كۆچی دوایی رۆماننوسی عێراقی "سەعد محەمەد رەحیم"

Apr 9, 2018

بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە سەرلەبەیانیی رۆژی دووشەممەی رێكەوتی 9/4/2018 رۆماننوس و چیرۆكنووسی ناوداری عێراقی (سەعد محەمەد رەحیم) لە نەخۆشخانەی سلێمانی بە جەڵتەی دڵ كۆچی دوایی كرد.

ئەم رۆماننوسە میوانی بیست و یەكەمین فێستیڤاڵی روناكبیریی گەلاوێژ بوو، لە رۆژی دووەمی چالاكییەكانی فێستیڤاڵدا 6/4/2018 لە تەوەری (ترجمە اڵاخر ثقافیا- وەرگێڕانی ئەویدی لەرووی رۆشنبیرییەوە) بە بابەتێك بەشداریی كرد بەناونیشانی (ترجمە اڵاخر ولحظە التنویر الغائبە- وەرگێڕانی ئەویدی و ساتی ئامادەنەبوونی رۆشنگەری)، بەڵام رۆژی یەك شەممە 8/4/2018 لەكاتێكدا خۆی ئامادە كردبوو لە رێگەی فڕۆكەخانەی سلێمانییەوە سەفەری بەغدا بكات و بگەڕێتەوە بۆ ناو خێزانەكەی، تەندروستیی تێكدەچێت و جەڵتەی دڵ لێیدەدات، ، دواتر لە سەرلەبەیانیی رۆژی دووشەممە 9/4/2018 لە نەخۆشخانەی بووژانەوەی دڵلە سلێمانی كۆچی دوایی دەكات. كاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی لە رێورەسمێكدا بە بەشداریی بنكەی روناكبیریی گەلاوێژو هەندێ‌ لە نووسەرانی تر و  كەسوكاری كۆچكردوو، تەرمەكەی گواسترایەوە بۆ زێدی خۆی. شایانی باسە ناوبراو پێشتر لە بەغدا نەشتەرگەریی دڵی بۆ كرابوو.

سەعد محەمەد رەحیم لە ساڵی 1957 لە شاری بەعقوبە لەدایك بووە، لە ساڵی 1980دا بەكالۆریۆسی لە كۆلێجی كارگێڕی و ئابوریدا بەدەست هێناوە، پاشان بووە بە مامۆستای ئامادەیی و وانەی ئابووری وتۆتەوە، بەڵام خەمی سەرەكیی سەعد محەمەد رەحیم ئەدەب و رۆمان و رۆژنامەگەری بوو. بۆیە ژمارەیەك كتێبی لە بواری چیرۆك و رۆمان و لێكۆڵینەوەو رەخنەدا چاپ كردووە، لەم دواییەداپتر بە رۆمانی (مقتل بائع الكتب – كوژرانی پیاوە كتێبفرۆشەكە) ناوبانگی دەركردو لە ماوەی ساڵێكدا دە جار چاپكرایەوە، بۆ چەندین زمان وەرگێڕدراوە، لەوانە زمانی كوردی كە وەرگێڕی بەتوانا سەباح ئیسماعیل كردوویەتی بە كوردی.

گرنگترین كتێبەكانی بریتین لە:

سەركەوتن بەرەو بورجی دووانە- كۆمەڵە چیرۆك - ـ الصعود إلی برج الجوزا‌ء.. قصص 1989. بغداد.

سێبەری تووە سوورەكە – كۆمەڵە چیرۆكـ ظل التوت اڵاحمر.. قصص 1993. بغداد.

ئەو و دەریا –كۆمەڵە چیرۆكـ هی والبحر.. قصص 2000. بغداد.

كازیوەی لەقلەقەكان- رۆمان ـ غسق الكراكی.. روایة 2000. بغداد.

وێستگە دوورەكان- كۆمەڵە چیرۆك ـ المحطات القصیة.. قصص 2004. بغداد.

هاندان – چیرۆك ـ تحریض.. قصص 2004. دمشق.

گوڵی بادەم – كۆمەڵە چیرۆكـ زهر اللوز.. قصص

سێبەری جەستە – رۆمان–ضلال جسد، روایة 2015

ئەو رۆشنبیرەی لووت لە هەموو شتێك دەژەنێت- لێكۆڵینەوە - المثقف الذي یدس أنفه – دراسات- 2016

–كوژرانی كتێب فرۆشەكە- رۆمان- مقتل بائع الكتب ٢٠١٧

گێڕانەوە بە مێژوو خۆی دەنوێنێت – لێكۆڵینەوە- السرد ینكل بالتاریخ – دراسات - 2017

بوارێك بۆ شێتبوون – رۆمان- فسحە للجنون – روایە، 20018

بەناوی بنكەی روناكبیریی گەلاوێژەوە هاوخەمیی خۆمان بۆ سەرجەم ئەدیبان و نووسەران و ناوەندە كوردی و عەرەبییە رۆشنبیرییەكان و خوێنەرانی رۆماننوسی كۆچكردوو رادەگەیەنین.

 

بنكەی روناكبیریی گەلاوێژ

9/4/2018

سلێمانی