ئایا هاوسەرگیرى نیعمەتە یان نەهامەتى؟

Jul 19, 2018

وایدەبینم هاوسەرگیرى لەیەک کاتدا هەم نیعمەتە هەم نەهامەتییە. ئەمە زۆر لە تەڵەى مشک دەچێ: ئەوەى لەناویدایە دەیەوێت لێى دەرچێت و ئەوەیشى لە دەرەوەیە هەوڵدەدات بچێتە ناوى.

لەراستیدا هاوسەرگیرى وەک هەموو مەسەلەکانى ترى ژیان، لانیکەم دوو رووى هەیە: روویەکى رۆشن و روویەکى تاریک. دەشێت رووە رۆشنەکەى، مرۆڤ رابکێشێت، بەڵام هەر کە چوووە ناوى تامى روەکەى تر دەکات و دەست دەکات بە پەشیمان بوونەوە، چونکە دەرگاى تەڵەکەى بەڕوودا داخراوەو هەموو شتێک تەواو بووە.

لەزانستە کۆمەڵایەتییەکاندا یاسەیەک هەیە دەشێت پەیوەستێکى زۆرى بە بابەتى هاوسەرگیرییەوە هەبێت، ئەویش بریتییە لە یاساى چێژى دژ بەیەک، ئەم یاسایە دەڵێ هەموو شتێکى خۆش و شیرین لەکاتى بەکارهێنانیدا وردە وردە خۆشییەکەى کەم دەبێتەوەو دواى ماوەیەکى کورت یان درێژ دەبێت بە ئازار. بە مانایەکى تر هەموو شتێک دوو جەمسەرى هەیە: پۆزەتیڤ و نێگەتیڤ، مرۆڤ ناتوانێت هەمیشە هەر لەناو پۆزەتیڤەکەدا بمێنێتەوە چونکە دواجار نێگەتیڤەکەیش دێت، ئیدى دەچێتە دۆخى بێزارى و خەمۆکى کە پێشتر لەنێو نیعمەت و خۆشیدا بووە، هەروەها دەچێتە دۆخى ئازارو ناخۆشى کەپێشتر لە لەزەت و خۆشنودیدا بووە.

ئەمەیە نهێنیى نەمرى ژیان کە لاى زۆر کەس شاراووە بووە، زۆر کەس لەم یاسایە غافڵگیر بوون ئیدى دوچارى زیانێکى گەورە بوون.

دەشێت پیاوێک لە ئێمە کچێکى جوان ببینێت کە بەنازو لەنجەولارەوە دەڕوات، پیاوەکە شەیداى دەبێت و دەکەوێتە ناو خۆشەویستییەوە، دواتر پێداگرى دەکات کە بەهەر شێوەیەک بێت هەر دەبێت ئەو کچە بۆ ئەو بێت، چونکە باوەڕى وا دەبێت کە ئەگەر ئەو کچەى دەست بکەوێت ئەوە ئیتر دەبێتە کانگاو سەرچاوەى بەختەوەرى، ئینجا هیواى ئەوە دەخوازێت لەچادرێکدا بەتەنها لەگەڵ ئەو کچە لەبیابانێکدا پێکەوە بژین و واز لە دونیاو هەموو شتێک دەهێنێت، ئیدى لەوێدا سروودى خۆشەویستى و گۆرانیى ئەوینداریى بۆ دەڵێت.

با وا دابنێین ئەو هاوڕێیەمان گەیشتە خواستەکەى خۆى و سەرکەوتوبوو لە بەدەستهێنانى ئەو کچەداو چادرێکى لە بیابانێکدا بۆ هەڵداو لەتەک ئازیزەکەیدا پێکەوە دوور لەچاوى خەڵک ژیان بەسەر دەبات و گۆرانیى "ژیان خۆشەویستییەو خۆشەویستیش ژیانە"ى بۆ دەڵێت. بێگومان لە رۆژى یەکەمى کردنەوەى پرۆژە مەزنەکەیدا هەست بە خۆشى و لەزەتێکى زۆر دەکات، پاشان رۆژ لەدواى رۆژ ئەو لەزەتە کەم دەبێتەوە، تا دەگاتە ئەو رۆژەى ئیتر جنێو بەو رۆژە دەدات کە ئەمى دوچارى ئەو نەهامەتییە کردو نەفرەت لە ئەژدادو ئابادى ئەو خۆشەویستەى دەکات کە فریوى داوەو راوى کردووەو دواجار دەرگاى تەڵەکەى لێ داخستووە کە هیچ دەربازبوونێکى نییە.

بەراستى هاوسەرگیرى هەم نیعمەتەو هەم نەگبەتى. لە چاوى کەسى سەڵت و ئەوانەى هاوسەرگیرییان نەکردووە، بریتییە لە ماڵێکى موریح و خواردنێکى بەلەزەت و چەندین چێژى جیاجیاى تر، بەڵام لە چاوى کەسێک کە هاوسەرگیریى کردووەو ماندوو بووە، بریتییە لە کۆتێک بە گەردندا ئاڵاوە، هەروەها بریتییە لە بێزارییەکى بێوێنەو راکردن بەدواى بژێوى بەبێ ئامانج.

پەندێکى کۆن هەیە دەڵێ:  تەندروستى و ئاسایش دوو نیعمەتى نادیارن، هەروەها وتراوە: تەندروستى تاجى سەرى مرۆڤە، تەنها نەخۆشەکان دەیبینن. دەشێت بۆ هاوسەرگیریش هەمان شت بوترێت. هاوسەرگیرى لەزەتێکە گەیشتۆتە ئاستى تێربوون، یان بریتییە لە ئاسوودەییەکى دەروونى تەنها ئەو کەسە هەستى پێدەکات کە لەدەستى داوە.

سەیر ئەوەیە ئەو کەسەى هاوسەرگیریى کردووە بێزارە و هەمیشە گلەیی هەیە، بەڵام هەر کە ئازاد بوو لەبەر هەر هۆیەک بێت، ئەوا هەوڵى زۆر دەدات جارێکى تر بچێتەوە ناو ئەو کۆتە.

واتە هەست بە خۆشى و لەزەتى هاوسەرگیرى ناکات ئەو کاتە نەبێ کە لەدەستى دەدات. هاوسەرگیرى رێک وەک خواردن وایە، تەنها ئەو کاتە هەست بە بەهاو چێژو لەزەتەکەى دەکەیت کە زۆرت برسییەو لیک بەدەمتا دێتە خوارەوە، بەڵام هەر کە دەستت بە خواردنى کردو تێر بوویت و زۆرت خوارد، ئیتر قێز لە خواردنەکە دەکەیتەوە.

لەراستیدا گۆرانیى خۆشەویستیى وەک: "ژیان خۆشەویستییەو خۆشەویستى ژیانە"  دەرەنجامى برسێتیى سێکسییە، سا ئەگەر ئەو کەسە برسێتییەکەى نەمێنێت و لە خۆشەویستەکەى تێر بێت، واز لەو گۆرانییانە دەهێنێت و دەست دەکات بە ئاخ و ئۆف و گلەیى لە بەختى خۆى دەکات.

ئەو کەسە لە یەکەمین قۆناغەکانى ئەوینداریدا، لە ئاهو ناڵیندا کێبەرکێى رۆمیۆ دەکات و دەچێتە نێو جیهانى خەونەکانەوە. بەڵام ئەگەر لە سفرەى ئەو ئەوینەدا تێر بخوات، دەبینین وەک فەیلەسوفێک قسە دەکات و باسى نهێنییەکانى ژیان دەکات و دەست دەکات بە خوێندنەوەى کۆمەڵناسى.

خەڵکى لە رۆژگارى برسێتیدا گۆرانى بۆ پارچە نانێک دەڵێن، وەک چۆن گەنجانى ئەمڕۆمان گۆرانى بۆ روومەتى وەک گوڵى بێگەردى کچان دەڵێن. دەشێت کەسێکى برسى جوانترین شیعر بۆ نان بنووسێت زۆر جوانتر لەو شیعرانەى مەجنون بۆ لەیلاى نووسیوە.

لە بەدبەختیى بەشەریەتدا (نازانم لەوانەیە لە خۆشبەختیشدا بێت) قەیس یان رۆمیۆ یان غەیرى ئەوانیش لە شاعیرانى ئەویندارى، نەگەیشتوونەتە خۆشەویستەکانیان، جا ئەگەر سەرکەوتووبونایە لە گەیشتن بە دڵخوازەکانیان و هاوسەرگیرییان لەگەڵ خۆشەویستەکانیاندا بکردایە، ئەوا ئەمڕۆ ئەو توڕەهاتانەمان نەدەبینى کە ئەمڕۆ پێى دەڵێن: سروودى ئەوین.

ئەگەر قەیس هاوسەرگیریى لەگەڵ لەیلادا بکردایە، لەوانەیە ئەو زیرەکییەى قەیس واى لێبکردایە کەسێکى بلیمەتى وەک ئیبن سینا و ئیبن خەلدونى لێ دەربچوایە لەبرى ئەوەى ببێت بە شێتێک و سەحراو بیابان بگەڕێت، یان خۆى بسوتێنێت و پاشان بمرێت و کەسیش باسى نەکات.

هاوسەرگیرى هەم نیعمەتەو هەم نەگبەتییە، بەڵام لایەنى نیعمەتى تیادا زیاترە، چونکە لانیکەم رزگارمان دەکات لە سروودى ئەوینداران و شەیدایى ئەو کەسانەى خۆیان شێت دەکەن بۆ ئەویندارەکانیان.

خەڵکینە، هاوسەرگیرى ئاسان بکەنەوە، رێگەى بۆ خۆش بکەن، بێزار بووین لەو ئاهوناڵەو حەسرەتانەى مانایان نییە. دوورمان بخەنەوە لە ئاهات و حەسرەتى گۆرانییەکانى محەمەد عەبدولوەهاب و لوورەکانى فەرید ئەتڕەش. ئیدى سەبرمان نەماو زۆرمان بینى و زۆرمان چەشت.

•             ئەم بابەتە لە کتێبى (الاعمال الفکریة للدکتور علی الوردی فی المجلات والصحف العراقیة والعربیة)دا بڵاو کراوەتەوە کە سێ بەرگەو ئەمساڵ (2018) لە (دار الوراق) لە بەغدا چاپ کراوە. ئەم وتارە لە بەرگى یەکەمدایە. بابەتەکەش لەساڵى (1952)لە گۆڤارى (العیادة الشعبیة)دا بڵاو بۆتەوە.