بایەخدان بە کەلەپوورى نەتەوایەتى

Jun 5, 2017

یەکێک لە کایە هەرە گرنگەکانى پێکهاتەى نەتەوە و دامەزراندنى وڵات، ئەرشیڤ و بایەخدانە بە کەلەپوورى نەتەوایەتى هەر گەلێک، بەتایبەت نەتەوەیەکى وەک (کورد) کە بەم هەموو خاک و نیشتمان و دانیشتوانەوە... هێشتا نەبووەتە خاوەنى: وڵاتى یەکگرتوو، زمانى یەکگرتوو، کتێبخانەى نیشتمانى، ئەرشیڤى نەتەوەیى...تد.

بێگومان هەمووى بۆ ئەو بارودۆخە دەگەڕێتەوە کە گەلى کورد و وڵاتەکەى تێیدا ژیاون، هەر چۆن و چییەک بێت، نەتوانراوە بایەخ بەم چەمک و کایانە بدرێت و وەک پێویست لایان لێ بکرێتەوە، بەڵام لە ئێستادا، ئەگەر بارودۆخەکە وەک پێویستیش نەبێت، بەو شێوەیە نییە کە نەتوانین ئەرشیڤى نەتەوەکەمان بپارێزین، چونکە جیهان پێشکەوتووە و کۆمەڵێک کارئاسانى و سیستمى مۆدێرن هاتوونەتە ئاراوە کە کارى ئەرشیڤکردن ئاسان دەکەن...

لە کۆتایى مانگى ئەیلوولى ساڵى 2013دا، ڕاسپێردراین کتێبێک لەسەر (مێژووى فێستیڤاڵى گەلاوێژ) ئامادە بکەین، ئەمە لە کاتێکدا بوو کە ئەمسالڕ (2013) سآ کارى دیکەى لەم شێوەیەمان ئامادەکردبوو، واتە ئامادەکردنى کتێبێک لە ماوەیەکى دیاریکراودا، کە یەکێکیان بۆ کۆچى ناوادەى هونەرمەند و هاوڕێى هەموان بوو، بە ناوى (تەها کەریمى- ئەفسانەى سپیدارێک)، دووەمیشیان بۆ چلەى شاعیرى گەورەى هەموان بوو، بە ناوى (شێرکۆ بێکەس- بیبلیۆگرافیا و پێڕستى لە کتێبى کوردیدا)، هەروەها نامیلکەیەک بە ناوى (خەباتى براکان...)، ئەمە جگە لە ئامادەکردنى بەرگێکى دیکەى پڕۆژەى (کتێبناسیى کوردیى کورد و کوردستان)... لەگەڵهەموو ئەمانەشدا، ئەم ئەرکەمان بە پیرۆز و پێویست زانى، هەروەها وامان پێ باش بوو بیرۆکەکە فراوانتر بکرێت و کتێبەکە بەشێوەیەکى گشتى لە بارەى (بنکەى ڕووناکبیریى گەلاوێژ)ەوە بێت، لە نێویشیدا، بایەخى تەواو بە (فێستیڤاڵى گەلاوێژ) بدرێت، بێگومان هەر لە یەکەم ڕۆژەوە هەستمان بە ئاستەنگ و گرانیى ئەرکەکە کرد، لەبەر ئەمە، هەر زوو کەوتینە کارکردن و کۆکردنەوەى زانیارى و ئەرشیڤ.

هەروەک ئاشکرایە، ئەرشیڤى پێویستمان لە بەردەستدا نەبوو، هەرچەند لەلایەکەوە (بەشى ئەرشیڤ)ى بنکەى گەلاوێژ، کۆمەڵێک وێنە و بەڵگەنامەى تێدا هەڵگیرا بوو، هەروەها پێشتریش بۆ شانزەهەمین فێستیڤاڵ، نامیلکەیەکى تر ئامادە کرابوو، بێگومان ئەمانە هاوکاریى باش بوون، ئەمە جگە لە هاوکاریى سەرۆک و ئەندامانى بنکەى گەلاوێژ کە بە هەموو شێوەیەک هاوکارییان کردین، بەڵام هەموو ئەمانە وەڵامى تەواوى کەموکوڕییەکانیان نەدەدایەوە...

هیوادارین بە پێى هەلومەرجەکە، توانیبێتمان دارێک لەسەر بەردێک دابنێین... بێگومان هێشتا چاوەڕێى هەوڵى هەموو لایەک دەکات، بۆ ئەوەى درێژەى پآ بدرێت و کەموکورتییەکانیش کەمتر بکرێنەوە. 

 

بوار نورەدین- ئەیلوولى 2013