پیرۆزبایی خەڵاتی (نیلی زاكس)ی ئەڵمانی بۆ (بەختیار عەلی)

Dec 31, 2017

دواهەمین هەناری دونیا تا ئێستا شەش جار لە ئەڵمانیا چاپ كراوەتەوە و دەنگدانەوەیەكی زۆری لە ناوەندە ئەدەبییەكانی ئەو وڵاتەدا هەبووە. جگە لەوەش، ڕۆمانی شاری مۆسیقارە سپییەكان مانگی ٨ی ئەمساڵ چاپ و بڵاوكرایەوە و بە هەمان شێوەی ڕۆمانی یەكەم دەنگدانەوەی زۆری هەبووە
بەختیار عەلی، نووسەر و ڕۆماننووسی كورد، بووە براوەی خەڵاتی نیلی زاكس بۆ ساڵی ٢٠١٧ و یەكشممەی ڕابردوو لە شاری دۆرتمۆندی ئەڵمانیا، ڕێوڕەسمی خەڵاتەكە بەڕێوە چوو، كە تیایدا پارێزگاری دۆرتمۆند و وتاری شتێڤان ڤایدنەری ڕەخنەگری ئەڵمانی و بەختیار عەلی نووسەر خوێندرانەوە.
خەڵاتی نیلی زاكس، یەكێكە لە كۆنترین خەڵاتە ئەدەبییەكانی ئەڵمانیا و تەنیا بە ناوە زۆر ناسراو و گرنگەكان دراوە. لەو نووسەرانەی پێشتر ئەم خەڵاتەیان وەرگرتووە ئەم ناوە گەورانە دەبینین: "ئەریك فرۆم، میلان كۆندێرا، نادین گۆردمیر، ئەلیاس كانیتی، كریستا وۆلف، دافید گرۆسمان و مارگرێت ئاتوود".
خەڵاتی نیلی زاكس، لە ساڵی ١٩٦١ـەوە دووساڵ جارێك دەدرێت، جارێك دەدرێت بە نووسەرێكی ژن و جارێكیش بە نووسەرێكی پیاو، ناوی خەڵاتەكەش بە ناوی شاعیری بە ڕەگەز جولەكەی ئەڵمانی- سویدی، نیلی زاكسەوە ناو نراوە.
نێلی زاكس، ساڵی ١٨٩١ لە شاری دۆرتمۆندی ئەڵمانیا لە دایك بووە و وەك ئاوارە چووە بۆ سوید، لە بنەماڵەیەكی دەوڵەمەند بووە، لە دوای ساڵی ١٩٤٠ـەوە لە سوید زیاتر ناوبانگ پەیدا دەكات و ساڵی ١٩٦٦ خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات وەردەگرێت.
وەرگرتنی ئەو خەڵاتە لە لایەن بەختیار عەلییەوە لە دوای وەرگێڕانی هەر دوو ڕۆمانی، دواهەمین هەناری دونیا و شاری مۆسیقارە سپییەكان هات كە لە لایەن پێشەوا فەتاح و ڕاوێژ سەلیمەوە بۆ ئەڵمانی وەرگێڕدراون، جگە لەوەی خەڵاتەكە پێگەیەكی مەعنەوی گرنگ دەدات بە نووسەرەكە، هاوكات بڕی ١٥ هەزار یۆرۆش نرخی خەڵاتەكەیە كە دەدرێت بەو نووسەرەی خەڵاتەكە وەردەگرێت.
لە هەرێمی كوردستان و لەناو میدیای ئەڵمانی و ڕەخنەگرانی ئەو وڵاتەدا، دەنگدانەوەی ئەو خەڵاتە بۆ نووسەرێكی كورد گەورەبوو، میدیاكانی ئەڵمانیا بە گرنگییەوە لە ئەدەبیاتی بەختیار عەلی دەدوان و ڕەخنەگرەكانیش بە هەمان شێوە.
شتێڤان ڤایدنەر، ڕەخنەگر و نووسەر، بە ناوی لیژنەی داوەرانی خەڵاتی نیلی زاكسەوە لە ڕێوڕەسمی بەڕێوەچوونی خەڵاتەكەدا وتارێكی خوێندەوە و تیایدا وتی: "بەختیار عەلی، بە داخەوە بیست ساڵە لەگەڵماندا و لە نزیكمانەوەیە و ژیانێكی سادە دەژیا، جێگای خەفەتە درەنگ كەوت ناسینی ئێمە، من لە هەرێمی كوردستان بووم یەكەمجار چەند دۆستێك لە كتێبخانەیەكدا بۆكسێكیان نیشاندام ١١ كتێبی ئەستوور بوو، گوتیان ئەوە كتێبەكانی نووسەرێكی ئێمەیە و ئیستە لە وڵاتی ئەڵمانیا و لە شاری كۆڵن دەژی و ناوی بەختیار عەلییە، من حەپەسام، گوتم شتی وا نابێت، منیش لە كۆڵن دەژیم، چۆن دەكرێت من و ئەو لە شارێكین و یەك ناناسین، دواتر ڕێكەوت من و ئەوی لەسەر مێزێك كۆ كردەوە، من سەرسامبووم بە قسەكانی، بە فكر و بۆچوونەكانی، دوای خوێندنەوەی یەكەم ڕۆمانی ئەو توشی شۆك و حەپەسان بووم، كەسێك لە تەنیشتمدا بووە بۆ بیست ساڵ، بەم جۆرە دەنووسێت، چۆن نەدەكرا زووتر ناسیبام."
دواهەمین هەناری دونیا تا ئێستا شەش جار لە وڵاتی ئەڵمانیا چاپ كراوەتەوە و دەنگدانەوەیەكی زۆری لە ناوەندە ئەدەبییەكانی ئەو وڵاتەدا هەبووە. جگە لەوەش، ڕۆمانی شاری مۆسیقارە سپییەكان مانگی ٨ی ئەمساڵ چاپ و بڵاو كرایەوە و بە هەمان شێوەی ڕۆمانی یەكەم دەنگدانەوەی زۆری هەبووە و لە ئێستاشدا چاپی یەكەمی تەواو بووە و بڕیار وایە چاپی دووەمی بخرێتە كتێبفرۆشییەكانەوە.
مەرجی وەرگرتنی خەڵاتی نیلی زاكس ئەوەیە، "ئەو نووسەر و كتێبانەی ئەم خەڵاتە دەیانگرێتەوە، مەرجە تێگەیشتنی كولتووری لەنێوان خەڵك و گەلانی تردا درووست بكەن و بەرەو پێشەوەی بەرن." بۆ ئەوەش بێرگت یۆگەر، پارێزگاری شاری دۆرتمۆند ڕایگەیاند، ئەدەبیاتی بەختیار عەلی لێوانلێوە لە كارلێككردن لەگەڵ كولتووری گەلان و دەتوانێت لە بەرەوەپێشچوونی كولتووری مرۆڤایەتیدا هاوكار بێت.
جگە لەو وتانەش، میدیاكانی ئەڵمانیا، وەك ڕادیۆ WDR5، ڕاپۆرتێكی دوورودرێژی لەسەر ژیان و بەرهەمەكانی بەختیار عەلی كردووە و بە بایەخەوە باس لە وەرگێڕانی بەرهەمەكانی دەكات بۆ زمانی ئەڵمانی، ماڵپەڕی WDR3، ماڵپەری DWی ئەڵمانی و هەرەوەها der spiegelی ئەڵمانی ڕووماڵی ئەو خەڵاتەیان كردووە.
لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان وەرگرتنی ئەو خەڵاتە لە لایەن نووسەرێكی كوردەوە كاردانەوەی هەبوو.
فەرهەنگ گۆمەشینی، وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوە كرد، ئەوان ڕاگەیاندنیشیان لەو بارەیەوە بڵاو كردووەتەوە و پیرۆزبایی لە نووسەر و ئەدیبی كورد بەختیار عەلی دەكەن.
گۆمەشینی بە (چاودێر)ی وت: "وەرگرتنی ئەو خەڵاتە گرنگە لە لایەن نووسەرێكی كوردەوە بەرز دەنرخێنین و بە گرنگی دەزانین، بەختیار عەلیش كە نووسەرێكی داهێنەرە،شایستەی ئەوەیە خەڵاتی گرنگتر بەدەست بهێنێت."
جگە لەو ڕاگەیاندنەی وەزارەتی ڕۆشنبیری، زۆرێك لە نووسەران و خوێنەرانی بەختیار عەلی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان خۆشحاڵی خۆیان بە وەرگرتنی ئەو خەڵاتە لە لایەن ئەو نووسەرەوە ڕاگەیاند.
خەڵاتی نیلی زاكس، لە ساڵی ١٩٦١ـەوە تا ئێستا تەنها ساڵی ٢٠٠٩ دابەش نەكرا بە هۆی پشتگیرینەكردنی خەڵاتەكە لە لایەن هیچ دەزگا و دامەزراوە و كەسایەتییەكەوە، ئەوەش بە شتێكی نامۆ لە مێژووی خەڵاتەكە سەیر دەكرێت. هەروەها ساڵی ٢٠١٣ هەمان خەڵات دراوە بە عباس خزر، نووسەری عێراقی.
بەختیار عەلی لە دایكبووی ساڵی ١٩٦٦ـە لە سلێمانی و خاوەنی نۆ ڕۆمان و دەیان كتێبی فیكری و فەلسەفییە.
كتێبەكانی بەختیار عەلی لە وڵاتی ئەڵمانیا، لە لایەن دەزگای یونیونس فێرلاگەوە چاپ و بڵاو دەكرێنەوە و بڕیار وایە ساڵی ٢٠١٨ ئەو دەزگایە ڕۆمانی (جەمشید خانی مامم، كە هەمیشە با لەگەڵ خۆیدا دەیبرد) بە زمانی ئەڵمانی بڵاو بكاتەوە.
لێرەوە بەناوی بنكەی روناكبیریی گەلاوێژەوە، پیرۆزبایی لە بەختیار عەلی دەكەین بۆ وەرگرتنی ئەو خەڵاتەو ئەو بەرەوپێشچونە چۆنایەتیە گەورەیە.