شیعر لە دەرەوەى بازنەکاندا

تەڵعەت تاهیر
Jul 10, 2018

لاى ئێمە زۆر باسى پەخشانە قەسیدە دەکرێت و زۆر بە دەگمەنیش باس لە شێوازى ئەم ژانرە شیعرییە کراوە ، بە تایبەتى کە ئەدۆنیس یەکێکە لە رابەرانى بوارەکە و دیارترین کەسیش بووە لە ناساندنى بە شێوەى تییۆرى و پراکتیکى ، بە پێى خوێندنەوەو تێگەیشتنى من پەخشانە قەسیدە زۆر دوورە لە پەخشانە شیعر ، ئەمە ئەگەر نەڵێم پێچەوانەى یەکترن ، پەخشانە قەسیدە ئەوەیە کە شاعیر لە ناو پانتایى شیعر سوود لە پەخشان وەردەگرێت ، هەرچى پەخشانە شیعرە ئەوەیە کە شاعیر لە پانتایى پەخشاندا دەنوسێت و سوود لە شیعر وەردەگرێت ، بۆ نمونەى ئەم دوو جۆرەى شیعریش دەبینرێت محەمەد ماغوت پەخشان دەنووسێت و سوود لە شیعر وەردەگرێت ، کەچى ئەدۆنیس شیعر دەنووسێت و سوود لە پەخشان وەردەگرێت ، بە ڕاى سادەى خۆمیش ئەو شێوازەى ئەدۆنیس لە قازانجى بەرهەم هێنانى شیعرییەتە ، چونکە کاتێک ماغوت لە پانتایى پەخشانەوە سوود لە شیعر وەردەگرێت بە روونى دەق بەرەو راستەوخۆیى و قسەى ئاسایى دەبات ( هەرچەندە قسەى بەهێز و سەرنجڕاکێشن و بە ئارەزووى خەڵکە ) بەڵام لە ڕووى نرخى شیعرییەتەوە کەمخایەن و تەمەن کورتن ( زیاتر لە نووسینى ئۆپۆزسیۆن دەچێت کاتێک لەسەر دیوارەکان دژى دەسەڵات دەنووسن ) ، بەڵام ئەدۆنیس کاتێک لە ناو شیعردا سوود لە فراوانى پەخشان دەبینێت بۆ مەبەستى ئازادبوونى داڕشتن ئەم کارە دەکات ، پەخشان لە شیعرى ئەدۆنیسدا وەک ئاوە بۆ شل کردنەوەى قوڕ ، تا دواتر شاعیر بتوانێت وەکو کەستەک لە حەرف و وشە نەڕوانێت و زمان ببێتەوە بەو قوڕە شلەى کە شاعیر / خالق لە ڕێیەوە دووبارە شتەکان دروست بکاتەوە ، تازەگەرى ئەدۆنیس پێش ئەوەى لە مانا بێت ، لە فۆرم و تەکنیکى شیعرییە ، چونکە خۆى گوتەنى شاعیر هیچ بابەتێکى تازە درووست ناکات ( مردن ، خۆشەویستى ، نیشتمانپەروەرى ، هتد .... ) هەموویان وەک بابەت هەبوون ، بەڵام شاعیر جۆرى تازەى گوتن و داڕشتن دەدۆزێتەوە ، لێرەوەیە گرنگى زمان و تەکنیکى شیعرى دەردەکەوێت . گرنگى ئەدۆنیس تەنیا لە بوارى شیعریدا قەتیس نامێنێ ، بەڵکو دەپەڕێتەوە بۆ کەلتور و ئاین ، ئەدۆنیس پێى وایە ئاینى ئیسلامى بۆتە مۆتەکەى سەردڵى هەموو شێوەکانى پێشکەوتن و نوێکاری کە بە درێژایى سەدان ساڵ نەتەوەکانى ئەم ناوچەیە ویستویانە بەرجەستەى بکەن ، ئاین لە ئیسلامدا لەبەر ئەوەى لە شێوەى دەقێکى نووسراودا بەرجەستە بووە ، پێى وایە دەبێت هەرچى دەقى دیکەیە : لە شیعر و لە چیرۆک و لە سەرجەم ژانرە ئەدەبییەکانى تر ، پێویستە ببنە شەرحکەرێکى بە وەفاى قورئان ، چونکە هەرچى دەقى دواى قورئانە پاشکۆن و خزمەتکارى دەقە ئاسمانیەکەن ، ئەمەش بە ڕاى ئەدۆنیس گەورەترین سوکایەتییە بە بەرهەمە ئینسانییەکان ، هەرچى هەست و نەستى مرۆڤە ئەگەر پاشکۆى قورئان نەبێت ئەوا ناووناتۆرەى ئامادەى بۆ ئامادە کراوە ، ئەدۆنیس پێى وایە هاتنى ئیسلام پێش ئەوەى گورز بێت لە بازرگانەکانى مەککە ئەوا گورز بووە لە شاعیران دراوە ، یەکەم کارى ئیسلام دەرکردنى شاعیران بووە لە میانەى رەوانبێژى و حەقبێژى ، هەرچەندە وەحى لەڕووى مەعریفییەوە هیچ گرنگییەکى نییە ، لەگەڵ ئەوەشدا وەحى بۆ پێغەمبەر بووە و شاعیرانیش وەحیان لێسەندراوەتەوە و ناتۆرەى ئەوەیان بۆ هەڵبەستراوە کە جنۆکە ئیلهامیان بۆ دێنێت ، بەمەش هەوڵ ئەوە دراوە کە شاعیران دوژمنى قورئانن و دەبێ تۆبە بکەن بەوەى شیعریان لە خزمەتى شەرحکردنى گەورەیى و راستى قورئاندا تەرخان بکەن ، لێرەوە ئەدۆنیس تەسەوف بە لقێکى ئاین حسێب ناکات ، پێى وایە متەسەوفەکان لە کۆنکرێتى شەرعەوە ڕایانکردووە و لە دەروازەى تەسەوفەوە ئیرادەى تاکیان لە کۆمەڵى مێگەل ئاسادا گەڕاندۆتەوە ، بۆیە خاوەن فیکرە گەورەکانى عەرەب لەو پێناوەدا دەبینرێت چەندینیان بوونەتە قوربانى دەستى پارێزەرانى ناسراو و باوى ئایین ، چونکە فیکرى ئیسلامى پێى وایە قورئان کۆتایى نوێترین نویێَە ، بەمەش ئیسلام وەستاوە بە وەهمى گۆڕانى هەمیشەیى ، کۆنە بە وەهمى نوێگەرى ، ناسراوە بە وەهمى دۆزینەوە ، باوە بە وەهمى شازبوون ، ئاساییە بە وەهمى جیاوازى ! تەورێکى زیندووى دیکە لە بۆچوونەکانى ئەدۆنیس سەبارەت بە شیعرى بەرگرییە ، ئەو پێى وایە هەموو شیعرێکى جوان بەرگرییە ، بەڵام ئەو شیعرانەى گرەو لەسەر شۆڕش و نیشتمانپەروەرى دەکەن و لە خزمەتى دەسەڵاتدا کار دەکەن جۆرە شیعرێکن مەرگیان لەگەل خۆیاندا هەڵگرتووە ، تەمەنى ئەم شیعرانە بە قەد تەمەنى ئەو دەسەڵاتەن ، لەوێشەوە نمونەى مەحمود دەرویش دەهێنێتەوە کە چۆن ببووە مورادیفى کێشەى فەڵەسینى و هەر رەخنەیەک لە شیعرى مەحمود دەرویش بگیرابا ئەوا راستەوخۆ رەخنە بوو لە کێشەى فەڵەستینى ، بەو واتایەى کە جار هەیە شاعیر خۆى دەکاتە بەشێکى جیانەکراوە لە پیرۆزییەکانى وڵات و نەتەوە ، واتا شاعیر باشى شیعرەکاى لەم حاڵەتەدا پەیوەندى بە شیعرەوە نییە ، هێندەى پەیوەندى بەو خۆشاردنەوانەى شاعیرەوە هەیە لە پەنا پیرۆزییەکانى خەڵکەوە ، 

لە ڕاستیشدا بە خوێندنەوەى خوێنەران و رەخنەگرانیش مەحمود دەروێش لەو ساتەوە بووە شاعیرێکى ناوازە کاتێک لە کۆتاییەکانى ژیانیدا ڕایگەیاند کە ( کێشەى فەڵەستینى گرفتێکى شیعریى نەماوە ) ، شیعرى بەرگرى شیعرێکى گرنگە بۆ هێزەکانى بەرگرى ، بەڵام لە مێژووى شیعردا گرنگییەکى ئەوتۆى نییە . ئەدۆنیس زیاتر لە جارێک پرسیارى کردووە کە دەکرێ : ناوى شیعرێکى شۆڕشمان بۆ بڵێن لە مێژوودا نەمر بووبێت ؟