کەسى شۆڕشگێڕ کێیە؟

ئەریک فرۆم
Jan 11, 2018

و. ئازاد بەرزنجی

چەمکى (کەسێتیى شۆڕشگێڕانە) چەمکێکى سیاسى – دەروونناسییەو لەم روانگەیەوە وەک (کەسێتیى دەسەڵاتگەرا یان کەسێتیى دەسەڵاتخوازانە) وایە کە لە سى ساڵ لەمەوبەرەوە هاتۆتە بوارى دەروونناسییەوە.


چەمکى ( کەسێتیى دەسەڵاتگەرا یان دەسەڵاتخوازانە) ئاوێتەیەکە لە گوتارى سیاسى (بونیادى دەسەڵات لە دەوڵەت و خێزاندا) و گوتارى دەروونناسى (بونیادى کەسێتى کە لەسەر بنچینەى بونیادى سیاسى، یا کۆمەڵایەتى فۆرمەلە دەبێت).


چەمکى کەسێتیى دەسەڵاتخوازانە لە هەندێ زەمینەو بەرژەوەندیى دیاریکراوى سیاسییەوە سەرچاوە دەگرێ. دەوروبەرى ساڵى 1930 لە ئەڵمانیا، ئێمە دەمانویست ئەوە ڕوون بکەینەوە کە ئەگەرى شکستى هیتلەر تا چ ڕادەیەکە.(1) ئەو دەمە، زۆربەى خەڵکى ئەڵمانیا، بەتایبەتیش کرێکاران و کارمەندان نەیارى نازیزم بوون. ئەمانە لە هەڵبژاردنە سیاسى و ڕێکخراوەییەکانى خۆیاندا ئەوەیان دەرخست کە هەوادار و خوازیارى دیموکراسین. مەسەلەکە ئەوە بوو ئایا گەر کۆڕى خەبات هاتە پێشێ، ئەو خەڵکە بۆ بەرگریکردن لەو بیروباوەڕەیان دێنە مەیدانەوە یان نەء؟


گریمانەکەى ئێمە ئەوە بوو کە (ڕا –Opinion) شتێکە و (باوەڕ – Conviction) شتێکى ترە. بەواتایەکى دى هەرکەسێک دەتوانێ رایەکى هەبێت، ئەمە وەکو فێربوونى زمانێکى بێگانە وایە. بەڵام ئەو بیروقەناعەتانەى کە لە بونیادى کەسێتیى تاکەکاندا رەگیان داکوتاوە و هێز بەکەسێتى دەدەن و گەشەى پێدەدەن، بە "باوەڕ" لەقەڵەم دەدرێن، کاریگەریى بیروڕاکان لەسەر تاکەکەس، بەتایبەتیش وەختێ کە لەلایەن زۆربەى خەڵکییەوە قبووڵ دەکرێن و دەردەبڕرێن، تاڕادەیەکى زۆر پەیوەندیى بە بونیادى کەسێتیى ئەو تاکەکەسەوە لە هەلومەرجە ناسکەکاندا هەیە. هەروەکو بوکرات وتویەتى و فرۆیدیش روونى کردۆتەوە، "کەسێتى، چارەنووسى تاکەکەسە". هەر بونیادى کەسێتییە ئەوە دیاریدەکات کە تاکەکەس کام بیروڕایانە قبووڵبکات و تا چ ئەندازەیەک. فرۆید لە پێناسەکردنى چەمکى کەسێتیدا، ئەم مەسەلەیە بە گرنگترین مەسەلە دەزانێت. فرۆید گوتویەتى کە کەسێتى چەمکى تەقلیدیى رەفتار باڵادەکات و ئەو رەفتارەى کە هێزێکى دینامیکیانەى هەیە رێکیدەخات. بەجۆرێک کە تاکەکەس نەک هەر بەشێوەیەکى دیاریکراو بیردەکاتەوە، بەڵکو بیرکردنەوەى لە مەیل و هەست و سۆزەکانییەوە سەرچاوە دەگرێت.


ئەو مەسەلەیەى ئەو دەمەى ئێمە خستمانە روو بەمجۆرە بوو:
ئایا کرێکاران و کارمەندانى ئەڵمانى تا چ ڕادەیەک دەتوانن بونیادى کەسێتییەکى نەیار بەرامبەر بیروباوەڕى دەسەڵاتخوازانەى نازیزم لەخۆیاندا بخەنەڕوو؟ لەم مەسەلەیەوە پرسیارێکى تریش دێتە پێشەوە: کرێکاران و کارمەندانى ئەڵمانى تا چ ڕادەیەک لە هەلومەرجە قەیراناوى و ناسکەکاندا لەگەڵ نازیزمدا دەجەنگن؟


پاش توێژینەوەکە ئەنجامەکە ئەوە بوو کە (10%) ى ئەو کرێکار و کارمەندانەى توێژینەوەکەى ئێمە دەیگرتنەوە خاوەنى بونیادى کەسێتییەک بوون کە ئێمە پێمان دەوت"کەسێتیی دەسەڵاتخوازانە". بەڵام 15% یان خاوەنى کەسێتیى دیموکراتیک بوون. ئەوانى دى (نزیکەى 75%) خەڵکانێک بوون کە بونیادى کەسێتیان تێکەڵەیەک بوو لەو دووانە. (2) بەپێى گریمانەکەى ئێمە "دەسەڵاتخوازان" نازییە پەتییەکان بوون و "دیموکرات"ەکانیش نیمچە سەربازانێکى دژ بە نازیزم بوون. بەڵام زۆربەکەى تر، نە ئەمیان و نە ئەویان بوون. ئەوە بوو ڕووداوەکانى ساڵانى 1933-1945 سەلماندیان کە ئەم گریمانەیەى ئێمە بە جیاوازییەکى کەمەوە، تەواو ورد و راست دەرچوو.(3)


بۆ سەلماندنى ئەو بۆچوونەمان هێندە بەسە ئاماژە بۆ ئەوە بکەین کە بونیادى کەسێتیى دەسەڵاتخواز لەڕاستیدا بونیادى کەسێتیى کەسێکە کە لە سەرێکەوە بە تەسلیمبوون بە هێزێکى تر و پشتبەستنى رەمزى بە خاوەن پلەوپایە و دەسەڵاتەکان هەست بەهێز و شوناسى خۆی دەکات، لەسەرێکى تریشەوە دەسەڵاتێکى ڕەمزیى بەسەر کەسانێکدا هەیە کە تەسلیمى ئەو دەبن، یان پشتى پێ دەبەستن.
واتە کەسێتیى دەسەڵاتخوازانە ئەو دەمە هەست بە هێز و شوناسى خۆى دەکات کە خۆى لە خزمەتى دەسەڵاتێکى بە ڕواڵەت پایەداردا دەبینێتەوە و دەبێتە بەشێک لەو دەسەڵاتە و، لەهەمانکاتیشدا لەڕێى بەکارهێنانى دەسەڵاتەوە بەرامبەر خەڵکێک کە لەژێر دەستى ئەودان، گەشە دەکات. لە ڕاستیدا ئەم حاڵەتە رەنگدانەوەى نەخۆشییەکى ئیزدواجیانەى ئازاردان و ئازارچەشتنە کە هەستى دەسەڵات و شوناس بەو دەبەخشێت.


ئەو (واتە کەسێتیى دەسەڵاتخوازانە _ و _) کە دەبێ بە بەشێک لە بەشەکانى گەورەیەک (ئیدى ئەو گەورەیە هەرچییەک بێت) خۆى بە گەورە دەبینێت. ئەگەر بە تەنیا بمێنێتەوە، خۆى لەخۆیدا هەرەس دەهێنێت. هەربۆیە، هەڕەشەکردن لە دەسەڵاتداران و کەوتنەمەترسیى بونیادى دەسەڵاتیان، لەواقیعدا بەهەڕەشەیەک دەژمێردرێ بۆ سەر کەسێتیى دەسەڵاتخوازانەى ئەو کەسە (واتە هۆکارە وجودى و ئەقڵانییەکانى دەکەوێتە مەترسییەوە). لەمڕووەوە ئەو بەناچارى دژ بەو هۆکارانە دەوەستێتەوە کە مەترسى بۆ سەر دەسەڵاتخوازى دروستدەکەن. چونکە بەم ڕێگەیە لە راستیدا لەپێناوى پاراستنى هۆکارەکانى بوون و ژیانى خۆیدا دەجەنگێت.


بۆ پێناسەى (کەسێتیى شۆڕشگێرانە) دەبێ لەوەوە دەستپێبکەین کە کەسێتیى شۆڕشگێڕانە چى نییە . لە ڕاستیدا مەرج نییە کەسێتیى شۆڕشگێڕانە کەسێک بێت، کە لە شۆڕشەکاندا بەشدارى دەکات. ئەم مەسەلەیە بە وردى خاڵى جیاوازى نێوان رەفتار و کەسێتیى دینامیکییە، بە چەمکە فرۆیدییەکەى. هەموو کەسێک بە هەر بیانوویەک بێت دەتوانێ لە شۆڕشێکدا بەشداری بکات، بەچاوپۆشین لەوەى چ هەستێکى هەیە، یان لەسەر چ بناغەیەک پەیوەندیى بە شۆڕشەوە کردووە. بەڵام ئەو خاڵە کە ئەو وەکو شۆڕشگێڕێک رەفتار دەکات، خۆى لەخۆیدا هەندێ دەرکەوتەى کەسێتیى ئەومان بۆ دەخاتەڕوو.
خاڵى دووەم لەوەدا کە کەسێتیى شۆڕشگێڕانە چى نییە ، تاڕادەیەک گرفتامێز و ئاڵۆزە. کەسێتیى شۆڕشگێڕانە (ئاژاوەخواز) نییە . مەبەست لە (کەسى ئاژاوەخواز) چییە؟ (4) من کەسێک بە ئاژاوەخواز دەزانم کە بۆئەوە رقى لە دەسەڵاتێک نابێتەوە لەبەرئەوەى دەسەڵاتێکى بێزراوە، یان بەگوێرەى ویست و خواستى ئەو نییە ، بەڵکو لەبەرئەوەى دەیەوێ ئەو دەسەڵاتە سەرنگون بێت تا دواتر خۆى جێى بگرێتەوە و دەسەڵات بگرێتە دەست. لە زۆربەى جارەکانیشدا ئەم جۆرە کەسە کە بە ئامانجى خۆى دەگات، بە هەمان ماهیەتى دەسەڵاتى پێشوو و بەڵکو لەو خراپتریش دەست بە مەحکەمکردن و فراوانکردنى دەسەڵاتى خۆى دەکات.


دەتوانین نموونەیەکى ئاشکراى کەسێتییەکى ئاژاوەخواز لەمێژووى سیاسیى سەدەى بیستەمدا بهێنینەوە، بۆ نموونە کەسێکى وەکو (ڕەمزى ماکدۆناڵد)، کە سەرەتا وەکو کەسێکى ئاشتیخواز و بەرگریکار لە ویژدان دەرکەوت و، کاتێکیش دەسەڵاتى گرتە دەست، دەسبەردارى پارتى کرێکاران بوو و چووە ڕیزى هەمان ئەو دەستە و تاقمانەى دەسەڵاتەوە کە ساڵانێکى زۆر دژیان خەباتی کردبوو. ئەو هەر لە سەرەتاى چوونە نێو دەوڵەتى میللییەوە، بە هاوڕێ و هاوخەباتى دیرێنى خۆى (سناودن) دەڵێت: (تازە من و ئێوە کوجا مەرحەبا؟ ئێستا هەموو ژنە دۆقەکانى لەندەن تامەزرۆى ئەوەن ئەملاولام ماچکەن.)


ئەمە نموونەى تەواوى ئاژاوەگێڕێکە کە بە ئاژاوەگێڕى دەگاتە دەسەڵات. جارى وایە ساڵانێک دەخایەنێت تا ئەم شتانە دەردەکەون و جارى واشە زووتر. بۆ نموونە کەسێتییەکى وەکو (لاڤیل ى بەدبەخت) بهێننەوە یادى خۆتان کە وەکو ئاژاوەخوازێک لە پاریس دەرچوو و، لە ماوەیەکى زۆر کورتدا هەموو سەرمایەى سیاسیى خۆى فرۆشت. دەتوانم زۆر نموونەى ترى ئەم کەسێتیانە بهێنمەوە. بەڵام هەموویان چوونییەکن. لەوانەیە بڵێن ژیانى سیاسیى سەدەى بیستەم گۆڕستانێکە پڕ لە گۆڕى ئەخلاقیى خەڵکانێک کە سەرەتا لافى شۆڕشگێڕێتیان لێداوە، کەچى دوایى هیچ نەبوون جگە لە کۆمەڵێک ئاژاوەگێڕى هەلپەرست.


خەسڵەتێکى تر کە کەسێتیى شۆڕشگێڕانە شکى نابات و تاڕادەیەک لە خەسڵەتەکانى کەسێتیى ئاژاوەگێڕ ئاڵۆزترە، ئایدیالیزم (میسالیەت) ە. کەسێتیی شۆڕشگێڕانە، ئایدیالیست نییە . شۆڕشگێڕەکان لەڕووى رەفتارەوە بەزۆرى ئایدیالیستن. لێرەشدا، لانى کەم بەلاى منەوە، جیاوازیى نێوان رەفتارى سیاسى و بونیادى کەسێتى ئاشکرا و دیارە. مەبەست لە ئایدیالیست چییە؟ بەبۆچوونى من ئەو کەسێک نییە کە خاوەنى (باوەڕ) بێت. (ئەمڕۆ وەکو مۆدێکى لێهاتووە، ئەگەر کەسێک خاوەنى کۆمەڵێک بیروباوەڕبوو پێیدەڵێن ئایدیالیست و ئەگەر باوەڕیشى نەبوو یان لە باوەڕى خۆیدا نەرمیى پیشاندا، پێیدەڵێن "واقیعى").


من لەو بڕوایەدام کە لە روانگەى دەروونشیکاریى کلینیکییەوە، کەسى ئایدیالیست کەسێکە کە خاوەنى خودشەیدایى (نێرگسیەت) یەکى فرەیە. لەڕاستیدا کەسێتییەکى دەروونپەرێشانە (نائومێدییەکى تێکەڵ بەخۆگەورەزانى)، کە وەکو هەر دەروونێکى ترى نەخۆش لەدنیاى دەوروبەرى خۆى جیایە و پێى نامۆیە. بەڵام رێگاچارەیەکى لەبەردەمدایە کە ئەو لە دەروونپەرێشان جیادەکاتەوە. ئەو خۆى بە بیانوویەکەوە (هەر بیانویەک بێت، سیاسى، ئایینى، ... هتد) بەستۆتەوە و کردوویەتى بە کۆڵەکەى بوونى و بە بتێک و، بە تەسلیمبوونى تەواوەتى بەرامبەر بەو بتەى خۆى، بە مانا و گەرمیى ژیان دەگات. لە هەلومەرجەکانى تەسلیمبوونیدا، شوناسى خۆى لەو بتە دەسەنێت، بتێک کە خۆى قوتى کردۆتەوە و رەهایى (موتڵەقیەت) ى پێبەخشیوە.


ئەگەر بمانەوێ رەمزێک بۆ کەسێتییەکى ئایدیالیست هەڵبژێرین، دەبێ پێى بڵێین "سەهۆڵى ئاگرین". چونکە هاوکات لەگەڵ ئەوەدا کە خوێنگەرم و بەکەفوکوڵە، ساردوسڕیشە. ئەو بەتەواوەتى لە جیهانى دەوروبەرى خۆى دابڕاوە و لە هەمانکاتدا پڕە لە هەست و سۆزى گەرم. ئاوێتەیەکە لە هەستى چالاکانەو حەز بەبەشداریکردن و تەسلیمبوون بەرامبەر موتڵەق. بۆ پەیبردن بە کەسێتیى ئایدیالیست، نابێ گوێ لە قسەکانى بگرین، بەڵکو دەبێ بڕوانینە ئەو بریسکە تایبەتییەى لە نیگایدایە و سروشتى ساردوسڕى کە لەواقیعدا دەربڕى ئەو دژایەتییەیە کە لەنێوان ئایدیالیزمەکەى و رەنگدانەوەى نەبوونى پەیوەندییەتى لەگەڵ جیهان و ملکەچى و تەسلیمبوونییەتى بە بتەکەى. ئایدیالیست لە کەسێک دەچێت کە پێغەمبەرەکان ناویان ناوە "بتپەرست". پێویست ناکات ئەوە بهێنینەوە یادمان کە ئایدیالیستەکان هەمیشە رۆڵێکى گەورەیان لە گۆڕانکارییە مێژووییەکانى جیهاندا بینیوە و هەرچییەکیان گوتووە، روون و ئاشکرا بووە. هەروەکو کەسێتیى شۆڕشگێڕانە کە کەسێکى راشکاوە.
هەوڵدەدەم روونى بکەمەوە کەکەسێتیى شۆڕشگێڕانە چ شتێک نییە. لەو بڕوایەدام کە ئەمڕۆ چەمکى کەسێتیناسیى شۆڕشگێڕانە، چەمکێکى زۆر گرنگە. هەروەکو چۆن چەمکى کەسێتیى دەسەڵاتخوازانەش دەشێ هەمان گرنگیى هەبێت. لەڕاستیدا ئێمە لە چاخى کۆمەڵێک شۆڕشدا دەژین کە لە سێ سەدە لەمەوبەرەوە هەر لە ئاژاوە سیاسییەکانى بەریتانیا و پاشان فەرەنسا و ئەمریکاوە دەستى پێکردووە و بە شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکانى ڕوسیا و چین و ..هتد ئێستاش لە ئەمریکاى لاتین دا بەردەوامە.
لەم چاخە شۆڕشگێڕانەیەدا، وشەى "شۆڕشگێڕ" لە زۆر پنتى جیهاندا وشەیەکى دڵڕفێنە و وەکو چۆنییەتییەکى پۆزەتیڤانە خراوەتە پاڵ گەلـێ بزاوتى سیاسى. لە راستیدا هەموو ئەو بزاڤانەى کە سوود لە وشەى "شۆڕشگێڕ" وەردەگرن، لافى کۆمەڵێک ئامانجى چوونییەک لێدەدەن: واتە ئەوەى کە لە پێناوى "ئازادى" و "سەربەخۆیى"دا خەبات دەکەن. بەڵام لە پراکتیکدا هەندێکیان وان و هەندێکیان وا نین.


واتە هەندێکیان بەڕاستى بۆ ئازادى و سەربەخۆیى خەبات دەکەن و هەندێکى تریشیان بەتەنها سوود لە دروشمەکانیان دەبینن، بەڵام ئامانجیان بەرقەرارکردنى سیستمى دەسەڵاتگەرایە. تەنها بەو جیاوازییەى کە ئەمجارەیان خۆیان لەجیاتى دەسەڵاتدارەکانى پێشوو دەسەڵات بگرنە دەست.

چۆن دەتوانین پێناسەى"شۆڕش" بکەین؟

ئەگەر بمانەوێ لە سنوورە فەرهەنگییەکەیدا پێناسەى شۆڕش بکەین، دەبێ بە سادەییەوە بڵێین کە شۆڕش سەرنگونکردنى توندوتیژانە، یان ئاشتیئامێزانەى حکومەتى حوکمڕانە و دانانى حکومەتێکى نوێیە لەجێگەکەى. هەڵبەت ئەم پێناسەیە پێناسەیەکى رەسمیى سیاسییە. دەکرێ لە روانگەیەکى مارکسیستییەوە شۆڕش بە جێگرتنەوەى سیستمێکى باڵاترى مێژوویى لەجێى ئەو سیستمە لەقەڵەم بدەین کە لە ئارادایە: بێگومان لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوەو ئەویش ئەوەیە کە ئایا سیستمێکى باڵاترى مێژوویى لە روانگە و هەڵسەنگاندنى چ کەسێکەوە؟ بەڵام بەشێوە باوەکەى براوەکانى ئەم ململانێیە (لانى کەم لە وڵاتى خۆیاندا) لافى نوێنەرایەتیى سیستمێکى باڵاترى مێژوویى لێدەدەن.

سەرەنجام، دەتوانین لە روانگەى دەروونناسییەوە شۆڕش پێناسە بکەین. بەگوێرەى ئەم روانگەیە، شۆڕش بریتییە لە بزوتنەوەیەکى سیاسى بە رابەرایەتیى کەسانێک کە خاوەن کەسێتیی شۆڕشگێڕانەن و، دەرەنجام راکێشانى خەڵکى لەڕێى ئەو کەسێتییە شۆڕشگێڕانانەوە. هەڵبەت ئەمە هەموو پێناسەکە نییە . بەڵام بۆ مەبەستى ئێمە لەم وتارەدا کە جەختى سەرەکیمان لەسەر مەسەلەى "کەسێتیى شۆڕشگێڕانە" یە، هێندە بەسە.


سەرەکیترین خەسڵەتى "کەسێتیى شۆڕشگێڕانە" سەربەخۆبوون و ئازادیى ئەوە. بۆ روونکردنەوە، وا چاکترە چەمکى سەربەخۆبوون بەرامبەر بە چەمکى رەمزیى وابەستەبوون بە دەسەڵاتدارانى باڵادەست و بێدەسەڵاتانى خوارەوە (هەروەکو لە کاتى روونکردنەوەى کەسێتیی دەسەڵاتگەرادا لێى دواین) دابنێین. بەڵام ئەم خاڵە بەتەنیا ماناى "سەربەخۆیى" و "ئازادى" روون ناکاتەوە. کێشەکە لەوەدایە کە وشەى وەک سەربەخۆیى و ئازادى ئەمڕۆکە بەو جۆرە بەکاردەهێنرێن کە لە سیستمێکى دیموکراتیکدا هەموو سەربەخۆ و ئازادن. چەمکى سەربەخۆیى و ئازادى لەواقیعدا رەگوڕیشەى دەچێتەوە سەر شۆڕشەکانى چینى ناوەند بەسەر سیستمى فیوداڵى (دەرەبەگایەتى) دا هەروەها دژایەتیکردنى سیستمە دیکتاتۆر و تۆتالیتارەکان هێزو مکومیەکى ترى پێ بەخشین. لە قۆناغى سیستمە فیوداڵى و دەسەڵاتە گشتگیرەکاندا، تاکەکەس نە ئازاد بووە و نە سەربەخۆ. بەڵکو چەوساوەى دەست یاساکانى داب و نەریت و فەرمانى باڵادەستەکان بووە. شۆڕشە سەرکەوتووەکانى بۆرژوازى لە ئەوروپا و ئەمریکادا بوونە مایەى ئازادى و سەربەخۆیى سیاسیى تاکەکەسەکان. ئەم ئازادییە بریتى بوو لە "ئازادبوون لە" و "سەربەخۆبوون لە" دەسەڵاتە سیاسیەکان.


بێگومان ئەم شتانە بە گۆڕانکارییەکى گرنگ دەژمێردران. هەرچەندە ئەمڕۆ رەوتى پیشەسازیبوون وتەشەنەکردنى تەکنۆکراتى شێوەى نوێى وابەستەییان هێناوەتە ئاراوە کە جیاوازە لە پرۆسەى خودسازى و داهێنانى سەربەخۆیانەى بازرگانەکانى سەدەى نۆزدەیەم. بەڵام بەهەرحاڵ، چەمکى سەربەخۆیى و ئازادى گەلـێ لەو چەمکانە قووڵترن کە باسمان لێوە کردن. چەمکى سەربەخۆیى لە روانگەیەکى قووڵەوە، بریتییە لە سەرەکیترین لایەنى نەشونماو گۆڕانى مرۆڤ.
مناڵێکى ساوا هێشتا لەگەڵ دەوروبەرى خۆیدا یەکە و تەبایە. لاى ئەو دونیاى دەرەوە وەکو راستییەکى جیا لەو بوونى نییە . بەڵام تەنانەت ئەو کاتەش کە مناڵ دەتوانێ شتەکانى دى لەخۆى جیابکاتەوە، هێشتا هەر بێدەسەڵاتەو تاماوەیەکى زۆر ناتوانێ بەبێ یارمەتیى باوک و دایکى بژى. ئەم بێدەسەڵاتییە درێژخایەنەى مرۆڤ بە بەراورد لەگەڵ گیانەوەرانى تردا، یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکیەکانى گەشەسەندنى ئەو، بەڵام لە هەمانکاتدا مناڵ فێردەکات کە پشت بە دەسەڵاتێک (باوک و دایک) ببەستێت و لە دەسەڵاتیش بترسێت.


بەشێوەیەکى سروشتى، باوک و دایکى مناڵێک کەسانێکن کە لەکاتى لەدایکبوونەوە تا باڵقبوون بۆ ئەو مناڵە رەمزى دەسەڵاتن و خاوەنى هەردوو لایەنەکەین. ئەم دوولایەنەش بریتین لە یارمەتى و تەمێکردن. لە قۆناغى باڵقبووندا، لاو دەگاتە قۆناغێک کە تیایدا نەشونماى کردووە و دەتوانێ بۆ خۆى بێت (هەڵبەتە لە کۆمەڵگا سادەکانى کشتوکاڵدا). چیدى ژیانى کۆمەڵایەتیى ئەو بەدایک و باوکیەوە وابەستەنییە . ئەو دەتوانێ تەنانەت لە رووى ئابووریشەوە لە باوک و دایکى سەربەخۆ بێت. لە زۆر کۆمەڵگاى سەرەتاییدا بۆ سەربەخۆبوونى تاکەکەس (بەتایبەتى لە باوک و دایکى) میهرەجانى ئایینى سازدەکرێ کە لە هەمانکاتدا وابەستەیى ئەو تاکەکەسە بە هۆزەکەوە رەتناکاتەوە. باڵقبوونى سێکسیش هۆکارێکى ترە کە خێرایى بە پرۆسەى سەربەخۆبوون لە باوک و دایک دەبەخشێت.
ئارەزووى سێکسى و تەقەللا بۆ تێرکردنى، تاکەکەس بەلاى خەڵکى دەرەوەى خێزانەکەدا رادەکێشێت، کردەى سێکسى خۆى لەو شتانەیە کە باوک و دایک ناتوانن تیایدا یارمەتیى تاکەکەس بدەن و ئەنجامدانى ئەکەوێتە ئەستۆى ئەو لاوە خۆى. تەنانەت لەو کۆمەڵگایانەشدا کە مەسەلەى تێرکردنى ئارەزووى سێکسى بۆ 5 تا 10 ساڵ دوا باڵقبوون دواوەدەخرێ، ئارەزووى بێدارکراو پێداویستى بۆ سەربەخۆیى لەتاکەکەسدا دەوروژێنێ و وا لە لاو دەکات لەگەڵ باوک و دایک، یان خاوەن دەسەڵات و قەرار بەدەستانى نێو کۆمەڵگادا بەیەکدا بێن. کەسێکى ئاسایى ساڵانێک پاش باڵقبوون بەو پلەیە لە سەربەخۆیى دەگات. بەڵام راستیەک هەیە کە نکوڵیى لـێناکرێ، ئەویش ئەوەیە کە ئەم جۆرە سەربەخۆبوونە، سەربارى ئەوەى تاکەکەس دەچێتە ژیانى هاوسەرێتییەوە و مناڵ دەخاتەوەو هەتا کۆتایى، ژیانى خۆى بەڕێوەدەبات، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە ئەو بە دروستى سەربەخۆیى وەچنگ هێناوە. ئەو گەرچى بە تەمەن گەورەشە، بەڵام هێشتا لە زۆر رووەوە بێدەسەڵات و بێ داڵدەیە و دەبێ بۆ پاراستنى خۆى و بەرگریکردن لەخۆى پەنا بۆ هەندێ دەسەڵات بەرێت. نرخى بەدەستهێنانى ئەو یارمەتیەش وابەستەبوونە بە سەرچاوەکانى دەسەڵات و لەدەستدانى ئازادى و سەرەنجام لە گەشە وەستانى ئەو. ئەو بیروبۆچوونەکانى لەوان بە قەرز وەردەگرێت. هەست و سۆز و ئامانج و بەهاکانى هى ئەوانە، گەرچى خۆى لەو وەهمەدا دەمێنێتەوە کە هزر و هەست و سۆز و هەڵبژاردنەکانى لەناخى خۆیەوە هەڵدەقوڵێن.


ئازادى و سەربەخۆیى تەواو وەختێ دێتە دى کە مرۆڤ بۆ خۆى بیربکاتەوە، بۆ خۆى هەستبکات و بڕیاربدات. ئەو بەتەنها کاتێک دەتوانێ وەها دڵنیابێت و لەناخەوە رەفتار بکات کە گەیشتبێتە قۆناغى پەیوەندیى دینامیکیانە و خولقێنەرانە لەگەڵ جیهانى دەوروبەرى خۆیدا. لەم حاڵەتەدایە کە دەتوانێ ژیانێکى رەسەنى هەبێت. ئەمجۆرە چەمکى سەربەخۆبوون و ئازادبوونە دەتوانین لە هزرى عارفانى رەسەن و هەروەها کەسانێکى وەکو (مارکس) یشدا ببینینەوە، یەکێک لە عارفە رەسەنە مەسیحییەکان، واتە مایستەر ئیکهارت دەڵێت: (ژیانى من چییە؟ شتێکە کە لەناخەوە هەڵدەقوڵێت، شتێکە کە لە دەرەوە بە بێگیانى هەڵدەقوڵێت) و یان (… مرۆڤ کە شتێک لە دەرەوە وەردەگرێت و یان لەژێر کاریگەریى ئەو شتەدا بڕیاردەدات. ئەوە شتێکى راست نییە . هیچ کەس ناتوانێ لە دەرەوەى خۆیدا خوا بدۆزێتەوە، یان ئەزموونى بکات، بەڵکو هەرچى هەیە لە ناو دەروونى خۆمان و خودى خۆماندایە). 
(مارکس) یش هەرچەندە لە روانگەیەکى نادینییە وە دەڕوانێتە مەسەلەکان، بەڵام بەهەمانشێوە ئەویش دەڵێت: (بوونەوەرێکى زیندوو ناتوانێ خۆى بەسەربەخۆ بزانێ، مەگەر ئەوەى کە خۆى گەورەى خۆى بێت. وەختێکیش گەورەى خۆیەتى کە ژیانى هى خۆى بێت، کەسێک کە لە سایەى بەزەیى و پشتبەستنى بە کەسێکى ترەوە بژى، خۆى وەک بوونەوەرێکى وابەستە دەبینێت، کەوابوو قەرزارى ئەو دەبێت و تەنانەت خولقاندنى خۆیشى بەهى ئەو دەزانێت. لەبەرئەوەى ئەو دەبێتە سەرچاوە بۆى. ئەگەر ژیانى من، دەسکردى خۆم نەبێت. بەپێویست دەبێتە وابەستەى هۆکارێکى دەرەوە."
یان مارکس لە شوێنێکى دیکەدا دەڵێت: "مرۆڤ کاتێک سەربەخۆ دەبێت کە بتوانێت تاکێتى (فەردیەت) ى خۆى وەکو ئادەمیزادێکى کامڵ و تەواو لە هەر پەیوەندییەکیدا لەگەڵ دنیادا (وەکو بینین، بیستن، بۆنکردن، تامکردن، هەستکردن، بیرکردنەوە، ئارەزوکردن و خۆشەویستى) بسەلمێنێت و پراکتیزەبکات. بەکورتى ئەگەر ئەو بتوانێت تەواوى لایەنەکانى تاکێتیى خۆى بەدەست بهێنێتەوە، ئەوا ئادەمیزادێکى سەربەخۆیە". سەربەخۆیى و ئازادى لە راستیدا وەدیهاتن و فۆرمەلەبوونى تاکێتییە، نەک رزگاربوون لە دەسەڵاتى کەسێک و یان ئازادبوون لە مەسەلە ئابوورى و بازرگانییەکان.
مەسەلەکانى تاکەکەس بەشێوەیەک لە شێوەکان لەگەڵ ئازادیى ئەودا یەک دەگرنەوە. مرۆڤێکى هوشیار و داهێنەر، مرۆڤێکى ئازادە، چونکە بەشێوەیەکى رەسەن و سەربەستانە دەژى. بوونى خۆى سەرچاوەى ژیانى خۆیەتى. دەبێ ئەوەش بڵێین کە ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە مرۆڤى سەربەخۆ مرۆڤێکى گۆشەگیرو جیایە. راستە کەسێتى و پرۆسەى گەشەسەندنى ئەو لە پەیوەندیدایە بەئەوانى ترو بە جیهانى دەرەوە. بەڵام ئەم پەیوەندییە پەیوەندیى وابەستەبوون نییە . مارکس ئەوەندەى پەیوەندیى بە سەربەخۆیى تاکەکەسەوە هەیە، بەناوى خودسازى و وەدیهاتنى تاکەکەسەوە ڕەخنە لە کۆمەڵگاى بۆرژوازى دەگرێت. لەکاتێکا کە فرۆید لەم بارەیەوە تیۆرییەکى دى واتە "گرێى ئۆدیپ" دەخاتەڕوو.


فرۆید لەو بڕوایەدایە کە ساغى و دروستیى زەین لەوەدایە تاکەکەس بەسەر بیرۆکەى جووتبوون لەگەڵ دایکیدا زاڵ بێت و بەمجۆرە، سەلامەتیى زەینى و باڵقبوون لەسەر بناغەى ئازادى و سەربەخۆیى دێتەدى. بەڵام بەبۆچوونى فرۆید ئەم پرۆسەیە سەرەتا بە ترس لە سەرکوتکردنى باوک دەستپێدەکات و بە جێبەجێکردنى ئەمرو نەهیەکانى ئەو و قبووڵکردنیان لە "منى باڵا" دا کۆتایى دێت. لەم رووەوە سەربەخۆبوون "لە دایک" نیوەى پرۆسەکەیەو وابەستەبوون بە باوک و دەسەڵاتە کۆمەڵایەتیەکانەوە لەڕێى "منى باڵا"وە بەردەوام دەبێت.


کەسێتیى شۆڕشگێڕانە کەسێکە کە بە مرۆڤدۆستى نەشونمادەکات و بەمجۆرە سنوورەکان و دزێوییەکانى کۆمەڵگاى خۆى تێدەپەڕێنێت. هەر لەبەرئەوە دەتوانێ کۆمەڵگاکەى خۆى و یان کۆمەڵگاى تر لە روانگەى ئەقڵ و مرۆڤدۆستییەوە بخاتە بەر ڕەخنە. کەسێتیى شۆڕشگێڕانە ناکەوێتە داوى شتە وردو درشتەکانى ئەو ژینگە فەرهەنگییەى کە بە ڕێکەوتێکى زەمانى و شوێنى تیایدا لەدایکبووە و، بەدەستیانەوە گرفتار نابێت. ئەو دەتوانێ بەچاوى کراوەوە بڕوانێتە دەوروپشتى خۆى و لەم روانگەیەوە تەرازووى داوەرى بەدەستەوە بگرێت و لەنێو رێگە جۆراوجۆرەکاندا تواناى جیاکردنەوەى باشە لەخراپە (ئەقڵ) بناسێتەوە.


کەسێتیى شۆڕشگێڕانە مرۆڤدۆستى (ئینسانییەت) سەنگى مەحەکیەتى و بەگوتەى ئەلبێرت شڤایتزەر، تامەزرۆییەکى قووڵ و مەیلێکى زۆر و عیشقێکى لەبن نەهاتووى بۆ ژیان هەیە. راستە کە ئێمەش وەکو گیانەوەران پڕ بە ژیاندا دەکەین و لەگەڵ مەرگدا دەجەنگین. بەڵام نووسان بە ژیانەوە شتێکە و عیشق بۆ ژیان شتێکى دى. بۆ زیاتر ڕوونکردنەوە، دەبێ ئەو راستییە ببینین کە جۆرە کەسێتییەکیش هەیە کە لەبرى ژیان سەوداسەرى مەرگ و وێرانى و نەبوونە (هیتلەر نموونەیەکى زەقى ئەم جۆرە کەسێتییانەیە.) هەروەکو ئۆنامۆنۆ لەوەڵامى پرسیارێکیدا بە ژەنەراڵ فرانکۆ (کە دروشمى سەرەکیى "بژى مەرگ" بوو) لە ساڵى 1936 دا دەڵێت، ئەمجۆرە کەسێتییە دەکرێ پێى بڵێین "کەسێتیى لەمەرگ ڕاماو."


نابێ لە ناو دەروون و هۆشیاریى مرۆڤدا بۆ مەیل بۆ مەرگ و نەبوون، بگەڕێین، بەڵکو لە کاروکردەوە و رەفتارەکانیدا رەنگدەداتەوە. وێرانى و کاولکردن و فەوتاندنى ژیان بەلاى ئەم جۆرە کەسێتییەوە هەمان رەزامەندى و خۆشیى بۆ دروستدەکات کە کەسێتییەکى ژیاندۆست لەئەنجامى گۆڕان و گەشەسەندنى ژیانەوە لاى دروستدەبێت. لە مەرگ راماو، راستییەکى لەڕێ لاچووە کە بەرامبەر ژیان بەرەو فەوتان دەچێت.


بیروهەستى کەسێتیى شۆڕشگێڕانە چەکدارە بە ئامرازەکانى ڕەخنە (یان بە زمانى مۆسیقا، بە کلیلى ڕەخنە). ئەو دروشمە لاتینییەى کە دەڵێت: (دەبێ گومان لە هەموو شتێک بکەین) لە واقیعدا بەشێکى زۆر گرنگى بەرپرسیارێتیى کەسێتیى شۆڕشگێڕانە بەرامبەر بە جیهان پێکدێنێت. ئەم ڕۆحیەتە بە هیچ کلۆجێک خۆپەرستانە نییە. بەڵکو تێگەیشتنێکە لە راستییەوە سەرچاوە ئەگرێت و پێچەوانەى خەیاڵاتە کە وەکو جێگرەوەى ڕاستى خۆى بۆ مرۆڤ دەنوێنێت.


کەسێتیى ناشۆڕشگێڕ کەسێکە شانازى بەوەوە دەکات کە باوەڕى بەو شتانە هەیە کە زۆربەى خەڵک باوەڕیان پێیەتى. بەڵام کەسێک خاوەنى گیانێکى ڕەخنەگرانە بێت تەواو بەپێچەوانەوە رەفتار دەکات. بەتایبەتیش کاتێ گوێى لە بیروڕاى کۆڕو کۆبوونەوەکانى خەڵکى عەوام و دەسەڵاتداران دەبێت، لەسەر هەڵوێستى ڕەخنەگرانەى خۆى دەمێنێتەوە. خۆ گەر ئەو خەڵکەش مەسیحین (وەکو خۆیان دەڵێن)، کەواتە نابێ کێشەیان بەرامبەر هەڵوێست و روانینەکانى ئەو هەبێت و دژى بوەستنەوە. چونکە لەڕاستیدا ئەم ئاڕاستەى ڕەخنەگرتنە لە پێودانگە سواو و قبووڵکراوەکان، لاى مەسیحیش هەبووە. ئەم هەڵوێستە ڕەخنەگرانەیە لاى سوکراتیش هەبووە. ئەمە هەڵوێستى پێغەمبەران و گەلـێ کەس بووە کە ئێمە لەبەر زۆر هۆ ستایشیان دەکەین.


"هەڵوێستى ڕەخنەگرانە" هەڵوێستێکە کە تیایدا ئادەمیزاد بەرامبەر بە شتەکانى ژیانى رۆژانە و بیروباوەڕى باوى عەوام کە سواون و هەروەها بەرامبەر ئەو توڕەهات و شتە هیچانەش دەوەستێتەوە کە لەبەرئەوەى زۆربەى خەڵک پەیڕەویى لـێدەکەن، وادەزانرێ مانایان هەیە.


لەوانەیە نەتوانین بەئاسانى پێناسەى ئەو هەڵوێستە ڕەخنەگرانەیە بکەین کە من لـێى دەدوێم، بەڵام ئەگەر کەسێک ئەمە لەگەڵ خۆى و کەسانى تردا تاقیبکاتەوە، بە ئاسانى دەتوانآ ئەو کەسێتییە بناسێتەوە کە خاوەنى هەڵوێستى ڕەخنەگرانەیە، یان ئەوەى خاوەنى نییە.


بۆنموونە چەند ملیۆن خەڵک باوەڕیان وایە کە دەکرێ لەڕێى پێشبڕکێى خۆچەکدارکردنى ئەتۆمییەوە بە ئاشتى بگەین؟ ئەم باوەڕە پێچەوانەى هەموو ئەو ئەزموونانەیە کە لە رابردوودا پیایاندا تێپەڕیوین. ئەى چەند کەس بڕوایان وایە گەر دەنگى ئاژێر (ئینزار) هات (لەگەڵ ئەوەشدا لە زۆربەى شارەکانى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکادا ژێر زەمین و پەناگە دروستکراون) بە زیندوویى دەمێننەوە؟ ئەوان دەزانن کە تەنها 15 دەقیقەیان لەبەردەمدایە. پێویست ناکات کارمەندى بەئاگاهێنانەوە بیت تا بزانیت کە خۆگەیاندنە ژێرزەمین لە 15 دەقیقە زیاترى دەوێت. لەم ماوە کەمەشدا مەرگى ناکاو لەڕێدایە. بەڵام بە ڕواڵەت ملیۆنەها کەس قەناعەتیان بەوەیە کە ژێرزەمینە مەحکەم و پتەوەکانیان بەرگەى بۆمبى 50 تا 100 میگاتەنى دەگرن. بۆچى؟ لەبەرئەوەى ئەو ملیۆنەها کەسانە رۆحیەت و هەڵوێستى ڕەخنەگرانەیان نییە.


ئەگەر مناڵێکى پێنج ساڵان ئەمە ببیستێت، بە زۆرى گومانى لا دروست دەبێت. مناڵان لەم تەمەنەدا بەشێوەیەکى سروشتى هەڵوێستى ڕەخنەگرانەتریان لە گەورەکان هەیە. گەورەکان فێر بوون کە ڕەخنەگر نەبن و هەموو شتێکى هیچ و بێبەها بە شتى مانادار بزانن. کەسێتیى شۆڕشگێڕانە، جگە لە هەڵوێستى ڕەخنەگرانە، پەیوەندیى تایبەتیى لەگەڵ دەسەڵاتدا هەیە. ئەو کەسێکى خەیاڵاوى نییە و دەزانێ کە دەسەڵات مرۆڤ تێکدەشێوێنێت و زەبوونى دەکات و دەیفەوتێنێت. ئەو لەگەڵ دەسەڵاتدا جۆرە پەیوەندییەکى ترى هەیە. لاى ئەو هیچ کاتێک دەسەڵات پیرۆز نییە و هیچ کاتێکیش لاى ئەو جێى حەقیقەت، یا ئاکار و یان خوا ناگرێتەوە.


یەکێک لە گرنگترین مەسەلەکانى ئەمڕۆ، پەیوەندیى کەسەکانە بە دەسەڵاتەوە. مەسەلەکە ئەوە نییە کە دەسەڵات چییە، مەسەلەکە ئەوەیە کە بۆچى دەسەڵات پیرۆز دەبێت و بۆچى ئەخلاقیاتیش دەچێتە ژێر رکێفى دەسەڵاتەوە. ئەو کەسەى دەسەڵات رکێفى ئەخلاقیاتى دەکات، هەرگیز ناچێتە پێگەى ڕەخنەگرانەوە و لەئەنجامیشدا هەرگیز کەسێتییەکى شۆڕشگێڕانەى نەبووە و ناشیبێت.
کەسێتیى شۆڕشگێڕانە تواناى ئەوەى هەیە بڵێت "نەء". بە دەربڕینێکى دى، کەسێتیى شۆڕشگێڕانە کەسێتییەکە مل کەچ ناکات. کەسێکە کە خۆپاراستن لە کۆیلایەتى لەلاى ئەو رەندى (فەزیلەت) و ئازایەتییە. بۆ زیاتر روونکردنەوە، پتر لەم باسە دەدوێین:


مێژووى مرۆڤایەتى بەخۆڕاگرى دەستى پێکردووە. من ئاماژە بۆ میتۆلۆجیاى یۆنانى و عیبرى دەکەم. لە چیرۆکى ئادەم و حەوادا، فەرمانى خواوەند ئەوە بوو کە لەو میوەیە نەخۆن. کەچى مرۆڤ (بەشێوەیەکى وردتریش بیڵێین: ئافرەت) توانیى بڵێت (نەء). ئەو توانیی سەرپێچى بکات و تەنانەت قەناعەت بە پیاویش بکات. ئەنجامەکە چى بوو؟ لە ئەفسانەدا واهاتووە کە مرۆڤ لە بەهەشت دەردەکرێ. واتە مرۆڤ لەنێو هەلومەرجى بەر لە تاکبوون و بەر لە هۆشیارى و بەر لەمێژوویى و یان بەر لە ئینسانیش دەردەکرێ. ئەو هەلومەرجەى کە دەکرێ بە ژینى کۆرپەلەى بشوبهێنین وەختێ لەنێو مناڵدانى دایکیدایە. بەمجۆرە بوو کە ئەو لە بەهەشت دەرکرا و پێى خستە سەر شەقامى مێژوو.
بە زمانى ئەفسانە، ئەو رێى گەڕانەوەى پێ نەدرا. بەڵام لەڕاستیدا نەیدەتوانى بگەڕێتەوە. چونکە وەختێ ئەو بەخۆیدا هاتەوە و، هۆشیار بوو بە جیابوونەوەى خۆى لەوى دى و لە سروشت، ئیدى نەیدەتوانى بگەڕێتەوە بۆ هەلومەرجەکانى ئاسوودەیى یەکەمجار و دۆخى بەر لە هۆشیارى. مێژووى مرۆڤایەتى بەم یەکەمین یاخیبوونە دەستى پێکردو یەکەمین یاخیبوونیش، یەکەمین هەنگاو بوو لەڕێى ئازادیدا.


یۆنانییەکان رەمزێکى تر بەکاردەهێنن: پرۆمیتیۆس. ئەوە پرۆمیتۆس بوو کە ئاگرى لە خواکان رفاند و گوناهى کرد. ئەویش سەرپێچیى کردو بەوەى کە ئاگرى بە ئادەمیزادەکان دا، مێژووى مرۆڤ (و یان ژیارى مرۆڤ) دەستى پێ کرد.


هەم عیبریەکان و هەم یۆنانییەکان لەو باوەڕەدا بوون کە تەقەللاى مرۆڤ و مێژووى مرۆڤ بەسەرپێچى و یاخیبوون دەستیپێکردووە. پرسیارى من ئەوەیە ئایا مێژووى مرۆڤ بە گوێڕایەڵى و سەردانەواندن کۆتایى دێت؟ ئەفسوس کە من لێرەدا باس لە حیکایەت و ئەفسانە ناکەم، بەڵکو باس لەڕاستى دەکەم. ئەگەر جەنگێکى ئەتۆمى لە دوو سێ ساڵدا نیوەى خەڵکى سەرزەوى بفەوتێنێت و قۆناغى وەحشیگەریى پەتى بێتە پێشەوە، یان ئەگەر ئەم جەنگە دە ساڵ بخایەنێت و تەواوى مرۆڤەکانى سەرزەوى قەلاچۆ بکات. ئەمە هەمان ئەو ماناى سەردانەواندنەیە لەلایەن خەڵک و مرۆڤەکانەوە، کە مەبەستى منە. واتە قبوڵکردنى فەرمانى تەقەکردن و ملکەچکردن بۆ ئەو بیروباوەڕانەى کە دەبنە مایەى هێنانەدیى ئەم هەلومەرجە شێتانەیە.


سەرپێچیکردن (یاخیبوون) چەمکێکى دیالەکتیکییە. لەبەرئەوەى هەر کردەوەیەکى یاخیگەرییانە لە راستیدا کردەوەیەکى سەردانەواندنیشە، مەبەستم لەوەیە کە هەر یاخیبوونێک جگە لەو جۆرەى کە ئاژاوەگێڕانەیە، چەشنە سەردانەواندن و ملکەچکردنێکە بۆ پرنسیپێکى دى. من سەرپێچى لە بتەکان دەکەم، چونکە بە فەرمانى خواوەند دەکەم. من نابمە کۆیلەى قەیسەر، چونکە بەندەى خوام. بە زمانێکى نادینیش ئەوەیە کە من بە فەرمانى ئەقڵى خۆم و بە پشتبەستن پێى پەیڕەوى لەکۆمەڵێک پرنسیپ و بەها دەکەم. لەوانەیە لە دەوڵەت یاخى بم، لەبەرئەوەى پەیڕەوى لە کۆمەڵێک یاساى ئینسانى دەکەم.


کەواتە کە لێرەدا گوێڕایەڵم، هەمیشە جێیەکى تر و شتێکى تر بۆ سەرپێچیکردن هەیە. مەسەلەکە بەتەنها سەردانەواندن و یاخیبوونیش نییە ، بەڵکو سەردانەواندن و یاخیبوون لە کێ و لە چى؟
لەو شتانەوەى کە گوتمان، ئەو ئەنجامە بەدەست دەهێنین کە کەسێتیى شۆڕشگێڕانە بەو مانایەى کە من مەبەستمە، تەنها جۆرە کەسێتییەک نییە لە رەهەندە سیاسیەکەیدا، بەڵکو لە ئایین و هونەر و فەلسەفەشدا هەیە. بوودا و پێغەمبەرێکى وەکو عیسا و جیوردانۆ برۆنۆ و مایستەر ئیکهارت و گالیلۆ و مارکس و ئینگلز و ئاینشتاین و شڤایتزەر و راسل، هەموو کۆمەڵێک کەسێتیى شۆڕشگێڕ بوون. لە راستیدا تۆش دەتوانیت خەسڵەتى کەسێتیى شۆڕشگێڕانە لە کەسێکدا ببینیتەوە کە لە خانەى ئەو کەسێتییانەى پێشووشدا نییە . کەسێک کە بەڕاستى "بەڵێ" ى بەڵێ یەو "نەخێر" ى نەخێرە. کەسێک کە دەتوانێ حەقیقەت بڵێت، هەروەکو مناڵەکەى چیرۆکى "جلوبەرگە تازەکەى ئیمپراتۆر" ى هانز کریستیان ئەندرسن. ئەو مناڵە دەیبینى کە ئیمپراتۆر رووت و قووتە و ئەوەى کە دەیبینى بە راستگۆییەوە دەریدەبڕى.


دەشێ سەدەى نۆزدەیەم، قۆناغێک بووبێت کە تیایدا یاخیبوون ئاسانتر بووبێت. لەبەرئەوەى سەدەى نۆزدە سەدەى ئامادەگیى دەسەڵات بوو لە خێزان و دەوڵەتدا. هەربۆیە زەمینەش بۆ کەسێتیى شۆڕشگێڕانە خۆش بوو. سەدەى بیستەم سەدەیەکى ترە. ئەم سەدەیە چاخى سیستمە نوێیەکانى پیشەسازى و خولقێنەرى ئادەمیزادى رێکخراو (دیسپلینکراو) ە. سیستمە فراوانەکانى بیرۆکراسى کە جەختیان لەسەر رەفتارى نەرم و گونجاوى کەسانێکە کە لە ژێر (چاودێرى) دان.
ئەم رەفتارەش وەنەبێ لەڕێى زۆرلێکردنەوە بەدیهاتبێت. بەڵکو لەڕێى دەستخستنە ناو ئینسانەکان و پەروەردەکردنیانەوە. بەڕێوەبەرانى سیستمى بیرۆکراسى لافى ئەوە لێدەدەن کە گوێڕایەڵیى خەڵک بۆ فەرمانەکانیان شتێکە بە ویستى ئەو خەڵکانە خۆیان. ئەوان هەوڵدەدەن لەڕێى دابینکردن و رەزامەندکردنى ماددیەوە هەموومان قەناعەت پێبکەن ئەوە بین کە ئەوان بۆیان دیاریکردووین. ئادەمیزادى دیسپلینکراو کەسێک نییە بتوانێ یاخى بێت. ئەو تەنانەت بەخۆى نازانێت کە ملکەچیشە. ئیدى ئەگەر بەخۆى نەزانێت کە کۆیلە و گوێڕایەڵە، چۆن لە ماناى یاخیبوون دەگات؟ ئەو تەنها یەکێکە لە "پاتاڵ"ەکانى کۆمەڵ. ئەو لە کاروباریدا "ورد"ە. بیر لە شتى "مەنتیقى" دەکاتەوە و کارى پێدەکات. تەنانەت گەر ئەو مەنتیقە ببێتە هۆى فەوتاندنى گیانى خۆى و هاوسەر و مناڵەکانیشى. هەر بۆیە بۆ ئادەمیزادى هاوچەرخى بیرۆکراسیەتى سەدەى بیستەم، زۆر قورسترە کە یاخى بێت و خەسڵەتەکانى کەسێتى شۆڕگێڕانەى تیابێت.


ئێمە لەچاخێکدا دەژین کە مەنتیقى پارە و مەنتیقى بەرهەمهێنانى کاڵا، تەواوى ئاستەکانى ژیانى مرۆڤى تەنیوەتەوە. ئادەمیزادەکان بوون بە ژمارە. هەروەکو چۆن کاڵاکان ژمارەیان لەسەرە. ئادەمیزادەکان و کاڵاکان دوو چەندێتین بۆ پرۆسەى بەرهەمهێنان.
دووپاتى دەکەمەوە، بەلاى کەسێکەوە کە بەخۆى نازانێت گوێڕایەڵ و ملکەچە، زۆر زەحمەتە ببێتە کەسێکى یاخى. بەواتایەکى تر، کێ دەتوانێ بەرامبەر کۆمپیوتەر سەرپێچى بکات؟ چۆن دەکرێ بەرامبەر فەلسەفەیەک کە ئامانجەکەى بە کۆمپیوتەربوونى فەلسەفە و، دابڕان لە ئیرادە و هەست و عاتیفەیە، بگوترێ "نەخێر"؟


بێگومان ئەمڕۆ ملکەچى بە ملکەچى لەقەڵەم نادرێ. چونکە ئەم مانایەیان لەژێر پەردەى "تێگەیشتنى هاوبەش" و قبووڵکردنى پێداویستیە کۆنکرێتیەکانى کۆمەڵگادا بەئەقڵانى کردووە. گریمان هێزێکى چەکدارى کاولکەر لە خۆرئاوا و خۆرهەڵاتدا پەیدا دەبێت، کام سەرپێچییە دەکەن؟ لەکاتێکا کە هەموو ئەوەیان قبووڵ کردبێت کە سەردانەواندن بۆ ئەو کارە لەبەر پێداویستیە کۆنکرێتیەکانى کۆمەڵگایە نەک ئیرادەى مرۆڤ، چ کەسێک لە یاخیبوون و وتنى "نەء" ى خۆى قایل دەبێت؟
لایەنێکى تر کە پەیوەندیى بە هەلومەرجەکانى ئێمەوە هەیە. لەم سیستمە پیشەسازییەدا کە بەڕاى من هەم لە خۆرئاوا و هەم لە خۆرهەڵاتیشدا ڕۆژ بەڕۆژ لە تەشەنەکردندایە، تا ڕادەى مەرگ ئادەمیزادیان لەڕێى بیرۆکراسیەتى گەورە و مەزنیى (دەوڵەت و بیرۆکراسیەتى پیشەسازى و بیرۆکراسییەتى رێکخراوەکان) ەوە ترساندووە.


ئەو نەک هەر ترساوە، بەڵکو خۆى زۆر بچووک دێتە بەرچاو. ئەو چیدى داوود نییە بە گولیات بڵێ "نەء". ئایا ئەم مرۆڤە بچکۆلەیە دەتوانێ بەرامبەر بە شتێک کە لەچاو پەنجا یا سەد ساڵ لەمەوبەردا هەزارانجار گەورەتر و بە دەسەڵاتتر بووە، بڵێ نەء؟ ئەم مرۆڤە لە ملکەچکردنیدا بۆ دەسەڵات، خۆشحاڵە و ئەو فەرمانانەى پێ قبووڵە کە لەژێر پەردەى ئەقڵ و تێگەیشتنى هاوبەشدا پێى دەدرێ و هیچ تێگەیشتنێکیشى بۆ ئەوە نییە کە خۆى کۆیلە و ملکەچە.


بەکورتى، مەبەست لە "کەسێتیى شۆرشگێڕانە" مانا رەفتارییەکەى نییە ، بەڵکو چەمکە دینامیکیەکەیەتى. لەم روانگەى کەسێتى ناسییەوە، هەر کەسێک دروشمێکى شۆڕشگێڕانەى بەرزکردەوە یا لە شۆڕشێکدا بەشداریی کرد، بە کەسێتییەکى شۆڕشگێڕانە لەقەڵەم نادرێ. کەسى شۆڕشگێڕ لێرەدا کەسێکە کە خۆى لە کۆت و پێوەندەکانى خوێن و خاک و پشتبەستنى مناڵانە بە دەسەڵاتى باوک و دایک و خۆسپاردنى تایبەتى بە دەسەڵات و چین و رەگەز.. ئازادکردبێت. کەسێتیى شۆڕشگێڕانە بەو پێیەى هەموو ئینسانییەتى لەخۆیدا تاقیکردۆتەوە کەسێکى ئینساندۆستەو، هیچ شتێک نییە لە ئینسانییەتدا بەلاى ئەوەوە نامۆ بێت. ئەو عاشقى ژیانە و ڕێزى لـێدەگرێت. ئەو گوماندارە و کەسێکى راستگۆیە.


گوماندارە، لەبەرئەوەى لەگەڵ ئەو ئایدیۆلۆژیا و جیهانبینیانەدا ناکۆکە کە لەسەر هەندێ زەمینەى ناجۆر دامەزراون. ڕاستگۆشە، چونکە باوەڕى بەو هێزە شاراوەیە هەیە کە لە ئارادایە، گەرچى تا ئێستا نەهاتبێتە دیش. ئەو فێرە بڵێ "نەء" و لە توانایدایە لەو هێزانە یاخى بێت کە دەیانەوێ جڵەوى بکەن و کڕنووشى پێبەرن. لەبەرئەوەى رێى گوتنى "بەڵێ" یش دەزانێت بۆ ئەو پرنسیپانەى کە پەیڕەوییان لێ دەکات. ئەو کەسێکى خەواڵوو نییە، بەڵکو چاوى لە ئاست ڕاستییە تایبەتى و کۆمەڵایەتییەکانى دەوروبەرى خۆیدا کراوەیە. ئەو سەربەخۆیە. ئەوەى کە هەیەتى بەرى ڕەنجى خودى خۆیەتى. ئەو ئازادە و کۆیلەى کەس نییە.


لەم کورتەیەوە رەنگە وا بکەوێتەوە کە ئەوەى دەربارەى کەسێتیی شۆڕشگێڕانە وتمان، زیاتر پەیوەندیى بە هەلومەرجەکانى ساغى و ئاسوودەیى زەینى مرۆڤەوە هەبێت. بەڵام بەهەرحاڵ، قسەکانى من سەبارەت بە کەسێکە کە خاوەن ئەقڵە و زیندووە و ساغە.


ئەوەى من دەیڵێم ئەوەیە کە ئەم کەسە کەوتۆتە جیهانێکى شێتەوە. کەسێکى هۆشیار و کامڵ لە جیهانێکى ئیفلیجدا، مرۆڤێکى بێدار و بەئاگا لە جیهانێکى خەواڵوودا. ئەو کەسێکى شۆڕشگێڕە و وەختێ ئەوانى تریش هەموو بێدار بوونەوە، ئیدى پێویست بە کەسێکى شۆڕشگێڕ، یان رابەر ناکات. ئیدى لەوێ بەتەنها مرۆڤى هۆشیار دەبینینەوە.


هەڵبەت زۆربەى خەڵک کەسانێکى شۆڕشگێڕ نەبوون. بەڵام هۆى ئەوەى کە ئێستا ئێمە لە ئەشکەوتەکاندا ناژین ئەوەیە کە لە کۆمەڵگاى مرۆییدا بەردەوام کەسانێکى شۆڕشگێڕى وا هەبوون کە ئێمەیان لە ئەشکەوت و تاریکییەکان رزگارکردووە. زۆرى تریش هەبوون کە تەنها لافى ئەوەیان لێ داوە کە شۆڕشگێڕ بوون، بەڵام لەڕاستیدا بەتەنها لە ئاژاوەگێڕ و دەسەڵاتخواز و هەلپەرست بەولاوە هیچى تر نەبوون.

 
من لەو باوەڕەدام کە دەروونناسان ئەرکێکى زۆر گرنگیان سەبارەت بە لێکۆڵینەوەى جیاوازییەکانى کەسێتیناسى، بەدوور لە جۆرەکانى ئایدیالۆژیاى سیاسى، لە ئەستۆدایە. بەڵام بۆئەوەى کە ئەم ئەرکە بەڕێکى ئەنجامبدرێ، دەبێ ئەوانە لانى کەم هەندێ لەو خەسڵەتانەیان تیابێت کە دەربارەى کەسێتیى شۆڕشگێڕانە خستمانەروو. بەڵکو دەبێ ئەوانە خۆیان کەسانێکى شۆڕشگێڕ بن. (*)

(سەرنج: ناونیشانى وتارەکە لە ئەسڵەکەیدا "کەسێتیى شۆڕشگێڕانە" یە –و-)

پەراوێزەکان:

1) ئەم لێکۆڵینەوەیە من و هەندێ لە هاوکارانم، لەوانە دکتۆر. ئا. شاختن، بەرنامەڕێژیمان بۆ کرد. دکتۆر پ.لازار سفێڵدیش وەکو راوێژکارى ئامارى یارمەتیى داین. ئەم لێکۆڵینەوەیە بەسەرپەرشتیى دکتۆر ماکس هۆرکهایمەر بۆ دەزگاى لێکۆڵینەوەى کۆمەڵایەتیى زانکۆى فرانکفۆرت ئەنجامدرا.
2) شێوازى توێژینەوەکە بریتى بوو لە کۆمەڵێک پرسیارى جیاواز کە لە پرسنامەکەدا هاتبوو. وەڵامەکان لەسەر بنچینەى شیکردنەوەى مەیلى دەروونى و نائاشکراى ئەو کەسە هەڵدەسەنگێنران. بۆنموونە لەم پرسیارەدا کە کام کەسێتیى مێژووییت بەلاوە پەسەندە، ئەگەر وەڵامەکە ئەسکەندەرى گەورە، قەیسەر، ناپلیۆن بوایە، ئەوا وەڵامدەرەوەکە دەخرایە ریزى دەسەڵاتخوازانەوە. لەبەرئەوەى ئەو مەیلى بەلاى کەسێتیى دیکتاتۆرەکان و رابەرانى سەربازیدا هەبووە. ئەگەر وەڵامەکەش بوکرات، پاستۆر، کانت، مارکس و لینین بووایە. وەڵامدەرەوەکە دەخرایە ریزى دیموکراتەکانەوە، لەبەرئەوەى مەیلى بەلاى خێرخوازەکانى مرۆڤایەتیدا هەبووە.
3) ئەم مەسەلەیە دووبارە خرایەوە بەرباس و لێکۆڵینەوە. لە لێکۆڵینەوە نوێیەکەدا هەندێ ریفۆرمکارى لە توێژینەوەکەدا کرابوو:
T. W. Adorno and others، The Authoritarian Personality (New York: Harper & Row ، Publishers، 1950)
4) بەشێوەیەکى فراوان ئەم خاڵەم لە کتێبى (هەڵاتن لە ئازادى) دا شى کردۆتەوە.
* سەرچاوە: مجلە (چیستا) شمارە 7،6 / اسفند 1377 و فروردین 1378.