Warning: Division by zero in /home/galawej/public_html/tmp/templates_c/cgbd49^eaff6abc0894fc43cc026e79a1ff7ef9439afb78.module_db_tpl.CGBlog;detailndesign.php on line 71

بۆ مێژوو

Jun 5, 2017

ئەو ڕاستییەی کە نکۆڵیی لێ ناکرێ، ئەوەیە کە لەبەر گرژی و ناسەقامگیریی بارودۆخی سیاسی لە کوردستاندا، بەتایبەتیش بەردەوامیی ئەو گرژییە و ئاڵۆزانی لە شەڕی ناوخۆدا، تا دوای ئەو شەڕەش هەلێکی وا نەڕەخسابوو بۆ ئاوڕدانەوە لە کاری ڕۆشنبیری و چالاکیی ڕۆشنبیرییانە، تا ئەوە بوو لە ساڵی 1996دا و پاش وەستانی ئەو شەڕە نەگریسە و بە خەمخۆریی هەندێ ڕۆشنبیر و ئەدیب و نووسەر، بیر لە دەرکردنی گۆڤارێکی ڕۆشنبیری و ئەدەبی کرایەوە و بۆ ئەو مەبەستەش یەکەمین کۆبوونەوەی ئەو ئەدیب و نووسەرانە لە بینای (یانەی ئۆڵۆمپیی کوردستان) بوو کە بەڕێز کاک مەلا بەختیار سەرۆکی بوو، هەر خۆشی ئامادەی ئەو کۆبوونەوەیە بوو، ژمارەیەک لە ئەدیب و نووسەرانی ناسراو تیایدا بەشدار بوون، لەوانە بەڕێزان: فوئاد مەجید میسری، محەممەد فەریق حەسەن،.... ئازاد بەرزنجی و هتد.

لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیار لەسەر دەرکردنی گۆڤارێک درا بەناوی (گەلاوێژی نوێ)، کە مامۆستا (حسێن عارف) سەرنووسەری بێت و منیش (ئازاد بەرزنجی) بەڕێوەبەری نووسین بم.

هەر دوای ئەوە بە چەند ڕۆژێک، پەیوەندیم کرد بە بەڕێزان (عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی) و (لەتیف هەڵمەت) و (قوبادی جەلى زادە)ەوە، ئەوانیش قایل بوون و دواتر پەیوەندی بەڕێز دکتۆر (زاهیر لەتیف)یشەوە کرا بۆ هەمان مەبەست، بەڕێزیشیان بوو بە ئەندامی دەستەی نووسین و ئەوە بوو هەر لەو ساڵەدا یەکەمین ژمارەی (گەلاوێژی نوآ) لە دنیای ڕۆژنامەگەریی کوردیدا چاوی هەڵهێنا.

هەر لەو سەروبەندەدا بوو کە بیر لە پێکهێنانی دەستەیەک بۆ (بنکەی ئەدەبی و ڕووناکبیریی گەلاوێژ)یش کرایەوە و بۆ ئەو مەبەستە یەکەمین دەستەی دامەزرێنەری بریتی بوون لە بەڕێزان: ڕەئووف بێگەرد، وەک سەرۆکی بنکە و ئازاد بەرزنجی وەکو سکرتێری ڕۆشنبیری و.... ئیتر ئەوە بوو پاش ماوەیەک دەستەی دامەزرێنەر بیریان لە سازدانی یەکەمین (فێستیڤاڵ) کردەوە و هەر لەو ساڵەدا یەکەمین فێستیڤاڵ ڕێکخرا.

دوای ماوەیەک پێشنیازی ئەوەم کرد کە زنجیرەى کتێبمان هەبێت. لە سەرەتادا کتێبێکمان بۆ خوالێخۆشبوو (د.ئەوڕەحمانی حاجی مارف) چاپ کرد، کە بریتی بوو لە کۆمەڵە چیرۆکێکی وەرگێڕاو لە ڕووسییەوە، پاشان کتێبێک لەسەر (هێمن موکریانى) و دواتریش کتێبی (بەناوی ژیانەوە)ی (ئەریک فرۆم)، کە لە وەرگێڕانی من بوو

 

ئازاد بەرزنجی