ئەم بابەتە پۆلێنکراوە لە پیتی: (س)
Apr 19, 2020

سدیق عەلی


- ناوى تەواوى: سدیق عەلی عەبدوڵڵا.

- یشەى ئەدەبى: شاعیر و رۆژنامەنووس.

- لە رۆژى 25/3/1980 لە شاری رانیە لە دایکبووە.

- باوک و باپیری و باپیرە گەورەی تا حەوت پشت مەلا بوون، بۆیە بەر لەوەی بچێتە قوتابخانەی سەرەتایی، لەلای باوکی وانەی قورئانی خوێندوەو چەند مانگێکیش نێردراوە بۆ حوجرە، ئەو لە تەمەنی منداڵیدا چەند بەهرەیەکی هەبوە، بەڵام بەهۆی سەختی ژیان و نەبونی هاوکاری، تەواوی بەهرەکانی پوکاونەتەوە، لە چالاکی قوتابخانەدا، بە کاری وێنەکێشان و نواندن و گۆرانی، بەشدار بووە، پاشان لە قۆناغی ناوەندی چەند چیرۆکێکی نووسیوەو مامۆستایانی قوتابخانەکە هانیان داوە بەردەوام بێت، بەڵام وەک خۆی دەڵێت دۆخی ئەو وابوو، پێویستی بە ژانرێک بوو بتوانێت بە لوغز، ئەوەی لە خەیاڵیدایە بیڵێت.

- لە ساڵی 1986 لە قوتابخانەی ئاکۆی سەرەتایی، دەستی کردوە بە خوێندن، تەواوی ساڵەکانی خوێندنی سەرەتایی، یەکەم بووە، بەهۆی پیشەی مەلایەتی باوکیەوە، لە چەندین قوتابخانەی جیاجیا خوێندویەتی، چونکە باوکی بۆ مەلایەتی لە شوێنێک جێگیر نەبوە.

- لە ساڵی 2001، خوێندنی ئامادەیی تەواو کردوە.

- لە ساڵى 2002 بۆ خوێندنی دبلۆم لە بواری رۆژنامەگەری چۆتە شاری سلێمانی، پاشان چەند ساڵێک لە سلێمانی ماوەتەوەو کاری رۆژنامەنوسی کردووە.

- لە ساڵی 2006 دا گەڕاوەتەوە شاری رانیە و ژیانى هاوسەرگیری پێکهێناوە.

- لە ژیانی منداڵی و هەرزەکاریدا بە شاگردی و ساردەمەنی فرۆشتن و میوە فرۆشتن و حەمباڵی، توانیویەتی کەمێک بارگرانی خێزانەکەی کەم بکاتەوە، بۆیە وەک خۆی دەگێرێتەوە کاتێک تەمەنی پازە ساڵ بووە، بۆتە شاگرد لای وەستایەکی دۆندرمەو مانگانەی کارەکەی رێک داوەتە پێداویستی ماڵەوەو بەشی قژ چاک کردنێکی بۆخۆی هەڵنەگرتوە، لە سەرەتای تەمەنی گەنجێتیدا باری سەختی گوزەران و خەونی خنکاوو شەڕی ناوخۆ و چەند هۆکارێکی دیکە، بەهرەی شیعری لای ئەو دێننە جۆش و چەند دەقێکی شیعری دەنووسێتن پاشان بە شەرمەوە پیشانی شاعیرە بە ئەزمونەکانی شاری رانیەی دەدات و ئەوانیش مژدەی ئەوەی دەدەنێ، کە توانا شیعریەکانی باڵان.

- لە ساڵی 1999 یەکەم کۆمەڵە شیعری خۆی چاپکردووە و دەنگدانەوەیەکی باشی هەبووە و بوەتە هۆى ناسینی چەندین شاعیری ناودار لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان.

- لە ساڵی 2002 بەملاوە، بەشداری فێستیڤاڵ و پێشبڕکی شیعریەکان کردووە و و چەندین خەڵاتى بەدەستهێناوە.

- لە ساڵى 2005 خەڵاتی یەکەمی فیستیڤاڵی پەڕەموچى لە شارى کەرکوک بەدەستهێناوە.

- لە ساڵى 2006 خەڵاتی یەکەمی فانی لە شاری رانیە بەدەستهێناوە..

- لە ساڵى 2008 خەڵاتی یەکەمی فیستیڤاڵی گەلاوێژى لە سلێمانی بەدەستهێناوە.

- لە ساڵی 2004 بوەتە ئەندامی دەستەی نووسەرانی رۆژنامەی ئاڵای ئازادی و لە چەندین رۆژنامەو گۆڤارو وێبسایتی دیکەدا، نووسین و بەرهەمەکانی بڵاو دەکاتەوە.

- تا ئێستا چەند شیعرێکى وەرگێڕدراونەتە سەر زمانەکانی عەرەبی، فارسی، ئینگلیزی، ئەڵمانی و سویدی.

خاوەنى چەند بەرهەمێکى چاپکراوە، لەوانە:

- چەندە غەریبین بەدوای نەوارەکانی نون دا، ساڵى 1999.

- شەش، ساڵى 2001.

- من و پەنجەرە ئێوە خۆش، ساڵى 2004.

- کەوتنە خوارەوە لە تۆ، ساڵى 2011.

- برادەر، ساڵى 2020.

 

دڵم لەلای رێگاکانە

گەڵا بەسەر قەدەری یەکتردا دەکەون

درەختی شەرمن، بەبێ بەرگی، خۆیان لە یەکدی دەشارنەوە

ساڵێک وەرزەکان جێی خۆیان دەگۆڕنەوە

هەفتەیەک رۆژەکان تێکەڵ دەبن

من لێرەم و خۆم لە رەوتی زەمەن دەبوێرم

لێرەم و خۆم پیشانی پاییز نادەم

باڵای هیچ شیعرێ بە قامەتی تۆ ناگرم

دەهێڵم رێبانەکان بچن بەڵام

نامەوێ دەست لە رێگاکان هەڵگرم

ئەو رێگایانەی تارمایی تۆ لەسەر سەفحەکانی تەمەن ناسڕنەوە

قسەی ناخ وەک پۆلی چۆلەکە لە بن دیوارەکان هەڵدەنیشن

وەک رستێک جریوە لە دارە پرچنەکانەوە هەڵدەوەرن

ئێمە دەبێ لەسەر ئەوە کۆک بین

هەندێک لە رێگاکان بۆهەمیشە دەچنەوە کۆنە هەوار

ئێمە دەبێ ئەو راستیه لە گوزەری زەمەندا ون نەکەین

دەلاقەیەکمان هەمیشە واڵایە روەو چاخە پەمەییەکانی ئارەزو

من دڵم لەلای رێگاکانە

ئەو رێگایانەی بەرەو بێدەنگیمان دەچن

ئەو رێگایانەی پڕن لە قسەو دەنگی شکانی وشەیەکیان لێوە نایە

ئەو رێگایانەی پڕن لە گۆرانی و

کەس بەدیاریانەوە سەر بەملاولای خەیاڵدا ناکێشێ

ئێمە دەبێ لەسەر ئەوە رێک کەوین

ماڵەکان پڕن لە قسەی هەڵواسراو بە تەنافی شەرمدا

سەربانەکان پڕن لە قسەی هەپڕون و پەیڤی کڕوزاو

باخەکانی ئەڤین پڕن لە گوڵی قسەو بەرامەی دەنگ

رێگاکان پڕ پڕن لە چپەو گفتی شەرمن

دەستەکان شەڵاڵن لە واژەی هەڵبزڕکاو

ئێمە دەبێ لەسەر ئەوە پێک بێین

عەشق شتێکە ناکەوێتە جوگرافیای قسەوە

ناخرێتە ناو جوغزی کورت مەودای دەنگەوە.

وەک ئەوەی سەحەرێکی دی لە کۆڵانێکی پڕ تەمدا

ئاسودەیی نەڕژێتە سەر سەفحەکانی مەلولیم

وەک ئەوەی لەسوچێکی ئەم زەمینە لێخنەدا

بەسەر سەرابی خۆشنودیمدا نەکەوم

دڵم تەنگ تەنگە

حەز دەکەم بە چرکەیەک ئەمشەوە لێڵە بەجێبێڵم

حەز دەکەم زوو زوو بگەمە پەنجەرە رونەکانی بەیانی

بە خێرایی تیشک بگەمە دەلاقە روو سپیەکانی نور

شار پڕە لەو مرۆڤە جاویدانیانەی بەوهەمو لەحنی ئیمانەوە

بەچاو گۆرانی دەڵێن

شار پڕە لە جریوەو چۆلەکەکان لە هێلانەی رابردوو بەجێماون

من لە رابردوی دووری خۆمدام

رابردووم وەک پەڵە هەورێکی عەوداڵ

تا پاییزی تەمەن تا ئێوارەی رۆح لەگەڵم دەکشێ

دڵم تەنگەو لەسێبەری هەمو کەسێکدا بەدوای سکێچی ونبوی تۆدا دەگەڕێم

لەکردنەوەی هەمو دەرگەیەکدا چاوەنۆڕیم بەدیار هاتنە دەرەوەی تۆ جەم دەکەم

دڵم لەلای رێگاکانە

دەمەوێ وەکو جاران تاریکی تا گەردنم بێت و نەزانم وەسفی شەو بکەم

دەمەوێ وەک جاران بەرد بگرمە قەدەری درەختەکان و

دڵم لەگەڵ هیچ وەرینێکدا نەکرتێ

سەختە بزانی وەسفی ئاو بکەی و

دەستت نەگاتە دامێنی رووبارێک

میحنەتە فێر ببی رەسمی کانی بکێشی و

چاوت نەگاتە قەراغە تەڕەکانی جۆگەیەک

من دەمەوێ چیدی نەتوانم بەشیعر بۆنی پڕ عیشوەی گوڵەکان بێنمە ژورەکەم

دەمەوێ ئیدی نەتوانم جوانیەکان بخزێنمە سوچێکەوە

دڵم تەنگ تەنگە، دڵم..

کەس مەیلی دانیشتن لەم ژوورەدا ناکات

ئەوەی لە ئەزەلەوە لە بن پەردەی ئەندێشەدا هەڵتروشکاوە

گرمۆڵەبونی هەناسەیە بەدیار سینەی شەکەتەوە

هیچ کەس لێرەدا چاوی ناچێتە خەونی ئاڵ

ئەوەی پرخەی دەگاتە کۆڵان

لاشەی ئومێدە بەوهەمو ئازارە پەنهانەوە

کەسێک نایەتە ژوورەوە

ئەوەی قەدەری دەرگا دەخاتە نەرمە سەما

دەستی بەجێماوی خێوەکانی خەیاڵە

هیچ کەس سەر بە ژووری فەردانیەتی ئێمەدا ناکا

ئەوەی دێتە دیدەنی خامۆشیمان

پارچەی ئەو پەیکەرانەیە

کە لە کریستاڵی تەم هەڵمانچنین

کەس لە حەوشە نیە

ئەوە کۆتری درنجە بەسەر کەپری مێوەکەوە گمەی لێ دەکەوێ

کەس لە هەیوانەکەوە پێڵاو داناکەنێ

ئەوە رەنوی بیرەوەریە بەسەر بێشەڵانی چاوەڕوانیماندا دەڕمێ

کەس لەبەر دەرگا نیە

ئەوەی دەزرینگێتەوە کرتەی درزبردنی وەهمە

ئەوەی سێبەری لەکۆڵانە

تارمایی خورافاتە دەکشێ

بەرەو سوچە نسرمەکانی خەون.

کەس لە پشت پەنجەرەوە رەت نابێ

ئەوەی هەڵی کردوە بای حیکایەتی پوچە

لافاوی هەزاران داڵغەی لێخنە..

هیچ کەس دڵ بە رێگاکان نادات

کەس نایەوێ بە تەنیشت تارمایی بەجێماوی سەر دیوارەکاندا بڕوات

شیعری لێ دەرچێ کەس ئاوڕ لە مەیلی شکاوی پەنجەرەکانی ئەم گوزەرە ناداتەوە

عەشقی لێ دەرچێ، کەس بەرێگا قوڕاویەکانی ئەندێشەدا ناچێتەوە