ئەم بابەتە پۆلێنکراوە لە پیتی: (ح)
Jun 28, 2020

حەسەن زیرەك


- ناوى ته‌واوى: حه‌سه‌ن عه‌بدوڵڵا

- پیشه‌ى هونه‌رى: گۆرانیبێژ

- له‌ رۆژى 29/11/1921 له‌ گوندی هەرمێلەی شاری بۆکان له‌ دایكبووه‌.

- به‌ یەكێك لە بەناوبانگترین ھونەرمەندانی كورد داده‌نرێت.

- دایكى ناوى ئامینه‌ بووه‌.

- باوكی لە لای خانانی ئاغای گوندی ھەرمێلە كاریكردووە، لە بەر لێھاتوویی بە زیرەك ناوی دەركردووە.

- دوو براى هه‌بووه‌ به‌ ناوەكانی حسێن و مینە.

- له‌ ساڵى 1928 له‌ ته‌مه‌نى حەوت ساڵیدا له‌ مسگەری و قاوەچێتی كردووه‌ و خزمەتی ماڵە دەوڵەمەندەكانی بۆكانیشی كردووە.

- له‌ ساڵى 1930 لە تەمەنی (9) ساڵیدا لەگەڵ چەند دەنگخۆشێكى شاری بۆكان لە شاییەكانی ناو شار و گوندەكانی سنوه‌ره‌كه‌ گرانى وتوه‌.

- له‌ ساڵى 1932 له‌ ته‌مه‌نى (11) ساڵیدا باوكى كۆچى دوایى كردووه‌، هه‌ر به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ ماڵیان له‌ دێ باركردووه‌ چونه‌ته‌ شاری سەقز.

- به‌هۆى شوكردنه‌وه‌ى دایكی، ژیانێكى دژوار روبه‌ڕووى حه‌سه‌ن زیره‌ك و خوشك براكانى ده‌بێته‌وه‌.

- له‌ ساڵى 1933 لە تەمەنی (12) ساڵیدا به‌ناچارى  گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ھەرمێلە و لە لای خانان ئاغای ئەو دێیە ده‌ست به‌كاركردن ده‌كاته‌وه‌.

- ھەر لەو تەمەنەدا دەنگە خۆشەكەی سەرنجی خەڵكی ئەو دێیە بۆ لای خۆی ڕادەكێشێت و ھەموو ھەوڵی ئەوەیان دەبێت زیرەك لە دەنگە خۆشەكەی بێ بەشیان نەكات، كە خانان دەبینێ زیرەك دەنگی ئاوا خۆشە، ئەمجاره‌ زیاتر بایەخ بە ئەو دەدا و ڕێگا دەدا زیرەك بێتە دیوەخان و بە گۆرانییەكانی كۆڕی میوانانی خان بڕازێنێتەوە.

- له‌ ساڵى 1934 دوای ساڵێك ھەرمێلە و لای ئاغەوات بە جێ دێڵێ و ڕوو دەكاتە شار، بە شاگردی كەبابچی و وردە كاری دیكە ژیان دەباتە سەرێ.

- جارێكی دیكە دێتەوە بۆ ھەرمێلە و وەك تفەنگچی لە ماڵی ئاغەوات دادەمەرزێ، پاشان نێوانی لە گەڵ ئاغا تێكدەچێ و واز لە تفەنگچێتی و ئازار و ئەزیەتی خەڵك لە پێناو ئاغادا دێنێ، دەچێتە سەقز و دەبێتە شۆفێر له‌لای (مینە خانی ئەردەڵان) و لە نێوان سەقز و بانەدا دەست بە كار دەكات.

- له‌ ساڵى 1953 چەندین كەسى ناودار له‌ گۆرانیبێژ و موزیكیان ده‌بینێت له‌وانه‌ (عەلی مەردان)، كه‌ هاوكارى ده‌بن لە چوونی بۆ بەشی كوردی (ڕادیۆ بەغداد)، بۆ یەكەم جار دەنگی لە ڕادیۆی كوردی بەغدا دەبیسترێ و بەم جۆرە ناوبانگى زۆرى بۆ په‌یدا بوو.

- لە ماوەی نزیكه‌ى (10) ساڵ مانەوە لە عیراقدا بووه‌ته‌ دۆست و ئاشنای زۆر له‌ ھونەرمەندان و گۆرانیبێژانى كورد، سوودى لە ئەزموون و ڕێنوێنییەكانیانى ئه‌وان وه‌رگرتووه‌.

- لە 14ی گەلاوێژی 1958 گەڕاوەتەوە بۆ ئێران، لەوێ چووە بۆ ڕادیۆی تاران، كرماشان و تەورێز و لەوێوە گۆرانی وتوه‌.

- له‌ ساڵى 1958 لە ڕادیۆی تاران لەگەڵ میدیا زەندی ئاشنا بووه‌ و پێكەوە ژیانی ھاوبەشیان پێكهێناوه‌، به‌رهه‌مى ئه‌و هاوسه‌رگیریشه‌ (2) منداڵ بووه‌ به‌ناوه‌كانى (ئارەزوو و ساکار).

- زۆربەی بەرھەماكانی له‌ رادیۆى تاران لەگەڵ گەورەكانی موزیكیانى ئێرانی وەك: (حسەین یاحەقی، حەسەن كەسایی، جەلیل شەھناز، جەھانگیر مەلەك و ئەحمەد عیبادی) بووە.

- له‌ ئێران ماڵەكەی بردۆته‌ شاری بانە و لەوێ لە (كانی مەلا ئەحمەد) چایخانەیەكى كردۆته‌وه‌ و به‌رده‌وام بووه‌ له‌ گۆرانى وتن.

- دواتر چۆته‌ شاری مەھاباد و لە دواكاتەكانی ژیانیشیدا چوه‌ته‌ شاری شنۆ و ده‌ستى به‌كار كردووه‌.

- لە ساڵانی 1960 - 1961 لە شاری سلێمانی لە تیپی (شانۆی ھونەرەجوانەكان)، لەگەڵ (سێوەخان و رەشۆڵ عەبدوڵڵا) لە شانۆیى (بووكی ژێر دەواری ڕەش)، (خەسوو یان ئەژدیھا) و (تەڕپیر) بەشداری كردووە.

- له‌ نێوان ساڵانی 1964 تا 1964 لە ڕادیۆ كرماشان كاری كردووە، لەو ماوەدا لەگەڵ گەورەكانی موزیكیانى ئەو سەردەمە وەك موجتەبا میرزادە، محەمەد عەبدولسەمدی، ئەكبەر ئیزەدی و بەھمەن پوولەكی كاری كردووە و ئەو ھاوكارییە بووە ھۆی خولقاندنی بەرھەمی وا، كە وەك شاكارەكانی موزیكى  ئەو سەردەمە یادگار ماون.

- لە ساڵانی 1967 – 1968 لە شاری سەقز ھۆتێلی سێ ئەستێرەی ھەبووە، كە بۆخۆی لەوێ گۆرانی گوتووە.

- یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی گۆرانییەكانی پشت بەستن بوو بە گۆرانی فۆلكلۆرى.

- سودى لە شیعری شاعیرانى وه‌كو (نالی، وەفایی، سەید كامیل ئیمامی، كوردی، ھەردی، پیرەمێرد و هێمن) وه‌رگرتووه‌.

- گۆرانی فارسی و ئازەریی وتوه‌ لەو جۆرە گۆرانییانەدا ھەڵبەستی كوردی تێكەڵاو كردووه‌.

- لەبەر بارودۆخی ئەستەمی ژیان لە خوێندن بێبەش بووه‌.

- توانای بێ‌ وێنەی لە ھۆنینه‌وه‌ى شیعری كوردی و دانانی موزیكى كوردی ھەبووه‌، ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ هۆى ئه‌وه‌ى لە سەرانسەری كوردستان خۆشه‌ویست بێت و گۆرانیه‌كانى بوترێته‌وه‌.

- نە لە شاره‌كانى ئێران و نە لە عێراق خۆشى ژیانى نه‌بینووه‌، ھەڵسووكەوتی حكوومەتی ئێران كێشەی زۆری بۆ درووست‌ كردبوو، چونكه‌ دوای ماوەیەك ڕێگەیان نەدا له‌ رادیۆ تاران گۆرانى بڵێت و له‌ شارى بەغدا دەستببەسەر كرا و لە بەندیخانە ئەشكەنجە دراوه‌، خۆی باسى له‌وه‌ كردووه‌، كە لە بن‌ میچ ھەڵواسراوە و لێردراوە، بۆیە دوای ڕزگاری بوونى ڕەوانەی ئێران كراوه‌ته‌وه‌، بەڵام لە ئێرانیش ساواك گرتویه‌تى و ئەشكەنجەی زۆریان داوه‌.

- لە ماوەی (51) ساڵی تەمەنیدا چەندین شاکاری هونەری لە ڕادیۆکانی ئێران و عێراقدا تۆمارکردووە، لە بەشی کوردی ڕادیۆی بەغدا زیاتر لە (75) بەرهەمی تۆمارکردووە، لە ڕادیۆی تاران (39) گۆرانی، لە ڕادیۆی کرماشان (84) گۆرانی تۆمارکردووە، (212) بەرهەمی هەیە کە لە دانیشتنەکاندا لە شارەکانی باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆماری کردوون، زیاتر لە (60) مقامی هەیە کە لەگەڵ بەستەی گۆرانیەکاندا تێکەڵکردووە.

- بۆ گۆرانییەکانی هۆنراوەی (نالی، وەفایی، کوردی، هەردی، هێمن، پیرەمێرد)ی بەکارهێناوە، هەندێکیشیانی بەشارەزایی خۆی و بەپێی گونجانی لەگەڵ ئاوازەکەدا دەستکاریی کردووە، ئەو دەستکاریی و شارەزاییەشی لە گۆرانی (نەورۆزدا) دەردەکەوێت.

- ئاوازی گۆرانییەکانی لە چوار تا پێنج تۆنی دەنگ پێکهاتووە، کە ئەمە یەکێکە لە سەرەکیترین تایبەتمەندییەکانی گۆرانییە فۆلکلۆریە کوردییەکان، لە کەمترین گۆرانیدا حەوت یا هەشت تۆنی دەنگ بەکارهاتووە، هەروەها گشت جۆرەکانی چواریلەکانی میوزیکی کوردی بەکارهێناوە.

- به‌هۆى ئه‌وه‌ى به‌ ئۆتۆمبێل له‌ لاوێكى گوندی قوڕەدەرێ بە ناوی (مەحموود نارنج) ده‌دات و مه‌حمود گیان لەدەستدەدات، لەترسان سەری خۆی ھەڵگرتووه‌ و روى كردۆته‌ باشورى كوردستان و دواتر چوه‌ته‌ شاری بەغدا و لەوێ بە ھۆی چەند كەسێك لە میوانخانەی (شومال ئەلكەبیر) دادەمەزرێ. لەوێش دەست دەكات بە گۆرانی وتن.

- لە ساڵی 1971 تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بووه‌، بۆ ماوه‌یه‌كى زۆر له‌سه‌ر جێگه‌ كه‌وتووه‌.

- له‌ رۆژى 26/6/1972 له‌ ته‌مه‌نى (51) ساڵیدا له‌ نه‌خۆشخانه‌ى شارى بۆكان كۆچى دوایى كردووه‌ و لە شاخی ناڵەشكێنە له‌سه‌ر وه‌سێتى خۆى بەخاك سپێردراوە.

- خوالێخۆشبوو (مام جەلال) لە بارەی زیرەكەوە، باسی لە ناسینی زیرەك كردووە لە بەغدا، وتویه‌تى، كە لە ڕێگەی دۆستێكی خۆیەوە، زیرەكی بردووەتە ڕادیۆی كوردی بەغدا.

مام جەلال دەڵێت: "بەهار و هاوینی ساڵی خوێندنی (1954-1955) لەگەڵ هاوڕێی دێرینم كاك مستەفا قەرەداغی، كە تازە لە ئەمریكا هاتبووەوە، پێكەوە لە ژورێك دەژیاین لە هۆتێل (الشمال الكبیر)ی خوالێخۆشبوو كاكە حەمە، لەو هۆتێلەشدا حەسەن زیرەك وەكو كرێكار كاری دەكرد، منیش ئەوسا لاوێكی چەپی خۆ بەماركسیست زانی عەوداڵی هۆشیاركردنەوە و ڕێكخستنی ڕەنجدەران و كرێكاران بووم، بۆیە دۆستایەتیم لەگەڵ پەیداكرد، كە زانیم كوردی كوردستانی ئێرانیشە ئیتر ترسم لێی ڕەوییەوە، كە سیخوڕی عێراق بێت، بۆیە زووتر لەگەڵیدا چوومە ناو باسەكەوە".

مام جه‌لال لە درێژەی گێڕانەوەكەیدا وتویه‌تى: "لە ڕێی كوردایەتییەوە رامكێشا بەلای خۆماندا، تا وایلێهات ئەو بڵاوكراوانەی نهێنی، چ هی خۆمان و چ هی حزبەكانی تر، لای ئەوم دام دەناو ئەویش لە ژوورەكەی سەرەوەی هۆتێلەكەو لە سەربانەكە، كە زۆرتر نوێنی تێدا هەڵدەگیرا، بۆی دەشاردمەوە".

دەشڵێت: "ئەویش ناوبەناو، كە ئیشی كەم دەبوو، دەهاتە ژوورەكەم، تا ڕۆژێكیان بەسەردا چووم، كە گۆرانی (كیژان دەچنە مێر گوڵان)ی دەگوت، منیش تاوێك هەستم لێی ڕاگرت و زۆرم بەلاوە خۆشبوو، ئیتر پیرۆزباییم لێ كردو تەشویقم كرد، شەویش هاتە ژوورەكەمان داوام لێكرد، گۆرانییەكەم بۆ بڵێتەوە، بەڕاستی زۆرم بەلاوە خۆشبوو، ئەویش هەندێك گۆرانی تری فۆلكلۆری كوردی بۆ گوتین، كە لەناویاندا (دەسماڵ هەریر سوورە)شم زۆر بەلاوە خۆشبوو".

هەروەها مام جەلال وتویه‌تى: "لەگەڵ حەسەن زیرەكی هەڤاڵ و دەنگخۆشدا تا دەهات بەینمان خۆشتر دەبوو، ئەویش شەوان درەنگ، كە كارەكانی لەسەر سوك دەبوون، دەهاتە لام لە ژوورەكەمان گۆرانی خۆشی بۆ دەگوتین، پاش ماوەیەك دیتم دەنگی خۆشە و شارەزاییەكی باشی هەیە لە گۆرانی فۆلكلۆری كوردیدا، بۆیە كەڵكەڵەی گەیاندنی ئەو دەنگەیم بە ڕادیۆ كەوتەسەر، بۆیە هەستام چوومە لای كاك (عارف تاڵەبانی) خزممان، كە ئەوسا (مفتش اداری) بوو لە وەزارەتی ناوخۆ و زۆر دۆستی مدیری ئیزاعەی كوردی بەغدا بوو، لەلای كاك عارف باسی حەسەن زیرەك و گۆرانییەكانیم بۆ كرد، ئەویش بەلایەوە باشبوو، كە بیبەینە ئیزاعەی كوردی بەغدا، هەر بۆیەش لەبەر چاوی خۆم قسەی لەگەڵ مدیری ئیزاعەی كوردی كردو ئەویش ڕازی بوو، داوایكرد من حەسەن زیرەك بەرمە لای و ئەوانیش تاقیبكەنەوە، ئەوە بوو منیش چوومە هۆتێلەكەم و موژدەكەم دا بە حەسەن زیرەك، ئەویش لە خۆشیاندا قاچی ئەرزی نەدەگرت، بۆ رۆژی دووەم كە بردم لەگەڵ خۆم بۆ ئیزاعەی كوردی زۆر لەسەرخۆ لە تاقیكردنەوە بەشداری كردو سەركەوتوو بوو، لەو رۆژەوە وەرگیرا بە گۆرانیبێژ، بەو مەرجەی هەفتەی جارێك بچێت گۆرانی بڵێت و هەرجارەی 3 یان 4 دیناری بدرێتێ، ئەویش ئەوی رۆژێ زۆر زۆر بوو، چونكە ئەو لە هۆتێلەكە جگە لە خواردن و نوستن تەنها 3 دیناری وەردەگرت".