ئەم بابەتە پۆلێنکراوە لە پیتی: (م)
May 11, 2020

مەلا مەسعود بێبەش


- ناوى تەواوى: مەسعود عەبدوڵڵا شەنەغەیى.

- پیشەى ئەدەبى: شاعیر

- لە رۆژى 1/7/1932 لە شارى هەولێر لە دایکبووە.

- تاکو پۆڵی شەشەمی سەرەتایی خوێندویەتی و پاشان لە دائیرەی ئەشغال دامەزراوە.

- دوای چەند ساڵێک وازی لە کارى فەرمانبەرى هێناوە.

- ئیجازەی مەلایەتی لای باوکی وەرگرتووە و بووەتە مەلای مزگەوت.

- لە ساڵی 1956 بۆ یەکەم جار تەجویدی قورئانى گۆڕیوە بۆ سەر زمانی کوردی.

- لە ساڵی 1971 بەشێک لە دیوانەکەی خۆى بڵاوکردۆتەوە.

- لە ساڵی 1984 هەندێ لە پێنج خشتەکەیەکانى بڵاوکردۆتەوە.

- لە رۆژى 11/5/1998 لە تەمەنى (66) ساڵى لە شارى هەولێر کۆچى دوایى کردووە.

- لە دیوانی باوکی شارەزای شیعر و ئەدەبیات بووە.

- لە قوتابخانەی سەید مەردان فێری مەقامات بووە.

- شیعرە داشۆرینەکانی لەسەر زارن و بە هەمان شێوەی شێخ رەزای تالەبانی، بەڵام ئەو شیعرانە بڵاو نەکراونەتەوە.

 

دڵم لەرزی

دڵم لەرزی لە ناكاوە كە دەركەوت ماهی دیداری
خومارو مەستی كردم وەك دوو چاوی مەست و خومماری

فیدای بێ‌ ڕوح و ماڵ و دڵ چ فەننانێكە ئەم شۆخە
تەلەسمی دڵمی چۆن بەستووە بە داوی زوڵفی سەحاری

لە دەریای وەحدەتی حوسنی نیە هەمتایی لەیلاكەم
لە بۆیە دڵ وەكو مەجنوون دەكا دائم فیداكاری

دەبینم كفرەكەی زوڵفی لە نێو فیردەوسی ڕۆژی ڕووی
بەشەرعی ئێمە نەم بیستووە بەهەشت بدرێتە كوففاری

لە نەقشی سوورەتی (مانی) تەحیور ماوە لەم نەقشە
كراوە نەقشی ڕووی ماهی بە دەستی قودرەتی باری

بەقەد عەر عەر بەدەم شەكەر بە ڕوو ماه و بە چاو ئەختەر
كەمەر موو ناسك و دڵبەر بە وێنەی ڕۆژە ڕوخساری

چ خۆشە ئەو دەمەی (بێ‌ بەش) بفەرمێ‌ سا وەرە خیڵوەت
كەرەم كا پێم ببەخشێ‌ ماچی كوڵمەو نوقتەیی زاری