مەحمود دەرویش لە هەولێر

Sep 3, 2017

رۆژی چوارشەممە رێكەوتی 9/8/2017 ، لە شەشەمین ساڵیادی كۆچی دوایی شاعیری فەلەستتینی مەحمود دەورمیش، لەلایەن كونسوڵخانەی فەلەستینی لە هەولێر، بەهاوبەشی لەگەڵ وزارەتی رۆشنبیریی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كۆمەڵێك سیمینارو چالاكیی رۆشنبیری پێشكەش كرا كە برتیی بوون لە پێشانگەی هاوبەشی شێوەكاریی هونەرمەندانی فەلەستینی و كورد، هەروەها هەندێ‌ بابەت و لێكۆڵینەوە لەسەر مەحمود دەرویش لەلایەن نوسەرانی كوردو فەلەستینی، لەتەك خوێندنەوەی كۆمەڵێ‌ شیعر لەلایەن شاعیرانی كوردو فەلەستینی، شاعیرە كوردەكان بریتی بوون لە: لەتیف هەڵمەت و حەسەن سڵیڤانی و هەڤاڵ فندی و سەلام باڵایی و موحسین قۆچان و عەلی فەیلی، شاعیرانی فەلەستینیش بریتی بوون لە: د.المتوكل طه، حياة الشمري، د.فاتن الشوبكي، امير بولص، د.حمد الدوخي، سهى الطائي، د.عمار المرواتي، ظمياء ملكيشاهي. . لێكۆڵینەوەكانیش هەریەك لە عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی و د.نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد بەزمانی عەرەبی پێشكەشیان كرد.

سەرلەبەیانی د.نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد بابەتێكی پێشكەش كرد بە ناونیشانی (محمود درويش والكرد- قصيدة (ليس للكردي الا الريح) نموذجا)، لەپێشەكیدا باسی كاریگەریی شیعری بەرگریی فەلەستینی كرد لەسەر شیعری بەرگریی كوردی، بەتایبەتی شاعیرانی وەك مەحمود دەرویش و سەمیح ئەلقاسم و موعین بەسیسۆ، لەسەر شاعیرانی كورد بەتایبەتی لەتیف هەڵمەت و شێركۆ بێكەس و رەفیق سابیر لە حەفتاكان و هەشتاكانی سەدەی بیستەمدا، پاشان ئاماژەی بۆ ناوی ئەو شاعیرە عەرەبانە كرد كە شیعریان بۆ كورد نووسیوە كە هەم ژمارەی شاعیرەكان زۆر كەمن و هەم ژمارەی شیعرەكانیش، بەبەراورد لەگەڵ ئەو شیعرە زۆرانەی شاعیرانی كورد بۆ كێشەی فەلەستینیان نووسیوە، مەحمود دەرویش تەنها دوو قەسیدەی بۆ كورد نووسیوە ئەویش لە یەكێكیان پەشیمان بۆتەوە بەناونیشانی (كوردستان) چونكە لە سەرجەمی بەرهەمە شیعرییەكانیدا لایبردووە. پاشان باسی قەسیدەی (لیس للكردی الا الریح– جگە لە (با) كورد چیتر شك نابات، بەوەرگێڕانی جەمال غەمبار)ی كرد، ماناو دەلالەتی (با)ی لە قەسیدەكەدا شیكردەوە، بەو پێیەی با هەمیشە بزۆك و جوڵاوەو لەشوێنێكدا سەقامگیر نابێت و كات و شوێنی دیاریكراوی نییە، كە هەندێ‌ لە سیفەتەكانی با تا ئەندازەیەكی زۆر لە كوردو مێًژووی كوردیشدا هەیە، كوردیش بەردەوام لە شۆڕش و بەرەنگاریدا بووە هەمیشە لەخاكەكەی وەدەرنراوە بێئەوەی لە جوڵانەوەو شۆڕش بكەوێت، هەروەها باسی لە پەیوەندیی مەحمود دەرویش و سەلیم بەرەكات كرد كەن شیعرەكەی پێشكەش بەو كردووە.

سەر لە ئێوارەی هەمان رۆژ عەبدولڵا تاهیر بەرزنجی باسێكی پێشكەش كرد بەناونیشانی (تجليات المثاقفة في الشعر الكردي- محمود درويش ومحمد الماغوط نموذجا) كە تیایدا باسی هاورۆشنبیری نێوان میللەتانی كردو جەختی لەسەر ئەوە كرد كە رۆشنبیریی هیچ نەتەوەیەك ناتوانێت بەبێ‌ تیشكی رۆشنبیری میلەتانی تر نەشونما بكات و بمێنێتەوە، لەم ڕووەوە باسی پەیوەندیی شیعری عەرەبی و فەلەستینی و كوردیی بە نموونە هێنابووەوە، دوو ئەزمونی جیاوازی شیعریی عەرەبیی هەڵبژاردبوو، یەكەمیان مەحمود دەرویش كە بەخاكەوە لكابوو، لەگەڵ ئەزمونی محەمەد ماغوت كە لە ئەزمونی مەحمود جیاوازەو جەخت لە دووركەوتنەوەو گوتاری گلەیی لە نیشتیمان دەكاتەوە. ئەو لەم لێكۆڵیەنەوەیەدا ئەو پرسیارەی ورووژاند كە كەی و چۆن چۆنی نێوەندی ئەدەبی كوردی پێشوازییان لەشیعری ئەم دووشاعیرە جیاوازە كردووە. دواجار وتی ئێمە لە شەستەكان و حەفتاكاندا چ وەك خوێنەرو چ وەك شاعیر لەفەزای مەحمود دەرویشەوە نزیك بووین، ئەمەش هۆی خۆی هەبوو، هەرچەندە ماغوتمان دەخوێندەوەو دەناسی، بەڵام لەدوای راپەرین و دامەزراندنی حكومەتی كوردییەوە زەمینەی لەبار دەرەخسێت بۆ نزیكبوونەوە لە گوتاری ماغوت.