Ahmad_Hardi.jfif

لە ساڵیادی کۆچی دوایی (ئەحمەد ھەردی)دا

ئەمڕۆ سیانزە ساڵى بەسەر کۆچى دوایى شاعیر و نوسەرى بەناوباگى کورد (ئەحمەد هەردى) تێدەپەڕێت، سایتى گەلاوێژ ە ئەرکى خۆى دەزانێت هەموو ئەوانەى خزمەتیان لەبوارى ئەدەب و هونەر و روناکبیرى کردووە باسیان لێوە بکات و ژیان و برهەمەکانیان پێشکەش بە ئێوەى خوێنەر بکات، لەم رۆژەدا درود بۆ گیانى پاکى دەنێرین.

ناوى تەواوى (ئەحمەدی حەسەن عەزیز مەعرەف)ە، لە ساڵى 1922 لە شارى سلێمانى لە دایکبووە، شاعیر و  نووسەرێکى بە ناوبانگی کوردە بەشێکى زۆربەی تەمەنی بۆ خزمەتی بواری ئەدەب و شێعری کوردی تەرخان کردووە، ‌لە بواری شێعری کلاسیک و غەزەڵدا خاوەن ڕێچکەیەکی تایبەتە و هەڵگری ڕوانگەی جوانناسییه‌، زانیارییەکی زۆری لە بواری شێعری کلاسیکی کوردی، فارسی و عەرەبیدا ھەبووه‌ و کاریگەرییەکی زۆری لە سەر شیعری نوێی کوردی ھەبووە.

ساڵی ١٩٤١ بووە بە مامۆستا لە قوتابخانە سەرەتاییەکاندا لە شارى سلێمانى، لە کۆتایی چلەکاندا لە کار دەرکراوە و له‌ به‌غدا چەند جارێک تووشی زیندان و دوورخستنەوە بووە، یەکەمین کۆمەڵە شێعری بەناوى (رازى تەنیایى) لە ساڵی ١٩٥٧ بڵاوبۆتەوەو لەوکاتەوە چەندین جار دووبارە لە چاپدراوەتەوە، لە ساڵی ١٩٥٩ لەگەڵ کۆمەڵێک ھاوڕێی تردا کۆمەڵەى ئازادى ژیانەوەى یەکێتى کورد (کاژیک) دادەمەزرێن و ھەر خۆیشی بووە بە بەرپرسی یەکەمی کۆمەڵەکە.

بۆ ماوەیەک ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی ناوەندی یەکێتیى نووسەرانی کورد بووە هەروەها بۆ ماوەیەکیش سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتى نوسەرانى کورد بووە.

ساڵی ١٩٦٣ پەیوەندیی کردووە بەشۆڕشی کوردستانەوە، ساڵی ١٩٦٦ لەسەردەشت لەلایەن دەزگاى هەوڵگرى ئێران (ساواک) دەستگیر کراوە، لەگەڵ ئازادبوونشیدا گەڕاوەتەوە بۆ باشوورى کوردستان، دواى بەستنى پەیمانی جەزائیر  چووەتە ئێران.

ساڵانی ١٩٧٣ تا ١٩٧٤ لەکۆلیجی ئادابی زانکۆى سلێمانى مامۆستاى وانەبێژ بووە ، بۆ ماوەیەکیش لە زانکۆی سەلاحەدین وەکوو مامۆستا وانه‌ی وتووه‌ته‌وه.

ساڵی ١٩٧٤ دیسانەوە پەیوەندیی کردۆتەوە بە شۆڕش، دواى ھەرەسھێنانی شۆڕشى ئەیلوول، ئاوارى ئێران بووە تاکو ساڵی ١٩٧٩، لە هەمان ساڵدا گەڕاوەتەوە بۆ شارى سلێمانی.

لەساڵی ١٩٨٨دا پەیوەندی کردۆتەوە بە شۆڕشی کوردستانەوە، بۆ ماوەیەک بووە بە سکرتێری گشتیی پارتى سۆسیالیستى کورد (پاسۆک)، دواى ساڵێک وازی لە پاسۆک ھێناوە، وەکو کەسایەتییەکی سەربەخۆ لەڕیزی شۆڕشدا ماوەتەوە تا راپەڕینى بەهارى 1991.

ساڵی ١٩٩٢ چووەتە تاراوگە و لە شارى لەندەن نیشتەجێ بووە، ھەر لەوێش لێکۆڵینەوەکەی لەسەر کێشی عەرووز لە شێعری کوردیدا تەواو کردووە.

بەھۆی ژیانی ئاوارەیی بەشێک لە لێکۆڵینەوە و دەقی ئەدەبی و ھونەرییەکانى فەوتاون و به‌ چاپ نه‌گه‌یشتووه‌، ساڵی ٢٠٠٤ لێکۆڵینەوە عەرووزییەکەی بەچاپ گەیاندووە، بەشێکى زۆرى شیعرەکانى کراون بە گۆرانى.

دواى ڕووخانی رژێمی بەعس گەڕاوەتەوە بۆ هه‌رێمی کوردستان و لە رۆژى  ٢٩/10/ ٢٠٠٦ لە ماڵەکەی خۆی لە سلێمانی کۆچی دوایی کردووە.


ئەم بابەتە 110 جار خوێندراوەتەوە