دوێنێ سێشەممە 17/9/2019 ساڵێک بە سەرکۆچى دوایى هونەرمەندی میللی بەنێوبانگی رۆژهەڵاتی کوردستان (رەسوڵی نادری) تێپەڕى، لە دواى ئەوەى کە کۆچى دوایى کرد بەهۆى خۆشەویستى لە رادەبەدەرى هاووڵاتیان کوردستان بە گشتى و رۆژهەڵاتى کوردستان بەتایبەتى لە هەمان رۆژدا بەخاک نەسپێردرا، بەڵکو لە رۆژێکى وەکو ئەمڕۆ لە رۆژى 18/9/2018 لە مەراسیمێکى شایستەدا لە شارى مەهاباد لە گۆڕستانی شوعەرا بەخاکسپێردرا.
بەر لەکۆچى دوایکردنى بۆ ماوەى دوو ساڵ دووچارى نەخۆشى ببوو و لەکارە هونەرییەکانى دورکەوتبویەوە، هەر ئەمەش وایکردبوو وەکو زۆربەى هونەرمەندەکانى دیکە لەماوەى ئەو دوو ساڵەدا هەواڵى کۆچى دوایى بڵاوبکرێتەوە، بەڵام هەر زوو لەلایەن ناوەندە هونەرییەکان و کەس و کارییەوە هەواڵەکە ڕەتدەکرایەوە.
ڕەسوڵی نادری لە چەند دێرێکدا:
لە ساڵی ١٩٣٣ له گوندی ئوزونتاشی سنوری مەهاباد لەدایکبووه.
لە ساڵی ١٩٧٢ له شاری مەهاباد نیشتەجێ بووە.
لە وتنى گۆرانی میللی و حەیران و گێڕانەوەی چیرۆک و بەیت و نوکتەدا دەستێکی باڵای هەبووە.
هەزاران هۆگری هەبووە و بە بەرهەمەکانی دڵخۆش بوون.
شارەزایی تەواوى لەسەر ئەدەبی زارەکی کوردی هەبووە.
کۆمەڵێک بەرهەمی بەنرخی لەدوای خۆی بۆ بەجێهێشتووین و خزمەتێکی گەورەی بە ئەدەبی زارەکی کوردی کردووە.
لە رۆژى 17/9/2018 بە هۆى نەخۆشى کۆچى دوایى کردووە.
لە رۆژى 18/9/2018 لە مەراسیمێکى شایستەدا لە شارى مەهاباد لە گۆڕستانی شوعەرا بەخاکسپێردراوە.