ئەندێشەکانى ڕزگار

زاموا محەمەد
Aug 7, 2017

ئەم بابەتە لە پێشبڕکێی چیرۆکی بیستەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ بەشدار بووە.

مانگ مێخەکبەندێکى زیویی بوو بەسەر کەواى ڕەشی ئاسمانەوە، ئەستێرەکان نقێمى ئیلاهیی بوون، ئوتووەکەى خودا چەسپاندبوونی. لەسەر سووچی کووچەى یەکێک لە گەڕِەکە مەلوولەکانى ئەم شارە، چەرخی خانوویەکى غەمگین پەنجا ساڵ دەبوو تەقەڵی لە غەزەلەکانى زەمەن دەدا، وەک چۆن دوگمەکانى کیبۆردەکەى و پەنجەکانى ڕزگار، وەک ئەوەى بیانەوێت پێش کات بکەون، سێ ڕۆژ دەبوو لە یەکێک لە هۆدەکانى ئەو خانووە غەمگینەدا هەدادانیان لێ بڕابوو. بوتڵێک ویسکیی لەلاى خۆیەوە دانابوو، بەرامبەر ڕەسمە گەورەکەى سێرڤانتس، خۆی لەسەر کورسییەک و لابتۆپەکەى لەسەر مێزێک، سەرقاڵی نووسینی چیرۆکێکبوو. هێند شێتانە دەینووسی، ئینسان هەستی دەکرد لە ئانوساتدا تەواوى زمان بەکاردەبات و وشە لە مرۆڤایەتیی دەبڕێت، تاکو ئەم ڕووداوانە هەڵبداتە ڕووباری مێژووەوە:

 

خوداى کات

خۆر ئەشکەنجەى شەقام بە شەقامی شاری دەدا. دوانیوەڕۆبوو، بەسەر ئەو شۆستانەدا ڕێمدەکرد کە دوو هێندەى نووسەران و شاعیرانمان دەسووتان و دەبرژان، گەر یەکێکبوومایە لە نووسەرانی شارەکەمان، دەمگوت: (دەمتوانی هاوار و ناڵەی زبڵدان و عاموود و قیری شەقامەکە ببیستم کاتێک لە خواى گەورە دەپاڕێنەوە تا قوتاریان بکات، یان فێنکیان بکاتەوە). لە ڕاستییدا ئێرە دەستپێکى چیرۆکەکەى منە بەڵام ناتوانم بڵێم سەرەتایەتى، چونکە هەموو چیرۆکەکان یەک سەرەتایان هەیە، یان هیچ سەرەتایەکیان نییە، بەڵام بێکۆتا دەستپێکیان هەیە. ماوەیەکى زۆر بەر لەوەى خوداى کاتیش بێت بۆ لام، من گومانێکى سەیرم سەبارەت بە دەستپێک و سەرەتا لا درووست ببوو، گەیشتبوومە ئەو بڕوایەی کە چیرۆکنووسان تا ئێستا تەنها دەستپێکیان نووسیوە، بەبێ ئەوەى بتوانن پەی بە سەرەتا ببەن. سەرەتا ئەو جێیەیە کە هەموو شتێک لێوەى دەستپێدەکات، دەشێت مرۆڤیش لەپێناو گەڕان و دۆزینەوەى ئەو سەرەتایەدا یەکەم چیرۆکى خۆی ڕێکخستبێت و گێڕابێتیەوە، چیرۆکنووسین هەوڵی ئینسانبووە بۆ دۆزینەوە ئەو سەرەتایەی کە لەبیری کردووە، بەڵام دواتر کەوتووەتە فریوی دەستپێکەوە و سەفەری دوورودرێژی خۆی بەشوێن سەرەتادا لەیادکردووە، هەر لێرەشەوە چیرۆک بەو مانایەی کە ئێمە ئێستا درکی پێ دەکەین سەری هەڵداوە. گەر چیرۆکنووس و حیکایەتبێژان وێڵەدووى سەرەتاکان بن دەبێت هەموو گێڕانەوەیەکیان بە کەوتنە خوارەوەى ئادەم، یان بە هاتنەدەرەوەى یەکەم زیندەوەری وشکاوەکیی لە زەریاکانى داروینەوە دەست پێ بکات. داپیرە ناچار دەبێت هەموو چیرۆکى پەرەسەندنى مرۆڤ، یان کۆى بەسەرهاتى ئادەم و کوڕەکانى بگێڕێتەوە، ئینجا بڵێت:»باوکى کوڕەلەتە سێ ژنى هەبوو، ئەم سێ ژنە هیچیان منداڵیان نەدەبوو»، تەنها و تەنها لەو حاڵەتەشدا حیکایەتەکەى داپیرەمان دەبێتە خاوەنی سەرەتا.

خوداى کات ناوى کرۆنۆسە، ریشێکى درێژی ماشوبرنجیی هەیە و خەنجەرێکى کووڕی داسئاسای بەدەستەوەیە، هەفتەیەک بەر لەو دوانیوەڕۆ گەرمەى من تێیدا بەرەو ئۆفیسی دەستگاى (کتێب و سەرمایە) بەڕێکەوتبووم، کە دامەزراوەیەکبوو تایبەت بە چاپ و بڵاوکردنەوەى کتێب، لە شەوێکى بێدەنگ و بێ ئەستێرەدا دابەزیە لام. ئەو شەوە من لە ژوورەکەم دانیشتبووم و تەماشای ئەرشیڤی چەندین ساڵ لەوەوپێشی خێزانەکەمانم دەکرد، ڤیدیۆیەکم کردبووەوە کە بە کامێراکەى حسێنى خاڵم تۆمارکرابوو، لە سەیرانێکبووین کە بە بۆنەی یەکەم هاتنەوەى ئەوەوە لە هەندەران ڕێکمانخستبوو. لە ڤیدیۆکەدا من کامێراکەم بە دەستەوەیە و دایکم تۆمار دەکەم کاتێک شووتیی بۆ خاڵم قاش دەکات، هەتاوێکى تەنک خۆیداوە بەسەر ئێمە و حەسیرەکەى ژێرمان و دەشتە سەوزەکەى چواردەورماندا، نەسیمێکى فێنک قژی دایکم و دەرقاچی شەرواڵەکەى خاڵم و سەوزەگیاکە دەلەرزێنێت و بە نەرمیی ختووکەى هەموومان دەدات، پاشان خۆی دەکات بە کونیلەکانى بیستۆکى کامێراکەدا، تا لە داهاتوودا لە سپیکەری کۆمپیوتەرەکەمەوە بێتەوە دەرەوە. خاڵە حسێنم وەک زۆربەى خاڵەکانى تری ئەم وڵاتە خۆی بە سەروەر و بەرپرسیاری خوشکەزاکانى دەزانێت، لەبارەى خوو و ڕەوشتی منەوە لە دایکم دەپرسێت، دایکیشم وەڵامى دەداتەوە: «وەڵا حسێن گیان لەو خوایە بەزیابێ عەیبی نییە، بەس لەوەتەى ئەم کتێب و شتە ئەخوێنێتەوە فێربووە ئەڵێ من کوڕی عەباسم. » من لە پشتی کامێراکەوە خۆم هەڵدەقوورتێنم و دەڵێم:»عەباس نا دایە، عەبەس، عەبەسیەت عەبەسیەت. » دایکیشم لەو کاتەدا کە ڕوو دەکاتە من، هەردوو شانی هەڵدەتەکێنێت و چەقۆکەى لەدەست بەردەبێتەوە بۆ سەر سینییەکەی بەردەمى و دەڵێت:»ئێ کوڕی خۆم ئەو باوکە داماوەى خۆت عەیبی چییە؟ بۆ حاشای لێ ئەکەى؟».

ساڵانێکى خۆش بوون، گەرچی من لەو زەمەنەدا نەمدەزانی عەبەسییەت چییە و لەکوێوە دێت، بەڵام وەکو هەر گەنجێک کە خوێنەرێکى سەرەتاییە و چەند کتێبێکى باشی خوێندووەتەوە، ژیانی ڕۆژانەم لە لا بێنرخ ببوو و دەمویست بێباکیی خۆم بەرامبەر سەراپای بوون دەرببڕم، بە کۆمیدیایەکى ڕەش لەگەڵ هەموو ناشیرینیی و ئازارەکاندا شەڕم دەکرد و گاڵتەم بە هەموو شتێک دەکرد، بە باش و بەد، بە جوان و ناشیرینەوە. وەک هەر تاکێکی تری ئەو سەردەمەش خزمانى دەرەوەى وڵاتم بە زیرەکتر و زاناتر دەزانی و نەمدەویست ڕوانینێکى خراپ یان بەدحاڵییبوونێکیان بەرامبەر بە من هەبێت، هەر بۆیە خاڵیشمم بە ڕۆشنبیرتر دادەنا و وام مەزەندە دەکرد کە بزانێت عەبەسییەت چییە و تەنانەت خۆشی عەبەس بێت، گەرچی ئێستاشی لەسەر بێت من درووست نازانم عەبەسییەت چییە.

بۆ ئەوەى لە هەر ڤیدیۆیەکدا قووڵببیتەوە پێویستە لە تاریکییدا بیبینیت، جەوهەر دەبێت لە زوڵمەتدا بپشکنرێت، هەر لەبەر ئەوەش من کردبوومە عادەت لە کاتى تەماشاکردنى هەر دیمەنێکى جووڵاودا گڵۆپ بکوژێنمەوە، ئەو شەوەش کە لە تاریکیەکەدا بۆ یەکەمجار هەستم کرد لە هۆدەکەدا تەنێکى تریش جگە لە خۆم بوونى هەیە، بە وەهمم زانیی و بڕیارمدا فەرامۆشی بکەم، بەڵام چرکە دواى چرکە هەستەکەم پەرەى دەسەند تا گەیشتە ئەو ئاستەى کە دڵنیابووم جگە لە من کەسێکى تریش لەو ژوورەدا هەناسە دەدات. هەستام تا گڵۆپەکان هەڵبکەم و کۆتایی بە دڕدۆنگییەکەم بهێنم و بگەڕێمەوە سەر کورسیەکەم. سویچەکەم هەڵکرد و دڵنیابوومەوە کە هەر خۆم لە هۆدەکەدام، کوژاندمەوە و بە بێزاریی گەڕامەوە سەر سەندەڵیەکەم، هەر کە دانیشتم ڕاستەوخۆ گڵۆپەکان هەڵبوونەوە، پیاوێکى کەتەى بازووئەستووری باڵدار دەستی بە پلاکەکەوە بوو، ریشە درێژە ڕەساسییەکەى هێندەى تر دەیترساندم. هەستم دەکرد کە هەوا لە سینەمدا بووەتە تۆپێکى پلاستیک و سەرناکەوێت، بیرم لەوە کردەوە کە لە پەنجەرەکەوە هەڵبێم و ڕاستەوخۆ لە خوارەوە هاوار بۆ ئەوانى تریش بکەم تا ڕابکەنە دەرەوە، بەڵام دڵنیاشبووم ئەگەر لەوێ و لە نهۆمی دووەمەوە خۆم فڕێ بدەم هەرگیز ناژیم، کە سەیری خەنجەری چەماوەى دەستی پیاوەکەشم دەکرد ڕاستەوخۆ ئەو مانشێتەم بیردەکەوتەوە کە بەرەبەیانی هەمان ڕۆژ لە ڕۆژنامەیەکدا خوێندبوومەوە:»لە سەدا حەفتاى ئەو دزانەى دەدەن بەسەر ماڵاندا، بە چەکى بڕندە خاوەنماڵەکان دەکوژن. » ئەمەش هێندەى تر دەیترساندم. بێگومان گوزەرانى هەموو ئەم بیرکردنەوە و ترسانەش لە مێشکی مندا کەمتر لە چرکەیەکی خایاند، وەلێ وا ئێستا بە چەندین دێڕ توانیم بۆ ئێوەی بەیان بکەم. گێڕانەوە کشاندنی بیرۆکە و ئەندێشەکانە زیاتر لەوەى نووسینەوەیان بێت، ڕەنگیشە ئاگاداربن کە ئەمە تێزی دوکتۆراکەی منە.

- مەترسە و ئارامبە ئەى رزگار نەوزاد، من هیچ نیازێکى خراپم نییە، مرۆڤ پێم دەڵێن کرۆنۆس، من خودای کاتم، چەرخی زۆدیاک دەسووڕێنمەوە.

(بێگومان، تەواوە، خودایەک کە چەرخی هەموو گەردوون بە دەستی بسووڕێنێتەوە هەر دەبێت پەلئەستوور و چوارشانەبێت، دیارە ئەم دزە زۆر شەیدای ئوستوورەى یۆنانییە) بیرم لەمە دەکردەوە و هیچم پێ گۆ نەدەکرا، ئەو دەستی کردەوە بە قسەکردن.

- دەزانم باوەڕم پێ ناکەیت، بەڵام بۆت دەسەلمێنم ئەی ڕزگار نەوزاد. من کە خوداى کاتم، پێت ڕادەگەیەنم کە چوار چرکەى تر شەمشەمەکوێرەیەک خۆی دەماڵێت بە جامى پەنجەرەکەتدا.

(نا، بەو ڕادەیەش نا، شێتیی و شەیدابوونیش سنووری هەیە) ڕستەگەلێکى لەم بابەتە بە زەینمدا هاتوچوونیانبوو کاتێک لە کاتژمێری سەر دیوارەکەم دەڕوانی. سێ چرکە تێپەڕی و ئاوڕم بۆ پەنجەرەکە دایەوە، لە سەری چوارەم چرکەدا شەمشەمەکوێرەیەک خۆی بە شووشەکەدا کێشا و هەڵفریەوە، لەگەڵ خۆشیدا شپرزەییەک تا ڕادەی شێتبوونی بۆ من هێنا، چونکە ئیدی نەمدەزانى لە دزێکى خەنجەربەدەست بترسم کە هاتووەتە ژوورەکەمەوە، یان لە خوداى کاتی میتۆلۆژیای یۆنانیی بترسم کە لە ڕابردوودا زەکەری باوکى بڕیوەتەوە و منداڵەکانى خۆی خواردووە و ئێستاش لە ژوورەکەى مندایە.

- ئێستا کاتمان نییە بۆ گومان ئەى ڕزگار نەوزاد. مەترسییەکى گەورە خۆی بۆ مێژوو مەڵاسداوە، من کە خوداى کاتم، کوڕی ئۆرانوسم و کوڕم زیوسە، تۆم هەڵبژاردووە تا یارمەتیم بدەیت.

- بەڵێ منیش کەمێک هیسیۆدم خوێندووەتەوە، ئەزانم باوکت کێیە و کوڕت کێ. مەترسیی چی و یارمەتیی چی؟

- کوڕی خۆم، شەو و ڕۆژێکى ئیلاهیی خەریکی ئەزبەرکردنى ئەم چەند دێڕەبووم، بۆیە پێم مەبڕە تا تەواو دەبم و سەرم لێ تێک مەدە. . . ئەی ڕزگار نەوزاد، لە بەرزاییەکانى فەلەکەوە، لە ناوجەرگەى هەوای زوڵاڵی نەمرەکانەوە من دێم، تا لە مەترسییەکی بەد ئاگادارت بکەمەوە. مەترسییەک ڕەشتر لە ڕەشیی هەموو شەوەکانى مێژوو، شەوانێک ئەستوورتر لەو شەوەى تێیدا تۆوی هێراکلیس چێندرا. سوپایەک لە زوڵمەت بە ئەسپی کەحیل و شمشێری فیقاردارەوە بەرەو شارەکەت کەوتوونە ڕێ، بیابان لەژێر پێیاندا دەتوێتەوە و ئاو لەتاویان دەسووتێ، نوور لەبەر شەڕەنگێزییان ڕەش هەڵدەگەڕێ و ڕووبار لەترسیان دەوەستێ. کتێبییان بەرهەمى خاک و ئاو و ئاگر و هەوایە و بەرهەمی هیچیشیان نییە، خودایان زادەى هەرەم و زەقوورە و هێرایە و زادەى هیچیشیان نییە. لەشکرێکن دژی جوانیی، عەداوەتێکى لەمێژینەیان لەگەڵ هونەر و مێژوودا هەیە، خۆراکیان بۆنی دەستنووس و کتێبی سووتاوە و گەمەیان بەردبارانکردنى زانا و شاعیرانە. ئەوان بەڕێوەن و دێن، ئەوەى بەرهەمی بیرکردنەوە و جوانیی بێت خاپووری دەکەن، کتێبخانەکان بە کتێبکانەوە دەسووتێنن، شاعیران و زانایان بە دەفتەرشیعر و مسۆدەکانیانەوە بەردباران دەکەن. کتێب، کە تاکە بەرهەمی مرۆڤە شایەنى شانازیی بێت، کە تاکە ئامرازە ئینسان لە ئاژەڵ و خوداکان جودابکاتەوە، دووژمنی ئەوانە و دەبێت لەناوى ببەن. خوداکانیش وەک مرۆڤ پێویستیان بە کتێبە تا لەم دونیایەدا درێژە بە حوزووری خۆیان بدەن، من تۆم هەڵبژاردووە تا ماریفەتی نەتەوەکەت لە فەوتان ڕزگار بکەیت، تا شتێک پێشکەش بە نەوەى داهاتوو بکەیت بیخوێننەوە، تا بیرۆکەیاکیان پێ ببەخشیت باسی بکەن. پاشتر من هەموو وردەکارییەکانت پێ دەڵێم، بەڵام من خودام، بۆ ئەوەى دەسەڵات و بوونم هەبێ لە لات پێویستە باوەڕم پێ بهێنیت.

- بەڵێ کاک کرۆنۆس، هین، بڵێم خوداى پیرۆزی کات. . . ببورە نازانم بەچی بانگت بکەم. بەڵام دەتوانم شتێک بپرسم؟

- بپرسە و مەترسە ئەى ڕزگار نەوزاد.

- ئایا ڕاستە کە باوکت ئێوەى لەناو گایای دایکتاندا بەند کردبوو، هەموو جارێک بە فالووسە مەزنەکەى ئێوەى پاڵ دەنایەوە ناو سکی دایکتان و ئەم کارەشی بە شەهوانیەتێکى زۆرەوە دەکرد؟ ئەى ڕاستە کە ڕۆژێکیان گایا لەمە بێزار بوو و مادەى ئادامۆسی لە جەستەى خۆی هێنایە دەرەوە کە ڕەقترین مادەی گەردوونە و خەنجەرێکى چەماوەى لێ درووستکرد؟ دەڵێن گایا داوا لە منداڵەکانى دەکات کە بەو خەنجەرە کووڕە باوکى خۆیان بکوژن، بەڵام ئەوان وەک تۆ ناتوانن ببنە بکوژی باوکیان و لێی دەترسن، ئیدی جەنابت خەنجەرەکە وەردەگریت و چووکى باوکى خۆتی پێ دەبڕیتەوە، ئەمە ڕوویدا؟ هەروەها دەگوترێت: لەسەر بنەڕەتی پێشبینییە هەرە دێرینەکە، کە گوایە ڕۆژێک یەکێک لە منداڵەکانى تۆ بەسەرتدا هەڵدەگەڕێتەوە، وەک چۆن تۆ بەسەر باوکتدا هەڵگەڕایتەوە، جەنابی موبارەکت هەموو منداڵەکانى خۆت دەخۆیت، زیۆس نەبێت، کە هیرای خێزانت لەبری ئەو بەردێکت دەداتێ و تۆش بێ ئاگا تێدەکەویت و بەردەکە قووت دەدەیت، پاشان زیۆسیش لە شۆڕشە بەناوبانگەکەیدا تۆ و تایتنەکانى تر دەنێرێت بۆ تارتارۆس، ئەى ئەمیان تا چەندێک ڕاستە؟

- قسەى قۆڕ!. . . ئاه ببوورە، خودا دەبێت وەک خودایەک قسە بکات. . . ئەى ڕزگار نەوزاد، ئەگەر چوارگۆشە بیگوتایە منیش خودام هەیە، ئەوا بێگومانم کە خوداى چوارگۆشە چوار لای دەبوو. بەدرێژایی مێژوو مرۆڤ بەپێی ئەندێشە و دەروونی خۆیان وێنەى ئێمەى خودایانیان کردووە، خودا ئاوێنەى دەروونى مرۆڤبووە، ئینسان نەفسى خۆی خستە بەر ئاوێنەیەکى قۆقز و وێنەدانەوەکەى ناونا خودا، ئەو خودایانەى تۆ لە بارەیانەوە خوێندووتەتەوە هیچ نین جگە لە ڕەنگدانەوەى پەنهانترین هەستەکانى مرۆڤ، لە ڕق و لە حەز، سەرکەشیی و لوتبەرزیی، لەو هەستانەى کە بە بێ ئەوەی ئاگاداربێت خاوەنیان بووە، وەک خواستى هەڵگەڕانەوە لە باوک و پەرستنى دایک و خواردنى نەوەکان و جووتبوون لەگەڵ خوشکوبرادا. وەلێ کۆمەڵێک حەقیقەت هەن کە واباشترە بە نەزانراویی بمێننەوە.

- خوایە دەڵێی تۆش فرۆیدت خوێندووەتەوە!

- ئێستا دەمى ئەم قسانە نییە، ئەدەبیاتى نەتەوەیەک چاوەڕوانە تۆ ڕزگارى بکەیت ئەى ڕزگار نەوزاد.

- ئاخر من نووسەر نیم، تا ئێستا تاقە دەقێکیشم بڵاو نەبووەتەوە.

- تۆ گومانەکانت هێندەى ئۆقیانووسەکانە و یەقینت لە نووکە دەرزییەک بچووکترە، ڕابوردوو بەو باوکە دەزانیت کە ناچاری ئۆدیبئاسا بیکوژیت، ئەوەندەى منیش ئاگام لە مێژوو بێت، ئەمە خەسڵەتی هەموو نووسەرە باشەکانبووە ئەى ڕزگار نەوزاد.

- بەڵام پێم بڵێ چی بکەم، خۆ دەبێت یارمەتیەکم بدەیت، ئەی خوداى کات.

- خۆت دەزانیت دەبێت چی بکەیت، هزری نووسەران ئاڵۆزە و نەکردەیە هیچ کەسێک پەیان پێ ببات یان یارمەتییان بدات، ئەى ڕزگار نەوزاد.

هەر ئەم قسانەش بوون کە هەفتەیەک دواتر خەیاڵیان سەرقاڵ کردبووم، کاتێک داخڵی بیناى (کتێب و سەرمایە) بووم. سەرەتا پرسگەیەکى فێنکى بچکۆلە بوو، لەوێ کچێکى ناسکۆڵە فەرمووى لێ کردم، ناوى خۆمم پێ گوت و ئاراستەى ژووری بەڕێوەبەری کردم. ماوەیەک بەر لە ئەوسا یەکەم کتێبی خۆمم بۆ ناردبوون بەو ئومێدەوە کە چاپی بکەن، کۆمەڵە چیرۆکێکبوو بە ناوى (شازادەى خێوە لاقەکراوەکان)ەوە، هەستم دەکرد ئەو کتێبە فیگەرێکى نوێ دەهێنێتە ناو ئەدەبی ئێمەوە، من لەو چیرۆکەدا ڕووکەشم فەرامۆش کردبوو و کارم لەسەر قوڵایی دەکرد، بەوەشدا کە ئەدەبی ئێمە ئەدەبی ڕووکەش و قسەی جوان و نەستەقە زیاتر لەوەى ئەدەبی ماناى پەنهان و بیرکردنەوە بێت، کتێبی گوتنەکانە زیاتر لەوەى کتێبی نەگوتنەکان بێت، بە جۆرێک لە جۆرەکان دڵنیابووم کە ڕەد دەکرێتەوە. ئەمەش شتێکى باش دەبوو بۆ من، چونکە ئەو ڕۆژە من بەرەو دەستگاکە بەڕێکەوتبووم تا پێیان ڕابگەینم کە ژیوان بوومەتەوە لە چاپکردنى ئەو کتێبە، لەبەر ئەوەى خوداى کات ئاگادارى کردبوومەوە، پێی گوتبووم کە ئەو لەشکرە هەرکات گەیشتن یەکدەفعە هەموو کتێبنووسەکان دەکوژن، گەر منیش کتێبێکم لە بازاردا هەبایە، ئەوا بێگومان دەدۆزرامەوە و دەکوژرام و لەگەڵ منیشدا دواین ئومێدى ئەدەبیاتى نەتەوەیەک دەسووتێندرا.

ئۆفیسی بەڕێوەبەر ژوورێکى گەورە بوو، دیوارەکانى هەموو شێڵڤی کتێبی دانسقە و گرانبەها بوون، کتێبەکان بە تەرزێکى قەشەنگ ڕێکخرابوون و هەموو دەبریقانەوە، دەتگوت کارمەندێک بەتایبەتیی بۆ پاککردنەوە و ڕێکخستنى ئەو کتێبانە دانراوە. لەو جۆرە مەکتەبانەبوو کە من پێیان دەڵێم کتێبخانەى مردوو، چونکە ڕەفەکانى وەک گۆڕی کتێب وەهان، کتێب لە کتێبخانە ڕێک و جوانەکاندا دەنێژرێت و کەس نایخوێنێتەوە، کتێبخانەى مەزنى ڕێکخراو لای من نیشانەى تەمبەڵییبوو لە خوێندنەوەدا. بەڕیوەبەر پێشوازیی کردم و داواى لێ کردم دابنیشم، وەک هەموو پیاوێکى تری خاوەن پلە لەم مەملەکەتەدا، واى نیشاندا کە منی بیر نییە و یادم ناکاتەوە، تا بیسەلمێنێت زۆر لەوە سەرقاڵتر و ماندووترە کە کتێبێکى بچکۆلانەى نووسەرێکى هەرزەى گەنج لە یادگەیدا جێی خۆی بکاتەوە. ئیدی من ناوى خۆم و کتێبەکەم هێنایەوە یادی، چەند لاپەڕەیەکى دەفتەرەکەى بەردەمى ئەمدیو و ئەودیو کرد، پاشان بیری کەوتەوە. بەر لەوەى من لە پاشگەزبوونەوەى خۆم ئاگاداری بکەمەوە، دەستى کرد بە دوان:

- کوڕی خۆم، ئێمە هەمیشە ئیهتیمام بە نووسەری گەنج ئەیەین. حەز ئەکەین، باوەڕکە حەز ئەکەین لە دەزگاکەى ئێمەوە نووسەرێکى سەرکەوتوو یەکەم کتێبی خۆی چاپ بکا، بەڵام ترسی ئەوەمان هەیە کە هەموو نووسخەکانى نەفرۆشرێن، ئێمە کتێبێک تەبع ناکەین ئەگەر دڵنیا نەبین دانە بە دانەى تیراژەکەى تەواو ئەبێت.

- وایە.

- ئەتوانم بڵێم دەقەکەى تۆ دەقێکى ئەدەبییە، چیرۆکەکانت هەمووی چیرۆکن، بەڵام لەگەڵ زەوقی خوێنەرا ناگونجێ، ئێمە حەزمان لە داهێنانێکە کە لەگەڵ زەوقی هەموو خوێنەرەکانمانا بگونجێ و بیکڕن، ئەگەر بزانین مشتەریی نابێت ئێمەش تەبعی ناکەین. خۆزگە کوڕم، خۆزگە نووسەرێکى دیار و بەناوبانگ بوویتایە و کتێبەکەت زوو بفرۆشرایە، ئەوسا ڕاستەوخۆ، تەنانەت بێ ئەوەى خۆشمان تەدقیق و خوێندنەوەى بۆ بکەین، تەبعمان ئەکرد. بەس ببورە کتێبەکەت ڕەفزکراوە.

باشییەکەى لەوەدابوو کە بەڕێوەبەر مەشەقەتی پۆزشهێنانەوە و عوزرسازیی لە ئەستۆی من لابرد، چونکە دەبوا هۆکاری پەشیمانبوونەوەم ڕوونبکەمەوە ئەگەر کتێبەکەیان قەبووڵ بکردایە، بێگومان نەشمدەتوانى بڵێم خوداى کات هاتووەتە لام و دەبێت من ئەدەبی نەتەوەیەک ڕزگار بکەم. ئیدی دەمتوانى بەتەواویی خۆم تەرخان بکەم بۆ بیرکردنەوە لەو قەیرانە ئەدەبییەی کە خەریکبوو ڕٍووی تێ دەکردین. هەر لەو شەوەى هەفتەى پێشووەوە کاتێک خوداى کات منی بەجێ هێشت، دەستم کردبوو بە پلاندانان.

*

بێگومان نەدەکرا وەک نەساخە دێرینەکان دابنیشم و هەموو کتێبەکان بنووسمەوە، کۆکردنەوە و پاشان کۆپییکردنى ئەو هەموو کتێبە، گەر بە فۆتۆکۆپیش بمکردایە، دەیان هێندەى ئەو کاتەى دەویست کە من هەمبوو. هەروەها نایشارمەوە کە ئێمە ئەدەبیاتێکى بەرین و نووسەری فرەمان هەبوو، نووسەرەکانیش پێکڕا لە نەسلە زۆربڵێکەى نووسەران بوون، لەو جۆرەبوون کە هەرگییز بە بڵاوکردنەوەى یەک یان دوو کتێب قایل نەدەبوون، بۆیە ئەمەش عەمبارکردنی ئەو هەموو ئەدەبیاتەى هێندەى تر مەحاڵ دەکرد. دەکرا من لەو زەمەنی قڕکاریی و جینۆسایدی هونەرەدا خۆم بشارمەوە و دواتر پاش تێپەڕینی ئەو گەردەلوولە ڕەشە، بە کۆمەڵێک کتێبی خۆمەوە بێمە دەرەوە و وەک تاقە نووسەری نەتەوەکەم خۆم بناسێنم، بەڵام ئەمەش بە لایەکدا تاکمەرجەعییەکى گەمژانەى لە فەزای کلتوورییدا دەخوڵقاند و بەلایەکیشدا تواناى ئەدەبیی من زۆر لەوە سنووردارتربوو. ئیدی لە کۆتاییدا بیرۆکەى کاتیگۆریاکانم بۆ هات (لێرەدا دەبێت ڕوخسەت لە ئیمانوێل کانت وەربگرم).

لە سەدا هەشتاى دەقە ئەدەبییەکان (بەتایبەت چیرۆک و ڕۆمانەکان)ی ئەدەبی نوێی ئێمە، پێکڕا دەکرێت بەسەر چەند پۆلێکى جیاواز و پێناسەکراودا پۆلێن بکرێن، هەشتا دەر سەدی مێژووى گێڕانەوەى ئێمە لە چەند کاتیگۆرییەکدا جێیان دەبێتەوە و ناتوانن لەو کاتیگۆرییانە دەربچن. ئەمە بنەڕەتی ئەو تیۆرییەی منە کە ئەوسا ئەدەبی نەتەوەکەمم پێ ڕزگارکرد و ئێستا لە هەموو زانکۆکانى وڵات دەخوێندرێت. من ئەو سوارچاکەبووم شاژنى زمانم لە هێرشی بەربەرییەکان قووتارکرد.

پاش ئەوەى کاتیگۆرییەکانم دیارییکرد و هەریەکیانم بۆ خۆم پێناسەکرد، هەوڵمدا بۆ هەر کاتیگۆرییەک چەند چیرۆکێک وەک نموونە بنووسم، بەم شێوەیە دەمتوانی لە کاتێکى کەمدا زۆرینەى ئەدەبی ئەم نەتەوەیە زەخیرە بکەم، تا لە دواڕۆژدا بناغەیەک هەبێت بۆ ئەوانەى دەیانەوێت خوێندەوار بن یان ببنە نووسەر. لەسەر داواى خۆتان، ئێستا و لێرەدا لەبەر سنوورداریی کاتەکەمان، دوو کاتیگۆریی بە نموونەکانیانەوە دەخەمەڕوو.

*

کاتیگۆریی یەکەم: گەڕانەوەی مێژوو، دەستنووسێک لە دوێنێوە بۆ سبەى

لەم شێوازەى نووسیندا بە گشتیی نووسەرەکانمان گەڕاونەتەوە بۆ شکۆدارتریین سەردەمى شارەکەمان، دیارە هەندێک جار ئەو شوێن-کاتەى بۆی گەڕاونەتەوە واقیعیی بووە، واتە لە مێژووى نووسراوی ئێمەدا باسی کراوە، هەندێک جاریش شوێن-کات خەیاڵکرد بووە بەڵام تاموبۆی سەردەمێکى دیاریکراوى ناوچەکەمانى هەبووە. ئەو کارێکتەرەى لە ڕابوردووى دوورەوە نامەکە دەنێرێت، بە هەمان شێوە یان واقیعیی بووە یان خەیاڵکرد، واتە یان کەسایەتییەکى مێژوویی ناسراو بووە یان درووستکراو. هەروەها زمان و تەیبەتمەندیی کارەکترەکە لە دوو تەرز دەرناچێت، یەکەمیان مەلایەکى عاشقە کە بە بەلاغەتی کلاسیک و زمانى دێرین دەئاخفێت، دووەمیشیان کەسێکى سادە، پیشەگەرێک یان مەخلووقێکى بانسرووشتییە و ئاخاوتنی خاوەن دەلالەتى مێژووییە بەڵام وشەسازیی سەردەمى نووسەرەکە بەکاردەهێنێت، تەرزی یەکەمیان بەرهەمی کاریگەربوونى نووسەرە بە ئەدەبی کلاسیک و تەرزی دووەمیان بەرهەمى کاریگەربوونێتی بە هەزارویەک شەوە، دێڕەکانى تەرزی یەکەم بۆنی ڕەمبازیی و خەرقە و غەزەلیان لێدێت و دێڕەکانى تەرزی دووەمیش تامی کیبریت و جادوو و کیمیاگەریی دەدەن. من وا هەست دەکەم کە تەرزیی یەکەمیان لای خوێنەران دڵخوازترە، ئەمەش بەهۆی نۆستالژیای ئاینیی و غەرامیی خوێنەرەکانمانەوەیە. جێی ئاماژەیە کە زۆرینەی کات مەلای ناو تەرزی یەکەممان درێژدادڕانە و بە فەسیحی باسی عیشق دەکات، کۆمەلێک قسەی دووبارە ڕیزدەکات کە لەوەتەی مەلاکان شیعر دەنووسن دووبارە دەکرێتەوە، هەر لەبەر ئەوەشە کە نەتەوەى ئێمە لە دەرەوەى عیرفان و تەسەوف ناتوانن بیر لە عیشق بکەنەوە، جگە لە عیشقی کلاسیکیی هیچ جۆرە ئەڤینێکى تر ئاشنا نین. لەبەر کەمیی کات، تەنها نموونەیەکى کورت بۆ ئەو جۆرە دەهێنمەوە:

 

نەوەی بەیازەکان

ن. ڕزگار نەوزاد

هەر لەو مەغریبەدا و لە هەمان ساتدا، کە لانە لە حەوشەکەیان ماچی دۆستەکەى کرد و بەڵێنى پێ دا لە هاوسەرەکەى جیاببێتەوە تاکو بتوانن بە ئازادیی یەک ببینن، شاسواری مێردی بە غەمگینییەوە بە مەلا وەلیدی مودەریسی گوت کە دەستنووسەکەى فاریسی لەماڵەوە بیرچووە. قەراربوو ئەو عەسرە لەگەڵ مەلا وەلیدا، لەپێناو دڵنیابوونەوە لە چۆنێتى هێنانەدونیای منداڵەکان، بۆ دواینجار بەیتە مونتەخەبەکانى دیوانی فاریس تەفسیر بکەنەوە.

*

ڕوحی خەڵکی کە سەجینی لەشە، سوختە و پەرێشانە

ڕوحی فاریس کە پەرواو و سافیە، غەرقی کتێبانە

لەم بەیتەى فاریسەوە ژن و مێردەکە تێگەیشتبوون لەوەى کە گەورەترین بەشی ڕوحی مرۆڤ لە ڕەفەکانی کتێبخانەکەیدایە، لەنێوان دێڕەکانى کتێبخانەدا دەتوانن قووڵترین وجوودی ئەوی دی بدۆزنەوە، بۆیە لانەش بەر لەوەى ماڵئاوایی لە خودی مێردەکەی بکات، ویستی ماڵئاوایی لە کتێبخانەکەی بکات. ڕێک لەو دەمەدا کە دەستنووسەکەى فاریسی بە بەرگە چەرمییە بۆرەکەیەوە لەسەر مێزی خوێندنەوەکە و لە تەنیشت لەمپا ئەلەکتریکەکەوە ناسییەوە و بەڕاکردن و بە ترساویی چوو تا دەستی بداتێ، مێردەکەی بەڕێ کەوتبووەوە بەرەو ماڵ تا دەستنووسەکەى بهێنێت بۆ وەلیدی مامۆستای، ئەو پیاوەى کە چەندین ساڵ بەر لە ناسینی لانە، لە کتێبفرۆشییەکەى خۆیدا ئەو کتێبە بەرگ چەرمییەی بە دیاریی دابوێ. ئەو ڕۆژە شاسواری گەنج بە مەبەستی کتێب کڕین چووبوو بۆ کتێبفرۆشییەکەى وەلید، لەوێ سەرنجى کەوتبووە سەر دەستنووسێکى چەرمینی بۆر کە لەسەر مێزێک داندرابوو، کاتێکیش پرسیارى نرخەکەى کردبوو، وەلیدی کتێبفرۆش گوتبووى بە دیاریی پێی دەدات، چونکە لەو ڕۆژەوەى کتێبەکە لەو فرۆشگایەدایە ئەو یەکەم کەسە سەرنجی بدات و لە نرخەکەى بپرسێت، لە بەرامبەر ئەمەشدا وەلید تەنها یەک داواى لە شاسواری گەنج هەبوو:» شەرتە لە دوای موتاڵای ئەو دیوانە، بە مەشیئەتی خۆت بێیتەوە ئێرە و گوێ لە ماجەرای باتینی ئەو مەکتووبە بگری. » بێشەک ئەوکات شاسوار هێشتا ئاشناى سیحری ئەو دەستنووسە نەببوو، هەروەها نەشیدەزانی کە نووسراوێکى وەها سادە و نامۆ توانای گۆڕینی تەواوى قەدەر و مێژووى هەیە. کاتێک کردبوویەوە لە بەیازەکەیدا ئەم چوارینەیەی کەوتبووە بەرچاو:

گەرچی بەیتی فاریس، گا ڕووباری مەعنا جاری دەکا

لەبۆ دزینی ئیستیعجابی وان، مەیلی هەژاری دەکا

ئەمما بۆ نەجاتکاری تیفڵی فەن و جەماڵ، فەردی من

خەنجەری روزگارە و سەیفی مێژوو، دەهر دەهری دەکا

بەڵام لانە هەرگییز دیوانەکەی فاریسی لە دۆڵابی جلەکانى دەرنەهێنابوو. لە ڕۆژی گواستنەوەیەوە خامێکی لەو دەستنووسە پێچابوو، لەگەڵ چەند پارچە جلێکدا کە لە دایکیەوە بۆی مابووەوە، دەستنووسیشی لە تاقێکی دۆڵابەکەى ئاخنیی بوو. هەر ئەمەش سەری سووڕهێنا کاتێک دیوانەکەى لەسەر مێزەکە بینی، بەڵام کاتێک دیوانەکەى کردەوە، سەرسووڕمان لەچاوترووکانێکدا گۆڕا بۆ خورپە، چونکە لە یەکەم پەڕەدا و لەژێر ئەو چوارینەیەدا کە فاریس کردبوویە ئیبتیدا بۆ دیوانەکەى، پەڵە سوورەکەى بەرچاو نەکەوت، ئەو پەڵە سوورە گوڵشێوەیەی کە شەوێکیان لە تنۆکێک فرمێسکی خۆیەوە درووست ببوو، کاتێک لە قووڵایی تەنهایی و شەوقیدا بۆ دۆستە نوێیەکەى، لە ژوورى نووستنى خۆی و مێردەکەیدا، پاش تەواوبوون لە خوێندنەوەى شیعرەکانى فاریس، بێ ویستی خۆی بەسەر پەڕەى یەکەمدا ڕشتبووی و فرمێسکی ئاوییش لەسەر پەڕە پەڵەیەکی خوێنینی جێهێستبوو. بۆ ئەوەى دڵنیا ببێتەوە، بە هەڵەداوان تا ژووری نووستنیان، تا بەردەم دۆڵابەکە نەوەستا. تاقەکەى کردەوە و چەکمە ڕەشە بریقەدارەکەى دایکی دەرهێنا، پاشان کوڵەنجە سوورمەییەکەش کە تڵیشێکى بچووکی تێببوو و چەند داوە لۆکەیەک سەریان لێوەى دەرهێنابوو، دواتریش کڵاوەکەى دایکی، ئەو کڵاوەى هێندە قەشەنگ و بەپرشنگبوو لەو پەلەپەلییەشدا وای لە لانە کرد بۆ ساتێکى کورت بیکاتە سەری و بچێتە بەر ئاوێنە، لاگیرەى کڵاوەکە بەسەر ڕوخساریدا شۆڕبووەوە و کە بەر لێوی دەکەوت ختووکەى دەدا، ئیدی بیری دیوانەکەی کەوتەوە، هەستیشی کرد کە لاگییرەکە لە پرچی گیربووە و دەبێت بەکاوەخۆ کڵاوەکە دابکەنێتەوە.

دواجار دیوانی ناو تاقەکەى دەرهێنا، یەکەم لاپەڕەی کردەوە و پەڵەیەکی سووری لەژێر چوارینەکەدا بینی، ئیدی بۆی دەرکەوت دوو نووسخەى دەستنووسەکەى فاریس لە ماڵیاندا هەیە، نووسخەیەک هی خۆیەتى و دایکی لەو ڕۆژەدا پێیدابوو کە لانە بۆ یەکەم جار لە ژیانیدا خوێنی مانگانەى پژابوو، نووسخەکەى تریش هی شاسواری مێردیبوو، کە لەو کاتەدا بە کلیلەکەى دەرگاى حەوشەى کردبووەوە و بە پەلە خۆی گەیاندبووە لای کتێبخانەکە.

ئەو ڕۆژەى لانە دەستنووسەکەى لە دایکی وەرگرتبوو، بۆ یەکەمین جاریش بەسەرهاتى پەنهانی خێزانەکەى لەلایەن دایکییەوە بۆ گێڕدرابووەوە. پێی گوترابوو کە چۆن دایکی ئاشقی فەقێیەکی نیگاپاکی گوندەکەیان بووە و چۆن ئەو فەقێیەش ئەو دەستنووسەى بە دیاریی پێداوە، چۆن دوانیوەڕوان پێکەوە لەناو بێستاناندا شێعرەکانی فاریسیان خوێندووەتەوە و چۆن بەڵێنیان بەیەکداوە کە هەرچۆنێک بووە بۆ یەک ببن. باسی ئەو خاڵە گەورەیەی لاشانی لانەش کراو پێگوترا کە ئەوە نیشانەى سیحری دەستنووسەکەیە و ئەو ژن و مێردەى ئەو دوو دەستنووسەیان هەبێت کچ و کوڕێک دەخەنەوە کە هەردووکیان ئەو نیشانەیەیان پێوەیە، پاشان بۆ لانە باسکرا کە چۆن سوپای داگیرکەر دەستی کردووە بە هەڵمەتی خاپوورکردنی گوندەکان و چۆن دایک و باوکیشی بە دوو منداڵەوە هەڵاتوون، چۆن لە چاوترووکانێکدا و لەناو قەڵەباڵغیی ڕاکردواندا لانە و دایکی لە مەلا وەلید و براکەى لانە جیابوونەتەوە و ئیدی یەکتریان نەبینیوەتەوە.

کاتێک لانە بە دەیان پرسیارەوە لە مێشکیدا و بە دەستنووسی دەستیەوە، بەڕێکەوتەوە بۆ لای مێردەکەى و کتێبخانەکە، شاسوار دەستنووسەکەى خۆی نابووە باخەڵی و بەبێ ئەوەی هیچ قسەیەک بکات، بە خێرایی لەماڵ دەرکەوتبووەوە.

مەلا وەلید دەمێکبوو باسی دەستنووسەکان و چیرۆکى ژیانى خۆی بۆ شاسوار گێڕابووەوە. پێیگوتبوو کە لە زەمانى سوختەییدا مەلایەکى نامۆ بۆ خوێندن ڕووی لە گوندەکەى ئەوان کردووە و دوو دیوانەکەى فاریسی بە ئەم بەخشیوە، مەلاکە بە وەلیدی گوتووە کە هەر ژن و مێردێک ئەو دوو دیوانەیان هەبێت ئەوا تا مردن نوقمی ئەڤین و میهر دەبن و دوو منداڵی ئەفسانەییان دەبێت. هەروەها وەلید کارەساتی خۆیشی بۆ شاسوار گێڕابووەوە، باسی بێکەسیی خۆی بۆ کردبوو، پێی گوتبوو کە چەندێک سەختە ئینسان لە شەوێکى باراناوییدا ژنەکەى و هەردوو منداڵەکەى لێ ون ببێت و هەرگییز نەیانبینێتەوە. تێیگەیاندبوو کە هەر کەسێک هەڵگری ئەو دەستنووسە بێت، ئەوا لەژێر کاریگەریی جادووەکەیدا ڕاستەوخۆ ئاشقی هەڵگری دووەم دەستنووس دەبێت و دەیدۆزێتەوە، ئیدی دوو کەسەکە وایان لێدێت کە نەتوانن بێ یەکتریی بژین. پاشان بە شەرمێکى پڕویقارەوە وەلید بە شاسواریی گوتبوو کە تا ڕادەیەک دڵنیایە دەستنووسی دووەم لای لانەی کچیەتى، گەر شاسوار لانە بدۆزێتەوە، واتە ئەمیش کچەى دۆزیوەتەوە. لە کۆتاییشدا پێی گوتبوو کە دەزانێت کچەکەى ناوى لانەیە، بەڵام ناوى کوڕەکەى نازانێت، چونکە شەوی ڕاکردنەکە هێشتا ناویان لێ نەنابوو.

شەوەکەى، مەلا وەلید و شاسوار تا بەیانی بیریانکردەوە، لە کۆتاییدا ئەمە پلانەکەیانبوو: بەپێی ڕێنمایەکانى ناو دیوانەکە، شاسوار و لانە سەرجێیی دەکەن، پاشانیش کە دووانەکە لەدایک بوون، وەلید لێیان دەچێتە پێشێ و خۆی وەک باوکى لانە و باپیری دووانە ئەفسانەییەکە دەناسێنێت کە یەکیی خاڵێکى گەورە بەسەرشانیانەوەیە.

کاتێک شاسوار پەیوەندیی بە ژنەکەیەوە دەکات و ئاگاداری دەکاتەوە کە شەو ناگەڕێتەوە ماڵ، ژنەش ڕاستەخۆ پەیوەندیی بە دۆستەکەیەوە دەکات و بانگی دەکاتە ماڵەوە. لانە دۆستەکەى دێنێتە ژوورەوە و دەرگاکان دادەخات، لە حەژمەتدا هەردووک پڕ بە یەکدا دەکەن و ئاوێزان دەبن و خۆیان هەڵدەدەنە سەر پیخەفەکە، هەر بە جلەوە یەکەم سەرجێیی دەکەن، چەندین سەعات یەکتر ماچ دەکەن و یەکتر دەلێسنەوە. دەمێک لانە کراسی دۆستەکەى دادەکەنێت، خاڵێکى گەورە بەسەر شانیەوە دەبینێت.

*

کاتیگۆریی دووەم: فەیلەسووفی ناو قەحبەخانەکان

ئەگەر لەشفرۆشی ئایدیاڵی ئەمریکاى لاتینیی ژنێکى قەشەنگی نیان بێت کە ڕۆبن هوودییانە گان بەسەر لێقەوماو و مەحزووناندا دەبەشێتەوە، ئەوا لەشفرۆشی ئایدیاڵی ئەدەبیاتی ئێمە سۆزانییەکى ڕۆشنبیر و فەلسەفەزانى کەم تا زۆر یاخییە کە بەپێی هەوەسی خۆی گان بە هەندێک پیاو دەدات. ئەدەبی ئێمە نەیتوانیوە جگە لەم سۆزانییە، سۆزانییەکى تر بەرهەم بهێنێت.

قاچەکانى ژینۆ

ن. ڕزگار نەوزاد

ژینۆ کتێب دەخوێنێتەوە، ژینۆ بە ڕووتیی هەمیشە کتێب دەخوێنێتەوە. ئەو بە پێستە سپیەکەیەوە، بە قژە قەترانییەکەى و مەمکە قیتەکانیەوە پاڵکەوتووە، ئێستا نەخشە کاکاوییەکانى سەر پێخەفە سوورە مەخمەڵییەکە لە پشتە سافەکەى و سمتە بەرزەکەى دەخشێن. ئەو ڕەسمە زەبەلاحەی لە سەرووی کێلی چرپاکەوە بە دیوارەکەدا هاڵواسراوە زۆر هەراسانم دەکات، وێنەى ژنێکە بە لاچاو هەمیشە سەیری ئێمە دەکات، ژینۆ زۆری ئەو ژنە خۆشدەوێت و ناوی سیمۆن دی بوڤوارە. ژینۆ قاچی چەپی لەسەر سێ گۆشەى کاکاویی سەتەن داناوە، من قاچی چەپی دەلێسمەوە، چونکە ژینۆ وتی تا سەعاتێکى تر دەبێ وەک سەگ من قاچی بلێسمەوە، دەبێت قاچی چەپیش بێت، چونکە پیغەمبەر پێی فەرمووە بەو قاچەیان یەکەم هەنگاوی بنێت بۆ ئاودەستخانە. ئەو پێم دەڵێت بە وردیی گوێ بگرم چونکە دێرێَکى زۆر جوانى بەرچاو کەوتووە و بە دەنگی بەرز دەیخوێنێتەوە، من زمانم دەگێڕمەوە ناو دەمم و کەمێک لمۆزم دەهێنمە دواوە تا بە وردیی گوێ لە ژینۆ بگرم، لەپڕ بە قاچی ڕاستی شەقێک لە لاسەری من دەدات، وەک تۆپێکى فووتباڵ سەرەپێیەک لە سەرم دەدات، تۆپی فووتباڵەکە دەیدات بە زەویدا و تەپەی دێت، ئیدی لەئەرزەکەدا کەوتووم، ژینۆ بە تووڕەییەوە دەڵێت: «کێ وتی لێسانەوە بووەستێنە؟!»

لە بەردەم ئاوێنەکانى ماڵەوەدا زۆر گەنج و جوانم، قژێکى تەنکی ماشوبرنجیی و پێستێکى ئەسمەرم هەیە، بەژنم رێکە و ورگم شۆڕ نییە و پێڵووەکانم ڕەش هەڵنەگەڕاون. لە بەردەم ئاوێنەکانى ماڵی ژینۆدا پیر و زورهانم، نیمچە قەموورێکم، دوو تۆپەڵە قژی سپیی ئاڵۆزکاو بە ئەملاولاى کەللەمەوەن و ئەویترم کەچەڵە، ورگم شۆڕبووەتەوە و ژێرچاوەکانم ڕەشبوونەتەوە. ژینۆ جارێکیان وتی:»پیاو نە پیرە و نە گەنجە، نە قۆزە و نە ناشیرینە. ژن وجوودی پیاو دیاریی دەکات، ئەوە ژنە قۆزێتیی و ناشیرینی، پیریی و گەنجیی بەسەر پیاودا دەبڕێت».

ژینۆ زوو زوو دوپاتی دەکاتەوە کە ژنان باشترین حیکایەتخوانی ئیرۆتیکیین، چونکە هەموو ماجەرای ناوجێگای خۆیان دەگێڕنەوە. ئەو دەیگوت کە پیاوان لەبەر ئەزموونێکى کاتی سێکس دەکەن، بەڵام ژنان سێکس دەکەن تا دواتر بۆ هاوڕێ و خزمەکانیانى بگێڕنەوە. من نازانم ژینۆ نێوانى من و خۆی بۆ کێ دەگێڕتەوە.

من ژینۆم لە تیاترۆیەکدا ناسی. شەوێکى باراناویی بوو، لەگەڵ خێزانمدا بەشەڕ هاتبووم، چونکە برنجەکەى سوێر بوو، برنجی ئێمە هەمیشە یان سوێرە یان بێخوێ، یا تلەخوێیەکى کوڵێنراوە یان ئاوی بەلوعە. ئەو کاتەى ئەوم بینی سەروو هەشت بیرەم خواردبووەوە، خۆشم دەمزانی بە تەرزێکى زۆر ناشیی جاوم لە باڵای قایم کردووە و سەیری دەکەم، بەڵام ئەو هیچ گوێی پێ نەدەدام. لە کۆتاییدا جڵەوی خۆمم لەدەست دا و چوومە لای، بەر لەوەى قسە بکەم ئەو پەنجەیەکى خستە سەر دەمم و بە چرپە پێێ گوتم:» هشششش، بڕۆ لەویا دانیشە کوڕی باش، جارێ ئیشم هەیە، کە تەواو بووم دێم بۆ لات». ئیدی پاش ئەوەى لەگەڵ چەند قیاوێکى تر قسەی کرد و پێکەنی، ماچی کردن و چووە باوەشیان، هاتە لای من و داواى لێ کردم لەگەڵێدا بچمە ماڵەوە، دیاربوو من تایبەت بووم لەلای، هەر ئەویشبوو زوو زوو دەیگوت: «دڵم تۆ بووکەڵە جوانەکەى منی، ئەى هەموو کچێکى جوان دەبێ بووکەڵەى خۆی هەبێت».

ژینۆ بە تووڕەییەوە گوتى: «کێ وتی لێسانەوە بووەستێنە؟!». سەری قورسم بەرز دەکەمەوە، هەست بە ئازاری کەللەم دەکەم، دڵنیام سبەینێ دەئاوسێ. ژینۆ بە پەنجەى بانگم دەکات، لەسەر زەویەکە هەڵدەستمەوە و دەچمەوە لای تا دێڕە جوانەکەی بخوێنێتەوە، ئاماژە بۆ قاچی چەپی دەکات، من دەست دەکەم بە لێسانەوە، دواجار دێڕەکە خوێندرایەوە: «پیاوان دوو ڕووخساریان هەیە، یەکیان ڕوخساری ئاغایەکى جەربەزە و نەبەز، ئەوی تر کۆیلەیەکی ئالوودە بە ژێردەستەیی و ترسنۆک. پیاوان خۆیان درکیان بەمە نەکردووە، وا دەزانن تەنها یەکێک لەو دوو ڕوخسارەیان هەیە، بەڵام ژن دەتوانێت هەردوو ڕوخسارەکە بدۆزێتەوە، گەر نەشدۆزرایەوە، دوو ڕوخسارەکە دابتاشێت».

*

بەڵێ ئەزیزان، بەم شێوەیە بوو، ئاوا ئەدەبیاتم ڕزگار کرد. لە کۆتاییدا دەبێت سوپاسی هەموو ئەو کەناڵانە بکەم کە ئامادەى ئەم کۆنفرانسە بوون، سووپاسی ئێوەى ئازیز بکەم بۆ هاتن و گوێگرتنتان. تەمەن یار بێت، لە شوێنی تر و کاتى تردا هەوڵ دەدەم کاتیگۆرییەکانى تریشتان نیشان بدەم. هەر شاد بن.

(2)

دواجار، ڕزگار چیرۆکى خۆی نووسی. هەستی دەکرد کە شتێکى لە بەشێکی واقیعدا گۆڕیوە، چەند ڕۆژێکى بۆ مێژووى مرۆڤایەتیی زیادکردووە. زوڵمەت لە پەنجەرەکەوە دەهاتە ژوورێ و شەڕی لەگەڵ ڕۆشنایی شاشەى کۆمپیوتەرەکەدا دەکرد. زوڵمەت سەرکەوت، ئەو کاتەی ڕزگار کۆمپیوتەری کوژاندەوە. چەند چرکەیەک دواتر، شەمشەمە کوێرەیەک خۆی کێشا بە جامى پەنجەرەکەدا و سوکنەتی ژوورەکەى تێکشکاند، ڕزگار هەستى بە وجوودێکى تر دەکرد لە ژوورەکەدا، دەیتوانی سوێند بخوات کە هەناسەدان دەبیستێت، بیری لەوە کردەوە بچێت گڵۆپەکە هەڵبکات، بەڵام دواتر خەندەیەکى کرد و لە دڵی خۆیدا گوتی: «کێ تاقەتی هەیە ئەدەبیاتى ئەم نەتەوەیە ڕزگار بکات! ئەم نەتەوەیە لە ئەزەلەوە ئەهلی ئەدەب نەبوون. » بەلای وێنەکەى سێرڤانتسدا نیگاى وەرگێڕا، بەڵام چاوەکانى نەیانتوانى تاریکییە ئەستوور و بەرجەستەکە ببڕن، ئیدی چووە سەر چرپاکەی و پاڵکەوت. لەگەڵ خەوتنی ئەویشدا چیرۆکێکی تر ئەرخەیانبوو لەوە بڵاو ناکرێتەوە، چەندان کارێکتەر مەحرووم کران لەوەى لە خەیاڵی خوێنەرێکدا بژین، ئیدی قەدەریانبوو تاهەتایە سجنى یادگەى کۆمپیوتەرێک بن.