی کۆمەڵگە هەڵگری بیری چەپ بن، ئەوا دڵداری نێوان کوڕ و کچ ئاسایی دەبێت. کەواتە ناونیشانەکەیشی خستۆتە خزمەت ئایدیۆلۆژیاکەی، لێرەدایە شیعرییەتی ناونیشان دەکوژرێت، چونکە لەژێر هەژموونی تەواوی بیرکردنەوەی چیرۆکنووسدایە. ئەم ناونیشانە ڕاستەوخۆیانە ئەو کات وەکو مۆدێلێک بووە، بەبێ ئەوەی چیرۆکنووسان گرینگی بە کاریگەری ناونیشان بدەن. چیرۆکی (ئەنجامی کچفرۆشی) ی[بێگەرد، ١٩٥٨] «ڕەئوف بێگەرد، ناونیشانەکە، قسەیەکی ئاسایییە، بەبێ ئەوەی هیچ گەمەیەکی زمانیی و هونەری تێدا کرابێت. یەکڕاست خوێنەر دەزانێت، چیرۆکەکە لەبارەی قەدەغەکردنی دڵدارییەوە و باوکی کچە، کچەکە بە کەسێکی دیکە دەدا، کە کچە حەزی پێناکات، ئەمەیش وەکو کچفرۆشی لێكدەدرێتەوە و لە ئەنجامدا کچە و کوڕە دەکوژرێن. هەموو هەوڵی چیرۆکنووسان چارەسەرکردنی دیاردە کۆمەڵایەتییەکان لەبەر ڕۆشنایی ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراودا بووە، بەبێ ئەوەی گوێ بە لایەنی تەکنیك و هونەری چیرۆك بدەن. خۆ «چیخۆف» و «گی دی مۆپاسان»نیش شێواز و زمانی چیرۆکیان سادە و ڕاستەوخۆیە، بەڵام گرینگیان بە وشە داوە، هەوڵیناداوە زمانەکەیان هێندە چڕ بێت، هیچ وشەیەکی زیادەی تێدا نەبێت. ئەوەی من تێبینم کردووە، ناونیشان تێمەی زۆربەی چیرۆکی چیرکنووسانی ئەو ماوەیە، ڕەنگداوە و کاریگەری زۆری چیرۆکنووسە چەپەکانی ڕووسیای پێوە دیارە. دیارە ئەمەیش بۆ هاوئایدیۆلۆژی زۆرێك لەو چیرۆکنووسە کوردانە لەگەڵ ئەوان دەگەڕێتەوە.

وەکو دەڵێن مشتێك نموونەی خەروارێکە، زۆربەی هەرە زۆری ناونیشانی چیرۆکەکانی ئەو ماوەیە، ناونیشانی سادەن، وەکو ڕاستەیەکی ئاسایی دەردەکەون، بەبێ ئەوەی چیرۆکنووس هەوڵی لەگەڵدابن. بە واتایەکی دیکە خاڵین لە شیعرییەت، ئەمەیش وا دەکات ئەو ناونیشانانە وەکو دەلالەتێکی ئەدەبی دەرنەکەون، بەڵکوو وەکو قسەیەکی سادە بن. ئەم سادەییە کاریگەری لەسەر چیای خوێنەر دەبێت، خوێنەرێك ئاگەداری تەکینك و هونەری ناونیشان بێت، یان خوێنەرێکی هووشیار و بە سەلیقە، کاتێک بەر ئەم ناونیشانانە دەکەوێ، وا دەکات لە خوێندنەوەی چیرۆکەکە دوورکەوێتەوە، چونکە یەکێك لە ئەرکەکانی ناونیشان ڕاکێشانی خوێنەرە بۆ خوێندنەوەی چیرۆکەکە. زاڵبوونی ئایدیۆلۆژیای چیرۆکنووس بەسەر تەواوی دەقی چیرۆکی ئەو ماوەیە و ناونیشانیش وەکو ڕەگەزێکی دەق، وا دەکات ڕەهەندی ئەدەبی و هونەری لە دەست بدات، چونکە گەمەی زمانیی ئەگەر لەنێوان وشەکانی ناونیشاندا هەبوون، ئەوا دالەکان لەگەڵ یەکدی جۆرێك لە ڕیتم و ئێستاتیکا بە ناونیشانەکە دەبەخشن. ڕاستە لەلایەك ناونیشانەکان پێوەندیان بە سەردەمەکەوە هەیە، بەڵام ئەمە نەبۆتە گۆڕانکاری لە ناونیشانەکان، هەرچەندە شۆڕشی چواردەی تەمووز ڕوودەدا، شۆڕشی ئەیلوول هەڵدەگیرسێ، بەڵام ڕۆنانی ناونیشان هەر لەژێر هەژموونی ئایدیۆلۆژیا و دەسەڵاتی چیرۆکنووسدا دەبێت. هەرچەندە ناونیشانەکان واقیعیین، بەڵام مەدوولیان لێ نابێتەوە. بۆ نموونە چیرۆکی (خەنجەر و قەڵەم کامەیان؟)ی «د. مارف»، خەنجەر دەلالەتی شەڕ و نەزانینە و قەڵەمیش دەلالەتی زانست، دەبینین هەر یەکەیان لە یەك مەدلوول پتریان لێ هەڵناهێنجرێت. ئەمەیە ناونیشان لەڕووی هونەرییەوە لاواز دەکات. 

دووەم: دەسەڵاتی واقیع

ئاشکرایە واقیع یەکێکە لە سەرچاوەکانی دەقی چیرۆك، بەڵام کاتێك واقیع وەکو کەرەسەیەك بۆ ئافراندنی دەقی چیرۆك سوودی لێوەردەگیرێ، لەناو چیرۆکدا دەبێتە واقیعێکی دیکە. بە واتایەکی دیکە ئەو واقیعە نابێ دەسەڵاتی تەواوی بەسەر دەقەکەدا هەبێت. ڕاستەوخۆ گواستنەوەی ململانێ کۆمەڵایەتییەکان و واقیع بۆ ناو دەق، کاریگەری لەسەر لایەنی هونەری دەقی چیرۆك دەبێت، بەوەی خوێنەر خۆی لەناو ئەو واقیعەدا دەژیەت، پێویستی بە هەمان واقیع لەناو دەقدا نییە، چونکە دیویەتی و لەناویدا دەژی. بۆیەیش خوێنەر پێویستی بە واقیعێکە لەناو دەقدا، کە جودا بێ لەو واقیعیەی تێیدا دەژی. «ئالان ڕۆب گرێ» جوانی نووسیوە، کە دەڵێت: ((دەبێ خوێنەر بەو شتە بزانێ، کە لەبارەی جیهان نووسراوە، بەڵام جیهانی ئەو نییە. بەڵکوو حەز دەکا جیهانی ئەو بێت. )) [ئالان ڕۆب گرێ، ٢٠٠٨، ل٣٦] دەقەکانی «بەلزاك، چیخۆف، مەکسیم گۆرکی. . . تاد» پڕن لەو شتانەی پێوەندیان بە واقیع و جیهانەوە هەیە، خوێنەر پێیان ئاشنایە، بەڵام بەشێوەیەك کاریان تێدا کراوە، وەکو ئەوە وایە خوێنەر ئەم شتەی هەبێت، بەڵام بە هەمان شێوە نییە.

یەکێك لە لاوازییە هونەرییەکانی دەقی چیرۆکی ئەو ماوەیە لای چیرۆکنووسانی کورد، زاڵبوونی دەسەڵاتی واقیعە بەسەر فەزای دەقەکەدا. ئەمەیش بۆ دەستوەردانی چیرۆکنووس لە چیرۆکەکەی دەگەڕێتەوە. دەمەوێ بڵێم چیرۆکنووس هێندەی لە خەمی گواستنەوەی دیاردە کۆمەڵایەتی و ئایدیۆلۆژیاکان بووە، هێندە لە خەمی تەکنیك و هونەری گێڕانەوەی چیرۆکەکەی نەبووە. چیرۆکنووسەکان ئەو دەلالەتەیان خستۆتەڕوو، کە دۆزراونەتەوە، نەك دەلالەتێك، کە هێشتا نەدۆزراوەتەوە. منیش درك بەوە دەکەم ئەوان دەیانویست واقیعی کۆمەڵایەتی بگوازنەوە، چیرۆکنووسان ویستویانە ئەدەب ئاوێنەی کۆمەڵگە بێت. ئەوان واقیعێك بە چیرۆك نیشان دەدەن، کە هەیە. ڕەخنەگرێكی وەكوو «لۆسیان گۆڵدمەن» بەرهەمی ئەدەبی وابەستەی واقیعێكی كۆمەڵایەتی دەكاتەوە. ((ئەو واقیعە چینایەتیەی، كە نووسەرێك تێیدا دەژی لە بونیادی زەینی نووسەرەكەدا ڕەنگ دەداتەوە، لە كاتی بەرهەمهێنانی دەقێكی ئەدەبیدا. نووسەر جیهانبینی ئەو گرووپە كۆمەڵایەتییەی تێیدا دەژی دەخاتە ڕوو. )) [خشفە، ١٩٩٧، ص٤٤] دەبینین جیهانبینی زۆر لە چواچێوەی ئایدیۆلۆژیا فراوانترە. هەرچەندە تێڕوانینەكەی (گۆڵدمان) ئەوەیە، كە ئەدەب پێوەست بە چین و دەستەی كۆمەڵگە بكاتەوە، بەڵام زۆر لەوە فراوانترە، كە ئایدیۆلۆژیا لە ئەدەبدا دەیكات. ئەوەشمان لە بیرە، ئەم فەیلەسووفە بیركردنەوە و تیۆرەكەی لەژێر كاریگەری بۆچوونەكانی (كاڕڵ ماركس، هیگڵ، فرۆید، لۆكاش و باختین) داڕشتوە. راستە ئەدەب پێوەست بە كۆمەڵگە دەكاتەوە، بەڵام هەمیشە ئەوەی لە بیرە، ئەدەب سەربەخۆیی و سرووشتی خۆی لە دەست نەدات. واتە دەكرێ لە ڕێی ئەدەبەوە ئێمە لێكۆڵینەوە لە كۆمەڵ و كۆمەڵگە بكەین. بۆیەیش دەبینین ئێستاش لە زانكۆكانی (سۆربۆن) ئەدەب كەرەسەیەكە بۆ لێكۆڵینەوەی سۆسیۆلۆژی.

مەبەستمان لە دەسەڵاتی واقیع هەر ئەوە نییە چیرۆکنووس، واقیعی وەکو خۆی گواستۆتەوە، بەڵکوو ئەوەیشە، چیرۆک بووتە بەیاننامەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئایدیۆلۆژی. ئەویش بە گوزارشتکردن لە دیاردە کۆمەڵایەتییەکان. ئەمەیش بۆ ئەو وەهمەی چیرۆکنووس دەگەڕێتەوە لەو کات، کە خۆی وەکو چاکسازێکی کۆمەڵایەتی دەبینی. چیرۆکی (کارمان دەوێ)ی «محەمەد مەولوود مەم» چیرۆکێکە لەبارەی ژیانی قوتابی و کرێکار. واقیع و شێوەی بەیاننامەیی دەقەکە بەتەواوی فۆرم و شیوازی گێڕانەوەی داگیر کردووە. بەشێوەیەك خوێنەری هووشیار نازانێ چیرۆك دەخوێنێتەوە بەڵکوو هەر لە بەیاننامە و هوتاف دەچێت. ((لە ژوورەکەی سەرۆکی شارەوانی دەچوونە پێش! باڵیان دەکرد بە باڵی یەکتردا، تاوەکو ژوورەکەیان ئابلوقەدا! دووبارە دەنگ و هەرایان لەناو داڵانەکە و بەزۆری لەبەر دەرگای سەرۆك بەرز دەبووەوە. هەر کرێکارە، بە توڕەییەوە. . دەینەڕاند، مانای نەبەزی و توندی. . خۆ لەبەرگرتن لە دەنگەکانیان دیاری دەدا. . ئاڵقە دیوارەکەی دەوری ژوورەکەش. . نیشانەی یەکگرتنی پۆڵایینی ئەو کرێکارانە بو.

هەموو دەیان نەڕاننەدا، بەیەکدەنگ بانگیان دەکرد:

• کارمان. . . دەوێ. .

• نانمان دەوێ. . )) [مەم، ١٩٨٤، ل٩٢]

شێوەی گێڕانەوەکە هێندە سادەیە، فۆرمی گێڕانەوەی لاواز کردووە، هاوکات لە وتارێک دەچێت، لە هوتافی چاکسازی دەچێت. ململانێی ئایایدۆلۆژی لەگەڵ واقیع دەسەڵاتی تەواوی بەسەر دەقەکەدا هەیە، بازنەی هاوسۆزی بۆ چاکسازی کۆمەڵایەتی لەبەر ڕۆشنایی بنەما واقیعی و ئایدیۆلۆژییەکانی ئیشتراکییەت باڵی بەسەر دەقەکەدا کێشاوە. لێرەدا دەق با ئامانج کراوە، ئامانجێکی ئایدیۆلۆژی و کۆمەڵایەتی پێدەربڕاوە. ڕاستە چیرۆکنووس هەوڵیداوە ئەرکی هووشیارکردنەوەی خەڵک ببینێ بە پیشاندانی برینەکان، بەڵام لەلایەکی دیکە گێڕانەوە و گوتاری دەق بە قوربانی ئەو ئەرکە کراوە، ئەمەیش وایکرد ڕەنگدانەوەی تەواوی واقیع بێت، هاوکات گوزارشت بێت لە چینێکی دیاریکراوی ناو کۆمەڵگە. تەنانەت لەم چیرۆکە پێوەندی نێوان کارەکتەرەکان پێوەندی ئازار و چینایەتییە. چینی قوتابی و کرێکار یەك دەردیان هەیە، بۆیەیش هەوڵدان و تێکۆشانیان یەك هەوڵدان و تێکۆشانە، خاوەنی خۆیان نین.

«د. مارف» لە چیرۆکی (بۆمبا و قوتابخانە)دا وەکو ئەوەی ڕووداوێکی ژیانی واقیعمان بۆ بگێڕێتەوە، ڕووداوەکان بەدوای یەکدا ڕیز دەکا. ((ئەم قوتابخانەیە لە پێش جەنگی دووەمی گێتی دا کرابووەوە، میری سەرپەرشتی دەکرد، لە بنجدا بۆ مەبەستی خوێندنی منداڵی ئاغا و کەسوکار و نزیکەکانیان کرابووەوە. کوڕەی گەورەی ئاغا چوار ساڵ لەو قوتابخانەیەی خوێندبوو. لە پاشانا لە شار خوێندنی تەواو کرد، ئەوجا قۆناغی خوێندنی زانستگای لە بەغدا بە ئەنجام گەیاند و بوو بە ئەوقات{محامی})) [خەزنەدار، ٢٠٠٦، ل١٠٣] لەم ڕستانەدا هیچ گێڕانەوەیەك نابینین، وەکو باسێکی واقیعی خۆی پیشان دەدات. ئەمەیش بۆ ئەزموون و بیرکردنەوەی چیرۆکنووس لەبارەی چیرۆکەوە دەگەڕێتەوە. بەوەی لەو باوەڕەدایە دەبێ پێوەندی نێوان کارەکتەر و واقیع لەسەر بنەمای کۆمەڵایەتی و ئابووری بێت. بە بروای ئێمە چیرۆکنووسانی ئەوکات تاکە مەیدان و پانتایییەك بۆ دەربڕینی دیاردە کۆمەڵایەتییەکان، مەیدانی ئایدیۆلۆژیا چەپ بووە، ئەو ئایدیۆلۆژیایەشیان بە تاکە چارەسەر داناوە، بۆیەیش هەموو لایەنێکی ئێستاتیکی هونەرییان لە چیرۆك بە قوربانی ئەو ئایدیۆلۆژیایە کردبوو. ((گوڵێ وایدەزانی جەنگ بووە هۆی داخستنی قوتابخانەکە، چونکە شەروشۆر لە دەرەوەی گوندەکەیان بوو. هەندرێ جاریش سەربازی میری بەسەر ئاواییەکەیان دا دەدا، کیژۆڵە نەیدەزانی دەسەڵاتی ئاغا قوتابخانەکەی داخستووە، لەپاش ئەوەی پێویستی پێ نەماوە. )) [خەزنەدار، ٢٠٠٦، ل١٠٣] هیچ خەیاڵێك، نوختەیەك گوزارشت لە خەیاڵ بکات لەم پەرەگرافەدا نابینینەوە، ئەویش لەبەر ئەوەی واقیع دەسەڵاتی تەواوی بەسەر دەقەکەدا هەیە، هەموو لایەنەکانی دیکەی بۆ خۆی قۆرخ کردووە. ئەم قۆرخکردنە دەبێتە لاوازکردنی دەقەکە.

سێیەم: دەسەڵاتی ئایدیۆلۆژیا

 ئایدیۆلۆژیا وەکو چەمکێکی هونەری ڕۆڵی گەورەی لە بەرهەمهێنانی ئیستاتیکای دەقدا هەیە، بەتایبەت لە دەقی گێڕانەوەییدا ئەگەر ئازادی تەواو بە کارکتەرەکان بدرێت خاوەن ئایدیۆلۆژیای خۆیان بن و هاوکات گوزارشتی لێبکەن. كەواتە دەبێ هێندە بە ئاگایییەوە هەڵسوكەوتی لەگەڵ بكەین، دەنا دەتوانێ بمانخاتە ژێر كاریگەری خۆی. هاوكات چۆنی بوێ ئاوا ئاراستەمان بكات. لەلای «باختین» هەموو وشەیەك ئایدیۆلۆژیایەكی لە پشتە. واتە هەموو وشەیەك نیشانەیەكە، ئەو نیشانەیە یەكسانە بە نیشانەیەكی ئایدیۆلۆژی. واتە زمان پرۆسێسەیەكی قسەكردنە بۆ ئاگاییی تاك. ئەوەی ئەم ڕەخنەگرە بەرباسی دەدا، مەبەست لێی پێوەندییەكی بەهێز لەنێوان زمان و ئایدیۆلۆژیادا هەیە. بوونی كۆمەڵایەتی بە شێوەی جوایەز ئامادەیی لەناو ئاگایییماندا هەیە. بۆیەیش وشە كەرەسەیەكە بۆ گوزارشت كردن لە خۆمان. ئەم ڕەخنەگرە ئەم ئایدیۆلۆژیایەی لەسەر بونیادی كۆمەڵایەتی دامەزراوە، بە هەنگاوی یەكەم دادەنێ بۆ دروستبوونی دیالۆگ. لەوێوەیش فرەدەنگی ڕۆمان سەرهەڵدەدا.

ئەدەبێك بارگاوی بە ئایدیۆلۆژیا، ئەدەبێكی زۆر هەژارە. ناكرێ دەقێكی سەرشار بە ئایدیۆلۆژیا بە ئەدەبێكی هونەریی نێو ببەین، بەڵكوو دەكرێ بە نیمچە ئەدەبی هەژمار بكەین. ئەدەبی ئایدیۆلۆژی ئەدەبێكە، خزمەت بە حیزب، سیاسەت دەكات. ئەم ئەدەبە لە نێوەڕۆكدا هەڵگری درووشمەكانی حیزبە، ئایدیۆلۆژیایەكی دیاریكراوە. لە كورتیدا ئایدیۆلۆژیایەكە ئەدەبی وەكوو كەرەسەیەك بە كار هێناوە. نووسەری دەقی ئەدەبی ئایدیۆلۆژی، لە هەوڵی سەپاندنی ئایدیۆلۆژیاكەی خۆیەتی بەسەر خوێنەردا، هیچ بوارێك بۆ بیركردنەوەی خوێنەر ناهێڵێتەوە. لەلایەکی دیکە هیچ بەرهەمەێكی ئەدەبی بێ ئایدیۆلۆژیا نابێ، بەڵام نابێ لایەنی هونەر و تەكنیك بە قوربانی بكرێ. ئەوە ڕۆمانی (دایك)ی «مەكسیم گۆركی» تژییە لە ئایدیۆلۆژیا. هەموو دەقێك پشتخانێكی ئایدیۆلۆژی هەیە، بەڵام ئەمە ناكرێ ڕاستەوخۆ دەرببڕدرێ، بەڵكوو وەكوو «گریماس» ئاماژەی بۆ دەكا، دەبێ لە ئەنجامی هەڵوەشاندنەوەی پێكهاتەی دەقەكە ئەو گەردە ئایدیۆلۆژیانە دەركەون، لەوێدایە خوێنەر لەئەنجامی لێكدانی ئەو گەردانە ئایدیۆلۆژیا ناو دەقەكەی بۆ ڕوون دەبێتەوە. بۆیەیش ئەم ڕەخنەگرە لەو بڕوایەدایە ((ئایدیۆلۆژیای دەق لە سەرچاوەكەیەوە نییە، بەڵكوو لەو هێزەیەتی، كە دەلالەتە بارگاوییەكان بە ئایدیۆلۆژیا، دەگۆڕێ. )) [سمیر مرزوقی و شاكر جمیل، ص١١٨] ئایدیۆلۆژیا ڕۆڵی گرینگی لە ئافراندنی ئێستاتیكای دەق هەیە، بە مەرجێ دەسەڵاتی خۆی بەسەر تێمە و لایەنە هونەرییەكانی دەقدا زاڵ نەكات. ئەگەر ئایدیۆلۆژیا بە شێوەیەكی فراوان ئامادەیی هەبوو، كەواتە چیرۆكنووس ئامادەیی هەیە. بەپێی تیۆرە تازەكانی ڕەخنەیش ئەمە كوشتنی مەدلوولاتی دەقە.

چیرۆکەکانی ئەم ماوەیە، تاكتاكیان نەبێت، دەنا هەموویان ئایدیۆلۆژیا خنکاندوونی. بەشێوەیەك ئایدیۆلۆژیا دەسەڵاتی بەسەر تەواوی فەزای چیرۆکەکەدا گرتووە، لە وتارێکی ئایدیۆلۆژی دەچین. زۆر جار ئایدیۆلۆژیا وەکو پەیام خۆی دەنوێنێ. لە چیرۆکی (لە سایەی شەریعەتدا)ی «د. مارف»دا پەیام و دژایەتی چیرۆکنووس بۆ دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی دەردەکەوێت. ((هێشتا تەمەنی غەزاڵ لە چواردە تێپەڕی نەکردبوو، کە کوێخا کەریم کردی بە شایی و زەماوەند، بۆ غەزاڵ هەر ئەمە بوو کە دەستووری خودایە، دەبی مێردی ئەو هەر حەسەنی ئامۆزای بێ. وەکو لە پاش چەند ساڵێکی ترا خانەگوڵی ئامۆزاشی دەبێتە ژنی حوسێنی برای، با حەمەسابیری مام پیرۆت لە ئاقڵتر و قۆزتر بێ. )) [خەزنەدار، ٢٠٠٦، ل٣٠] چیرۆکنووس بۆ ئەوەی پەیامی ئەوە بە خەڵك بگەیەنێ، کە ئەم دابونەریتە کارێکی ناشرین و دوور لە هەموو یاسایەکە، بەڵام چیرۆکنووس لەڕێی ئەو پەیامەوە دەیەوێ دژایەتی خۆی بۆ ئایین و شەریعەت دەردەبڕێت. لێرەدا خوێنەر، یان ڕەخنەگر ناتوانێ هیچ مەدلوولێکی دیکە لەو چیرۆکە هەڵێنجێت، چونکە خوێنەر بە یەك مەدلوولەوە بەستراوەتەوە. کەواتە ئەمە کلیلدانی بیر و هزری خوێنەرە، خوێنەر ناتوانێ لەو جیهانبینییەی چیرۆكنووس لەناو چیرۆکەکەدا هەیەتی دەرچێت. ئەمە زاڵکردنی ئایدیۆلۆژیا و بیرکردنەوەی خۆیەتی بەسەر دەقدا. ئەم شێوازە بەردەوامی هەمان شێوازی نووسینی چیرۆکە لە گۆڤاری گەلاوێژ. چیرۆکی (بارکەین. . لە گوند)ی «محەمەد مەولوود مەم» بە هەمان شێوە بەهۆی پیشاندانی ژیانی گوند، فۆرم و شێوازی گێڕانەوەی چیرۆکەکەی کوشتووە. ((دەفەرموو لەبەر خاتری مەکتەب. ئەوا خەریکە ژیان دەدۆڕێنین!! دەفەرموو با چارەێیکی خۆمان و منداڵەکانمان بکەین. . هەی قوڕ بەسەر!!یاللە تا ڕۆژ ماوە بابچین دوو پشتیە دار بێنین و نانی ئیمڕۆیان بۆ پەیدا بکەین، لە پاشدانیش ڕێگا و تەگبیرێک بدۆزینەوە بۆ ڕزگارکردنی خۆمان لەم دۆزەخ و تەنگانەیە!! دەی. . دەی)) [مەم، ١٩٨٤، ل٤٥] چیرۆکنووس لەڕێی ئەم چیرۆکەوە دەیەوێ باسی قوتابخانە لەسەردەمی پاشایەتیدا بکات، بەوەی ئەوکات حکوومەت قوتابخانەی لە گوندەکان دەکردەوە تاکوو منداڵەکان بخوێنن، بەمەیش خیزانە جووتیارەکان پەکیان دەکەوت و حکوومەتیش یارمەتی قوتابییەکانی نەدەدا. تاکە مەبەستی چیرۆکنووس هەوڵدانە بۆ ناشریکردنی دەسەڵاتی پاشایەتی، چونکە پێچەوانەی بیرکردنەوە و هزری ئەوە. تەنانەت لەم چیرۆکانەدا چیرۆکنووس دەسەڵاتی تەواوی خۆی بەسەر کارەکتەردا دەسەپێنێ. ((دەستگرتنی نووسەر بەسەر كەسایەتیدا، بە واتا: خنكاندنی دەنگی تایبەتیان، زەوتكردنی دەسەڵاتی گێڕانەوەیە، ئەمەش سەپاندنی گۆشەنیگا و هەڵوێستی نووسەرەكەیە، بەسەر خوێنەردا لەلایەك و لەلایەكی دیكەوە، كپكردن و تاساندنی دەنگە جوداكانی بەرهەمەكەشە. )) [سەڕاج، ٢٠٠٧، ل٤٧] كاتێك بیركردنەوەی چرۆكنووس بەسەر كارەكتەری چیرۆك دەسەپێنێ، یەكەم شتێك ڕۆڵی كارەكتەر دەكوژێت. بە واتەی ئەوەی تەنێ یەك كارەكتەر ڕۆڵی دەبێت، ئەویش دەبێتە نوێنەر و هەڵگری بیری چیرۆكنووس. ڕۆڵی كارەكتەرەكانی دیكە و دەنگیان كپ دەكرێت. بەمەیش فرەدەنگی ناو چیرۆك دەكوژێت. دەق دەبێتە شتێك، کە نەتوانێت سنووری ئایدیۆلۆژیا تێپەڕ بکات، هەموو توخمەکانی ناو دەق لێرەدا دەخرێنە خزمەت ئایدیۆلۆژیاکەوە. ئەم دەقانە هەوڵێکن بۆ ڕەخنەگرتن لە کۆمەڵگە، دەیەوێ کۆمەڵگە بەو ئاراستەیەدا ببات، کە ئایدیۆلۆژیاکەی خۆی دەیەوێت، هاوکات بە تاکە چارەسەری دیاردە و کیشەکانی ناو کۆمەڵگەی دادەنێت. 

چوارەم: کوشتنی بیرکردنەوەی تاك

چیرۆکەکانی ئەم ماوەیە کار لەبارەی یەك چینی كۆمەڵگەوە دەكات. هوشیاریی مرۆڤ لە چوارچێوەیەكی دیاریكراو قەتیس دەكات. ئەم قەتیسكردنە كار دەكاتە سەر دەقی ئەدەبی. ئەم ئەدەبە دژە چەوسانەوەیە، چەوسانەوەیش چەمكێكی جیهانییە، واتە تایبەت نییە بە وڵاتێك، كورت ناكرێتەوە تەنێ لە یەك وڵات و نەتەوە. ئایدیۆلۆژیا تەنێ یەك چینی ناو كۆمەڵگە بە چەوساوە دادەنێ. لە دەرەوەی ئەو ئایدیۆلۆژیای خۆی، ئەوانیتر ڕەتدەكاتەوە.

لە چیرۆكەكانی «د. مارف»دا تەنێ یەك، ڕژێم بە چەوسێنەر و داگیركەر دادەنێ، یەك لایەن تاوانبار دەكا. لە چیرۆكی (نێرگس فرۆش!)دا ئازایەتی جەنگاوەری كورد لە شەڕی بەردەقارەمان نیشان دەدا. بەڵام دەبینین ئەو بەرگرییە و ئازایەتییە تایبەت بە ڕەنگ و ئایدیۆلۆژیایەك دەكات. ((ئازاد و شێرزاد لەسەر زگ پاڵ كەوتبوون، لە كونی بەینی هەردوو تاشە بەردەكەی سەر لووتكەی دەربەند پاسەوانی ڕێگەی ناو دۆڵەكەیان دەكرد. ئازاد دەسەسرە سوورەكەی لە باغەڵی دەرهێنا و لە پشتەوە بە جەنگاوەرەكانی پیشاندا. . . )) [خەزنەدار، ٢٠٠٦، ل١٢٥] ئیشكردنی چیرۆكنووس لەسەر درووستكردنی هوشیاریی لەلای تاكی كورد، بەوەی لە ناوچەی (تەكیە) و بەردەقارەمان، جەنگاوەرانی كورد، بە ڕابەرایەتی (شێخی نەمر) ڕێگریان لە هاتنی سووپای ئینگلیز بۆ ناو شاری سلێمانی كرد. هوشیاریی بەرگری و مێژووی بەرگری كورد بۆ تاكی كورد پیشان دەدا. هاوكات ئەم هوشیاریی بەرگرییە بە نیشانەیەك بارگاوی دەكات. لە پەرەگرافەكە (دەسەسڕی سوور) هاتوە، كە ئاماژەیە بۆ ئاڵای شیوعیەت و سێستەمی كۆمۆنیزم. واتە بەرگرییەكەی بە ئایدیۆلۆژی كردوە. ئەمەش كوشتنی هوشیاریی تاكە، چونكێ تاك دەگاتە ئەو بڕوایەی ئەوە سێستەمی كۆمۆنیزم و شیوعیەتە بەرگری دەكات. واتە بیركردنەوەی تاك لەبارەی نەتەوەییەوە قەتیس دەكات. ئەو هوشیارییەی دەیەوێ لەبارەی دوژمنەوە بیدات، بە تەواوی ناگات. جۆرە وەهمێك سەبارەت بە جەنگاوەرانی بەرگری لەلای تاك درووست دەبێ، بەوەی قارەمانی و جەنگاوەری تەنێ لە یەك ئایدیۆلۆژیادا كورت دەكاتەوە. كەچی ئەوەی (شێخی نەمر) كردویەتی، جگە لە بەرگرییەكی نەتەوەیی چیدی نەبوە، لە دەرەوەی بیركردنەوەیەكی تایبەت. ڕەنگە (شێخی نەمر) باوەڕیكی ئایینی لە پشتییەوە بێ و لایەنگری عوسمانییەكانی كردبێ. ئەو شۆڕش و بەرەنگارییە بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات نەبوە، بەڵكوو بابەتەكە پێوەندی بە ماف و ئازادی و ڕزگاریی نەتەوەیییەوە هەبوە. «ئەلبێر كامۆ» لە یاداشتەكانی خۆیدا، چەند ڕستەیەكی «لارنس» لەبارەی شۆڕشەوە یادنووس كردوە. ((نابێت شۆڕش بكەیت تا چینێك دەسەڵات بگرێتە دەست، بەڵكو دەبێ شۆڕش بكەیت تا دەرفەتێك بۆ ژیان بخولقێنیت. )) [کامۆ، ٢٠١٤، ل٢٣٩] هەرچی شۆڕشی سوور بوو، تەنێ بۆ دەسەڵات هەوڵی دەدا، چونكی هەموومان ئەزموونی ئەو دەسەڵاتەمان بینی. یەكەم كارێك ئەو دەسەڵاتە لە سۆڤیەت كاری لەبارەوە كرد، هەموو ئەدەبیاتی نووسراوی ئەوكاتە دەبوایە لەبارەی شۆڕش وچینی كرێكار و سەركردەوە بێ. ڕەنگە یاخیبوونی (پاستێرناك) باشترین نموونە بێ لەو سێستەمە.

هەر لەمبارەیەوە چیرۆکی (ئەمەیە بەشمان)ی «د. کاوس قەفتان» و (دز نیم)ی «سەلاح محەمەد» باس لە چەوسانەوەی کرێکاری کورد دەکات. بەڵام باسی کێشەی کرێکار وەکو مرۆڤ ناکات، بەڵکو کرێکار وەکو هەڵگری ئایدیۆلۆژیا چەپ دەکەن. تەنانەت بەستنەوەی خەباتی کورد بە خەباتی کۆمۆنیزم لە چیرۆکی (زڕەی زنجیر)ی «مستەفا ساڵح کەریم» و (ڕێگای خەبات)ی «ئەمینی میرزا کەریم» کاری لەبارەوە کراوە. هەموو ئەم دەقانە کراون بە قوربانی پەیامێك و ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو.

(مەم) لە چیرۆكی (ئاواتی. . . قوتابییەك)دا لەبارەی ئاساییبوونی چوونی كچ بۆ شۆڕش و بوون بە خەباتكار. بەڵام نموونەی كچانی ڤێتنام دەهێنێتەوە. ڕاستە ڤێتنامییەكان دژی داگیركاری ئەمریكا دەجەنگان. بەڵام سێستەمی شیوعیەت و كۆمۆنیزم دەسەڵاتی هەبوو.

((- كەنگی لە وڵاتی ئێمە. . كچ. . كچیش چوونەتە ڕیزی كوڕەكان. . لە مەیدانی خەباتی چەكدار. . لە هەموو مەیدانێكی دیكەش دا؟

كە رەوشەن ئەئاوا لێكی دەدایەوە هەست و بیری لەبوو لای (ئێلزا) و (زۆیا) و كچە قارەمانەكەی ڤێتنام چوو. . سنووری ئاواتی ڕاستەقینەی خۆیشی لەبەر چاو ڕوون بوەوە. )) [مەم، ١٩٨٤، ل٢٥٤] ڕاستە ئەم چیرۆكە كار لەبارەی هۆشیاریی تاكەوە دەكات. هوشیاریی ئەوەی بەڵێ، كچیش بۆی هەیە، بەشداری لە خەباتی بەرگری و چەكداری بۆ ڕزگاری نەتەوەیی بكات. ئەمە بۆ سەردەمێك، كە لە شەستەكانی سەتەی ڕابردوو نووسراوە، كارێكی بە بایەخە، بەڵام ئەو بەشدارییەی كچان بە ئایدیۆلۆژی دەكات. واتە نموونەی بەشداری كچان تەنێ بە كچانی ڤێتنام دەهێنێتەوە، كە لەوێ سێستەمی كۆمۆنیزم حوكم دەكات. دەكرێ نموونەی لە وڵاتانی دیكە بهێنابایەوە، كە تووشی داگیركاری بوونە و كچانیش بەشداریەكی كارایان هەبوە. ئایدیۆلۆژیا ڕێكخستنێكە، كۆمەڵێك بیروڕای سیاسی، كۆمەڵایەتی، فیكری و ئابووری لە خۆیدا هەڵگرتوە. ئەمە لە بیركردنەوە ماركسییەكەوە. ئەمانە لەناو هۆشیاریی و ئاگایی مرۆڤەكاندا هەن. تەنانەت (ماركس و ئەنگڵس) ئایدیۆلۆژیا بە پرۆسێسەیەكی ئاگایی ساختەی هەژمار دەكەن. بۆ نموونە «ئەنگڵس» دەڵێت: ((ئایدیۆلۆژیا پرۆسێسەیەكە، بیرمەند بە ئاگایییەكی ساختەوە ئەزموونی دەكات. )) [غورفیتش، ١٩٩٩، ص٢٠] هەرچەندە «ماركس» ئایدیۆلۆژیا بە نەسەقێك بۆ نموونەی ئابووری، كۆمەڵایەتی، فیكری دەگەڕێنێتەوە. ئاگایی تاكەكان لەناو ئەو نەسەقانە دەژین و ململانێ دەكەن، بەر یەكدەكەون. ئەو ململامێیەی نێوان چینەكانی ناو كۆمەڵگا، ئایدیۆلۆژیا زاڵ بەرهەم دەهێنێت. بە واتەی ئەوەی كام چین هەیمەنەتی ئابووریی و دەسەڵاتی خۆی زاڵكرد، ئەوا هێزی ڕووحی خۆیشی زاڵ دەكات. واتە «ماركس» ئەو ئاگایییە ساختە بە بەهێزی چینێكی ناو كۆمەڵگە لە ڕووی مادییەوە دەبەستێتەوە. ئەگەر هەر چینێك ئەو بەهێزیەیان لەكن پەیدا بوو، یان دەستیان خست ئەوا دەتوانن، كاریگەری و هەژموونیان بەسەر كۆمەڵگەوە هەبێت. ئەو چینەی، كە پارە و ئابووری دەكەوێتە ژێر دەست، چینی (بۆرژوازییە)، كە كۆمەڵی ئاگایی جوایەز بەرهەم دێنێت. ئەمەیش هۆكارێكە بۆ بەرهەمهێنای (پرۆلیتاریا)، كە دەست بەسەر بەرهەمی خەڵكدا دەگرێت. ئەم چینەیش ئاگایی و هوشیاریی ساختە بەرهەم دێنی. ڕاستە ئایدیۆلۆژیای ماركسی و لینین كاریگەری گەورەی لەسەر هوشیاریی تاك لە زۆربەی وڵاتاندا هەبوو، بەڵام دواتر هەر ئەو ئادیۆلۆژیایە، دەقی ئەدەبی بۆ درووشمەكانی خۆی خستەكار. دەبوایە دەق ڕەنگدانەوەی درووشمەكانی ئەم بێت. بۆ نموونە شەڕە نووسینی نێوان ڕوانگەیی و نەیارەكانیان لە ئەدەبی كوردیدا، تەنێ لەسەر ئەوە بوو، ماركسییەكان هەموو ڕەخنەیەكیان لە ڕوانگەییەكان ئەوە بوو، ئەدەبەكەیان ڕەنگدانەوەی بیری چەپ نییە.

 

ئەنجام:

١. ئایدیۆلۆژیا بنەمایەکی گرینگە لە دەقی چیرۆکدا، تەنانەت هیچ دەقێك بێ ئایدیۆلۆژیا نییە، بەڵام نابی دەق بە قوربانی ئایدیۆلۆژیا بکرێت.

٢. چیرۆکنووسانی ئەم ماوەیە چیرۆك وەكوو كەرەسەیەك بۆ گەیاندنی درووشم و یاساكانی خۆیان بە كار دەهێنێن. بەمەیش چیرۆکی لاوازمان دەبێت، چونكە ئەو چیرۆکانە تەنێ وەسیلەیەكن، سادە دەبێتەوە، لە هەموو تەكنیك و هونەرێك دادەماڵدرێ.

٣. گوتاری چیرۆکەکانی ئەم ماوەیە لە زۆربەیاندا گوتارێکی ئایدیۆلۆژییە، وەکو پەیامێک چیرۆکنووس لە خزمەتکردنی ئایدیۆلۆژیای چینێکی دیاریکراو بە کاری دەهێنێت.

٤. لە چیرۆکی ئەو ماوەیەدا ئایدیۆلۆژیا کاریگەری تەواوی لەسەر توخمەکانی وەکو: کارکتەر، ڕووداو، فەزا و زمانی چیرۆك کردووە. هەموو ئەمانەی لەڕووی هونەرییەوە لاواز کردووە.

سەرچاوەکان:

کتێبی کوردی:

١. ئالان ڕۆب گرێ و کەسانی تر، ٢٠٠٨، ڕۆمان و واقیع، و: سەڵاح عومەر، دەزگای سەردەم، سلێمانی.

٢. بێگەرد، ڕەئوف، ١٩٥٨، ئەنجامی کچفرۆشی، چیرۆك، گۆڤاری هەتاو، ژمارە ١٣٢.

٣. خەزنەدار، د. مارف، ٢٠٠٦، بەرەوڕۆژ، کتێبفرۆشی سۆران، سلێمانی.

٤. رەسول حەمەد رەسول، ٢٠١٣، جیهانبینی لە ڕۆمانی کوردیدا، نامەی ماستەر، زانکۆی سلێمانی.

٥. سەڕاج، عەبدوڵڵا، ٢٠٠٧، بەرەو ئاستانەی ڕۆمان و گۆشەنیگاكان، دەزگای سەردەم، سلێمانی.

٦. کامۆ، ئەلبێر، ٢٠١٤، یاداشتەكان، و:پێشڕەو حوسێن، بەرگی یەكەم، دەزگای سەردەم، چاپخانەی تاران.

٧. عارف، حسەین، ٢٠١١، نووسینەکانم لەبواری ڕەخنە و لێکۆڵێنەوەدا، ئاراس، هەولێر.

٨. مەمەند، کەمال، ١٩٨١، چەند وتارێک دەربارەی ئەدەب و ڕەخنەی کوردی، چاپخانەی الحوادث، بەغدا.

٩. مەم، محەمەد مەولود، ١٩٨٤، چیرۆکەکانی مەم، ئەمینداری گشتی و ڕۆشنبیری و لاوانی ناوچەی کوردستان، بەرگی دووەم.

کتێبی عەرەبی:

١٠. ابوبكر محمد بن یحی الصولی، ١٣٤١هجری، ابد الكتاب، المكتبە الغربیە، بغداد، الطبعە السلفیە.

١١. اشبهون، عبدالمالك، ٢٠١١، العنوان فی الروایە العربیە، النالیا للدراسات والنشر والتوزیع، سوریا.

١٢. خشفە، محمد ندیم، ١٩٩٧، تاصیل النص، مركز الانماء الحضاری.

١٣. سمیر مرزوقی و شاكر جمیل، مدخل إلی نظریە القصە، - الدار التونسیە للنشر- دیوان المطبوعات الجامعیە- الجزائر.

١٤. فتاح، محمد، ١٩٩٠، دینامیە النص- تنظیر و ایجاز-، المركز الثقافی العربی، ط٢، الدار البیظاء.

١٥. غورفیتش، جورج، ١٩٩٩، المعانی المتعدد للایدیولوجیا فی المارکسیە، الادیولوجیا- دفاتر الفلسفیە، ترجمە: محمد سبیلا و عبدالسلام بنعبد العالی، دار التوبقال، المغرب.

١٦. مارکس- انجلز، الادیولوجیا الالمانیە، الادیولوجیا- دفاتر الفلسفیە.

١٧. لحمیدانی، حمید، ١٩٩١، النقد الروائی والایدیولوجیا- من سوسیولوجیا الروایە الی سوسیولوجیا النص الروائی- المرکز الثقافی العربی، بیروت.

١٨. مجموعە من المولفین، ١٩٨٨، الروایە والواقع، ترجمە: رشید بن حدو، دار البیضاء.

١٩. بلحسن، عمار، ١٩٨٤، الادب والایدیولوجیا، الموسسە الوطنیە للکتاب، الجزائر.

٢٠. باختین، میخاییل، ١٩٨٨، الکلمە فی الروایە، ت:یوسف الحلاق، منشورات وزارە الثقافە، دمشق.

کتێبی فارسی:

٢١. تادیە، ژان ایو، ١٣٩٠، نقد ادبی در قرن بیستم، ترجمە: مشهید نونهالی، نیلوفر، تهران، چاپ دوم.