وەرزێك لە دانانی چاودێری لەسەر زمان

Oct 15, 2017

1

چاودێری زمان بكەن ،
توند بن لەو چاودێرییە ، تەنانەت گەر پێویستی كرد نیوەی پیتەكانی ئەبجەدیەت بسڕنەوە ، یان هەموویان .
هیچ پێویستیتان پێی نییە ، بە تایبەتی ئەو شەش پیتە شەڕانگێزە ( ئا ز ا د ی ) ، هەروەها ئەو پێنج پیتە سەر لێشێواوەش ( ز ا ن س ت ) .
ئەو پیتانە : نەخوێندەواری و بێكاری و هەژاری و ستەمكاری و داگیركاری و مەزهەبگەری و تایەفەگەری بڵاودەكەنەوە .
ئەو پیتانە : هۆكاری یەكەمن بۆ داڕوخان و دواكەوتوویی .
چاودێری زمان بكەن .
ئەرێ‌ ئەو نیشتیمانە چییە كە من بەشێكم تیایدا ؟
ئەو نیشتیمانەی تەنیا چەپڵە بۆ زنجیرەكان لێدەدا .
چی لێقەوماوە؟ تەنیا ئەبجەدیەت بە شمشێر تێدەگا و
تەنیا بە زیندانی دەزانێ‌ .

2
ئەستێرەی راموسان ، جوتیارێكە و
لەناو كێڵگەكاندا پیاسە دەكا ،
ئەستێرەیەكە ژاكانی خۆشناوێ‌ .

3
لە شیعردا خۆشەویستیم بە شوێن خۆیدا دەگەڕێ‌ ،
پەپولەكانی بە ئاگرەكەی دەسوتێ‌ ،
زۆری دەوێ‌ تا جۆرەكانی خۆشەویستیم تازە دەكەمەوە :
نیگەرانیم تاڵە ،
توڕەییم هێشتا خۆراكی ریگامە ،
خۆراكی حەزمە ،
هەنگاوەكانم لەسەر هەموو شتێك وێنەی كێشاوە .

4
خۆشەویستیم ،
سەلماندن پێشكەش ناكا بۆ هیچ شتێك ،
بۆیە بە خۆشەویستیم دەڵێم : ببە بە هەموو شتێك .

5
لەو رێگەیەی دەچێ‌ بۆ هەموو شتێك ،
مەحڵ ماسكێك لەسەر روخساری دەنێ‌ ،
چاودێری زمان بكەن ،
رەنگە بۆ مرۆڤ پێویست بكا ( بە تایبەتی لای ئێمەی عەرەب ) :
كە ( دەستەوەستان ) و ( گوێڕایەڵ ) و ( بێدەنگ ) بژیێ‌ ،
رەنگە پێویست بكا : باوەڕی بە شتێك هەبێ‌ و
نەتوانێ‌ لەبارەیەوە یەك پرسیار بكا .

6
( نابێ‌ هەموو شتێك بگوترێ‌ )
( دەكرێ‌ هەموو شتێك بگوترێ‌ )
رستەی یەكەم : سروشتی پەیوەندی نێوان مرۆڤ و ئازادی رووندەكاتەوە
لەو كۆمەڵانەی كە رژێمی گشتگیر و ستەمكار تیایدا باڵادەستە .
رستەی دووەم : سروشتی ئەو پەیوەندییە رووندەكاتەوە
كە رژێمی دیموكراتی تیایدا باڵادەستە .

7
زمانی عەرەبی گوڵێكی ژاكاوە :
لە دەفرێكدا ناوی سیاسەتە .

8
وشە عەرەبیەكان لە فەرهەنگدا دێنە دەرەوە ،
نەك بۆ ئەوەی دڵخۆش بن ، یان ئەوین بكا ، یان ژیان ببینن ،
نەخێر ، بەڵكو بۆ ئەوەی بچنە خەستەخانە .

9
لەسەری هەموو وشەیەكی عەرەبیدا ،
سیاسەت پەچەیەكی داناوە ،
بە زانایانیشی گوتووە ، پاسەوانیی بكەن .
10
دەتوانم فرمێسك ببینم ،
كە لە چاوی وشە عەرەبیەكانەوە دادەبارێ‌ ،
دەتوانم نوزانەوەیان ببیستم .

11
زمانی عەرەبی ،
بە پێچەوانەی ئەوەی تێیگەیشتووین ،
دایكی هەموو زریانەكانە كە لە مێژووی عەرەبدا پەیدا بوون ،
وشەكان : جارێ‌ هەورن و جارێك خۆر .