download.jpeg

لە دەرەوەی سینەما دەمەتەقێیەک لەگەڵ ئینگمار بێرگمان

سازدانی: ئەی. ئەلڤارێس


و/ دلاوەر
(ئەم دەمەتەقێیە ساڵی ١٩٧٥ کراوە...)
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
|| بەشی دووەم


ئەلڤارێس:
مەبەستتان لەوەیە کە خووڕەوشتی پروتستاتییانە کۆتایی پێ هاتووە؟
بێرگمان:
دیارە سوێد وڵاتێکی لۆتەریی کالفینییە. هەڵبەت بە شێوەیەکی ئاگایانە نا. بەڵێ ئەم بابەتە باوەڕێکی نائاگایانەی ژێرەوانێیە. دین لە دوو زەمینەدا قسان دەکا: یاسا و عیشق. کێشەکە لەوێدایە کە هەمووان عیشقیان لە یاد کردووە و تەواو یاساکانیان لە بیرن. ئەو لەیاد کردنە دەرەنجامی کارەساتباری لێ کەوتووەتەوە. ئێمە ئاگایانە بەڵام نائومێدانە هەوڵ دەدەین ڕێگەچارەیەک بۆ ئەو کێشەیە بدۆزینەوە. سیاسەتمەدارەکانی ئێمە گۆشەنیگای هەمەچەشنیان هەیە، بەڵام ئێمە هێشتا لە پشێوی و بێ سەروبەرییدا دەژین.
ئەلڤاریس:
ئیلییا ئێرینبورگ لە جێگەیەکدا نوسیویەتی:" سوێدییەکان شاعیرانی ماددەن". ئایا ڕاستە بڵێین خەڵکی وڵاتی ئێوە بەرلەوەی مرۆڤەکانیان خۆش بوێن، شەیدای شتی ماددیاتن؟
بێرگمان:
لە ڕوویەکەوە قسەکەی ئێوە ڕاستە. ئێمە باوەڕمان بە جۆرێک لە ماددەگەرایی هەیە و زۆر پێوەی پەیوەستین، لەبەرئەوەی بە کێشەوبێشەی زۆردا پێی گەییشتووین. لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانیت بە هیچکام لەو جحێڵە چەپگەرا توندڕۆیانەی کە بۆ نموونە عەسرانی ڕۆژانی هەینی سوار ئوتومبێل دەبن و لەگەڵ خێزانەکانیاندا بۆ ڤێلاکانی خۆیان لە کەنار دەریا، جێگاگەلێک کە بەلەمیشیان تێدان، دەڕۆن، بقوبڵێنیت کە ئەو ڕێگەیەی ئێمە پیایدا ڕۆیشتووین ناڕاست بووە و غەدر لە مافی کرێکاران کراوە. ئەو وا بیر دەکاتەوە ئازادە و هەموو شت بە باشی بەڕێوە دەچێت. ناتوانرێ ئەو ئیقنا بکرێ ئەوە قەبوڵ بکا کە ئەم شۆڕشە درۆیەکی گەورە بووە و خۆی و خێزانەکەی لەژێر وەبەرهێنانی داودەزگادان. لە لایەکی تر، کرێکارێکی سادە لە کاتێکدا وا بیر بکاتەوە کە هاوکارەکانی لەژێر سووکایەتی و ستەمدان، ئەوا سووک و هاسان دەتوانێ بە مانگرتنێکی نایاسایی سەراپاگیرەوە ڕایەڵ ببێ. ئەمەش شتێکە کە بە زۆریی لێرە ڕوو دەدا، لەبەرئەوەی وەفاداری بە یەکێتیی و ساندیکاوە گرینگییەکی زۆری هەیە. کێشەکە لێرەدایە ئێستا ئێمە نەوەیەک لە گەنجانمان هەن کە پەروەردەیەکی ئازادتریان هەیە و مەیلی چەپگەرایانەیان مەودای زیاتری لە سۆسیالدیمۆکراتانی تەقلیدیی گرتووە. ئەم نەوە گەنجە پرسیاری زۆر دەخەنە ڕوو، بڕستی پەیڕەوێتی تەواوەتییان نییە و بەزۆریی ناقاییلن لەو بڕیارانەی کە بەبێ بەشداری ئەوان دەدرێن. لەبەرئەوە زۆر زوو مان دەگرن. جاران کاتێک ڕێککەوتنێک بۆ حەقدەست دەکرا، هەموو شت بە باشیی کۆتایی دەهات و ڕەوشەکان بۆ باری ئاسایی خۆیان دەگەڕانەوە. بەڵام ئەمڕۆ چاوەڕوانییەکان زۆر هەڵکشاوترن. کێشەی سەرەکی ئێمە ئەو هەڵکشانی چاوەڕوانییانەیە. پاشان سیاسەتمەدارانی خۆڵەمێشیپۆشی ئێمە، واتە ئەندامانی کۆمیسیۆنە حکومییەکان، دێن. دادەنیشن و دواجار لەگەڵ دەرهێنەردا ڕێک دەکەون. دەزانیت ئێمە ئامادەییمان لە تەڵەدانان و بینینی ڕۆڵی کارتێکەردا نییە.
ئەلڤاریس:
سەیرە کە ئێوە ئاوها بەم شێوەیە ڕا لەبارەی خەڵکی وڵاتەکەی خۆتانەوە دەدەن!
بێرگمان
بەڵێ سەیرە... دەزانیت ئێمە ئەکتەری بەتوانا و شایستەمان لە سکاندیناڤیا هەن، بەڵام ناتوانین بە جوانیی ڕۆڵی خۆمان لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا ببینین.
ئەلڤاریس:
لەگەڵ ئەوەشدا جیهان بە چاوی ئیرەییەوە تەماشای سوێد دەکا. وڵاتەکەی ئێوە لە ڕوانگەی کۆمەڵایەتییەوە، شاری یۆتۆپیای سەرجەم پنتەکانی دونیایە.
بێرگمان:
دەزانم... ئێمەش سەیرمان لێ دێ کاتێ خەڵکانێک لە زۆرینەی وڵاتانەوە بۆ ئێرە دێن و پێمان دەڵێن ئێوە لە بەهەشتدا دەژین. ڕەنگبێ لە هەندێک بابەتدا هەلومەرجەکان لە ئاست چاوەڕوانیدا بن، بەڵام لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە هێشتا ئێمە بە کامڵیی نەگەییوین. هێشتا مەودایەکی دوورمان لێیەوە هەیە. بەڵام لە هەوڵی خۆمان بەردەوام دەبین. دەبێ ئاگامان لەوە بێت کە ئێمە وڵاتێکی گچکەین و تەنها هەشت ملیۆن حەشیمەتین. ئەوەی لێرە ڕوو دەدا لە ڕوانگەی زۆر لە خەڵکانی دەرەوە ماندووکەر و بێزارکەرە، بەڵام ئێمە زۆر حەزمان لە ئاشتەواییە. خەڵکانیکی زۆر بە گۆشەنیگای تەواو جیاوازەوە ڕۆژان و شەوانی لەسەریەک و لە کۆنفرانسگەلی قەرەباڵخ بەرامبەر یەک دادەنیشن. ئەو خەڵکانە ڕقیان لە بیروباوەڕی یەکتریشە، بەڵام دواجار دەگەنە ئاشتی. هەڵبەتە ئەو ئیشە، هێندەش پاڵەوانانە نییە، بەڵام هەنگاوی ئەخلاقیی بەراییانەی ئێمە ئاوها ئیش دەکا. سەرەڕای ئەوە دەبێ بڵێم من بە توندی هەست دەکەم سوێدییەکم. لێرە دەژیم و قەت ناتوانم بۆ ماوەیەکی درێژ لە جێگەیەکی تر بژیم. ڕەگوڕیشەی بوونی من بەم خاکەدا ڕۆ چووە. هەر یەکێک لە ئێمە دەتوانین شوێنپێی خانەوادەییمان سووک و هاسان تا سەدەی شازدەیەمی زایینی هەڵبگرین. لەبەرئەوە من لێرە لەگەڵ ڕەگوڕیشەکانمدا دەژیم. من کێشەم لەگەڵ درک و کاردانەوەی خەڵکی سوێددا نییە. ڕاستییەکەی من حەزم لەو شێوازەیە. تەنانەت ڕۆحییەتی ئاشتەواییانە و ئاشتیخوازانەمانم خۆش دەوێن. من کەسێکی نائارامم و بە زەحمەت دەتوانم خۆم بە سازان بسپێرم، بەڵام باوەڕم وایە ئەگەر ئێوە بتانەوێ شتێک لەم وڵاتەدا جێبەجێ بکەن، ئەوا ناتوانن باوەڕی خۆتان بەسەر خەڵکانی تردا بسەپێنن. ئێوە دەبێ لەپاڵ ئەوانی تردا دانیشن و لەبارەی ئەو شتەوە کە دەتانەوێ ئەنجامی بدەن؛ بدوێن. بۆ نموونە من لە دوورگەی فارو خانوویەکی کۆنم نۆژەن کردەوە، ئیشی نۆژەن کردنەوەکە بە بەشداری جووتیاران و ماسیگرانی دەڤەرەکە ئەنجام درا. ئەوانە خودان توانای سەرسووڕهێن و دەست و بازووی بەهێزن. ئێمە هیچ پسپۆڕییەکمان لە نەخشەسازی خانووبەرەدا نەبوو. بەڵام پێکەوە دانیشتین و قسەمان لەبارەی بابەتەکەوە کرد. ئەم هەنگاوە تا سەر ئێسک سوێدییانەیە. خەڵک حەز دەکەن بەرنامەڕیژییەکانی خۆیان بە شێوەیەکی هەرەوەزی ئەنجام بدەن. کاتێ کە فیلمیش دەکەم بە هەمان شێوە ئیش دەکەم. من ناتوانم بڵێم "باشە، من ئێستا ئەم یان ئەو ئیش دەکەم"، لەبریی ئەوە لەگەڵ هەموو خەڵکانی پەیوەست بە پرۆژەکەوە دادەنیشین، سیناریۆکە دەخوێنینەوە و لەبارەیەوە قسان دەکەین. من لەبارەی خواستەکانمەوە دەدوێم و ئەوان پێشنیارەکانی خۆیان دەخەنە ڕوو. ئەم شێوازی ئیش کردنە زۆر لەبەردڵانە و بۆ من ڕێگایەکە تا لە تەنیایی دەروون نەخۆشانەی خۆم قوتارم ببێ.
ئەلڤاریس:
تەنیایی ناوەڕۆکی دووبارە بووەوەی زوربەی کارەکانی ئێوەیە. وا بزانم ئەو ناوەڕۆکەش کەڵکەڵەیەکی تەواو سوێدییانەیە. هەڵبەت ڕەنگە ئەم سەرنجە هەڵە بێت، لەبەرئەوەی من تەواو لە ڕێی فیلمەکانی ئێوەوە لە سوێد دەنۆڕم.
بێرگمان:
پێم وا نییە تەنیایی نیشانێکی ڕەسەنی سوێدی بێت، یان لانی کەم دەتوانم بەم چەشنە بڵێم تەنیایی بەو ڕادەیەی سوێدییە، ئەمریکایی یان ئینگلیزییشە. وا بزانم تەنیایی خەسڵەتێکی ئینسانییە. نەوەی من بە تەرزێکی زۆر خەراپ پەروەردە کراوین، تەرزێک کە بە ناچاری ئێمەی ڕووەو تەنیاییە دەروون نەخۆشانەکە بردووە. نەوەی تازە ئاگایی زیاتری بەرامبەر شتەیلێک هەیە کە دەبێ خۆیانی لێ بە دوور بگرن.
ئەلڤاریس:
پێم وایە ئەم سیستمە کۆمەڵایەتییە نوێیە بە جۆرێک لە جۆرەکان تەنیایی دادەمەزرێنێ. پارە بە دایکان دەدا تا تەمەنی حەوت مانگیی ئاگایان لە منداڵەکانیان بێت و پاشان ئەگەر بیانەوێ درێژە بە کاری خۆیان بدەن، ئەوا دەبێ بە سەرپەرشتیارانی منداڵانیان بسپێرن. بە بڕوای من هەنگاوێکی لەو چەشنە کۆڵەگەکانی تەنیایی و دوورکەوتنەوە لە بەختەوەریی ئەو منداڵانە، ئەویش لە تەمەنێکی هێند هەستیاردا، تۆکمە دەکات. تەمەنی حەوت مانگیی بە دڵنیاییەوە تەمەنی گونجاو بۆ چوونە نێو کۆمەڵگا نییە.
بێرگمان:
پێم وا نییە گەشەی منداڵان لەپاڵ منداڵانی تردا شتێکی هێندەش خەراپ بێت. کێشەکە لەوێدایە کە هەموو شت بە تەرزی تەواو و حیساب بۆ کراو ناگاتە ئەنجام. دەزانی چوونە دەرەوەی ژنان لە تەنیایی خۆیان لە ماڵ و بەشداری کردن لە چالاکی کۆمەڵایەتیدا هەم پێویستە و هەم بونیادنەریش، بەڵام هاوتەریب لەگەڵ ئەمەدا، ئەو گۆڕانکاری ژینگەییە بۆ منداڵان ڕەنگە ئارامیی دەروونییان بخاتە بەر مەترسییەوە. هێشتا بە دروستی نازانین ئایا ئەم سیستمە کاردای گونجاوی هەیە یان نا. سیستمی پەرستاری لە منداڵ تەمەنێکی زۆری نییە، بۆیە هێشتا نازانین کە ئایا ئامادەیی منداڵان لەپاڵ و لەگەڵ یەکدا بە درێژایی ڕۆژ و لەژێر چاودێری ژنانی تایبەتمەند، کە پسپۆڕ و شارەزای دایکایەتیین باشترە، یان باشتر ئەوەیە کە ئەو منداڵانە لای دایکانی تووڕە و تەنیای خۆیان لە ماڵەوە بمێننەوە؟ ڕای من تەواو لەگەڵ ڕای ئێوەدا نایەتەوە. بە بڕوای من بونیادی ئەمڕۆیی خێزانەکان بە توندی ئازار بە منداڵان دەگەیەنن و وا باشترە قوتابخانەکان و سیستمی پەرستاری ڕۆژانە پشکێک لە بەرپرسیارێتیی پەروەردەی نەوەی ئایندە لە ئەستۆ بگرێ. دەزانی لەم سیستمەدا بە زۆریی سێ یان چوار ژن پێکەوە بەرپرسیاری ئاگا لێ بوونی منداڵ لە ئەستۆ دەگرن. لەم وڵاتەدا ژنانێکی زۆر هەن کە ئامادەیی سەرسووڕهێنیان لە دایکایەتیدا هەیە. ئەم ژنانە دەبێ بێنە پێشەوە و بناسرێن، دەبێ ئەم ژنانە نەوەی ئایندە پەروەردە بکەن. ژنانێکی تر هەن ئامادەیی دایکایەتییان نییە، بەڵام ناتوانرێ پێیان بگوترێ منداڵ مەخەنەوە. قسەیەکی لەو چەشنە، ستەمکارانەیە.
ماویەتی...


ئەم بابەتە 59 جار خوێندراوەتەوە