Warning: Division by zero in /home/galawej/public_html/tmp/templates_c/cgbd53^eaff6abc0894fc43cc026e79a1ff7ef9439afb78.module_db_tpl.CGBlog;detailndesign.php on line 71

یەکەم فێستیڤاڵی گەلاوێژ

Jun 5, 2017

بنكەی گەلاوێژ پێش ئەوەی دابمەزرێت، فێستیڤاڵێكی بۆ كرا ئەو فێستیڤاڵە چەند كەس و نووسەرێك لە یەكێتیی نووسەران سازیان دا، لەوانە لە یادم بێت: ڕەئووف بێگەرد، یاسین فەقێ‌ سەعید، دلاوەر قەرەداغی، جەمال غەمبار، سابیر سدیق، ئاوات حەسەن ئەمین...

ئەمانە یەكەم فێستیڤاڵیان سازكرد. دوای ئەوە، بنكەی گەلاوێژ دروستبوو، دەستەی دامەزرێنەر (وابزانم) بریتیی بوون لە 20 كەس لەوانە لە یادم بێت: ڕەئووف بێگەرد، حسێن عارف، لەتیف هەڵمەت، جەمال شارباژێڕی، ئازاد بەرزنجی، دلاوەر قەرەداغی، عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی، جەمال غەمبار، قوبادی جەلی زادە، عیرفان ئەحمەد، د.محەممەد دلێر ئەمین، ئاوات حەسەن ئەمین.

هەڵبژاردنێك لە هۆڵی (بازرگانی) كرا بیرمە لەوانەی هەڵبژێران: ڕەئووف بێگەرد، ئازاد بەرزنجی، سابیر سدیق، دلاوەر قەرەداغی، عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی. بۆ ئەمانەت دەڵێم كە بیرم لای خۆ هەڵبژاردن نەبوو، لەپڕ كاك ڕەئووف بێگەرد وتی ناوی (عەبدوڵڵا)شی تێبكەن، دوو سێ جار وتم خۆم هەڵنابژێرم، بەڵام بێسوود بوو.

2- بە ڕاستی لەوەدا ئاگادارنیم بە تەواوی كێ بوون و چۆن بوو، بەڵام ئەزانم چەند كۆبوونەوەیەكیان كردبوو، چەند ڕایەك هەبوو بۆ ئەوەی ناوێك بۆ بنكەكە دابنێن، كەسیان ناوی (گەلاوێژ)یان هەڵنەبژاردبوو، وابزانم ڕایەكی (د.كەمال فوئاد) هاتبووە پێشەوە بۆ ئەوەی بكرێت بە (گەلاوێژ)، ئیتر پاش گفتوگۆ كردن ڕاكەی د.كەمال پەسەند كرا، گۆڤارەكە ناونرا (گەلاوێژی نوێ‌)، لە كۆبوونەوەی دامەزراندنی گۆڤارەكەدا ئامادەبووم. بێگومان هەموو لەسەر ئەوە كۆك بوون كە (بنكە) و (گۆڤار)ێكی سەربەخۆ بن، ئەدەب و زانستی كۆمەڵایەتی لەخۆبگرن، ئەو لایەنە سیاسییەی كە یارمەتیی دەدات، دەست لە سەربەخۆییان نەدات.

3- ڕاستە ئەو بەڕێزانە بوون، بەڵام پێش ئەوە مامۆستا (جەمال شارباژێڕی) بەرپرسیاری و سەرۆكایەتیی وەرگرت لە یادم نەماوە بە وردی چۆنچۆنی بوو.

4- دەستەی یەكەم: ڕەئووف بێگەرد، ئازاد بەرزنجی، سابیر سدیق، عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی، یاسین فەقێ‌ سەعید، دلاوەر قەرەداغی. من و ئازاد بەرزنجی بووین بە ئەندامی (دەستەی نووسەران)ی گۆڤارەكە.

دەستەی دووەم: ئەوانەی لە یادم بن: ئازاد بەرزنجی، كامەران ڕەئووف، محەممەد عومەر عوسمان، سابیر سدیق، ئەرخەوان، یاسین فەقێ‌ سەعید، دلاوەر قەرەداغی، سەڵاح محەممەد و محەممەد عومەر عوسمان هاتنە گۆڤارەكەوە، دەستەی ئیداریی بنكە داوای ئەوەیان كرد كە محەممەد عومەر عوسمان بگەڕێتەوە بۆ دەستەی ئیداریی بنكە، ئەویش ئەوەی نەویست، عاجزیان كرد، ئیتر وازی هێنا. دوای ئەوە، كاك كاوەی حاجی عەزیز كە ئەندامی (ئیحتیات) بوو، هاتە دەستەكەوە. بەڕێزان: كامەران ڕەئووف، یاسین فەقێ‌ سەعید، دلاوەر قەرەداغی، چوون بۆ دەرەوەی وڵات.

لە دەستەیەكی تردا بەڕێزان: ئازاد تۆفیق و سەڵاحە ڕەش هاتنە پێشەوە و عیرفان ئەحمەدیش لە چەند خولێكدا بوو.

6- شازدە فێستیڤاڵ، دیدار و كۆڕ و كۆبوونەوە زۆرن. لە سەرەتادا هەموو هەفتەیەك كۆڕ دەگیرا. خەڵاتی پێشبڕكێ هەبوو: فێستیڤاڵی یەكەم خەڵاتی (پێشبڕكێ‌)ی تێدا نەبوو، وابزانم هەر هەموو بڕێك پارەیان درایە، ئەوانەی كە بابەتیان پێشكەش كرد. پاشان لە هەموو فێستیڤاڵێكدا لە پاڵ خەڵاتی پێشبڕكێ، ڕێز لە چەند نووسەرێك دەنرا، لەوانە بیرم بێت: محێدین زەنگنە، كامیل نیزامەددین، جەلال زەنگابادی، حسێن عارف، د.ئەوڕەحمانی حاجی مارف، مارف بەرزنجی، سدیق مەحموود، عەبدوڵڵا سەراج، محەممەد موكری، د.فازل جاف، مومتاز حەیدەری، هاشم سەڕاج، فازل سامر، یاسین نووسەییر، شەمس لەنگرودی، حافز موسەوی.

سەبارەت بە گۆڤارەكە*: مامۆستا (حسێن عارف) یەكەم سەرنووسەری گۆڤاری (گەلاوێژی نوێ) بوو، لە ژمارە 13-15 مامۆستا (حسێن عارف) و (ئازاد بەرزنجی) چوون بۆ (دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم) ئیتر كاك (قوبادی جەلی زادە) بوو بە سەرنووسەری گەلاوێژی نوێ، عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی بە جێگر و (لەتیف هەڵمەت) بە بەڕێوەبەری نووسین، كاك قوباد تا ژمارە 12- 14 سەرنووسەر بوو، پاشان وازی هێنا، من لە ژمارە 15ـەوە بووم بە سەرنووسەری گۆڤارەكە، تا ئێستا. ماوەیەك كاك (ئیسماعیل خەیات) دیزاینەر بوو.

تا ژمارە 16 خاوەنی ئیمتیاز (د.محەممەد دلێر ئەمین) بوو دوای ئەوە بوو بە ناوی بنكە. لە ژمارە 19ـەوە كاك زۆراب هاتە دەستەی نووسینەوە، كاری هونەریی گۆڤارەكەیشی دەكرد، بەتایبەتی یەكەم ژمارەی (گەلاوێژی عەرەبی) دەرچوو دەستی ڕەنگینی ئەوی پێوە دیاربوو، دیزاینێكی جوان بوو. ئەو ئەندامی دەستەی ئیداریی بنكە بوو، هەڵبژێرابوو جا هاتە گۆڤارەكە، چونكە زیاتر حەزی لە گۆڤار و نەخشەسازی و وەرگێڕان بوو.

ماوەیەكیش كاك (ڕێبوار سەعید) كاروباری هونەریی ئامادە دەكرد و سەرپەرشتیی چاپكردنیشی دەكرد.

 

* داوامان لە م.عەبدوڵڵا كردبوو كە زانیاریمان لە بارەی گۆڤاری (گەلاوێژی نوێ‌) بۆ بنووسێت، ئەویش لەم كۆتاییەدا هەندێ‌ زانیاریی بۆ نووسیبووین... كاتێك زانیاریمان لە بارەی دەستە ئیداری و ئەدەبییەكانی گۆڤاركە كۆكردەوە –لە سێیەم تەوەری ئەم بەشە دانراوە-، هەندێ‌ لەو زانیارییانەمان لابرد.

عەبدوڵَڵا تاهیر بەرزنجی