فەرامۆشكردنی خوێنەر

سیامەند هادی
Feb 5, 2018

خوێنەر مرۆڤێكە مێژووی نییە و ژیان و سایكۆلۆژیایەكی تایبەتی نییە، ئەو كەسێكە لە هاوكێشەی (نووسەر/ دەق/ خوێنەر)دا بوونی پەیوەستبووە بە ئامادەبوونی دوالیزمی ئەو هاوكێشەیەوە. ئەم نادیارییەش وێنەی (خوێنەر)ی لە شتێكی ئامادەبووی بەرجەستەوە، گۆڕیوەتە سەر وێنەیەكی هەبووی نادیار. نائامادەبوونی چەمكی (خوێنەر) وەك پێكهاتەیەكی لەبەرچاو، ئەوەندەی تر خوێنەری بەرەو فەرامۆشكردن بردووە و زیاتر (نووسەر و دەق) بەهەند وەرگیراون. لەگەڵ ئەوەشدا كاتێك (دەق) بە خوڵقێنەرێكەوە گرێ دەدرێت، ئەوا (نووسەر) دەبێتە چەقی تێڕوانین و گرنگیپێدان.

لە ڕەخنەی كلاسیكیدا (خوێنەر) بە هیچ شێوەیەك جێی گرنگیدان نەبووە و لەو شێوە ڕەخنەیەدا جگە لەو كەسەی كە دەنووسێ، هیچ مرۆڤێكی دی لەئارادا نییە. گەڕانەوەی بەردەوامیش بۆ نووسەر لەو جۆرە ڕەخنەیەدا، ئەوەندەی تر (دەق)ی لە (نووسەر) نزیك دەكردەوە، بەڵام لە ڕەخنەی نوێدا تەواوی هاوكێشەكە پێچەوانە كرایەوە و (خوێنەر) وەك چەق تەماشا كرا، ئەوەش بە هێنانەخوارەوەی پلەی (نووسەر) بە ئاكام گەیشت، بەپێی ئەو وتەزایەی كە لەدایكبوونی (خوێنەر) بەندە بە مەرگی (نووسەر)ەوە. بە بڕوای (ڕۆلان بارت) دەق لە كۆمەڵێك نووسینی جیا پێكدێ، كە لە كۆمەڵێك كوولتوری جیاوە سەرچاوە دەگرن و لەگەڵ یەكدا دەكەونە دیالۆگەوە و لاسایی یەكدی دەكەنەوە. لەگەڵ یەكتردا ناكۆك دەبن، بەڵام خاڵێك هەیە كە تێیدا كۆدەبنەوە، ئەو خاڵەش (نووسەر) نییە وەك ئەوەی لەسەری راهاتووین، بەڵكو (خوێنەر)ە. لە ڕەخنەی نوێدا (خوێنەر) كەسێكی بێ پرسیار و بێ بیركردنەوە نییە، بەڵكو ئەویش لە قاڵبگرتن و ڕاڤەكردنی دەقدا بەشدارە. سەرهەڵدانی چەمكی (خوێنەر) لە ڕەخنەی نوێدا گفتوگۆی زۆری لێكەوتەوە و ڕەخنەی كلاسیكی بە فەرامۆشكەری سەرەكی ئەم چەمكە تاوانبار دەكرا.

ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە كە بە تەنها ئەوە ڕەخنە نییە دوای فەرامۆشكردنێكی درێژخایەن دواتر دێت ئاوڕ لە (خوێنەر) دەداتەوە، بەڵكو ئەو فەرامۆشكردنە بە پلەی یەكەم دەگەڕێتەوە بۆ دەق. كاتێك دەق هەموو شتێك بە شێوەیەكی سادە و ئاشكرا دەدات بە خوێنەر، ئەوا لە ماهیەتی خوێنەر دەهێنێتە خوارەوە. ئەو شێوە دەقانەی هەموو شتێك بە ئاشکرا و سانایی دەدركێنن، لە دیكتاتۆرێك دەچن كە قسە بۆ هاووڵاتیانی خۆیان بكەن، خۆیان پرسیار دروست دەكەن و هەر خۆشیان وەڵامی دەدەنەوە. ئەوە (دەق)ە كە خوێنەری بێ پرسیار و بێ جووڵە دروست دەكات، چونكە لە پێكهاتە و چوارچێوەی خۆیدا هیچ مەودایەك بۆ تێڕوانینی (خوێنەر) ناهێڵێتەوە. خوێنەری بیركۆڵ و بێ پرسیار، ئەو خوێنەرانەن كە ناگەڕێن بەدوای مانا و دەلالەت و ڕاڤەی جیاوازدا، ئەویش لەو كاتەدا كە دەق لەنێو خۆیدا هەموو ئەوانەی بە ئاشكرا و سادەیی خستبێتەڕوو. ئەو فەرامۆشكردنە لە ئێستاشدا بوونی هەیە و ئاستەنگیش لە بەردەم ڕەخنەدا دروست دەكات، چونكە جگە لەوەی كە ڕەخنەگریش بۆ خۆی پێش هەموو شتێك خوێنەرە، كردنەوەی هەموو كۆدەكان و ئاشكراكردنی دەلالەت و ماناكان لەنیضو دەقدا، ئیشی ڕەخنە بەرتەسك دەكاتەوە. لێرەشەوە دوو جۆر لە دەق دەردەكەون، كە هەر یەكە و بە شێوەیەكی جیاواز ڕۆڵێكی تایبەت دەبەخشنە خوێنەر. هەر ئەوەش بوو وای كرد (ڕۆلان بارت) ناوی (دەقی خوێنەرانە- (readerly texو (دەقی نووسەرانە- (writerly textوەك دوو جۆر دەق لە بەرامبەر خوێنەرادا بخاتەڕوو، كە دواتر (ئیمبرتۆ ئیكۆ) لەسەر هەردوو چەمكی (دەقی كراوە) و (دەقی داخراو)دا ئیشی لەسەر كردن.

كەواتە دەكرێت بڵێین (دەق) خۆی ئەوە دیاری دەكات كە تا چەند ڕۆڵی (خوێنەر) بەهەند وەردەگرێت و وەك هەڵسوڕاوێك لێی دەڕوانێت بۆ گەڕان بەنێو پانتاییەكانی دەقدا. ئەوەش بەو مانایە نییە كە نووسەران لە كاتی نووسیندا بەردەوام خەیاڵیان لای خوێنەر بێت و بەپێی ئاستی ئەوان بنووسن، بەڵكو چۆنێتی مامەڵەكردن و سەلیقەی نووسەر لەگەڵ دەقدا، وا دەكات كە خوێنەر جێگەی خۆی لە پێكهاتەی ئەو دەقەدا بدۆزێتەوە و بە وردی بە دووی نادیار و دەلالەتەكاندا بگەڕێت. ئەگەرنا هەموو دەقێكی داخراو، كۆمەڵێك خوێنەری بێ پرسیار و تەمەڵ دروست دەكات.